کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فلیمەکەی فازڵ میرانی و سەمەرەی میدیای سەربەخۆ..

Friday, 13/09/2013, 12:00





ساتیرە/ بەشی یەکەم

فازڵ لە کاتی خیتابه‌که‌ی نەچیرڤان دا بە ئاشکرا مەست و‌حەیرانەو هۆشی لای قسەکانی سەرۆکەکەی نییە، لەبەر خۆیەوە لاوک دەڵێ:
چەندی دەکەم دڵ پیرنابێ..
میلەتیش لێم حاڵی نابێ!
هەموو دیناش بمکا لۆمە..
عەشق و بۆیاغ پیشەی خۆمە..





پێناسەی فازیل (میرانهی):
فازڵ ئەگەر تۆزێ بەوردی دیقەتی شکڵی بدەیت، سەروسیمایەکی هندیانەی هەیە، ئەگەر وەکو من وەختی خۆی زۆر سەیری فلیمی هندیت کردبێ، رێک دەزانی کە لە رەئیس موجریمەکانی ناو فلیمە هەندیەکان دەچێت، کە بەجوتێ سمێڵی قیتی قەترانی بۆیاغکراوەوە، هەتا کۆتای فلیمەکە هەرچی کارێ خوا پێیناخۆش بێت، هەرچی تاوان و ئیشی قۆڕو خراپ هەیە، دەیکات. هەرلە کوشتنەوە تا دزیو پەلاماردان و رە یپکردنی ژنان و کچان بە دەزگیرانی بەتەڵ فلیمیشەوە. هەتا دەگیشتە ئەو لەحزەیەی کە بەتەڵەکە بە دوو بۆکس لە کۆتای فلیمەکە خەڵاسی دەکات، خەفەتی دنیا ئەچووە دڵی ئێمەی عاشقانی فلیمی هندی یەوە.
فازڵ و کۆمەڵێ سیاسەتبازی مێبازی دڵتەڕی ناو دەسەڵاتی کوردی و حیزبەکانی کوردستان ئەوەندە شتی قۆریان کردوە و بەسەرێوە نەگیراون، ئەوەندە لێیان دەوەشێتەوە، ئەوەندە شانوشەوکەتیان هەڵیدەگرێ، گەیشتۆتە ئاستێك کە ئەگەر ئەو ڤیدیۆیەی کە بڵاو بووەتەوە راستێش نەبێت، خەڵکی زۆر بە ئاسانی بتوانێت باوەر بکات کە راستە. خەڵکی کوردستان بۆیە وازوو بەپیری ئەو فلیمەوە چوو، چونکە میرانهیش یەکێکە لە فایل پیسەکانی ناو ئەو بوارەی دەسەڵاتی کوردی.

هه‌م قوربانی و هه‌م محامی گومانلێکراو:
لە هەموو ئەمانە سەیرو سەمەرە تر لێدوانی ئەو خاتونە بەرێزەی ناو ڤیدیۆ عەنتیکەکەی خوتبەکەی نەچیرڤانە، کە فازیڵ خۆی تیا سەغڵەت کردوە.
لە کاتێکا ئێمە ئەو خانمە وەکو قوربانیەكی تری چاوچنۆکی دەسەڵاتدارێکی رەزا قورس سەیر دەکەین. پێمان وایە ئەگەر ئەو کارە راستە، ئەوە ئەو کابراخوێن تاڵە کە بە (١٠) گاڵۆن بۆیاغی تریش ناتوانێ تۆزێ ئێسکی خۆیمان لەلا سوك بکات، ریسوا بکرێت و هەرئاوا بەسەریەوە نەڕوات. کەچی ئەو خانمە هەستاوە رونکردنەوەیەکی لە لڤین پرێس بڵاو کردۆتەوە کە گوایە فازڵ خاوەنی چەندەها ساڵ خەباتەو ئەم وەکو بابی خۆی سەیری دەکات! ئای لەو قسەیە؟ جا خەڵکی چی ئیلاقەی هەیە تۆ چۆن سەیری فازیڵ دەکەی یان سەیری ناکەی؟ یان فازڵ خاوەنی چەن ساڵ خەباتە یان خەڵاتە؟ ئەوە کەی موشکیلەی ئێمەیە؟ ئەوە کەی وەڵامی ئەو گرتە ڤیدیۆییەیە؟ ئەگەر فازیڵ یەك تۆز رێزی بۆ تۆ هەبێت، ئەوە ئەوە کە دەبێت رونکردنەوە بدات، چونکە خەڵکی رووی پرسیاریان لەوە، نەك بەرێزتان. ئەوە فازڵە کە دەبێ بەرگری لەخۆی بکات و بێتە قسە لە سەر ئەو ڤیدیۆیە کە دەیان هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە، نەک جەنابت دەوری قوربانیکە و مەحامی گومانلێکراوەکەیش ببینی!
http://www.lvinpress.com/newdesign/Dreje.aspx?jimare=19938


ڕۆژنامەی سەربەخۆ:
بۆ رۆژنامەی لڤین پرێس کە ئەو رونکردنەوەیەی بڵاوکردۆتەوە. بڕواناکەم ئێوە سیفاتی رۆژنامەنوسی ئازاو ئازادو بوێرتان تیادا بێت. چونکە کاتێك کە روونکردنەوەی ئەو خانمە بڵاو دەکەنەوە، ئایا بۆ نەچوون پەیوەندی بە بکەری کردارەکەوە بکەن، کە هەموو پەنجەی شەرمەزاریکردنێك رووی لەوە؟ نەک ئەو خانمەی کە وەکو قوربانیەك سەیردەکرێ. ئەگەر ناتوانن، ناوێرن یان بەهەر هۆیەکی ترەوە بێت، ئەی دەبێ مەبەست لە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە کرژوکاڵ و نوقسانە چی بێت؟ بەراستی بڕواناکەم لەو وڵاتە سەیروسەمەرەی خۆمانا نەبێت لە ناوەندی راگەیاندنی هیچ شوێنێکی دنیادا شتی وا عەنتیکە هەبێت! پەح لە میدیای و رۆژنامەی کوردی!!
ئەزانن شەرم وترسی ئێوەی بەناوە رۆژنامەنوس، پیرۆزییەکی وای بۆ ئەو زەلامانەی ناو دەسەڵاتی کوردی دروست کردوە، کە خۆی لەسەروی ئەوەوە ببیبێ کە بێت روونکردنەوەیەك بۆ ئەو خەڵکە بدات، لەوانەیە هەر حیسابی مێگەلیشان بۆ نەکات؟

لەو فلیمە خراپتر:
بەچاوو پۆشین لەو ڤیدیۆیەو پەیوەندی بەو خانمە بەڕێزوە، پێموایە ئەوەی لە سکانداڵی فلیمەکە زۆر ناخۆشترو کاریگەرترە بۆ فازیل ئەوەیە کە ئەو خانمە فازیڵ وەکو باب سەیردەکات!! فازیڵێك ئاخیر موحاوەلەی کردوەو تا رادەیەك توانیویەتی سەرلە هەموو لایەكمان شێوێنێ، کە نازانین بەراستی هەر خۆی عومری لەدەوری (٢٠) ساڵە یان تۆزێ زیاترە؟ تۆش بێت و بڵێی وەڵا وەکو "باب" سەیری دەکەم؟ ئایا دەزانی بەم کۆمێنتە، فازڵتان توشی شۆک و رەنجەڕۆیەکی گەورە تر کرد؟ تۆ هەرهیچ نەبایە تۆزێ رێزت بۆ ئەو هەموو بۆیاغە دانابا کە فازیل کاتێکی زۆری لەو وەختە بەنرخەی خۆی پێوە کوشتوە. کەواتە لای جەنابتان ئەو هەموو مەسرەف و کاتە حححیییچ ئوعتوبارێکی نەبووە؟
من بزانم ئەم جارە هەر لە داخی ئەو قسەیەی ئێوە فازڵ ئەوەنەی تر کەلەی ئەبێ! بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کە هێچی کەمتر نییە لە هەرزەکارێکی سەرەڕۆ، هەموو عالەم لۆمەی بکات یان نەکات، ئەو ئەم جارە شتێکی قۆڕتر دەقەومێنێت. لەوانەیە ڕێک لە دوای (کۆنگرەی تەوەیی کورد!) کە بڕیارە لە ژێر ئیشرافی سەرۆکەکەی ئەو ببەسترێ یان نەبەسترێ! یەکسەر بەبۆنەی سەرکەوتنی یان سەرنەکەوتنی کۆنگرەکەوە، کچێک یان زیاتر، ١٥ ساڵی یان کەمتر، عاشق بەخۆی بکات یان... با چاوەروانی فلیمی تازەی فازڵ بین.


http://www.youtube.com/watch?v=fX8k2eaMvpw

لەبەشی دووەمی ئەم بابەتە بەسەرهاتێك دەگێرمەوە کە ناراستەوخۆ پەیوەندی بە فازیلەوە هەیە
[email protected]



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە