شیوعیه‌ت.. خولانه‌وه به ده‌وری (ئینتیهازیه‌ت و ئینحراف) بووندا
Wednesday, 20/05/2009, 12:00
2207 بینراوە
راپۆرتی شیكاری_
[email protected] گه‌ر بیرۆكه‌ی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر له پێناو رزگاربوونی مرۆڤایه‌تی قۆناغه‌كانی فیوداڵی و ئابووری و سیاسیی، ره‌نگدانه‌وه‌ی زوڵم و سته‌می ده‌سه‌ڵاتی قه‌یسه‌ری رووس بوبێت بۆ گه‌لانی رووسیا، ئه‌وا ده‌توانین بڵێین جوانی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و شۆڕشه بۆ گه‌لانی رووسیا ئه‌و شاكاره ئه‌ده‌بیه به‌سه، كه ته‌نها (ماكسیم گۆركی) رۆمان نووس ده‌توانێ ئازاره‌كانی چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ له پێناو گۆڕان و به‌رخودانی خه‌باتدا له رۆمانی (دایك)دا بینه‌خشێنێ، نه‌ك كه‌سانی ئینتیهازی ئه‌مڕۆ كه له ئاست هه‌نگاونانی دیموكراسی و گۆڕانه‌كاندا ده‌بنه زووڕناژه‌ن و كاسه‌لێسی ئیمتیازاتی سیاسیی و به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری، هه‌رچه‌نده سه‌ركه‌وتنی ئه‌و شۆڕشه بۆ رزگاربوونی خودی گه‌لانی رووسیا، كه له پاشاندا ناوی (سۆڤیه‌ت)ی لێكهوتهوه، له ئاست ململانێكانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌یتوانی تاكوسهر بمێنێته‌وه، چونكه دروشمه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر چاكتروایه بڵێین رابه‌رانی (دیكتاتۆریه‌تی پڕۆلیتاریا) وه‌ك پێویست نه‌مانه‌وه، تا ده‌هات به‌ره‌و دیكتاتۆریه‌ت هه‌نگاوی ده‌نا و دروشمه‌كانی رزگاربوونی گه‌لانی بنده‌ستیش ده‌ركه‌وت، كه ته‌نها له پێناو كۆكردنه‌وه‌ی نفوس بوو له ده‌وری شۆرشی سوور له جیهان به‌گشتی و، به تایبه‌تی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له پێناو ململانێ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داری جیهان به رابه‌رایه‌تی ئه‌مریكا بوونی ئه‌م شۆڕشه په‌ل و پۆی به هه‌موو جیهاندا بڵاوببوه‌وه، به‌ڵام مخابن بوونی هه‌ر حیزبی شیوعیهك له هه‌ر شوێنێك، ته‌نها ده‌یتوانی به راسپارده‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی (سۆڤیه‌ت) هه‌نگاو بنێ وه خاوه‌نی هیچ بریارێكی سه‌ربه‌خۆی خۆی نه‌بوو، بۆ سه‌لماندنی ئه‌م قسه‌یه‌ش له دوای سه‌رهه‌ڵدانی (پیرۆسترۆكا و گلاسنۆست)، كه جیابوونه‌وه‌ی كۆماره‌كانی سۆڤیه‌تی لێكهوتهوه و بووه مایه‌ی ره‌تكردنه‌وه‌ی دیكتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا له فه‌رهه‌نگی سیاسیاندا، ده‌ركه‌وتنی نا دیموكراتیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی شیوعیه‌ت له‌و سه‌رده‌مه‌دا رێگه خۆشكه‌رێكی ته‌واوبوو بۆ جودایی نه‌ته‌وه‌كان، له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌و حیزبه شیوعیانهشی كه به ئامانجی سه‌ركه‌وتنه‌كانیان نه‌گه‌یشتبوون، تووشی پووكانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری هاتبوون، زۆرینه‌یان رێگای حیزبه‌كانی خۆیان جێهێشتوو له‌ناو ئه‌حزابی تردا به‌رپرسیاریه‌تیان به‌ده‌ست هێنا، ده‌توانرێ بگوترێ هه‌میشه ئه‌و جۆره شیوعیانه له رووی سایكۆلۆژیه‌وه وه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه به‌رامبه‌ر به هێڵه ململانێیه‌كان ده‌وری ئاژاوه‌گێڕی و ئینتیهازیهتیان بینیووه، كه ئه‌مه‌ش دووره له ئه‌خلاقی سیاسیی پاكی شیوعیه‌ت وه‌ك خۆی.
گۆڕان و وه‌رچه‌رخانی بیری سیاسیی دوابه‌دوای لێكترازانهكهی ساڵی(1964)ی ناوبزاڤی رزگاریخوازی كورد و پاشان ئاشتبونه‌وه گشتیه‌كه‌ی، كه له نێوانیاندا هاته‌دی و زۆرینه‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی ئه‌و سه‌رده‌مه له ته‌واوی ده‌زگاكانی شۆڕشی ئه‌یلول دا ده‌ست به‌كاربوونه‌وه، له‌وكاته‌دا به‌شێوازێكی دیكه هه‌وڵدرا كه رێكخراوێكی چه‌پی (ماركسی لینینی) نه‌ته‌وه‌یی به‌ناوی (كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران) به نهێنی له‌ناو ته‌واوی ده‌زگاكانی شۆڕش و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا ده‌ست به‌كار بێت، هه‌ر له‌و ساڵانه‌شدا بوو به تایبه‌تی ساڵی (1970) كه رێكه‌وتننامه‌ی (11)ی ئادار هاته ئاراوه، هه‌رچه‌نده ئه‌م رێكه‌وتننامه‌یه به ئاشكرا له راگه‌یاندنه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شۆڕش و حكومه‌تی عێراقیدا بڵاوكرایه‌وه، به‌ڵام نه‌چووه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، چونكه حكومه‌تی عێراق بۆ خۆماڵیكردنی نه‌وت هه‌نگاوی نا، كه له‌وكاته‌شدا نرخی نه‌وت چوار به‌رابه‌ری نرخی ئه‌وسای زیادكرد، كه له‌م پێناوه‌شدا (یه‌كێتی سۆڤیه‌ت) به ته‌واوی هاته ناو هاوكێشه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئابووریه‌وه له عێراقدا، بۆیه حكومه‌تی عێراقیش رووی له ئاشتی رێكه‌وتننامه‌كه وه‌رگێرا و، له‌ولاشه‌وه (بارزانی) رێكه‌وتنێكی نهێنی له‌گه‌ڵ شای ئێران و (CIA) به‌ست، تا ئه‌و كاته‌ی كه له مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی (1974) جه‌نگ له نێوان شۆڕشی كورد و حكومه‌تی عێراق سه‌ری هه‌ڵدا.
قۆناغه‌كانی دژایه‌تیكردنی حیزبی شیوعی عێَراق قۆناغی یه‌كه‌م: دوای ده‌ركپێكردنی جموجۆڵ و چالاكی سیاسیی رێكخراوی (كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران) له ناو شۆڕش و جه‌ماوه‌ردا له لایه‌ن حیزبی شوعی عێراقه‌وه، له پێناو ئه‌و دهركپێكردنهدا یه‌ك دوو وتار له‌و سه‌رده‌مه‌دا له رۆژنامه‌ی (بیری نوێ)دا بڵاوكرابۆوه، كه له‌وكاته‌دا حیزبی شیوعی به مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ی ئایندهی خۆی داده‌نا، چونكه له نه‌خشه‌و به‌رنامه‌ی حیزبی شیوعی عێراقدا، ته‌نها (لجنه محلی) هه‌رێمیان هه‌بوو، كه ئه‌م (لجنه محلی)هش له‌نه‌خشه‌و بریاردانی سیاسی نه‌ته‌وه‌ییدا هیچ كات سه‌ربه‌خۆ نه‌بوو، هه‌میشه له ژێر بڕیاره‌كانی مه‌ركه‌زی حیزبی شیوعی عیراقه و هه‌نگاوی ده‌نا، حیزبی شیوعی عێراقیش به‌بێ سۆڤیه‌تی ئه‌وكات نه‌یده‌توانی هیچ هه‌نگاوێكی سیاسیی بنێت.
قۆناغی دووه‌م: دوابه‌دوای هه‌نگاونانی خۆماڵیكردنی نه‌وت له لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌و، هاتنه ناوه‌وه‌ی سۆڤیه‌ت بۆ عێراق له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووریه‌كاندا، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا رابه‌رانی حیزبی شیوعی به مه‌به‌ستی ده‌سه‌ڵات و ئامۆژگاری سۆڤیه‌ت و دژایه‌تیكردنی شۆڕشی كورد له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقدا هه‌وڵیاندا، كه (به‌ره‌یه‌ك) له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا درووستبكه‌ن به ناوی (به‌ره‌ی نیشتمانی عێراق)، كه له‌دواییشدا ده‌ركه‌وت ئه‌م به‌ره‌یه له پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی سۆڤیه‌ت و حیزبی شیوعی عێراق بوو، وه دژایه‌تی خواسته‌كانی گه‌لی كوردیان دهركردو، باره‌گاشیان له هه‌موو شار و شارۆچكه‌كاندا كرده‌وه، تا گه‌یشته ئه‌و راده‌یه‌ی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی حیزبی شیوعی له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه پڕ چه‌ككران، تا گه‌یشته ئه‌و راده‌یه‌ی كه له پیلانێكی شاراوه‌دا و له سه‌عاتی سفردا شیوعیه‌كان ده‌یانه‌ویست بده‌ن به‌سه‌ر باره‌گاكانی (پارتی) و شۆڕشدا له شار و شارۆچكه‌كاندا، به‌ڵام به‌هۆی هۆشیاری ده‌زگاكانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی شۆڕشه‌وه ده‌ستگیرا به‌سه‌ر چه‌ندین پارچه چه‌كی ئه‌ندامانی حیزبی شیوعی لهمالهَكانیاندا و، خۆشیان له زیندانه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی (رایات و خه‌لان)ی شۆڕشدا ده‌ستبه‌سه‌ر كران، ئه‌م ئیزدواجیانهی حیزبی شیوعی به‌رده‌وام بوو تا ئاشبه‌تاڵی شۆڕشی كورد.
ساڵی 1975 ساڵی ئاشبه‌تاڵ هه‌روه‌ك مامۆستا هه‌ژاری شاعیر له پێشه‌كی كتێبی (هه‌مبانه بۆرینه)دا ده‌ڵی: ساڵی 1975 كه بزاڤی رزگاریخوازی كوردمان جاڕی ئاشبه‌تاڵی كێشا‌و له پاشاندا ده‌ربه‌ده‌ری و په‌ناهه‌نده‌یی و ته‌سلیم بوونی لێكهوتهوه.
دیارهههموولایهك چیرۆكی تراژیدیای ئه‌و شۆڕشه ده‌زانین و ده‌رده‌كه‌وێت كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا سه‌ركردایه‌تی كورد، به‌هۆی په‌یوه‌ندی هاوسۆزی ئه‌مریكا هیچ دوربینیهكی له ئاست كاره ستراتیژیه‌كانی خۆیدانهبوو، كه ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی سیاسیی بوو كه له سه‌ركردایه‌تی كوردا هاتبووه‌دی.
ده‌وری دووفاقی حیزبی شیوعی میلله‌تی كورد بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م له نائومێدیه‌كی زۆر ناخۆشدا ده‌ژیا، به‌هۆی روودانی هه‌ره‌سی شۆڕشه‌كه‌یه‌وه و، كه هه‌ندێك به‌ره‌و ئه‌وروپا رۆیشتن، زۆرینه‌ی نفووسی شۆڕشیش له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌ره‌و عێراق ته‌سلیم بوونه‌وه، كه له‌و كاته‌دا ئه‌ندامانی حیزبی شیوعی له پاڵ به‌عسیه‌كاندا جگه له گاڵته‌جاڕی به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵكانی گه‌ڕاوه بۆ ناو شاروشارۆچكه‌كان، هیچی تر نه‌بوو. چۆكدادانی حیزبی شیوعی به ناو پێكهێنانی به‌ره‌ی نیشتمانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌عسدا تا ته‌واوبوونی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی سۆڤیه‌ت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێڕاقدا به‌رده‌وام بوو، ئه‌وه‌بوو له ساڵی (1978) له دیداری نێوان (برێجنێف و ێدام حسین)دا ێدام به‌ڵێنی دابوو، كه هه‌وڵی ئاشته‌وایی ته‌واو له‌گه‌ڵ حیزبی شیوعیدا بكات، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و به‌ڵێنه‌وه جگه له راوه‌دونان و ده‌ستگیركردنی ئه‌ندامانی حیزبی شیوعی به‌گشتی و، دواینجار ده‌ستگیربوونی (2) ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی به ناوی (یوسف و عبدالامیر) و (2) ئه‌ندامی تر له رێكخراوی (به‌سره)ی به‌ناو به‌ره‌ی نیشتمانی كه ئه‌وانیش (د.سالم مهدی و جواد تۆما)
بوون، تا ده‌هات حكومه‌تی عێراق راوهدونانهكهی له حیزبی شیوعی چڕتر ده‌كرده‌وه، بۆیه له رۆژی 13ی مایسی 1979 پۆلیسی به‌عس رۆژنامه‌ی (گریق الشعب) كه زمانحاڵی حیزبی شیوعی بوو راگرت و چه‌ند رۆژێكیش دوای ئه‌وه باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی حزبی شوعی داخست , ئه‌وه‌بوو، له ته‌مووزی 1979 كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی شیوعی عێراق شاڵاو و په‌لاماری حیزبی به‌عسی به‌رامبه‌ر بهشیوعیهكان راگه‌یاند، پاشان بانگه‌وازی بۆ ئه‌ندامانی حیزبه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه، كه به‌رده‌وامبن له خه‌بات له پێناو روخانی ئه‌و رژێمه، پاشان له مانگی 11ی 1979 مه‌كته‌بی سیاسیی حیزبی شیوعی به‌ره‌و ناوچه‌كانی بن ده‌سه‌ڵاتی (یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان) له (ناوه‌زه‌نگ و زه‌لێ) به رێكه‌وتن و له نزیك باره‌گاكانی یه‌كێتیی خه‌باتی چه‌كداریان راگه‌یاند.
شۆڕشی نوێ ره‌وینه‌وه‌ی ئه‌و نائومێدیه‌ی كه به‌سه‌ر میلله‌ت و شۆڕشه‌كه‌یدا هاتبوو، توانرا له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا سێ رێكخراوی سیاسیی به ناوی (كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران، بزوتنه‌وه‌ی سۆسیالست، خه‌تی گشتی) له نیمچه به‌ره‌یه‌كدا كۆبونه‌وه به ناوی (یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان) و هه‌ر له‌وكاته‌وه شه‌ره‌فی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕش و پڕكردنه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره چۆڵه‌كانی پێ‌بڕا، چوارساڵ تێپه‌رببوو به‌سه‌ر خه‌باتی پارتیزانی و بوونی فكری جیاواز له‌گۆره‌پانی سیاسی‌دا، كه حیزبی شیوعی تازه ده‌ستبه‌رداری به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی ببو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقدا و، هاتبووه ناو گۆڕه‌پانی ئاشكرای خه‌باتی چه‌كداریدا، له ماوه‌یه‌كی زۆركه‌مدا حیزبی شیوعی له رووی سایكۆلۆژیه‌وه هه‌ستی به كه‌می خۆی ده‌كرد، كه ئه‌و به‌حیساب هه‌ڵگری ناسنامه‌ی حیزبێكی چه‌پی سه‌رتاسه‌ریه، كه‌چی ئێستا بوونی رێكخراوێكی دیكه به‌ناوی (كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران)ه‌وه وجودی هه‌بوو كه له‌و سه‌رده‌مه‌شدا ده‌نگۆی بوونی فكری عێراق چێتی و كوردستانی له‌و رێكخراوه‌دا هه‌بوو، وه حیزبی شیوعیش له‌و پێناوه‌دا هه‌وڵی ده‌دا كه له‌بیرۆكه‌ی عێراق چیه‌تی سودمه‌ند بێت، به‌ڵام به‌هۆی هۆشیاری رێكخراوی (كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران)ه‌وه ئاواته سیاسیه‌كانی نه‌هاته‌دی.
له ساڵی1986 حیزبی شیوعی بۆ سودوه‌رگرتن له نفووسی حیزبی سۆسیالستی كوردستان هه‌وڵی دابڕانێكی له‌و حیزبه‌دا دروستكرد، كه هاوكاری ماددی و مه‌عنه‌وی كۆمه‌ڵێك كادری حیزبی سۆسیالستی له ناوچه‌ی (شوشكان) كرد، كه له‌و سه‌رده‌مه‌شدا ئه‌وكات ئه‌و كادرانه‌ی ناو حیزبی سۆسیالیست كه جیابوونه‌وه، به ناوی رابه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ و دواتر بوو به حیزبی زه‌حمه‌تكێشان، كه له‌و جوداییهدا فه‌رمانده‌ی هه‌رێمی ده‌شتی هه‌ولێری حیزبی سۆسیالیست (قادر مسته‌فا)ی تێدا شه‌هید بوو..
ته‌واوکه‌ری راپۆرته شێکارهکه:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=fd975a3c