لە17ى شوباتى 2012ەوە شارى سلێمانى كراوەتە جەهەنەمێكى تاڵ
Saturday, 18/02/2012, 12:00
نەنگییە بۆ ئەو كەسەى گۆرانى دەڵێت و ڕۆماش بسووتێت (نیرۆن/ شاعیرى جیهانى) كاتێك پارەو كورسى سەروەر بوون، خۆرى ئازادى و ژیاندۆستى ئاوا دەبێت (پەندێكى رووسى) (1)
بێگومان دەبێت یەكێتى وەكو دەسەڵات و حكومەت لە شارى سلێمانیدا پێناس بكەمەوە كە دواجار ئەو رەوشەى دروستكردووە كە ئەمڕۆ دەیبینینەوە كە بۆتە مەنزڵگەیەك بۆ سەربازگەكردن و سوكناتى عەسكەریى، كە ئەوەش وەكو یاسایەكى فیزیایى (كارو كاردانەوەى پێچەوانە) لەمشارەدا فەراهەم كراوە. مێژووى دوورو درێژى ئەم حزبە لەم دەڤەرەى سلێمانییەدا ئەوەمان پێئەڵێت كە یەكێتى هەمیشە بە زەبرى چەك و بەشێوازى عەسكەرتارییەت بەڕێوەبردنى ئیدارەكەى خۆى دەسەڵاتى رەهاى پیادە كردووە.. هەمیشە لە دۆخى جەنگ و شەڕدا: بەرامبەرەكەى خۆى سڕیوەتەوەو لەناوى بردووە، لەدۆخى ئاشتى و ئاساییشدا: بەرامبەرە جیاوازەكەى خۆى ناشرینكردووەو بە هەموو رێگا جۆرو ناجۆرەكان، تەخوینى كردووە و ئیعلام و میدیاى زەبەلاحى بۆ بەكارهێناوەو دۆخى بارگرژى و شڵەژاوى وشەڕەجوێن و چەلەحانەى ناڕەواى بۆ خستۆتە گەڕ.
بۆیە ئەگەر وردتر ببینەوە، ئەوەمان بۆ دەرئەكەوێت كە ئەم حزبە هەمیشە لە دۆخى شەڕ یان ئاشتیدا، لەگەڵ حزب و گروپ و لایەنەكانى بەرامبەریدا، دۆستى هەتا سەرو یەكڕوو نەبووە، بەڵكو تاكتیكى جۆربەجۆرى لەگەڵدا بەكارهێناون بە قسەو بە كردار ناشرین و قەزەم و بچووك و پەراوێزى كردوونەتەوە، واتا لە هەردوو بارودۆخەدا شەڕى بنەبڕو توندو بێبەزەیى و تۆڵەستێنى لەگەڵدا كردوون، ئەو پەندە ناودارە لە داهێنانى ئەم حزبەیە كە ساڵانێكى زۆر دەوترایەوە بە گوێى هەمووماندا: ((تۆڵە بەسەبرە ئەمما بەزەبرە!)). هەروەها هەوڵیداوە هەمیشە سیاسەتى پوخت و پاراوى مۆدێردانەو مەدەنییانەى لەگەڵ بەرامبەرەكەیدا پیادە نەكردووەو رووە راستەقینەكەى لە خەڵك و هەوادارانى خۆشى شاردۆتەوە، بە شەفافییەتەوە مامەڵەى لەگەڵدا نەكردووە، هەربۆیەشە (عەبدوڵا ئۆچالانى قارەمان) وتوویەتى:" پێم خۆشە شەڕم لەگەڵ پارتیدا هەبێت نەك ئاشتى لەگەڵ یەكێتیدا".
چونكە كارى ژێربەژێرو ناڕوونى و ناشەفافییەت لە پەیڕەى ناوخۆ و ئیدارەكردن و سیاسەتكردن و مامەڵەى رۆژانەى ئەم حزبەدا وەكو رۆژى رووناك هەر هیچ نەبێت بۆ خەڵكى ئەم پارێزگایەى سلێمانیە رۆشنبیرو هۆشیارە ئاشكرایە، بۆیە خەڵكى قارەمان و خاوەن ویژدانى تەندروست، رۆژ دواى رۆژ، بوارەكانى كاركردنى حزبى جێدێڵن، لەوانەش خوێندكاران، مامۆستایان دادوەران، پارێزەران، پزیشكان، ئەندازیاران، كارمەندان و تەنانەت ژنانیش لەنێو یەكێتى ژناندا، پێشمەرگەى دێرین، پۆلیس و كارمەندەكانى دیكەى دامودەزگاكانى دیكەى ئەم پارێزگایە بەگشتى. ئەوانە بۆیە وازیان لەبەرەكانى كاركردن و حزبایەتى ئەم حزبە هێناوەو وازیان لە پلەو پایەو پارەو ئیمتیازات و خۆشى و تاموچێژى زۆرو زەوەندەى نێو جومگەكانى ئەم حزبە هێناوە چونكە بڕبڕەیەكى پشتى جێكیرو سیاسەتى شەفاف و سیاسەتى رەخنەگرانەى راستەقینەى لە خۆى و ئیدارەو ئەندامەكانى خۆى فەراهەم نەكردووە وەكو یەك بۆ هەموو ئەندامەكانى خۆى..
سیاسەت و سیستەمى یەكسانى و دادوەرى و و ئازادى و راستگۆیى لەنێو ئەم حزبەدا دەمێكە ماڵئاوایى كردووە، كۆنگرەو پلینیۆم و كۆبوونەوەو شتەكانى تریان رووكەش و مەرایى نواندن و ماستاوكردن و چەپڵە لێدانە بۆ بەرپرس و مەسئولە گەورەكانى ئەم حزبەو كەسێك رەخەنەیەگ بگرێت و تانە لە قسەیەكى نابەجێى ئەم بەرپرسانەبگرێت، ئەوا بێ سێ و دوو كردن تڕۆ كراوە، بێبەش كراوە لە نیعمەت و سەرەوەت و سامانى دزراوى میللەتى هەشبەسەر.. قسەى زل و فەلسەفە لێدان و نوكتەى سیاسى و پێڕابوواردن بە نەیارو بەرامبەرەكانى خۆیان (بەتایبەت ئیسلامییەكان) پیشەى یەك بە یەكى ئەندامانى مەكتەبى سیاحى و سەركردایەتى ئەم حزبەیە.
لە دواى رزگاركردنى عێراق لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە، پەیڕەوى ناوخۆى ئەم حزبە لە سیاسەتەوە گۆڕا بۆ ۆبازرگانیكردن و خۆ دەوڵەمەندكردن، چەندان كۆمپانیاى گەورەو بچووكیان بۆ بەرپرس و بنەماڵەكانى ئەم حزبە پێكهێناو بە ناوى جۆراوجۆرەوە، پارەو سامانى میللەتیان بۆ ئەم كۆمپانیایانە ماشییەوەو چەندان بیناو ئەپارتمان و هۆتێل و سەیرانگایان پێ قووت كردوونەتەوە كە تەنیا سوودى بۆ خۆیان هەیەو هیچ خزمەتێك و كەڵكێك بە خەڵكى شارو شارۆچكەكان ناگەیەنن. دەرەوەى شارەكەمان داگیر كراوەو هەزاران دۆنمە زەوى كشتوكاڵین و كراون بە ڤێلاو باخچەو باخچەى گیاندارانى گرانبەها بۆ ئەم بەرپرسە پیرو بەساڵاچوانە كە لەو جێگایانەدا كیژۆڵەى ناسك و گەنج و تەڕو پاراو سەمایان بۆ دەكەن و شەوانەى سوور بە ویسكى و مەزەى ئیتالییەوە دەبەنە سەر. بۆیە ئەوەى ئاشكرایەو تەنانەت مناڵێكیش ئەیزانێت ئەوەیە كە رێژەى خەڵكى ناڕازى و تووڕەو بێزار لە خزمەتگوزارییەكانى ئەم دەڤەرە زۆر زیاترە لە خەڵكى هەوادارى ئەم حزبەى كە دەسەڵاتى لەمشارەدا داگیر كردووە.
(2)
هەموو رۆژێك ژیانى نیشتمان تاڵتر دەبێت.. تاڵتر لەچارەى دوژمنانى.. تاڵتر لە قەپۆزى پارتى و یەكێتى..
مرۆڤ لە هەر كۆمەڵگایەكدا بێت، وابەستەى ئەو كۆمەڵگایەیە، رەنگى لە رەنگى خاك و نیشتمانەكەى خۆى دەچێت، وەرز بە وەرز لەگەڵیدا گۆڕانكارى بەسەردا دێت، لەگەڵ كەمى ئاو و ساردبوونى هەوایدا ئەمیش پەرۆشتر و پەشێوتر دێتێتە بەرچاو.
مرۆڤێك نییە لەم جیهانە بەرینەدا بەبێ زێد و نیشتمان بتوانێت تاقە یەك هەناسەش هەڵمژێت.. مرۆڤێك نییە تەواو كامڵ بێت و پشتى لە سیماو رووخسارى وڵاتى باووباپیرى خۆى كردبێت..مرۆڤێك شك نابەیت لەم دونیا فراوانەدا بە هەموو ئەقڵێكییەوە دەستبەردارى یەك بست و فەرسەخى نیشتمانەكەى خۆى بێت و بۆ تاهەتایى كۆچ بكات و بەسەفەرێكى بێكۆتا بەجێی بهێڵێت.. كەواتە هەموو لەسەر ئەوە كۆكین كە نیشتمان وەكو هەناسەو ئاو و ژیان پێویستەو ناكرێت لێى جیابینەوەو هەموومان بە خاك و زێدەكەمانەوە تاكێكى كۆمەڵایەتى و بونەوەرێكى سیاسى و ژیرین، بەبێ نیشتمان تاك یان مرۆڤ یان بونەوەر نین، بەڵكو هوڤى و دڕندەو چیایى و وەحشین، ئەوە نیشتمانە كە بەرگى بونەوەرێكى شارستانى و كۆمەڵایەتى و سیاسى و مەدەنییەت و ئینسانیبوونمان پێدەبەخشێت. هەر ئەویشە لەڕێى دەستورەوە ئەرك و مافمان پێدەبەخشێت، ئەركەكانى سەرشانمان زۆرن و دەبێت وەڵامدانەوەمان بۆ خێروبێرى نیشتمان هەبێت، بەڵام كەواتە بەرامبەر بەو هەموو ئەركەى پێى سپاردووین، دەبێت مافگەلێكیشمان پێببەخشێت، بۆ ئەوەى لەسایەى ئەودا بەختەوەر و ئاسوودەیى بچێژین و ژیانێكى شیرین نەك تاڵ (هیچ نەبێت وەكو مناڵێكى ئەم زێد و نیشتمانە) دەبێت رۆژ دواى رۆژ، لەگەڵ گەورەبوونمانداو زیادبوونى ئەرك و داخوازى و فراوانتربوونى خەونەكانماندا، لەگەڵ قورستربوونى وەدەستهێنان و گرانتربوونى پێداویستییەكانى ژینماندا، نیشتمان ئاسانكاریمان بۆ بكات، لەگەڵ قەیرانبوونى شتومەك و ئامێرو كەرەستەو پێویستییە سەرەكییەكانماندا، لەگەڵ هاتنى وشكەساڵى و بێبارانى و بێئاوى و سوتەمەنى و بێكارەبایدا، نیشتمان دەستى برایانەى بەسۆزى برایانەو باوكانەى خۆى بەسەر سەرمانا بێنێت و مناڵەكانى خۆى لەوە زیاتر ریسوا نەكات، چونكە مرۆڤى ریسوا بەهاو نرخیشى لاى كۆمەڵگاكەى خۆى كەمتر دەبێتەوە..
نیشتمانى ئێمەش كوردستانە، لەگەڵ ئەودا چاومان بۆ ژیان كردۆتەوە، یارییەكانمان یارى كوردین و لە قوڵایى فەرهەنگى كوردەوارییەوە هەڵقوڵاون. وانەى قوتابخانەكانمان لە هەناوو مێشكى كوردستانەوە هاتوونەتە دەرەوەو سروود و پەندەكانى بەگوێماندا ئاشنابوون، لەگەڵ هەرزەبوون و هەراشبوونماندا، ئەوانیش قەبارەو سەنگیشیان گەورەتر دەبێتەوە.. ئەگەر كەوتە میحنەتەوە، چەكى فیداكاریمان بۆ خستۆتە سەرشان، ئەگەر هاوارى كردووە، بۆى گریاوین، ئەگەر بێدەرەتان بووە، بۆى چووینەتە سەنگەرەوە، ئەگەر وەختى نوغرۆبوونى نزیك بووبێتەوە، بۆى شەهیدبووین!! ئەم نووسینەى بەندە، بیرهێنانەوەى مێژووى نیشتمانپەرەوەرى و وانەى پەروەردەى نیشتمانى پۆلەكانى ناوەندیمان نییە.. وانەیەكیش نییە بۆ بەرپرسەكانمان و ئەوان لەوسەرەوەى ئەم خەتوختوتە هاتوونەتەوە..بەڵكو وڕێنەیەى تاكێكى تۆراوو سەربەخۆو ئازادى ئەم وڵاتە، چرپەى مرۆڤێكى سەرسپیى پەنجا ساڵەیە، كە لە ئەركەكاندا بۆ زێدو نیشتمانەكەى درێخى نەكردووەو ناپاكى دەرهەق نەكردووە، ئاهوناڵەى ئەوانەشە كە لە هزرو رەفتاردا لەو دەچن، بەڵكو زیاتریش ئاهوناڵەى برینداران و بنەماڵەى شەهیدان و كسپەى جەرگى دایكى شەهیدو بێسەروشوێنێكە كەتاكو قیامەت چاوەڕوانى چاوى گەشى رۆڵەكەیەتى و كەسێك نییە بێجگە لەخۆى دەستێكى میهرەبانى باوكانە بەسەر سەرى كەساسیدا بێنێت!؟
گرفتى سەرەكى ئێمەى هاوچەرخ، ئەوە نییە كە لەم چركەساتەدا لەنێو باوەشى نیشتماندا ژیانى ئازاد بەسەر دەبەین، بەڵكو ئەوەیە چۆنایەتى ئەو ژینە لەچ ئاستێكدایە، ئایا دەكرێت بە ژیانى راستەقینە ناوى بێنین؟ بۆ هەموومان وەكو یەك ژیانێكى ئاسوودەیە، یان جیاوازە، بۆ هەندێكى كەم ژیانى خۆشى و بەرەكەت و هایلایڤە, رابواردن و تەخشان و پەخشانكردن بە داهات و سامانى نەتەوەو نیشتمانەوە..كوێخایى و ئاغایەتى و بەكۆیلەكردنى برایان و هاونیشتمانان بێت.. بۆ زۆرینەكەش ژینى چەرمەسەرى و تاقەتپڕووكێن، ژینى كۆیلەیەتى و ملكەچى و هەژارى و دەردو ئازار بێت! ئەوجۆرە ژیانەش درێژەى هەبێت و بەڕووخاندنى دیكتاتۆرێكى مڵۆزمیش كۆتایى نەیەت و بەردەوامییەكى ئەوەندە ترسناك بێت دواى بیست ساڵیش لە ئازادى و سەرفرازى كەچى هەر ئەو زۆرینەیەى وەكو نامۆو پەراوێز بە ژیان و خۆشییەكانى دەژین، رۆژ دواى رۆژ تاڵتر و تاڵتر گوزەرانى ناو كرێنشینى و گرانیى بازاڕو بێكەسى و بێ پشتوپەنایى بەرنەسەر، لەم نەخۆشخانەوە بۆ ئەو نەخۆشخانە، لەم كلینیكى دكتۆرەوە بۆ ئەویتر، لەم شەقامەوە بۆ دەستگێڕى و فرۆشتنى كاڵاو شمەك و خواردەمەنى هەرزانبەها بۆ ئەو شەقامەى دیكە.. لەم ئازارو گرژى ژیانەوە بۆ ئەو گریان و شیوەنى دیكەى رۆژانەیان..لەم تاڵیى گوزەرانەوە بۆ تاڵییەكى تاڵتر.. لێرەوە دەمەوێت ئەوە بە بەرپرسى حزب و حكومەتەى ئەم نیشتمانە بڵێم: ئێوە لە دیكتاتۆرەكەى بەغدا زیاتر نیشتمانتان لە زۆرینەى هاونیشتمانیەكانى خۆتان تاڵتركرد..ئێوە ژیانى زۆرینەى ئەم نیشتمانە مەگەر لەودیو جامى رەشەوە ببینن.. ئێوە مەگەر لە تەلەفزیۆنى ئۆپۆزسیۆنەكانەوە نیشتمانى هەژاران و كەمدەرامەتان و بێنەواو هەتیو و پیرى كەوتووى سەر شەقامەكان و سواڵكەرانى بێشومارى نیشتمانەكەتان ببینن..
نیشتمان، ئەمڕۆكە لێتان تووڕەیە، زیاتر لە خەڵكى بێچارەى كوردستان كە وەكو خەڵكى عەرەبى شۆڕشگێڕ نایەنە سەر شەقام و وەكو قەزافیى دیكتاتۆرو خوێنمژ، ناتانكوژن.. نیشتمان گلەییتان لێدەكات، لەو مرۆڤە تاڵانە تووڕەیە كە ژیانى هەزاران و ملیۆنانیان تاڵكردووە.. كە خاك و ئاویان گەمارو گڵاو كردووەو بەفیزەوە بەسەریدا هەنگاوى چەوت و چەواشە دەنێن.. بەتاڵانیان بردو هەزارانیان لێ بێبەشكردووە. برایان لە برا كردووەو ئەمیان بۆ درۆو دراو گۆڕیووەتەوە.. عەدالەت و داوەرى تیادا ناكەن..یاساى تیادا سەروەر ناكەن..پیاوانى ئازادو ئازاى تیادا دەكوژن.. مناڵى بێگەردو بێگوناهى تیادا هەتیوو بێنەوا دەكەن.. كچانى پاك و هەناسەساردى تیادا تیرۆرى سپى دەكەن، پیرانى پیرۆزى تیادا سواڵكەرو بێلانەو ریسواى شەقامەكان دەكەن.. لەجیاتى ئەوەى پیاوانى نیشتمان سواڵ و گەداییان بۆ بكەن.. نیشتمان و رۆڵەكانى تیایدا سواڵكەرو قەرەج و پەراوێزن..بەهۆى ناپاكى و فرۆشتنیەوە بە هەرزان، دەیكوژن و تۆپباران و بۆمبارانى دەكەن..
ئەفسووس كە ئەمڕۆ ئاوەها دەتبینم ئەى نیشتمانى نالى و پیرەمێردو بێكەس و گۆران و پەشێو..ژیانى تۆشیان تاڵكرد.. هەناوى تۆشیان رەش و رەشتر كرد.. ژیانى زۆرینەى رۆڵەكانت لەژێر هێڵى هەژارى و نەدارییەوە رۆژى سیاهو بێئومێدى دەگوزەرێنن، هەموو رۆژێك چاوەڕوانى هەواڵێكى شیرینترت لێدەكەن، بەڵام ئەى نیشتمان هەموو رۆژێك بۆ زۆرینەى خەڵكەكەت ژیانت تاڵەو لەگەڵ رۆژگاردا تاڵترو تاڵتر، وەكو ناوچەوان و چارەى تاڵى دوژمنانت..
(3)
فەلاقەكردن بووەتە پیشەى دەسەڵاتێكى ترسنۆك
فەلاقەكردن، كردارێكە سەردەمانى زۆر دێرین، مرۆڤ دەرهەق بە گیانلەبەرى دڕندە بەكارى هێناوە، بە مەبەستى ئەوەى بیترسێنێت، دواتر ئەم كردارە وەكو سزادان لە بەرامبەر ئەنجامدانى تاواندا گواستراوەتەوە بۆ ناو زیندانەكان، بۆ تەمێكردنى ئەو تاوانبارانەو ترساندن و تۆقاندیان بەكارهاتووە. ئیدى ئەم كردارە لەناو خەڵكیشدا لاسایى كراوەتەوەو زۆرێك لەو خێزانانەى كە توندن لەبەخێوكردنى منداڵەكانیاندا ئەو شێوازە قێزەونەیان بۆ پەروەردەكردنى منداڵەكانیان بەكارهێناوەو شانازیشیان پێوە كردووە لەوەدا كە جوانترین ستایڵ لە پەرەوەردەكردندا دەخەمڵێنن و ئەگەر وا نەبێت منداڵەكانیان لاسارو هاروهاج دەبن. هەر ئەم كردارەیە كە لە شوێنێكى ئەم گۆى زەوییەوە گواستراوەتەوە بۆ شوێنێكى ترو بەناو هەموو دونیاداو بۆ چەندان سەدە بەربڵاو بووە. هەتا ئەم چركەساتەش دەسەڵات و دامودەزگا ئەمنییەكانى زۆرێك لە وڵاتە دیكتاتۆرو ستەمكارەكان فەلاقەكردن بە شیاوترین و باشترین شێوازى تەمێكردن و سزادان دەزانن و زیندانیە سیاسى و بیروڕا جیاوازەكانى پێ ئەشكەنجە دەدەن..
ئێمەى كوردیش بەو شێوازە نامۆ نین و ئەو شێوازى سزادانەمان بەدەستى یەكێك لە دڕندەترین دیكتاتۆرو دەسەڵاتە ستەمكارەكەیەوە چێژكردووەو زۆرێك لە رۆڵەى قارەمانى كوردستان لەژێر فەلاقەكردنى تاقەت پڕوكێندا گیانى پاكیان لەدەستداوە.. دیارە هەر بە یاسا فیزیكیە ناودارەكەى (كردارو پەرچە كردار) ئەو كردارە قێزەونە گواستراوەتەوە بۆ نێو دامودەزگا ئەمنییەكانى ناو هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكەى كوردستانى ئەمڕۆو زۆرن ئەو كەسانەى لەسەر بیروڕاى جیاوازو هەواداربوون بە حزبى جیا لەو دوو حزبە، بەشێوەیەكى زۆر توندو جەرگبڕ لەنێو زیندانەكانى یەكێتى و پارتیدا ئەوەندە فەلاقەكراون كە یان قاچ و دەستیان شكاوە، یان ئیتر كەمئەندامبوون و دواتریش هیچ قەرەبوو نەكراونەتەوە.
ئەم دوو حزبەدا سەرەڕاى ئەوەى لە بەكارهێنانى چەكدا وێنەیان دەگمەنە، ساڵانێكى دوورو درێژە، وەكو داهێنەرو مامۆستایەكیش توانیویانە كلتورى فەلاقەكردن، بە حوكمى لاساییكردنەوە لە رژێمى بەعسى جەلادەوە بگوازنەوە نێو دامودەزگا ئەمنییەكانیان تەنیا بۆ ئەشكەنجەدانى كەسانێك تەرخانكراوە كە هەڵگرى بیروڕاى جیاوازن لەوان و یان هەوادارى لایەن و حزب و بزووتنەوەیەكى دیكەن، یان كەسانى سەربەخۆو ئازادن، نەك بۆ ئەشكەنجەدانى كەسانى تاوانبار بە دزین و بەرتیل خواردن و تەزویرو گەندەڵى و داوێن پیسى و بەكارهێنانى ماددە هۆشبەرەكان و دەڵاڵى لەشفرۆشى و كردنەوەى شوێنى سەماكردن و قوماركردن و ئارەق خواردنەوە، بە پێچەوانەوە ئەم بەكاربەرو دەڵاڵ و دزو درۆزنانە لاى ئەم دوو حزبە جێگەى شیاو پلەو پایەى بێهاوتایان هەیەو مانگانە بە دەفتەر دۆلار وەردەگرن و تەلەفۆنى تایبەتى بەرپرس و سەركردەكانى كوردستانیان لە باخەڵدایە.. ئەمجۆرە تاوانبارانەى ولات و نیشتمانە هەتیوەكەیان بەرەو هەڵدێر بردووین هاوەڵ و هاوڕێى گیانى بەگیانى جەلادەكانى فەلاقەكارین و لەڕیزى پێشەوەى بۆنەو كۆڕو كۆنگرەكاندان.
وەكو یاسایەكى ماتماتیكى و فیزیكى: كلتورى فەلاقەكردن، ئاوێتەى پەیڕەو و بەرنامەى ئەو حزبە شمولى و تاكڕەوانەیە كە یەك سكرتێریان هەیە تا مردن و ئەویش لە هاوتاى خواوەندایە.. بكوژو ببڕ خۆیەتى.. حاكم و زاڵمى بێكۆتا خۆیەتى.. ئەوانەى دەوروبەرى ئەو سكرتێرە، برتین لە كەسانى بێناوەرۆك و نەفس نزم و ملكەچ، ئەوان هەموویان دەبێت خاوەنى چەك بن و بەچەكەوە دەنازن، لەجیاتى دێبەیت و دیالۆگ و بە فیشەك ئاخاوتنى پڕوپوچ ئەنجام ئەدەن..
ئەو حزبانەى كلتورى فەلاقەكردن، پەیڕەو دەكەن، هەرگیز بڕوایان بە دیمۆكراسى و سندوقى پاكى هەڵبژاردن و ئاڵوگۆڕى دەسەڵات و كورسى چۆڵكردن نییە، بڕوایان بە سەربەخۆیى یاساو سەربەخۆیى پەرلەمان و شەفافیەت و دادى كۆمەڵایەتى و ئازادیى ڕادەربڕین و كۆمەڵگاى مەندەنى و راگرتنى بەهاى بەرزى مرۆڤایەتى و حورمەت گەڕاندنەوە بۆ مرۆڤ نین..
ئەوەى لەم دواییەدا لەم كوردستانە هەناسەساردەدا روویدا بریتیبوو لە پیادەكردنى فەلاقەكردن، جارێك بە چەك و جارێك بە حەیزەران و كێبڵ، جارى یەكەم و لە 17ى شوباتەوە تاكو 19ى نیسانى 2011بە چەك بوو، ئەوەش كە لە 17ىشوباتى2012 دا بۆ جارێكى دیكە روویداوە، فەلاقەكردن بوو بە دارجەیزەران و كێبڵى دەستى ئاسایشەكان و دژە تیرۆرەكانى سەر بە یەكێتى نیشتمانى كە لە بەرامبەر گردبوونەوەى هەندێك گەنجى بێكارو ناسوودمەند بوو لەخێروبێرى دزراوى ئەم حكومەتە، لە بەرامبەر وشەى ئازادیدا فەلاقە بەكار هات كە سەردەمانێك بوو سكرتێرى ئەم یەكێتیە پەندە ناودارەكەى (نان و ئازادى بۆ نوسەران و رۆشنبیران) ى بە هەموو دونیادا قانگدابوو، وا ئەمڕۆش بە فەرمانى ئەو ئازادیخوازە ئەم كلتورە قێزەونە زۆر نەفرەت لێكراوە، لە رۆژى روناكداو لەنێو سەنتەرى شارە حەیاتەكەدا، دەرهەق بە گەنجانى تووڕەو بێزار لە گەندەڵى و خەمساردیى حكومەتێك بەكار هات كە بەردەركى سەراى ئەمڕۆى ئازادى هاوتاو هاوشێوە كرد بە بەردەركى سەراى سەروەختى عەسكەرتاریەتى ئینگلیزى داگیركەر و سەروەختى كوشتارەكەى زەعیم سدیق.
ئەو فەلاقەكردنەى ئەنجامدرا لە بەرامبەر بە وتنى وشەى ئازادى، بۆ هەتاهەتایە بە نێوچەوانى رەشى دەسەڵاتى كوردییەوە دەمێنێتەوە، بۆ هەتاهەتایە دیمۆكراسیەتە كارتۆنیەكەتان نەفرەت دەكات، مێژووى راستگۆ ئەم تاوانەش دەخاتە پاڵ تاوانەكانى دیكەتان كە دەرهەق بە مرۆڤایەتى و كوردایەتى ئەنجامتانداو هیچ پاساوێكیش دادتان نادات و رووتان سپى ناكاتەوە، ئەو منداڵ و مێردمنداڵ و گەنجانەى ساڵانێكبوو دەیانووت:
- (ئێمە ستەم و زوڵمى دیكتاتۆرەكەى بەعسمان بەچاوى خۆمان نەدیتبوو، ئەنفالمان نەچەشتبوو، بەڵام ئەوا لەسایەى ئەم دوو حزبە دیمۆكراسى و دادوەرە شۆڕشگێڕانەوە بەڕەنگاوڕەنگى بینیمان و تۆماریشمان كردووە بۆ مێژووى ئایندەى منداڵەكانمان). كەواتە دروشمە ناودارەكەتان كە ساڵانێكببوو، كادێرو نوسەرە دەربارو سێبەرەكانتان مێشكى گەورەو بچووكیان پێ قانگدابوو، ئەمڕۆ بە كردارەكى گۆڕاوەو بۆتە: (نان و نائازادى بۆ تاكى كورد)، ئەمەش زۆر بەراشكاوى فەراهەمبووەو هیچ كەسێك ناتوانێت نكوڵى لێبكات. بەڵام ئەوانەى دەیانەوێت وشەى ئازادى لە زارییانەوە بێتە دەرەوەو رەخنەیەك و هەڵوێستێك بنوێنن لەم دەسەڵات و هەژموونى حزبى تاكڕەوییە، ئەوا نانەكەى لێدەبڕن و فەلاقەشى بۆ هەڵدەواسن.. ئێوەیەك كە سۆسیال دیموكراتن و نیبشتمانى و كوردستانى و شۆڕشگێڕن، نابێت نان بە كەسى كۆیلەو ملكەچ بدەن، نابێت بەهیچ یاسا و پاساوێك ئازادیى لە مرۆڤ وەربگرنەوە، بە وتەى ژان ژاك رۆسۆ/ مرۆڤێك بە ئازادى لەدایكدەبێت چۆن كۆت و بەندى دەكەن!؟ ئەمڕۆ سەردەمى كرانەوەو ئاشكرابوونى وتەو لێدوان و جوڵەو رەفتارى تەنانەت ژێربەژێریشە (بۆ نموونە ئەو دادوەرەى ژێربەژێر كارى بەدڕەوشتى و نامرۆڤانەى ناشایستە دەكات، ئەوەتا لە هەموو دونیادا ئەو رەفتارە قێزەونەى زۆر شەفافانەو بەروونى و بەئاشكرایى دەركەوت).
لەبەرئەوەى گەنجى ئەمڕۆ كوڕى سەردەمەكەى خۆیەتى نەك ئێوە، كوڕى جیهانگیریە، كوڕى كۆمپیوتەرو ئینتەرنێت و مۆبایلە. كامێراكان و رێكۆردەرەكان ئەگەر بە دەرزەنیش بشكێنرێن، كامێرایەك و ریكۆردەرێكى ئازاد، چاوەڕوانتانەو لە هەموو شەقام و كۆڵان و ماڵ و گوزەرێكى ئەم كوردستانەدا لە بۆسدایە بۆتان، بەداخەوە كە ئێوە چانسێكى لەوەى سەدامى دیكتاتۆرتان نییەو هەرچییەك بكەن، هەر رەفتارێكى سەدام ئاسا بەكار بێنن و هەر شێوازێكى نوێى فەلاقەكارى دابهێنن بۆ سەركوتكردنى ئازادى و ملكەچكردنى گەنجى تووڕەو بێزارو قارەمانى ئەمڕۆ، هەر ناتوانن وەكو ئەویش بەهێزو سەقامگیر بن و لەسەر كورسیەكانتان بمێننەوە.. ئێوە ئیدى ناتوانن بە فەلاقەكردنمان، لە مافى مرۆڤبوون و هاوڵاتیبوونمان واز بێنین و كۆڵ بدەین. ئەگەر بڕیار نەدەن بەرەو دیمۆكراسیەتى راستەقینەو دادى كۆمەڵایەتى و سەروەریى یاسا هەنگاو نەنێن، ئەگەر واز لە سڕینەوەى دەنگ و رەنگى بەرامبەر و جیاواز نەهێنن.. ئەگەر دانوستانى راستەقینەو شەفافانەو بێ پێچوپەنا لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و خەڵكى كوردستاندا نەكەن، ئەگەر واز لە زۆرینەى دیكتاتۆرانەو ستەمكارانە نەهێنن لەناو پەرلەمانە حزبیەكەتاندا، ئەوا ئێوەش وەكو قەزافى و ئەسەدو موبارەك و بن عەلى بەرەو مۆزەخانەى دیكتاتۆرو ستەمكارانى رۆهەڵانى ناڤین دەچن و بەوەش ئابڕووى كوردو كوردستان دەچێت.
تێبینى: لەمڕۆژەدا ناتوانرێت، لەپاڵ هەڵوێستى دڕندانەو عەسكەرتاریانەى دەسەڵاتى كوردستاندا، هەڵوێستى لەرزۆك و ترسنۆكانەى ئۆپۆزسیۆنیش باس نەكرێت. چونكە بەیاننامەكەیان خەمساردى و ساركردنەوەى گەنجى بێئومێدو خێرنەدیوى كوردستانى لێكەوتەوە.. ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لەسەر ئەم جۆرە هەڵوێستە نامەسئول و دوورەپەرێزەكەى لە شەقام و خەڵكى بەشمەینەتەوە بەردەوام بێت، خەڵك پشت لەو حزبانەش دەكەن كە هەر خەریكى بۆینباغ و مووچە وەرگرتنى خۆیانن..
لەمبارەیەوەش وتارى خۆمم بۆ ئامادەكردوون و بڵاوى دەكەمەوە.
مامۆستا حەمەئازاد/ سلێمانى 18-02-2012
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست