کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 1
  • 2
  • 3
  • 4
  • 5
  • 6
  • 7
  • 8
  • 9
  • 10
  • 11
  • 12
  • 13
  • 14
  • 15
  • 16
  • 17
  • 18
  • 19
  • 20
  • 21
  • 22
  • 23
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30
  • 31
  •  
  •  
  •  
  •  

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


فوئاد مه‌عسوم له‌ نوێترین چاوپێكه‌وتنیدا: له‌ قاهیره‌ وه‌ك گه‌نجێكى ئازا سه‌یرى سه‌داممان ده‌كرد

Monday, 02/02/2015, 12:00

2210 بینراوە


کوردستانپۆست ئەم وتووێژەی فوئاد مەعسومی لە لڤینەوە وەرگرتووە، بۆ پاراستنی لە ئەرشیفدا.
فواد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عێراق
وه‌رگێرانی بۆ كوردی: دانا ساڵح
له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی حه‌یاتی عه‌ره‌بیی كه‌ دوێنێ 1/2/ 2015 بلاَو كراوه‌ته‌وه‌، فواد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عێراق باسی ئه‌وه‌ ده‌كات چۆن یه‌كه‌مجار سه‌دام حسێنی له‌ قاهیره‌ دیووه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین زانیاری له‌ باره‌ی دانوستانه‌كانی نێوان كورد و ڕژێمی به‌عس ده‌خاته‌ڕوو، مه‌لا مسته‌فاش به‌ قاره‌مان وه‌سف ده‌كات، باسی په‌یوه‌ندی خۆشی له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانیی و، هه‌روه‌ها ده‌ستگیركردنی ده‌كات له‌ لایه‌ن پارتییه‌وه‌ له‌ كاتی ڕووداوه‌كانی 31ی ئابدا، گرنگترین به‌شه‌كانی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ (1شوباتی2015 بلێوكراوه‌ته‌وه‌) وه‌رگێردراوه‌ بۆ زمانی كوردی به‌م شێوه‌یه‌:
پرسیار: یه‌كه‌م یه‌كتربینی خۆت له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێن له‌ قاهیره‌ بیردێته‌وه‌ ؟
فواد مه‌عسوم: یه‌كترمان نه‌ده‌ناسیی، چه‌ند جارێك له‌ چایخانه‌یه‌ك بینیوومه‌، به‌گشتی عێراقیه‌كان ده‌هاتن بۆ ئه‌و چایخانه‌یه‌ له‌ قاهیره‌، ئێمه‌ وه‌ك گه‌جێكی ئازا سه‌یرمان ده‌كرد كه‌ به‌شداری كردووه‌ له‌ هه‌وڵی تیرۆركردنی عه‌بدولكه‌ریم قاسم.
پرسیار: ئه‌وه‌ چۆن بوو ؟
فواد مه‌عسوم: هیچ سیفه‌ت و شتێكی گرنگی تێدانه‌بوو، به‌شداریكردنی نه‌بێت له‌و هه‌وڵه‌دا، ده‌ماننزانی ئه‌و خوێندكاری كۆلێژی مافه‌ له‌ قاهیره‌ و ئاماده‌ی وانه‌كانی نه‌ده‌بوو، ئه‌مانه‌م له‌ هاوڕێكانیه‌وه‌ بیستبوو.
پرسیار: جارێكی تر سه‌دام حسێنت بینیه‌وه‌، چۆن بوو ؟
فواد مه‌عسوم: ئه‌وكاته‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق بوو، چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ دوای نزیكه‌ی ساڵێك بوو له‌ دانوستانه‌كانی نێوان یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و حكومه‌تی عێراقی له‌ ساڵی 1984.
پرسیار: دانوستانه‌كان له‌سه‌ر چی بوو ؟
فواد مه‌عسوم: ده‌رباره‌ی پێداچوونه‌وه‌ به‌ یاسای حوكمی ئۆتۆنۆمی و مه‌سه‌له‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی كه‌ركوك، له‌وكاته‌دا من سه‌رۆكی وه‌فدی یه‌كێتی بووم له‌ لایه‌نی به‌رامبه‌ریش عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید(عه‌لی كیمیاویی) سه‌رۆكی وه‌فد بوو، پێنج نوسراومان ئیمزاكرد له‌باره‌ی یاسای حوكمی ئۆتۆنۆمیو ئاساییكردنه‌وه‌ی كه‌ركوك و به‌ره‌ی نیشتیمانی عێراقیی. بەڵام له‌سه‌ر بابه‌تی به‌یاننامه‌ سیاسییه‌كه‌ ناكۆكیمان هه‌بوو، به‌یاننامه‌كه‌ به‌ شانوشكۆی به‌غدای هه‌ڵدابوو، به‌ حكومه‌تێكی شۆرشگێری وه‌سفكردبوو، بەڵام ئێمه‌ به‌ حكومه‌تێكی پلانگێڕو كۆده‌تاچییه‌كانمان ده‌بینی.
پرسیار: ئه‌وه‌ له‌كاتی جه‌نگی نێوان ئێران و عێراق بوو ؟
فواد مه‌عسوم: ڕۆژێك كاك عه‌بدولڕه‌حمان قاسملۆ سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ، كه‌ ئه‌وكاته‌ قاسملۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێن هه‌بوو پرسیاری له‌ سه‌دام كردبوو كه‌ بۆچی سوود له‌ كوردی عێراق وه‌رناگریت و وابكه‌یت له‌گه‌ڵت به‌شداری شه‌ڕی دژ به‌ ئێران بكه‌ن؟ سه‌دامیش وتبووی من ئاماده‌م، قاسملۆ كه‌وته‌ نێوان هه‌ردوولاوه‌ و ته‌نانه‌ت به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی یه‌كه‌می دانوستانه‌كانی كرد، كه‌ مامجه‌لال و سه‌دام حسێن سه‌رۆكایه‌تیان كرد، دانوستانه‌كان زیاتر له‌ ساڵێك به‌ده‌وام بوو، شه‌ڕ له‌نێوان یه‌كێتی و به‌غدا وه‌ستا، ئێمه‌ بۆمان هه‌بوو له‌ ناوچه‌كانی خۆماندا به‌چه‌كه‌وه‌ بگه‌ڕێین به‌مه‌رجێك نه‌چینه‌ ناو شاره‌كانه‌وه‌ به‌چه‌كه‌وه‌، هه‌ر له‌وكاتانه‌دا عیزه‌ت دووریی و عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید سه‌ردانیان كردین.
جارێك له‌گه‌ڵ عیزه‌ت دووریی دانیشتبووین له‌ ژوورێكدا، ئیزنی وه‌رگرت و ووتی: ده‌بێت بچمه‌ لای سه‌رۆك (سه‌دام) و پێی ڕابگه‌یه‌نم كه‌ له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ڕێكه‌وتووین و ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ش ڕاده‌گه‌یه‌نین، وتمان تێبنیمان له‌سه‌ر به‌یاننامه‌كه‌ هه‌یه‌، عیزه‌ت دووریش ووتی سه‌رۆك قسه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌كات، بەڵام كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ئه‌و شه‌وقوزه‌وقه‌ی پێشووی نه‌بوو. دوای دوو رۆژ سه‌داممان بینی، له‌ڕێگه‌ی چوونمان بۆ لای سه‌دام مامجه‌لال پرسیاری له‌ عیزه‌ت دووریی كرد كه‌ عه‌لی كیمیاویشی له‌گه‌ڵ بوو، عیزه‌ت دووریی ووتی توركه‌كان و توركیا بۆنی ڕێكه‌وتنه‌كه‌یان كردووه‌، ئه‌وه‌ش مانای وایه‌ توركیا دژی ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ ده‌ستوه‌ردانی كردووه‌.
ده‌بوو میوانه‌كان دابنیشن بۆ چاوه‌ڕوانكردنیی سه‌دام، بەڵام كاتێك ئێمه‌ چووینه‌ نوسینگه‌كه‌ی سه‌دام له‌به‌رده‌م هۆڵه‌كه‌دا وه‌ستابوو چاوه‌ڕێی ده‌كردین، سلێومان لێكردو دوو كاتژمێر ماینه‌وه‌، سه‌دام وتی" ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڕێشنه‌كه‌وین ئێمه‌ له‌ پابه‌ندبوونی خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین"، من ڕام وابوو ڕێكه‌وتنه‌كه‌ سه‌رناگرێت چونكه‌ ئه‌وه‌ی سه‌دام ووتی مانای وایه‌ گومانێك له‌ ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ هه‌یه‌. دوای مانگو نیوێك سه‌دام وه‌فدی نارد بۆئه‌وه‌ی كۆتایهاتنی دانوستانه‌كان ڕانه‌گه‌یه‌نین، بەڵام له‌ 17ی كانونی دووه‌می 1985 به‌فه‌رمی رامانگه‌یاند دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا كۆتاییهات و دووباره‌ ده‌ستمان به‌ شه‌ڕ كرده‌وه‌.
پرسیار: له‌و یه‌كتربینینه‌ سه‌دام باسی شه‌ڕی ئێران و عێراقی كرد ؟
من له‌گه‌ڵ مامجه‌لال و فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر و عومه‌ر عه‌بدولوعه‌زیز بووم، مامجه‌لال به‌ سه‌دامی ناساندین، سه‌دام له‌باره‌ی ڕۆڵ و شكۆی عێراق و سۆمه‌رییه‌كان و گرنگی مێژووی عێراقه‌وه‌ قسه‌یكرد بۆ ماوه‌ی 20 خوله‌ك، بەڵام مامجه‌لال هیچ قسه‌ی نه‌كرد.
پرسیار: دانوستان له‌گه‌ڵ عه‌لی كیمیاویی و عیزه‌ت دووریی قورس بوو ؟
فواد مه‌عسوم: به‌ڵێ، هه‌ندێجار عیزه‌ت دووریی توشی هه‌ڵچوون ده‌بوو، هه‌ركاتێك مامجه‌لال و بارزانیی ئاماده‌ بوونایه‌ سه‌دامیش ئاماده‌ ده‌بوو(لێره‌ مه‌به‌ست دانوستانه‌كانی1991)، ئه‌گه‌ر هیچ كام له‌وان نه‌هاتنایه‌، ئه‌وكات تاریق عه‌زیز له‌ بری عیزه‌ت دووریی ده‌هات.
پرسیار: ئه‌ی تاریق عه‌زیز چۆن بوو ؟
فواد مه‌عسوم: ئه‌و له‌ دانوستانه‌كانی 1991 رۆڵی گه‌وره‌تری هه‌بوو، من تێبینی ئه‌وه‌م كرد هه‌ركاتێك دۆخی دانوستانه‌كان باشبووایه‌ ئه‌و توند ده‌بوو، هه‌ركاتێكیش دۆخی دانوستانه‌كه‌ گرژی تێكه‌وتایه‌ تاریق عه‌زیز موجامه‌له‌ی ده‌كردین. له‌كۆتاییدا له‌به‌ر دوو هۆ دانوستانه‌كان شكستی هێنا:
یه‌ك: داڕشتنی به‌یانی ڕێكه‌وتنه‌كه‌، كه‌ ئیدانه‌ی ئه‌و ولێتانه‌ی ده‌كرد به‌شداربوون له‌ شه‌ڕی ده‌ركردنی عێرا قله‌ كوه‌یت، دوو: زۆر به‌شانوشۆكی سه‌دام هه‌ڵیده‌دا.
پرسیار: له‌گه‌ڵ بارزانی به‌شداری دانوستانه‌كانت كرد ؟
فواد مه‌عسوم: دووجار بارزانی سه‌رۆكی وه‌فد بوو، جارێك له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا و جارێكی تر له‌گه‌ڵ من، تێبینی ئه‌وه‌م كرد عیزه‌ت دووریی یاده‌وه‌رییه‌كی به‌هێزی هه‌یه‌، هه‌میشه‌و له‌و ڕوانگه‌وه‌ قسه‌ی ده‌كرد كه‌ ده‌كرێت بگه‌ینه‌ ڕێكه‌ووتن، بەڵام عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید و حسێن كاملی وه‌زیری به‌رگری به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بوون، جارێكیان له‌ ڕقی حسێن كامل بڕیارماندا دانیشتنه‌كه‌ جێبهێڵین.
پرسیار: عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید چۆن بوو ؟
فواد مه‌عسوم: له‌ باره‌ی ژماره‌ی ئه‌نفالكراوه‌كانه‌وه‌ قسه‌مان كرد، عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید ووتی ناڕه‌زایی ده‌ربڕی و ووتی مه‌به‌ستتان منه‌، وتمان ئه‌و دۆسیه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ یاسا و خێزان و كه‌سوكاری قوربانیانه‌وه‌ و مه‌سه‌له‌یه‌كی مرۆیی گه‌وره‌یه‌ چۆن قسه‌ی له‌سه‌ر ناكه‌ین، مه‌حمود عوسمان كه‌ ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ بوو ووتی له‌ عه‌لی كیمیاوییم بیست كه‌ ده‌ڵێت ژماره‌ی ئه‌نفالكراوه‌كان 50 هه‌زار كه‌س تێناپه‌ڕێت.
پرسیار: له‌باره‌ی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ قسه‌تان كرد ؟
فواد مه‌عسوم: وه‌ها قسه‌مان كرد كه‌ رووداوی له‌وشێوه‌ نابێت له‌ داهاتوودا دووباره‌بێته‌وه‌.
پرسیار: سه‌دام هه‌وڵیده‌دا ناكۆكیه‌كانی نێوان تاڵه‌بانی و بارزانیی به‌كاربهێنێت ؟
فواد مه‌عسوم: تێبینی ئه‌وه‌م نه‌كرد.
پرسیار: كه‌ی تاڵه‌بانی پێیووتن كه‌ ئه‌مریكیه‌كان شه‌ڕی ڕووخاندنی سه‌دام ده‌ستپێده‌كه‌ن ؟
فواد مه‌عسوم: له‌كاتی به‌ستنی كۆنگره‌ی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی له‌ له‌نده‌ن نێوان 15 بۆ 17 كانونی یه‌كه‌می 2002 تاڵه‌بانی و بارزانی به‌نهێنی چوونه‌ ئه‌مریكا، له‌وێ پێیانڕاگه‌یه‌نرا هێرش دژی سه‌دام ئه‌نجام ده‌درێت.
پرسیار: جارێك له‌ پاریس و جارێك له‌ تاران چاوت به‌ ئایه‌تولێ خومه‌ینی كه‌وت ؟
فواد مه‌عسوم: له‌ پاریس پێمانووت ئاماده‌ین هاوكاریتان بكه‌ین و ڕاهێنان به‌كادیره‌ سه‌ربازیه‌كانتان بكه‌ین، ده‌توانین چه‌ك بگه‌یه‌نینه‌ ناو ئێران بۆتان، خومه‌ینی ووتی: خه‌باتی ئه‌مڕۆی ئێمه‌ مه‌ده‌نییه‌ و پشتده‌به‌ستێ به‌ الله اكبر، بەڵام ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌ سه‌رنه‌كه‌وتین ناچارین په‌نا بۆ چه‌ك ببه‌ین و ئه‌وكات پێویستمان پێتان ده‌بێت. كاتێك گه‌ڕایه‌وه‌ تاران دوای سه‌ركه‌وتنی شۆرش، له‌باره‌ی ئه‌و چه‌كانه‌ی شۆرشی كورد كه‌ له‌ كۆكاگانی ئێراندابوون قسه‌مان كرد، ووتی: من پیاوێكی دینیم په‌یوه‌ندیم به‌ حكومه‌ته‌وه‌ نییه‌، وتمان وایه‌ بەڵام ڕای تۆ گرنگه‌، به‌ نه‌وه‌كه‌ی حسێن موسه‌ویی ووت له‌گه‌ڵمان بێت بۆ لای مه‌هدی بازرگانی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ هاوكاریكردنمان، بازرگان داریوش فروهه‌ری وه‌زیری كاروباری كۆمه‌لێیه‌تی ڕاسپارد بۆ به‌دواداچوونی داواكه‌مان.
پرسیار: ئێرانیه‌كان پشتگیری تۆیان كرد بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار ؟
فواد مه‌عسوم: هیچیان پێنه‌گه‌یاندم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لایه‌نگر یان دژی دانانی من بن، بەڵام باڵوێزی ئێران پیرۆزبایی لێكردم و نامه‌یه‌كی حه‌سه‌ن رۆحانی پێدام.
پرسیار: ئه‌ی له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی په‌یوه‌ندیت چۆنه‌ ؟
له‌ كۆتایی هه‌شتاكانه‌وه‌ قاسم سوله‌یمانی ده‌ناسم، ئه‌وكات سه‌رقاڵی مه‌سه‌له‌ی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بوو، دواتر كاتێك دایكی قاسم سوله‌یمانی مرد (ئه‌یلولی2013) چووم بۆ پرسه‌كه‌ی، وێنه‌یه‌كی من و ئه‌و گیرا بوو، به‌هۆیه‌وه‌ ڕۆژنامه‌كان ڕه‌خنه‌یان لێگرتین.
پرسیار: تۆ سه‌رۆكی عێراقیت، كوردیت و هه‌روه‌ها به‌ زمانی فارسیش قسه‌ ده‌كه‌یت ؟
فواد مه‌عسوم: كاتێك له‌ قاهیره‌ بووم به‌ڕێكه‌وت فێری فارسی بووم، به‌هۆی ئه‌و خوێندكاره‌ ئه‌فغانیانه‌ی له‌وێ ده‌یانخوێند و به‌ فارسی قسه‌یان ده‌كرد، هه‌روه‌ك زمانی كوردی وشه‌ی هاوبه‌شی زۆری له‌گه‌ڵ فارسی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ زمانی عه‌ره‌بیش.
پرسیار: مه‌لا مسته‌فا بارزانیت ده‌ناسی ؟
فواد مه‌عسوم: به‌ڵی چه‌ندجاریك بینیوومه‌، باوكم (مه‌لا مه‌عسوم) هاوڕێی مه‌لا مسته‌فا بوو، ئێمه‌ هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ به‌سه‌رسامیه‌كی گه‌وره‌وه‌ سه‌یری مه‌لا مسته‌فامان ده‌كرد، ئه‌و پیاوێكی ئازا و سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای كۆماری مه‌هاباد بوو، ئازایه‌تی مه‌لا مسته‌فا له‌سه‌روو هه‌ر ته‌سه‌ورێكه‌وه‌ بووه‌ و سه‌ركرده‌یه‌كی مێژووی بوو.
پرسیار: په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی چۆن وه‌سف ده‌كه‌یت ؟
فواد مه‌عسوم: من له‌ 31ی ئابی 1996 ماوه‌ی 23 رۆژ لای پارتی ده‌ستگیركرام، له‌ هه‌موو ژیانیشمدا ته‌نها ئه‌و جاره‌ ده‌ستگیركراوم، بۆیه‌ له‌وكاته‌دا جێهێشتنی هه‌ولێرم ڕه‌تكرده‌وه‌ تاوه‌كو نه‌ڵێن ئه‌و بووه‌ هۆی شكستی یه‌كێتی، شه‌وه‌كه‌ی خۆم شارده‌وه‌ بەڵام چه‌كداره‌كانی پارتی زانیان و ده‌ستگیریانكردم، بەڵام ئه‌و په‌ڕی ڕێزیان له‌گه‌ڵ نواندم، پاشان مه‌سعود بارزانیم بینی، پێم وت ده‌چمه‌وه‌ بۆ لای مامجه‌لال و ئه‌ویش ڕه‌وانه‌ی كردم بۆ سنوری ئێران و چوومه‌ بۆ باره‌گاكه‌ی مامجه‌لال.

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)