كامیان ستەمكارە زوحاك، یان كاوە ... ؟؟؟!!!
Sunday, 29/03/2009, 12:00
1629 بینراوە
كامیان خائینە ، زوحاك یان كاوە؟! كامیان جەللادەو كامیان قوربانی؟ كێیان ستەمكار، كێیان زوڵملێكراو. كامیان نیشتیمان پەروەرەو كامیان گوێ نەدەر! كامیان رەنجدەرو زەحمەتكێش، كێیان بێ دەربەست و تاوانبار؟! كێیان شۆڕشگێڕی راستگۆ؛ كێیان خوێن ساردوو بێ خەم؟! كامیان عاشقی بێ پێچ و پەنا؛ كامیان فریو دەر؟! ئەدی كامیان مێژوو غەدری لێی كردووە، كاوە یان زوحاك...؟!
بیر كردنەوە لەم پرسیارانەو وەڵامدانەوەی درووست بۆیان دەمانخەنە بەردەم ئیشكالییەتی پرسیاركردن و گومانێكی گەورەی وەڵامەوە، سیمبول بوونی ناوەكان گرنگ نین، بەڵكو سوود وەرگرتن لە مێژوو، لە زەمەن گرنگترە.
جێ گۆڕكێ بەم دوو ناوە بۆ ئەمڕۆی ئێمە گرنگییان نیە، دانانی كاوە لە شوێنی زوحاك و بە پێچەوانەوەی بردنی زوحاك بۆ جێگای كاوە بۆ ئێستای ئێمە سوودێك نا بەخشن؛ ئەوەی گرنگە تێ گەیشتنە لە هەبوونی زوڵم و ستەمكاری لە قۆناغ و مێژوویەكی دیاریكراودا لە لایەك و قبووڵ نەكردنی ئەو جەورو ستەمەیە لە لایەكی دیكەوە!
بیر كردنەوە تەنها لە ناوە سیمبولەكان نامانگەیەننە واتای راستەقینەی خۆیان، بەڵكو ئەوەی بنەڕەت و جەوهەرییە تێگەیشتنە لە سیستم، پەیوەندی كردنە بە رۆحی ئێستاوە.
ئەم دوو چەمكە: چەمكی خێر خوازیی و شەڕ خوازیی لە ئەزەلەوە تێكەڵ بە وجوودی ئینسانەكان بوونە، لە هەموو سەردەمە و قۆناغێكی جیا جیادا بەرپا بووەو بەردەوامی بە خۆی داوە تا كەسانێك مابن ستەم و نا حەقی و زوڵم لە ئەدگاریاندا بوونی هەبێت، كەسانێكیش درووست دەبن ستەم و نا حەقییان پێ هەرس و قبووڵ نەكرێت.
كەوا بوو ئەم شەڕو پێك دادانە تا مەحشەر بوونیان دەبێ و هەتا كوو دوو ئینسان لە سەر زەویدا بمێنن؛ واتا دوو بۆ چوون و بیر كردنەوەی جیاواز ماون، واتا جودایی و جیاوازیی لە ئارادایە، هەتا ئەم جوداییەش بمێنێ واتا ململانێ و كێبەركێ لە مانای راستەقینەی خۆی خاڵی نابێتەوە، ئەوەی لە لامان روونە لە هەموو قۆناغێكدا نوێ نەرایەتییان هەبووە بۆ گۆڕانكاریی؛ بەرنامە هەبووە لە پێناو وەرچەرخان، ئەو نوێنەرایەتییانە بارگاوی بوونە بە ئازادیی، دەركەوتن و گەشەكردنییان كاردانەوە بووە بەرانبەر بە زوڵم و نا حەقی. ئەو بزوتنەوەو سەر هەڵدانانەی مێژوو تۆماری كردوون، بۆ ئەمڕۆی ئێمە بوونە بە رەمزو سیمبول.
بۆنەیەكی گەورەو مەزنی وەكو "نەورۆز" كە هەموو ساڵێك یاد دەكرێتەوە، لێ یاد كرنەوەی ناوەكان هیچ كۆمەكێك بە ئەمڕۆی ئێمە نابەخشن؛ ئەگەر سوود لەو هەڵوێستەیان وەرنەگیرێ كە بەانبەر بە زۆرداری هاتە كایەوە، لەو مێژووە بزرو شاراوەیەدا پێویستە تەنیا سوود لە چۆنیەتی شكڵ و شێوازی ئەو سەر هەڵدان و دەرباز بوونە وەربگیرێ.
واتاداری ناوەكان هێندەی واتاداری مێژووی مرۆڤایەتی گەوەرەو مەزن نییە، ئەوەی لەم نێوەندەدا پێشڕەوایەتی دەكات هزری قبووڵنەكردنی زۆردارییە، عەقڵی رازینەبوونە بەرانبەر بە سیستمێكی نا عادیل، را نەهاتن و نە گوونجانە لە گەڵ ژیانی ژێر دەستەیی، كەواتە ژیانی مرۆڤایەتی لە بنەڕەتەوە پشت بە بەها سەرەكییەكانی رەنج و كۆشش دەبەستێ، لە مەدا مرۆڤەكان نابێت دوو دڵ و نیگەران بن، كە هەوڵدان و كردار سەنتەری دەستپێكردنی گۆڕانكارییەكانە لە كۆمەڵگەدا. ناوەكان لە چوار چێوەی مێژووی رەنجدا دەبن بە ناو و لە زهن و زاكیرەی ئێمەدا دەمێننەوە، ناوەكان گرێدراوی قۆناغی سەر هەڵدان و را بوونی خۆیانن، سیپارتاكۆس گرێ دراوی قۆناغی رزگار بوونە لە كۆیلایەتی، لینین بە شۆڕشی ئۆكتۆبەر و سۆشیالیزمەوە دەناسرێتەوە، گیڤارا پەیوەستە بە شۆڕشی ئازادیخوازانەی كوباو پۆلیڤیاوە ... هتد و هەتا رۆژگاری ئەمڕۆ هەر قۆناغەی بۆ شوێنی خۆی، چالاكی تایبەتی خۆی، ئەگەر ئەو قۆناغە بە سەر چووانە گۆڕانكارییان تیادا ئەنجام نەدرایە، ئێستا ناوەكان كاڵتر خۆیان نمایش دەكرد.
كامیان پیرۆزو كامیان نەفرەت لێكراو، كاوە یاخود زوحاك؟ ئاسانە یەكێكیان لە شوێنی ئەوی دیكەیان دا بنێین؛ ئەگەر مێژووی بەر لە ئێمە ئەوەی بكردایە؟ ئێستا ئێمە لێی بێ دەنگ دەبووین! تۆمار كردنی بە سەرماندا تێپەڕ دەبوو، بەڵام ئەوەی ئاسان نییە لێی تێ بگەین رۆژێكی نوێیە كە چی تێدا ئەنجام بدەین؟! چۆن پێشوازی لە رۆژێكی تازە بكەین؟! چۆن بە پیری ساڵێكی نوێوە بچین؟!
ئەدی كێن ئەوانەی ئەم قۆناغەی بە سەركەوتوویی بە سەلامەتی و بێ خزانە نێو هیچ زەلكاوێكەوە سەر بەرزوو رو سورانە تێدەپەڕێنن، كێن ئەوانەی یان دەبنە كاوە یان دەبنە زوحاك؟! یان لە بازنەی نەفرەتدا بەر لەعنەتی رۆژگار دەكەون؟ بۆ هەتا هەتایەو وەچە دووای وەچە لەو بازنە لەعنەتییە تا ئەبەد قەتیس دەمێنن؟!
كەركوك21/نەورۆزی2009