پیاوە حیزبیەکانی لە ناو زانکۆی سلێمانی بەرنە دەرەوە هەراسانیان کردین - خەڵکی سلێمانی ئەوەندەی تر توڕە مەکەن
Friday, 20/12/2013, 12:00
1021 بینراوە
سزای سیاسی مامۆستایانی زانکۆی سلێمانیشی گرتەوە
لە ئەکادیمیەکی مامۆستای زانکۆوە بۆ دکتۆر بەرهەم وەکو ئەکادیمیەکی سیاسەتمەدار....
لای جەنابتان ئاشکرایە کە زانکۆ لە هەموو شوێنکی جیهاندا شوێنی زانست و ڕوشنبیری و پێگەیاندنی کەسانی ئەکادیمیە وە بەتایبەتی کاتیک ئەو زانکۆیە لە ناو شارێکدا بێت کە بە پایتەختی ڕۆشنبیری ناسراو بێت.
بەڵام بە داخەوە ئەوەی ئێمە دەیبینین زانکۆکان بە کار دەهێنرێت بۆ ململانێی حیزبی و ناشرین کردنی سیمای خوێندن دروست کردنی ژینگەیەکی نالەباری خوێندنە لەم هەرێمە دا کە تازە لەسەرەتای دانانی بەردی بناغەی دیموکراتی و پێشکەوتنە .
بە دریژایی مێژووی ململانێکان لە هەرێمی کوردستاندا ،شاری سلێمانی و زانکۆی سلێمانی تایبەتمەندیەکەی خۆی هەبووە لە رووی ئازادی ڕا دەربرین و ڕیزگرتن لە رۆشنبیران و ئەکادیمی یەکان هەمیشە جێگای خۆشحاڵی بووە.
لەدوای نەخۆش کەوتنی جەنابی (مام جەلال) ەوە ڕەوشی ناوچە ڕۆشنبیرەکەی کوردستان لە قەیرانێکی گەورەدایە و زۆربەی جومگەکانی بەڕێوەبردن و بواری زانستی و رۆشنبیری گرتۆتەوە و سیمای پاشا گەردانی و لێ نەپرسینەوەی بە ئاشکرایی پێوە دیارە وزانکۆی سلێمانیش بێ بەش نیە لەم قەیرانە ..
ماویەکە هەندێک کەسی حیزبی بە ئاشکرا لە ناو زانکۆی سلێمانی و بە دیاری کراوی لە هەندێک فاکەڵتی کە ڕاگرەکانیان پێگە حیزبیەکەیان زاڵترە بەسەر پێگە ئەکادیمیەکەیان و دەستەڵاتە ئیداریەکانیان بە کاردەهێنن بۆ سزادان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و جۆراوجۆر کە ئەمە کارێکی تا سەر ئێسقان نە پەسەندە ..لە ناو موئەسەسەیەکی زانستیدا کە خەڵک چاوەڕێی کاری جوانتری زانستی و ڕۆسنبیری لێ ئەکات .
..زۆربەی ئەم کەسانەی هەڵدەستن بەم کارانە نامۆن بەم شارەو بنەماڵەکانی ئەم شارە جونکە زۆربەیان هاوردەی ئەم شارەن.
نامۆن بە مامۆستایان جەمال عەبدول و سامی حسێن نازم و نەوشیروان مێگفی و دکتۆر نەوزاد عگار و چەندەها کەسیایەتی ئەم شارە کە زانکۆیان بەچ حاڵێکدروست کردەوە و کردیان بەم زانکۆیەی کە ساڵانی ١٩٩٢ی کەلێک لە ئێستای باشتر بوو.
بەڕێز کاتێک ناوی حیزب و ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرس بەکار دەهێنرێت بۆ لەکەدار کردنی ناوی زانکۆ و ڕێگە خۆشکردن بۆ زۆر هەڵسوکەوتی نەشیاو و ئازاردانی خەڵکی ئەکادیمی و خەڵک نان بڕاو کردن کە ئەمانە هەر مایەی شکست و دوور کەووتنەوەو توڕەکردنی خەڵکی ئەم شارەیە و جەنابت خەڵکی ئەم شارەیت و ئەزانیت کە بە هێز و ئازاردانێک ئەم شارە ملی نەداوەو نادات بۆ کەس و جەنابت زیاتر لە پێکهاتەی تاکی ئەم شارە تێگەیشتویت کە نەرمی و ڕێز پیشان ئەدات تا ئەو سنورەیە خەتە سورەکانی کەرامەتی بریندار نەکرێت .
بۆیە دەڵێم پیاوەکانتان بەرنە دەرەوەی زانکۆکان ناشرینیان کردن و ئیزعاجیان کردین ،بەهای زانستیان نەهێشێت ، هەیبەتی زانکۆیان شکاند ،کەرامەتی خوێندکاریان بریندار کرد ئەوەی دەگاتە ئێوەو دەیبنین ئەوە نیە کە دەگوزەرێت .
لە زەمانی بەعسەدا لیژنەی سیاسی و تۆمەت دروست کردن بۆ مامۆستای زانکۆ هەبووە ئێستاش ئەم دیاردەیە نامۆیە لە زانکۆی سلێمانیدا هەیە و لە هیچ زانکۆیەکی هەرێم نەمبیستووە.هەوڵ ئەدەن میژووی زەمانی بەعس و شەری ناوخۆ بدەنەوە بە گوێماندا کە بەڕێزت هەمیشە دژی بوویت و نفرەتت لێ کردووە.
بۆیە ئەپرسم ::
ئایا ئەو ئەکادیمیە بە حیزب بارگاویانەی کە وا هەڵسوکەوت ئەکەن کاریگەرن بە نەهج و سیاسەتی بەعس یان حیزبە سۆسیال دیموکراتەکانی جیهان؟
ئایا کاتی پێداچونەوە و وەستان نیە لەسەر خاڵە لاوازەکان و نا مەنتیقیەکان ؟
لە کۆتای من وەکو مامۆستایەکی ئەکادیمی شاری سلێمانی و لە دایک بووی کۆڵانەکانی بەر خانەقای ئەم شارە خوشەویستە پێت ئەلێم کاری تۆیە ڕزگار کردنی زانکۆ لە قۆرخکاری و چاکسازی ڕیفۆرمی ناو زانکۆی سلێمانی وبنە بڕ بکە و وەستانی تەداخولی حیزبی لە زانکۆدا بکەنە خاڵی وەرچەرخانی چاکسازی وکۆتایی هێنان بەو هەموو قەیرانە.
با هەوڵ بدرێت ژینگەیەکی لەبار بۆ خوێندن و زانکۆ دەستەبەر بکرێت کە خوێندن و تۆێژینەوە بەرەوپێش ببەین و هەوڵ بدەین زانکۆ بکەینە شوێنی دانانی پلانی ستراتیجی و وەبەرهێنانی تواناکان بۆ پێشکەوتنی هەرێمەکە نەوەکو بۆ پیلان دانان بۆ مامۆستایانەی کە فکری ڕیفۆرم وچاکسازیان هەیە .
نوسینی
هاوڕێ فەرهاد
مامۆستای زانکۆ