پەرلەمان..تەمەڵترین پۆل
Sunday, 24/06/2012, 12:00
" پۆلی پەرلەمان " یەكێكە لە پۆلە زۆر دیار و كاریگەرەكانی ناو قوتابخانەی " حكومەتى هەرێمی كوردستان " ، چەند ساڵ جارێك ئەم پۆلە كۆمەڵێك قوتابی لە سەر ئاست و توانا جیاوازەكان وەردەگرێت و هەندێك قوتابی بە توانا و زیرەكی خۆی و هەندێكی تریشی بە واستە و ماستاو كردن دێنە ئەم پۆلەوە ، گرنگی ئەم پۆلە ئەوەیە كە گەورەترین پۆلی قوتابخانەكەیە ، كۆمەڵێكی زۆری قوتابیەكانی لە هەموو كوردستانەوە وەردەگرێت ، ساڵانە چەندین تاقی كردنەوەی ئاسان و گران دەكرێن ، ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامانە لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم قوتابخانەیەوە لە ساڵی 1992 ئەم پۆلە یەكێك بووە لە شاراوەترین و بێ كارترین و نابەرپرسیارترین پۆل لە چاو هەموو قوتابخانەكانی تری ئەم هەرێمە دا ، ئەو كات و پێش 22 ساڵ لەمەو پێش ، بە فیڵ و تەڵەكەی بەڕێوەبەری قوتابخانەكە (كە ئێستاش هەر بەڕێوەبەرە و هەندێ جار سەرۆكی حكومەتیشی پێ دەڵێن) ئەم پۆلە كۆمەڵێك خوێندكار و تەلەبەی چەپەڵ و تەوەزەلی لە خۆ گرت ، كۆمەڵێك خوێندكار كە وەك مێش و میكرۆب بە ناو گیانی هەموو ئەم خەڵكە هەژارە دا بڵاو بوونەوە و وەك خۆرە زەوی و ئاسمانی ئەم نیشتیمانەیان بە پاشەڕۆ بۆگەنەكانی خۆیان پیس كرد ، ئەو كات و پێش 22 ساڵ لەمەو پێش ، ئەم بەڕێوەبەرە گەندەپیاوە كۆمەڵێك گەندە ناپیاوی وەكو خۆی خستە بەر خوێندن لەم قوتابخانەیە و بێ هیچ پشكنین و فەحسێكی پزیشكی لەم قوتابخانەیە وەرگیران ، ئەو كات و پێش 22 ساڵ لەمەو پێش كەم كەس هەبوون شارەزای دەستی ئەهریمەن ئاسا و مێشكی گەنیوی ئەم بەڕێوەبەرە گەندەپیاوە بوون ، خوێندنی ئەم پۆلە تا چەند ساڵێك دواى ئەوەش هەر بەم شێوەیە مایەوە و ڕۆژ لە دواى ڕۆژ و خول لە دواى خول ، گەندە پیاو و ڕۆحە گەنیوەكانی لەمەڕ دەسەڵاتی بەڕێوەبەرەكە و جێگرە زلە بێ هونەرەكەی (كە ئێستاش هەر جێگرە و هەندێ جار سەرۆكی وڵاتیشی پێ دەڵێن) بەردەوام بوون لە زیاتر ڕۆچوونی ئەم پۆلە بە ناو لیتەكانی خۆیان و شاردنەوەی كار و ئەركی ئەم كۆمەڵە میكرۆبەی كە وەك خوێندكار چووبوونە ئەم پۆلەوە .. دواى چەندین ساڵ و دواجار لە بەرواری 25/7 ی ساڵێك دا ، وەك ئەوەی لە ئاسمانەوە هاتبن كۆمەڵێك خوێندكاری وریا و بەتوانا و زیرەك كە دواجار گەل هەڵی بژاردبوون ، هاتنە ناو ئەم قوتابخانەیە و سەرلەبەری بێ توانایی و شكستی و لاوازی و چەپەڵی چەندین ساڵەیان لە كۆڵی ئەم پۆلە كردەوە و گەلیش لە دوورەوە بە چەپڵە و پێشوازی گەرم ئەم كۆمەڵە خوێندكارەیان وەك تاجی سەر و مەهدی مونتەزەر تەماشا دەكرد ، دواجار و لە بەرواری 25/7 دا گەندەپیاوە بەڕێوەبەرەكە و زلە بێ هونەرەكەی جێگری لە قاوغی ڕەشی خۆیان هاتنە دەرەوە و وەك بۆق كەوتنە زیكە زیك و تەپڵ كوتان لە داخی ئەم خوێندكارە زیرەكانە . بەڵام گرنگ ئەوە بوو كە گەل تازە بڕیاری خۆی دابوو ، ئەم كۆمەڵە زیرەك و وریایە وەك چقڵ ڕۆشتنە ناو چاوی گەندە و جێگری گەندە دا ، دەستیان لە قوڕگییان گیر كرد و ملیان با دان ، زمانیان لەكار خستن و وەك دوو دزی ڕەزا گران میللەتیان لەم دوو كوڵە فیتنەیە ئاگادار كردەوە .. ئێستاش وە نە بێ ئەم پۆلە تەواو لە پاشماوەی بۆگەنی ئەم دوو دزە ڕەزا گرانە چۆڵ بوو بێت ، بەڵكو هێشتا ئەوان زۆرینەی ئەم پۆلە پێك دەهێنن و وەك چاوە قووڵە دەردێكی كوشندەن بۆ هەموو پۆلەكە ، هەرشتێك خۆیان بیانەوێ وەك شمڵی شەڕ پەردە پۆشی دەكەن و دەنگی خۆیان یان ویژدانی مردوو و گەنیووی خۆیان دەخەنە سەر مەحەك بۆی . بیرمان نەچێت كە هێشتا سەرۆكە گەندەكەی بەڕێوەبەری قوتابخانەكە وەك هەورێكی ڕەش باڵی بەسەر ئەم پۆلە دا كێشاوە و بە ڕشانەوەی خۆی پیستر و گەندەڵتری دەكات ، تەنانەت كوڕەكانیشی لە ناو ئەم پۆلە دا لوورەیەكی گورگئاسایان هەیە و تەلەبە زیرەكانیش هەندێ جار سڵیان لێ دەكەنەوە .. لە دوورەوە وەك داڵە كەر خۆر چاویان تیژ دەكەنەوە و بۆگەنیی ڕۆحیان هەموو لایەك بێزار دەكات .. دوو ساڵی پێشوو كە بە نیوەی یەكەمی ئەم پۆلە حساب دەكرا ، بەڕێوەبەری پۆلەكە (كە هەندێ جار سەرۆك پەرلەمانیشی پێ دەڵێن) دەنگی لە دەنگی جانەوەرێكی دڕندەی سەردەمی یۆنانیەكان زیقتر و ناخۆشتر بوو ، زۆرینەی تەلەبە زیرەكەكان لە داخی ئەو دەنگە ناخۆشەی هەرچی سەعی و خۆ ئامادەكردنێك كە بۆ تاقیكردنەوەكان كردبوویان ، بیریان دەچوەوە . دەتوانین بڵێین ئەو سەرۆك پەرلەمانەی پێشوو دەنگی لە زیكەی سیسرك و شێوەی لە شێوەی گوربەیەكی ترسناك دەچوو ، ئەو سەردەمەی ئەم گوربەیە بەڕێوەبەری پۆلی پەرلەمان بوو ، بە ترسناكترین و ڕەشترین و بێ كەڵكترین سەردەمی ئەم پۆلە ئەژمار دەكرا.. بەڵام دوای ئەم گوربەیەش ، نێرە قەلێكی تر هاتە جێگەی ، نێرە قەلێك كە لە درۆ و دەلەسە دا وێنەی كەمە ، نێرە قەلێكی ویژدان مردووی بێ هەست ، جێگری ئەم نێرەقەلەش ،بەچكە ورچێكی سووری ڕەزا تاڵە .
لێرە دا گرنگە ئاماژە بە خاڵی جیاكەرەوەی ئەم پۆلە بدەین ، ئەم پۆلە یەكێكە لە تەمەڵترین و تەوەزلترین پۆلەكانی ناو قوتابخانەكانی حكومەتی هەرێم ، یەكێكە لەو پۆلانەی كە خوێندكارەكانی بە شێوە و فێڵی جۆراو جۆر هاتوونەتە سەر كورسیەكانی ، بەڕێوەبەری پۆلەكە (كە سەرۆكی پەرلەمانیشی پێ دەڵێن) ، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە و هێندەی یەك خانەی مێشكی دكتۆرێك شت نازانێت ، تەنانەت دەبێتە ڕێگر لەبەر دەم هەوڵ و كۆششی خوێندكارە زیرەكەكانیش دا (كە گروپی ئۆپۆزیسیۆنیشی پێ دەڵێن) ، زۆرینەی ئەم پۆلە هەڵگری بڕوانامەی بەرزی واسیتەكردەن ، لەگەلأ ئەوەش دا چەپەڵترین و گەندەڵترین تەلەبەیەكن تا ئێستا لە پۆلێك دا كۆ بونەتەوە ، ئەم تەلەبە تەمەڵانەش بە ریمۆت كۆنترۆڵی حیزب و لە دەرەوە قورمیش دەكرێن (كە ئەندامە قورمیشكراوەكانی حیزبیشیان پێ دەڵێن) ، كۆمەڵێكن وەك لەقلەق سەری خۆیان لە قوڕ دا ناشارنەوە ، بەڵكو خۆشحاڵن كە تەمەڵ و تەوەزلن ، خۆشحاڵن كە بوونەتە بار بە سەر شانی گەلەوە ، خۆشحاڵن كە ویژدانیان مردووە ، خۆشحاڵن وەك مێگەل سەرۆكێكی گەندە هڕەیان لێ دەكات ، خۆشحاڵن و نازانن كە ڕەزا قورسترین تەلەبەیەكن لە سەر ئەو كورسیانە دانیشتوون . بە پێچەوانەی هەموو پۆلەكانی تری دونیاوە ، تەلەبە تەمەلأ و چەپەڵ و پیسەكان ڕیزی پێشی پێشەوەی پۆلەكەیان گرتووە و لە كورسیەكانی ناوەڕاست دا وەك قوڕ بێ دەنگن و خۆیان بە لاقی كورسیەكانەوە بەستوەتەوە و حیزب كۆنترۆڵی تایبەتی بۆ داناون و دەست بەرز كردنەوە و بێ دەنگی و پێكەنین و سەربادانیشیان بە دەستی حیزبەكەیانە ..
" بودجە " كە دەرسێكی گرانە و پێویستی بە ڕوونكردنەوەی زۆری شارەزایان و مامۆستایان و كردنەوەی چەندین خولی بەردەوام هەیە ، بۆ ئەوەی تەلەبە و گەلەكەش لێی ئاگادار بن ، بۆ ئەوەی بە سەریاندا تێنەپەڕێت و ئامادەكاری و سەعی تەواوی بۆ بكەن ، لەبەر ئەوەی دەرسی " بودجە " پەیوەندی بە هەموو گەل و دواڕۆژی گەل و نان و ئاوی گەلەوە هەیە ، ئێستا لە لایەن خوێندكارە زیرەكەكانەوە خراوەتە ژێر لێكۆڵینەوە و لە لایەن تەلەبە تەمەڵ و تەوەزەلەكانیشەوە خەریكە بە پەلە پڕوزێ بازی بە سەردا دەدەن.. بەڵام لەوانەیە ئەمجارەش ئەم پۆلە تەمەلأ و تەوەزەلەی پەرلەمان لەم دەرسەشدا بكەوێت ...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست