کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ریپۆرتیاژێکی گرنگ..ده‌سه‌لات له‌ پێناو مانه‌وه‌یدا ، له‌سه‌ر حسابی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییمان،ده‌ست بۆ پیلانیکی چه‌په‌ڵ ده‌بات..

Thursday, 05/05/2011, 12:00


ده‌ستپێك:
پێش ئه‌وه‌ی بێینه‌ سه‌ر کرۆکی پلانه‌که‌، پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌ سێ راستی بده‌ین، که‌ به‌رای زۆرێک له‌ چاودیرانی سیاسی، کۆڵه‌که‌ی ناساندنی ره‌وشی سیاسی کوردستانن به‌و هۆیه‌وه‌ ئیدی ده‌کرێت کار وچاڵاکییه‌کانی هه‌ر لایه‌ک له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستان به‌ هاسانی ببینرێت:
راستی یه‌که‌م: کۆماری ئیسلامی ئێرانی وه‌ک سیسته‌مێکی موخابه‌راتی تیرۆریستی، وه‌ک کاره‌کته‌رێکی کاریگه‌ر له‌ گۆڕه‌پانی باشوری کوردستان ده‌بینرێت. دیسان کۆماری ئیسلامی ئێرانی وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی داگیرکار بۆ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و بکوژ و ببڕی خه‌ڵکی کوردستان چاوی لیده‌کرێت، له‌ ناخۆشترین ره‌وشی سیاسییدا، به‌ قه‌د یه‌ک مو و بۆ داوا ره‌واکانی خه‌لکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان مل نادات، ئه‌مه‌ سه‌رباری خه‌لکی ئێران که‌ له‌ ره‌وشێکی مه‌مره‌ و مه‌ژی ژیان به‌ڕێده‌که‌ن. ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی ئێران له‌ باشوری کوردستان پێویست به‌ به‌لگه‌ ناکات ، به‌و پێیه‌ ئه‌مه‌ راستییه‌که‌ ، بوونی هه‌یه‌.
راستی دووه‌م: خۆی له‌ بوونی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق و کوردستاندا ده‌بینێته‌وه‌ . ئه‌مه‌ریکا به‌ گویره‌ی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش وه‌ک هێزێکی داگیرکار ده‌بینرێت ، کاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر سیاسه‌تی ناوچه‌که‌دا هه‌یه‌ . ئه‌مه‌ریکا وه‌ک دوژمنێکی سه‌رسه‌ختی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی نمایش ده‌کات و ئێرانیش به‌ هه‌مان شیوه‌ ، هیچ لایه‌کیان ئه‌و راستییه‌ ناشارێته‌وه‌ ، به‌لکو هه‌موو خه‌لکیش ئه‌و راستییه‌ ده‌زانن. له‌ته‌ک ئه‌و راستییه‌ ، دیاره‌ ده‌رهاویشته‌یه‌کی گرنگ هه‌یه‌ که‌ بریتییه‌ له‌و پێشبڕکێ بێ کۆتایانه‌ی هه‌ردولا بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی عێراق ، که‌ هه‌ریه‌که‌یان ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ی دیکه‌ ببه‌زینێت و له‌ میانی کۆنتڕۆلکردنی عێراق، ناوچه‌که‌ بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر بکات. هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق و پێکهاته‌ی په‌رله‌مان و پێکهێنانی حکومه‌تی عێراقی به‌م شێوه‌یه‌ و، ره‌وشی ناله‌باری سیاسی و کۆمه‌لایه‌تی بریتین له‌ سه‌ردێری ئه‌و ده‌رهاوێشته‌یه‌ که‌ ئه‌و دوو راستیه‌ ده‌سه‌لمینیت.
راستی سێیه‌م : بوونی ده‌سه‌لاتی دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان ، که‌ هیچ رێگایه‌ک نه‌ماوه‌ ئه‌گه‌ر تاقی نه‌که‌نه‌وه‌ له‌ خۆگرێدانیان به‌ کورسی ده‌سه‌ڵات. ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ ، له‌ ته‌نازولکردنێکی بێ وێنه‌ له‌ ره‌هه‌نده‌ گرنگه‌کانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییدا درێژه‌ به‌ ژیانی ده‌سه‌لاتداریی خۆی ده‌دات و ، سڵ ناکاته‌وه‌ له‌ هاوکاریکردنی هه‌ردوو کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی له‌ نێو عێراقدا که‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حسابی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاکانی خه‌ڵکی کوردستان و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییش بێت. دیاره‌ مه‌به‌ست له‌و دوو کاره‌کته‌ره‌، ئێران و ئه‌مه‌ریکایه‌ ، که‌ وه‌ک دوو راستی له‌سه‌ره‌وه‌ باسمان لێوه‌کرد.
ئه‌مه‌ریکا له‌ 2003 دا کاتێ پێینایه‌ عێراق و کوردستان ،به‌ دوو شێواز پێشوازی لێکرا ، گه‌وره‌ رۆژنامه‌نووسانی ئه‌مه‌ریکا زۆر باسیان له‌و دیارده‌یه‌ کردووه‌ ، له‌ عێراق به‌ گولله‌ و له‌ کوردستانیش به‌ گوڵ.
ئه‌مه‌ریکا ده‌بێ ئه‌و راستییه‌ بزانێت ئه‌وه‌ رێنماییه‌کانی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ نه‌بوو بۆ خه‌ڵکی کوردستان تا سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکییه‌کان به‌ گوڵ پێشوازی لێ بکات ، به‌لکو ئه‌وه‌ ئه‌و زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌بوو که‌ به‌ درێژایی مێژوو به‌رامبه‌ری کراوه‌ و،وایلێکرد ، ئه‌مه‌ریکییه‌کانی وه‌ک سیمبوڵی ئازادی ببینێت ، هه‌ر بۆیه‌ گوڵی پێدا.ئێستاش خه‌ڵکی هه‌ر به‌ شه‌وقه‌وه‌ بۆ ئازادیی تێده‌کۆشێ.
که‌واته‌ بۆ لێکدانه‌وه‌ی ره‌وشی سیاسی له‌ هه‌ریمی کوردستان و تاراده‌یه‌ک عێراقیش ، ده‌بێ ئه‌و سێ راستییه‌ ببینرێت.
ئه‌م راستییانه‌ تا 17 ی شوبات لای خه‌ڵکی کوردستان له‌ گومانێکدا بوون ، به‌لام دوای ئه‌و رۆژه‌ هه‌موو به‌ره‌کان به‌ ئاشکرا بینران و ئێستاش باشتر ده‌بینرێت.
هه‌واڵه‌که‌:

سه‌رچاوه‌یه‌کی زۆر ئاگادار له‌ ده‌زگای پاراستنی بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود بارزانی به‌ کوردستانپۆستی راگه‌یاند : بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود بارزانی به‌ ره‌زامه‌ندی بنه‌ماڵه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی ، له‌گه‌ل ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریکی پێکهاتووه‌ و گه‌یشتوونه‌ته‌ ئیتفاق به‌ کردنه‌وه‌ی سه‌ربازگه‌یه‌کی فره‌وان له‌ هه‌رێمی کوردستان و جێگیرکردنی زیاتر له‌ 15 هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکی بۆ مانه‌وه‌یان له‌ عێراق.
سه‌رچاوه‌که‌ ئه‌وه‌شی زیادکرد که‌ باکوری رۆژئاوای هه‌ولیر خه‌ریکی دامه‌زراندنی ئه‌و سه‌ربازگه‌ گه‌وره‌یه‌ن و ئه‌و ناوچه‌ فره‌وانه‌ی که‌ نێچیر له‌ باکوری رۆژهه‌ڵاتی هه‌ولیر داگیرکردووه‌ ، که‌ خۆی له‌سه‌دان دۆنم ده‌دات و به‌ سکرتاریه‌ت ناسراوه‌ ،ده‌درێ به‌ ئیداره‌ی ئه‌و قاعیده‌ سه‌ربازییه‌.
سه‌رچاوه‌که‌ ده‌رباره‌ی فڕگه‌ی حه‌ریر قسه‌ی کردوو و به‌ دووری نه‌زانی که‌ ئه‌و فڕگه‌یه‌ش به‌کارببرێت.
سه‌رچاوه‌که‌ دریژه‌یی دایێ وتی: ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌ بۆ لێدانی ئێران رێکده‌خریت له‌ویوه‌ فرۆکه‌کانی ئه‌مه‌ریکا که‌ له‌ رووی لۆجستیکه‌وه‌ زۆر گرنگن و نزیکن له‌ ئێران . هه‌روه‌ها وتی: ئه‌وه‌ش له‌ بیر نه‌کرێت که‌ ئه‌گه‌رچی به‌ گوێره‌ی ئیتفاقی نێوان خۆی و عێراق ده‌بێ له‌ کۆتایی ئیمساڵدا ئه‌مه‌ریکا بڕوات و عێراق جێبهێڵێت ،ئه‌مه‌ش له‌ کاتێکدا ئه‌مه‌ریکا ده‌یه‌وێت له‌ عێراق بمێنێته‌وه‌ ، بۆیه‌ به‌دوای به‌دیل ده‌گه‌ڕێت . ئه‌م سه‌ربازگه‌یه‌ ده‌بێت به‌ به‌دیلی بوونی ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌موو عێراقدا.
سه‌رچاوه‌که‌ دووپاتیکرده‌وه‌ ، که‌ ئه‌م ئیتفاقه‌ کراوه‌ له‌سه‌ر حسابی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی کورده‌ و ئه‌مه‌ریکا به‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و رێگه‌پیدانه‌ بۆ کردنه‌وه‌ی بنکه‌یه‌کی سه‌ربازی واگه‌وره‌ گه‌ره‌نتی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیانی پیداوه‌ و، به‌مانایه‌کی دیکه‌ هاوکاریان ده‌بن له‌ کپکردنی ده‌نگه‌ ناره‌زایه‌تییه‌کان ، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بینرێت پاش هاتنی گێتس(وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریکای پێشوو)له‌ ناوه‌راستی مانگی رابوردوو ،ده‌سه‌لات زمانی زۆر زبر بووه‌ و ده‌ستی کراوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌کاربردنی توندوتیژییه‌کی بێسنوور له‌ دژی خه‌لکی راپه‌ڕیو. به‌ کورتی بێ منه‌تبووه‌ له‌ شه‌قام .
رای چاودیرانی سیاسی و ستراتیژیی:
کوردستانپۆست رای چه‌ند چاودیرێکی سیاسی و ستراتیژیی وه‌رگرت ده‌رباره‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ که‌ گرنگییه‌کی زۆری هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئاینده‌ی خه‌ڵکی کوردستان . که‌ ده‌کرێ به‌ کۆکراوه‌یی گرنگترین راوبۆچوونه‌کان له‌ چه‌ند خاڵێک بخه‌ینه‌ به‌ردیدی به‌رێزتان:
1- خه‌لکی کوردستان هه‌رگیز ئه‌مه‌ریکا له‌گه‌ل ئێران به‌روارد ناکات ، به‌لام کاتێ ئه‌مه‌ریکا به‌ هه‌مان لۆژیکی په‌نجاساڵه‌ی رابوردوو ته‌عامول له‌گه‌ڵ کوردستان بکات ، ئه‌وا جیاوازییه‌ک نامێنێته‌وه‌ له‌ نێوانیان. وه‌ک تۆماس فرێدمان ده‌ڵێت: بۆ په‌نجا ساڵ زیاتره‌ ئه‌مه‌ریکا پشتی له‌ خه‌لکی رۆژهه‌ڵاتی ناویندایه‌ و، ده‌ستشی له‌ نێو ده‌ستی دیکتاتۆره‌کاندایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیانکات به‌ پۆلیس به‌سه‌ر ناوچه‌که‌وه‌ و ده‌ستیشانی واڵاکردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ به‌ ئاگر و ئاسن سه‌رکوت بکه‌ن. هه‌مان سیناریۆ خه‌ریکه‌ له‌ کوردستانیش دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ ، ده‌سته‌یه‌کی ده‌سه‌لاتدار که‌ که‌متر له‌ 200 که‌س ده‌بن له‌ هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ ، به‌ پشتیوانی ئه‌مه‌ریکا سه‌رکوتی خه‌لکی ده‌که‌ن و تیرۆر ده‌که‌ن و سڵ له‌ به‌کاربردنی هیچ توندوتیژییه‌ک ناکه‌نه‌وه‌ دژی خه‌لکی راپه‌ڕیو ئه‌گه‌ر بۆخیان بیانه‌وێت به‌کاری ببه‌ن ، ئه‌گینا هیچ رێگرییه‌ک نییه‌. ئه‌مه‌ریکا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کات له‌ پێناو مانه‌وه‌ی له‌ کوردستاندا و چاوپۆسی له‌و هه‌موو تاوانانه‌ ده‌کات ، چ جیاوازییه‌کی ده‌مێنیت له‌گه‌ل رژێمێکی تیرۆریستی وای وه‌ک کۆماری ئیسلامی ئێران . ئه‌مه‌ریکا ده‌یه‌وێت دیسان هه‌مان ته‌جره‌به‌ی سه‌ر گه‌لانی ناوچه‌که‌ به‌سه‌ر کوردیشدا تاقی بکاته‌وه‌. تۆماس فرێدمان له‌ زۆربه‌ی نووسینه‌کانی باس له‌ رقی خه‌لکی ناوچه‌که‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ریکییه‌کان بۆ ئه‌و خاڵه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ که‌ ئه‌ویش وه‌ک ده‌ڵێت : ئه‌مه‌ریکا پشتی له‌ خه‌لکه‌ ، رووی له‌ که‌مینه‌یه‌کی ده‌سه‌ڵاتداری مافیایی و بێبه‌زییه‌.
2- یه‌کیکی دیکه‌ له‌ راکۆکراوه‌کان ، ته‌وا کۆکه‌ له‌ گه‌ل بوونی ئه‌و پشتیوانه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ بۆ سه‌رکوتکردنی خه‌لکی کوردستان و ده‌ڵێت؛ جولاندنی ئه‌و هێزه‌ زۆره‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی و مالیکی بێ ره‌زامه‌ندی ئه‌مه‌ریکا نه‌بووه‌ به‌لکو ئه‌مه‌ریکا بۆ ئه‌وه‌ی مه‌رجی ده‌سه‌لات پێکبهێنیت له‌ مانه‌وه‌ی له‌ عێراق به‌تایبه‌تی له‌ کوردستان ، گه‌ره‌نتی مانه‌وه‌ی داوه‌ به‌ هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ . درێژه‌ی ده‌داتێ و ده‌لێت : ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر نیوه‌ی راستییه‌که‌ بێت ، نیوه‌که‌ی دیکه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ ، که‌ بریتییه‌ له‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ ، هه‌مان ته‌نازولات له‌ بنه‌ماکانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی کورد بۆ کۆماری ئیسلامی ئیرانیش ده‌کات . چوونی جه‌لال تاڵه‌بانی و نێچیر به‌ جووته‌ بۆ به‌رده‌م خامنئی و نویکردنه‌وه‌ی وه‌لایان بۆ رژێمی ئێران ئه‌مه‌ش بریتییه‌ له‌و ته‌نازولاتانه‌ی ده‌سه‌لات بۆئه‌وه‌ی گه‌ره‌نتی ئێرانیش وه‌ربگرن له‌ مانه‌وه‌یان له‌ ده‌سه‌لات و هاوکاریان بیت له‌سه‌رکوتکردنی خۆپیشانده‌ران ، جوڵه‌پێکردنی هێز ، به‌تایبه‌تی هێزه‌کانی مالیکی ، ره‌زامه‌ندی ئێرانیشی له‌سه‌ربووه‌.
3- یه‌کێ له‌ چاودێران مه‌ترسییه‌کانی بوونی سه‌ربازگه‌یه‌ک یا بنکه‌یه‌کی وا گه‌وره‌ی ئه‌مریکی بۆ لێدانی ئێران ، به‌ هه‌ند وه‌رده‌گرێت و ده‌ڵێت : هه‌نگاوێکی له‌م جۆره‌ پێویست ده‌کات رای هه‌موو خه‌لکی کوردستان له‌گه‌لدا بێت ، نه‌ک دوو بنه‌ماڵه‌ بۆ به‌رده‌وامبوونیان له‌ ده‌سه‌لات له‌ ته‌ک ئه‌و بنکه‌ سه‌ربازییه‌ ، به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بالاکانی خه‌لکی کوردستان گرنگی پێنه‌درێت. ئه‌و سه‌رچاوه‌ ئاماژه‌ی به‌ کاره‌ساتێکی میژووی کرد که‌ تییدا باشوری کوردستان پێش 3 هه‌زار ساڵ زیاتر ، بووه‌ به‌ ناوچه‌ی به‌یه‌کگه‌یشتنی هێزی رۆمانه‌کان به‌ سه‌رکردایه‌تی ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌کدۆنی و ئیمپراتۆریه‌تی ئێران که‌ تیێدا خه‌لکی ناوچه‌که‌ گه‌وره‌ترین زیانیان وه‌به‌رکه‌وت. ئێستاش وا میژوو خۆی نوی ده‌کاته‌وه‌ ئه‌مجاره‌ش له‌ باشوری کوردستان پیکدادانی دوو هێز به‌ شیوازیکی دیکه‌ خۆی ده‌نوێنێته‌وه‌ ، دیاره‌ دیسان بی حسابکردن بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌لکی باشوری کوردستان تووشی کاره‌سات ده‌بێته‌وه‌.
4- ئه‌مه‌ریکا ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت له‌ کوردستان بمێنیت ، گوڵ باران بکرێت ، ده‌بێ زۆر به‌راشکاوانه‌ ده‌ستبه‌رداری خۆی له‌ پشتیوانکردنی ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ تیرۆریسته‌ جاڕبدات . کۆماری ئیسلامی ئیران باشترین پشتیوانی ده‌سه‌لاتی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌یه‌ ، با ئه‌مه‌ریکا ئه‌و راستییه‌ بزانێت ، با ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ بۆ رژێمی ئێران له‌ دژی خه‌لکی به‌هێز نه‌کات و له‌ پشت ده‌سه‌لاته‌وه‌ ته‌قه‌ له‌ خه‌لکی راپه‌ڕیوی کوردستان نه‌کات. کاتێ ئه‌مه‌ریکا پشتیوانی له‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ ده‌کات ، خه‌لکی کوردستان ده‌دۆرێنێت و، وه‌ک رژێمی ئیران چاوی لێده‌کا. تیمی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌رێمی کوردستان و  عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێکیان باس له‌ پستیوانی خۆیان ده‌که‌ن بۆ خۆپیشانده‌ران ، به‌لام ئه‌م راگه‌یه‌ندراوه‌یان ته‌نها ده‌چێته‌ چوارچیوه‌ی قسه‌کردنی بێ کردار. باشترین به‌لگه‌ش بۆ ناراستی ئه‌و هه‌لویسته‌ی ئه‌مه‌ریکا ، جولاندنی ئه‌و هێزه‌ زۆره‌ بوو بۆ سه‌ر خه‌لکی بێ دیفاعی کوردستان.. ئه‌مه‌ریکا ئه‌گه‌ر راستی بکردایه‌ و یا ده‌یه‌وێت بیکات ، به‌ دوو سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکی ئه‌و حه‌شاماته‌ی جه‌لال و مه‌سعود له‌ سلێمانی و هه‌ولێر شار به‌ده‌ر ده‌کرد و بانگه‌وازی بۆ خه‌لک ده‌کرد ، فه‌رموون ئێوه‌ی بێ چه‌ک برژێنه‌ سه‌رشه‌قام ، به‌ ئازادی خۆتان سیسته‌م بگۆڕن. ئێستا ده‌بێ بووترێت ، که‌تیبه‌ ئه‌منییه‌کانی جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی له‌ هه‌ولیر و سلێمانی چ جیاوازییه‌کیان هه‌یه‌ له‌گه‌ل که‌تیبه‌ ئه‌منییه‌کانی به‌شار ئه‌دسه‌د و قه‌زافی؟! ، خۆ هه‌موو لایه‌ک به‌ ئاگر و تیرۆر به‌ربوونه‌ته‌ خه‌ڵکی، که‌سێکی خاوه‌ن ویژدان هیچ جیاوازییه‌ک له‌ نێوانیان نابینێت . با تیمی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکی وه‌لامی خه‌لکی کوردستان بداته‌وه‌ ، ئه‌وسا خه‌لکی هه‌ردوو هێزی کاریگه‌ر له‌ هه‌ریمی کوردستان ده‌نرخینێت ، ئایا ئه‌مه‌ریکاش وه‌ک ئێرانه‌؟ ، یا ئه‌مریکا به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی ده‌بینیته‌وه‌؟ ئه‌م پرسیاره‌ روو به‌ڕووی تیمی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکی له‌ عێراق ناکه‌ین ، به‌لکو ئاراسته‌ی ئۆباما و کۆنگریسی ده‌که‌ین ،و پێیان ده‌ڵێین: ئێوه‌ له‌ زه‌مه‌نێکی ته‌نگدا و له‌ شوێنێکی ته‌نگتر ، وه‌ک هه‌رێمی کوردستان ، چ سیاسه‌تێک ده‌که‌ن؟!. پشتیوانی له‌ خه‌ڵک ، یا له‌ حوسنی موباره‌که‌کانی کوردستان؟!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە