کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەروەردەى كفری ئاگات لێیە؟

Tuesday, 10/11/2009, 12:00


ئەم كۆوشەیە تایبەت نییە بە ناوخۆی فەرمانگەى پەروەردە، بەڵكو تایبەتكراوە بە قوتابخانەكانی سەر بەو پەروەردەیە.
ئەم كێشەو كەموكوڕییانەى كە لێرەدا ئاماژەى بۆ دەكرێت بەهەمانشێوە لەسەردەمی بەڕێوەبەرەكەی پێشووشدا بوونی هەبووەو بەندە چەند وتارو رێپۆرتاژێكم دەربارەى كارە نایاسایی و كەموكوڕییەكان ئامادەكردووەو نوسیوەو بڵاو كردووتەوە، كەچی پاش لادانی ئەو بەڕێوەبەرەو لەسەردەمی ویلایەتی نوێشدا ئەو بابەتانە هەر وەكوو خۆی ماونەتەوەو چارەسەر نەكراوەو پشتگوێخراون، بگرە خراپترو زۆرتریش بوون.
یەكێك لەو كێشانەى كە بووەتە بابەتی باس و خواس و گلەیی مامۆستایان ناهاوسەنگییە لەدابەشكردنی وانەكانی مامۆستایان هەم لەقوتابخانەیەكەوە بۆ قوتابخانەیەكی تر هەم لەنێو قوتابخانەیەكدا لەمامۆستایەكەوە بۆ مامۆستایەكی تر، لەزۆربەى قوتابخانەكاندا نایەكسانی و ناهاوسەنگییەى تەواو هەیە لەدابەشكردنی مامۆستا، هەندێ قوتابخانە مامۆستاى كەمەو هەندێكی تر مامۆستای زۆرە، بۆ نموونە لەو قوتابخانەیەى مامۆستای زۆرە مامۆستاكان هەیە 18 وانەى هەیە لەهەفتەیەكدا، لەو قوتابخانەیەش كە مامۆستاى كەمە 25 بۆ 30 وانە دەڵێتەوە.
یاخود لەناو خودی هەندێ قوتابخانەدا مامۆستا هەیە لەهەفتەیەكدا 18 وانە دەڵێتەوە، مامۆستاش هەیە 25 وانە دەڵێتەوە، بەكورتی پەروەردە تاوەكوو ئێستا نەیتوانیوە یان راستتر بڵێین نەیزانیوە بە پێی تایبەتمەندی و پێویستی و یەكسانی وانەكان مامۆستاكان بەسەر قوتابخانەكاندا دابەش بكات و بەدواداچوون بۆ ئەو كێشەیە بكات.
یەكێكی دیكە لەو كێشانە ئەوەیە، سێ ساڵە بڕیارێك دەرچووە بەوەى دەبێت هەر یاریدەدەرێك لەهەفتەیەكدا لە11 وانە كەمتر نەڵێتەوە كەچی تاوەكوو ئێستا هەموو یاریدەدەرەكان ئەو بڕیارەیان خستووەتە ژێر پێیانەوەو بەڕێوەبەرەكانیش لێیان ناپرسنەوەو پشتگوێیان خستووە، بۆیە مامۆستایانیش زۆر ناڕازین لەو كارە نایاساییە، هەروەها سەبارەت بە یاریدەدەرەكان قوتابخانەى وا هەیە سێ یان چوار یاریدەدەرى هەیەو وەكوو ئاغا پاڵیان لێداوەتەوەو وانە ناڵێنەوەو حساب بۆ كەس ناكەن، یان چەند وانەیەكی رەمزییان لەوانەى شەشەم بۆ خۆیان داناوە لەوانەكانی هونەرو وەرزش و ئایین، ئەم وانانەش لەم كۆمەڵگەو سیستمەى ئێمەدا ئەوەندە رەمزین هەر نەبوونیان باشترە، چونكە ئەو وانانە لەلایەن وەزارەتەوە هێندە بە چاوێكی سوك تەماشاكراوە نەبوونیان زۆر باشترەو لەسایەى ئەو سیستەمەشدا تاوەكوو ئێستا هیچ سوودێكیان لێنابینرێت و نەبینراوە، چونكە هەر پۆلێك لەهەفتەیەكدا یەك وەرزش و هونەرى هەیە ئەمەش بە ماناى ئیهمال كردن دێت.
هەروەها كێشەیكی تر ئەوەیە كە لەكفریدا چەندین بەڕێوەبەر هەیە بڕوانامەى دبلۆمیان هەیە، كە بە پێی یاسای پەروەردە دەبێت هەموو بەڕێوەبەرەكان بڕوانامەى بەكالۆریۆسیان هەبێت، بەڵام ئەو یاسایە لەكفری ئاودیو كراوەو كراوەتە قوربانی چانسی ئەو بەڕێوەبەرانە.
سەبارەت بە حانووتەكانی قوتابخانەكان، تاوەكوو ئێستا لەزۆرینەى قەتابخانەكانی كفریدا نەزانراوە داهاتی ئەو حانووتانە چێ لێدەكرێت و كێ دەیخوات؟، بۆ نموونە دەكرێت ئەو بڕە پارەیە هەر ساڵێك چەندین سۆپا یان موبەریدە یاخود بەڕادی ئاوساردكەرەوەى پێ بكڕدرێت، یاخودا قوتابخانەكەى پێ بۆیاخ بكرێت، چەندین خزمەتی تر كەچی ئەمە نەكراوەو ئەوەندە دەزانرێت كە ئەو بڕە پارەیە تەنها لەگیرفانی بەڕێوەبەرەكاندا حەشاردراوەو پەروەردەش تاوەكوو ئێستا نەهاتووە بە وەسڵ و وردەكارى لێیان بپرسێتەوە كە ئەو پاریە چی لێدەكرێت.
هەروەها لەهەندێ قوتابخانە دوو دەوامی تێدا دەكرێت واتا دوو قوتابخانە لەیەك بینادایەو كەچی یەك بەڕێوەبەری بۆ دانراوە، واتا ئەو بەڕێوەبەرە دەبێت لەكاتژمێر هەشتی بەیانییەوە تاوەكوو 4ی ئێوارە دەوام بكات، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەى ئەو بەڕێوەبەر یەكێك لەو دوو قوتابخانە ئیهمال بكات و دەوام نەكات و دوامی دووەم بداتە دەستی یاریدەدەرەكان، بۆیە لەمكاتەدا یەكێك لەو قوتابخانەیە بێ بەڕێوەبەر دەمێنێتەوە، ئیتر نازانم پەروەردەى كفری ئاگای لەم مەسەلانە هەیە یان نا؟.
ئیتر نازانم پەروەردەى كفری بۆچی بێدەنگی هەڵبژاردووەو بەدواداچوون بۆ ئەو كێشانە ناكات، ئێمەى رۆژنامەنوسانیش بەم ئەركەى خۆمان هەستاوین و لەچەند هەفتەى داهاتوودا ئەگەر دۆخەكە وەك خۆی مایەوەو پەروەردە هەر بێدەنگی هەڵبژارد، ئەوا دیسانەوە ئەم بابەتانە بە وتارێكی دیكە ئاراستەى پەروەردەى گەرمیان و وەزارەت دەكەین.
ماوەتەوە بڵێین ئەگەر ئەو كێشانە چارەسەر نەكرا، ئەوا دەبێت بڵێین (انا لله وانا الیە راجعون) بۆ پەروەردەى كفری.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە