ئایە پەرلەمانتارەكانی فراكسوێنی گۆڕان موزایەدەچین یان...؟
Saturday, 05/06/2010, 12:00
كە خەلافەت كەوتە دەست(عومەربن عبدالعزیز) لە هاوڕێیەكی خۆی پرسی:
- وەك بزانی لە خەلافەت دەترسم؟
- هاوڕێكەی: لە گەڵ پارەدا بەینت چۆنە؟
- عومەر: خۆشم ناوێت.
- هاوڕێكەی: ئیدی مەترسە.
كاتێك دختۆر نێچیرڤان بارزانی كابینەی 42 وەزیرەكەی پێك هێنا، دوای ماوەیەك بڕیارێكی دەركرد كە هەر وەزیرێك پێنج دەفتەر دولاری پێبدرێت بۆ كڕینی ئۆتۆمۆبیل، هەرچی وەزیر هەیە ئەو پارەیەی وەرگرت، بەڵام تەنها وەزیر كە وەرگرتنی ئەو پارەیەی بە فیڕۆدانی سامانی گشتی زانی و پارەكەی وەر نەگرت (عوسمانی حاجی مەحمود)ی وەزیری ناوخۆ بوو، وەر نەگرتنی ئەو پاریە لەلایەن بەرپرسێكی باڵای حیزبی حكومی بۆ یەكەم جار لەماوەی حوكمی كوردیدا جوانترین و گەورەترین هەڵوێست بوو. ئەو بەرپرسە مێژوویەكی جوانی بۆخۆی تۆماركرد.
پاش ئەوەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بڕیاریداوە كە هەر ئەندام پەرلەمانێكی كوردستان چوار دەفتەر دۆلاری پێبدرێت، وەكو چاوەڕوان دەكرا و چاوەڕوانكراو بوو ئەندام پەرلەمانەكانی گۆڕان ئەو پارەییە ڕەتبكەنەوە، لە هەڵوێستێكی جوامێرانەدا ئەو پارەییان ڕەتكردەوە و بە هەدەردانی بوجەی گشتیان لە قەڵەمدا.
ئەم هەڵوێستەی فراكسوێنی گۆڕان زەربەیەكی گورچك بڕ بوو لە قەڵای گەندەڵیدرا كە 19 ساڵە مافیاكانی بارزانی و تاڵەبانی داهاتی گشتی دەدزن، لە خیابی ئۆپۆزسوێنێكی تۆكمە لە 1991 یەكێتی و پارتی داهاتی كوردستانیان كردووەتە موڵكی خۆیان و بە كەیفی خۆیان بەكاری دێنن بۆ بەرژەوەندی چەند توێژێكی كەم.
فراكسوێنی گۆڕان بەم هەڵوێستەی خۆی سەلماندیان كە نوێنەری ڕاستەقینەی گەلن، ئەندام پەرلەمانەكانی یەكێتی و پارتیش سەلماندیان تەنها كۆیلەی حیزب و پارەن.
ئەمەهەڵوێستەی گۆڕان و دواتر كۆمەڵ و یەگرتوو هیچ موزایەدەیەكی تێدا نیە، جگە لە ڕووخانی قەڵای گەورەی گەندەڵی سەرانی بێسەری یەكێتی و پارتی، سەیرە ئەندام پەرلەمانەكانی یەكێتی و پارتی و كلكەكانیان كە كۆیلەی حیزب و سەرۆكی حیزبن و پارەو دەسەڵاتن و ناتوانن هەڵوێستێكی مەردانەیان هەبێت، كەچی لە شەرمەزاریدا بەرامبەر بە خەڵك، هاتوون ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیە بە موزایەدە لە قەڵەم دەدەن، بەڵام خەیاڵیان خاوە خەڵك نەفام و گێلنینە تا نەزانن ڕاستییەكان لای كێیە، خەڵك زۆر لەوە هوشیارتر بووەتەوە كە چەند كۆیلەیەكی حیزب هەڵیان خەڵەتێنی بە ناوی نوێنەری خەڵكەوە چەواشەیان بكەن.
هیوادرام فراكسوێنی گۆڕان هەمیشە ئاوا بە هەڵوێست بن، بۆ ئەوەی وەكو (عومەر بن عبدوالعزیز) مێژوویەكی جوان بۆ خۆیان تۆمار بكەن و بەینیان لە گەڵ پارەدا نەبێت، هەتا ئاوا ئەو فراكسوێنە دژی پارەی دزراوبن، ئەوە منیش پێیان دەڵێم: مەترسن لە ناو خەڵكدا زۆر خۆشەویستن، پەرلەمانتارەكانی لیستی كوردستانیش كۆیلەی حیزب و پارەن.
بۆ پێشەوە بەرەو ڕووخانی قەڵای گەندەڵی و ڕسواكردنی مافیاكانی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی.
سەرچاوە:
كتێبی: گوڵبژێرێك لە دەقەناوازەو بەتامەكانی مێژوو، لە نوسینی هادی عەلەوی
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست