كوردستان پێویستى بە لاكشمیبایە
Wednesday, 05/06/2013, 12:00
لە دیرۆكدا هەموو شۆڕش و راپەڕینەكان كەسایەتی و شۆڕشگێڕەكان پێی هەستاون و بونەتە هۆكارو هێنانەدی ئاشتىو ئارامی و لەناوبردنى هەموو زوڵم و نارەحەتىو نادادپەروەرىو خراپەكارییەكی ناوچەكەیان، ئەوەتا ئێمەى كوردیش وەك هەموو لایەك شانازی بەو كەسانەوە دەكەین و هەمیشە لە مێژووو گێڕِانەوەو پەرتوكەكانماندا ناومان هێناونو دەیهێنین، چونكە مێژوو ناتوانێت لە هیچ خاڵێكی رەشو سپی خۆى لابدات.
گەلی كوردستان هەر زوو بەخۆیاندا هاتونەتەوەو بەردەوام دژایەتی ناحەزانو داگیركەرانیان كردووەو توانیویانە لەناویان بەرن، بەڵام ئەوەى جێی نیگەرانییە هەر لەنێو ئەم كوردستانە گەورەیەداو لەنێو ئەم هەموو راپەڕینە مەزنانەدا گەلی خۆخۆری خۆكوژى خۆزەلیل كراوەدا هەر خەریكی یەكتر لەناو بردنینو لەبەر ئەنجامدانى كلكایەتى سیاسی نەمانتوانیوە درێژە بەو خەباتە بكەین كە ئامانجمان بووە.
ئەوەتا لە پاش ساڵى 1991 خۆشبەختانە ئەم گەلە ستەمدیدەیەى باشوور توانى بەناو شۆڕشگێڕە سەرلێشێواوەكەى عەرەب (سەدام حسێن) لەناو بەرێتو تەختو تەراجی لەم هەرێمە وەدەرنێت، راپەڕێنەرانى راپەڕینو هاوكارو هاوسۆزانی ئەم دەڤەرەش بە ئومێدی لەدایكبوونێكی نوێو دەسەڵاتێكی نوێوە هەوڵیان دا تاكو ئەم هەرێمە لەدایك بێت، بەڵام هەر زوو، زۆرى نەبرد كەوتینە خۆو خۆمان كوشتو خۆمان بڕی، هەرچی سەروەتو سامانى ئەم وڵاتە هەیە كەوتە دەستى چوار كەسو لەتێكی ئەم هەرێمەوەو دادپەروەرییەكەشی لە گیرفانى دادوەرەكانماندا بێ خەم لێی نیشتووەو هەموو كەسێك لەم هەرێمەدا وەك كەرتى تایبەت خەمى سكو گیرفانى خۆیەتىو نە باوك ئاگاى لە كچەو نە دایكیش ئاگاداری كوڕەیەتى، ئیتر با (زا و زا) بوەستنو كەس ئاگایی لێیان نییە.
لەم هەموو كەس بێ كەسییەدا كەسێك لەدایك نەبوو ئاواتو ئارەزووەكانى ئەم گەلە بگێڕێتەوەو بهێنێتەوەو بێنێتەدی.... بە بڕواى من ئەم هەرێمە پێویستى بە لاكشمیبایەكە بۆ هێنانەدی ئاشتىو ئازادیو دادپەروەرىو خۆشەویستىو سەربەخۆیی كوردستان، ئاخر لاكشمیبای پێش تێركردنى سكی خۆی، سكی گەلەكەى پڕ دەكرد، پێش خۆشبەختى خۆی، دەیەوێ گەلەكەى خۆشبەخت بكاتو پێش گەیشتن بە ئارەزووەكانى خۆى، دەیەوێ ئارەزووەكانى گەلەى بهێنێتەدی، پێش ئەوەى بڵێت منو بنەماڵەكەم، وتى دەركردنى داگیركەرانو ئازادی بۆ خاكەكەم.
تۆ بڵێی لەم هەرێمەدا لاكشمیبایەكی لێ بێتو خۆى بێدەنگ كردبێت، یان وەك هەمیشە كەس گوێ لە لاكشمیبایەكانى كوردستان ناگرێت!
تێبینی/ لاكشمیبای ناوى خوازراوى كچە ئەكتەركێكى هیندییەو لە شاشەى كەناڵێكی كوردییەوە پەخش دەكرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست