تیرۆركردنى ژنانى سیاسى كورد لە پاریس و قسەیەكى تر!
Sunday, 13/01/2013, 12:00
دواى ئەوەى لە9ى ینایەرى ئەمساڵ 3 ژنە قارەمانى كورد بەناوەكانى (ساكیە جانسز ئەندامى دەستەى دامەزرێنەرانى پەكەكەو فیدان دۆغان نوێنەرى كۆنگرەى نەتەوەیى كورد "كەنەكە" لەفەرەنساو لەیلا شایلەمەزى كچە چالاكوانى مەدەنى) لەپاریسى پایتەختى فەرەنسا تیرۆركران، لەئێستادا هەوڵ و بەرخۆدانێكى گەورە لەلایەن كوردانەوە بەبێ جیاوازى پارچەكانى كوردستانەوە لەئارادایەو رەنگە ئەمە بۆ یەكەم جار بێ كە ئاوەها كوردانى هەر چوارپارچە لەسەر تیرۆركردنى سەركردانى كورد هاتبێتنە دەنگ، وەك شەپۆلێك هەموو ولاتانى ئەوروپاو كوردستانى باشورو باكورو رۆژئاواشى گرتۆتەوەو تا ئێستاش لەپاریس بەردەوام كوردان لەخۆپیشاندان و بەرخۆدان بەردەوامن، دوێنێ سەدان كورد لەبەلجیكاو هۆلەنداو ئەڵمانیاو نەرویجەوە دواى ئەوەى كۆستەریان بۆ ئامادە كرابوو بەرەو پاریس بەرێكەوتن و ئەمرۆ گەیشتنە پاریس بۆ بەشدارى لەو بەرخۆدانە.
ئەو هەوڵ و بەرخۆدانانەى لەپێشەوە ئاماژەم پێكردن هاوكات لەگەڵ ئەو بایەخە گەورە ئیعلامیەى كە ناوەندەكانى راگەیاندن بەم تیرۆركاریەیان داوە دەلیلە لەسەرئەوەى كە ئەم كەیسە دێزە بەدەرخۆنە ناكرێ وەكو كەیسى تیرۆركردنى د.شەرەفكەندى و د. قاسملۆ لەئەڵمانیاو نەمسا، دەرئەنجامى ئەوەش لێدوانى وەزیرى ناوخۆى فەرەنسا بوو كە ئاماژەى بەوە داوە ئەوان پێداگیرى و جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەوەى تاوانباران دەدۆزنەوەو سەرۆكى فەرەنساش لەكاردانەوەیدا لێدوانى بۆ راگەیاندنەكان داو ئەو تیرۆركاریەى بەمەترسیەكى گەورە لەقەڵەمدا.
ئەوەى لەئێستادا باس و خواستى لەسەر گەرمە لەناوەندى راگەیاندنە جیهانیەكاندا ئەوەیە ئاخۆ كێ لەپشتى ئەم تیرۆركردنەوەیە؟!
ئەو راپۆرتەى تەلەفزیۆنى نالیا بەپشتبەست بەبەڵگەى ویكیلێكس بڵاوى كردەوە دوورە لەراستیەوە جا ئیتر نازانم مەسەلە ئەوەبووە كە ئینكلیزیەكەیان باش نەبووە یان بەمەبەست ئەم كارەیان كردووە؟!
چونكە لەبەڵگەنامەكانى ویكیلێكسدا ئاماژە بەهەوڵ و رۆڵى گرنگى خانم سەكینە دەكات بەتایبەت بۆ مەسەلەى ئابورى پەكەكە ، بەڵام بەهیچ شێوەك باس لەپیلان بۆ تیرۆركردنى ئەو ئافرەتانەى كورد نەكراوە، لەكاتێكدا كەناڵى نالیا بێ ئاگایانە باسى ئەو هەوڵانەى كرد لەنێوان توركیاو ئەمەریكا.
دووەم: مەسەلەى ناكۆكى ناوخۆیى پەكەكە ئەو تیرۆركردنەى لێ بووبێتەوە؟! من بەشبەحاڵى خۆم نزیكم لەپەكەكەوەو چەندینجاریش وەك رۆژنامەنووس سەردانى قەندیلم كردووەو ئێستاش لەنێو پەكەكەى ئەوروپا دەژیم، هێڵە گشتیەكانى پەكەكە بریتیە لە : پەكەكەى قەندیل و پەكەكەى ئەوروپاو پەكەكەى بەدەپەن لەناو دوو باڵیان ژیاوم كە پەكەكەى قەندیل و پەكەكەى ئەوروپایەو هیچ جیاوازیەكى ئەوتۆم تیا بەدى نەكردن، ئەوەى دەمێنێتەوە بەدەپەیە كە بریتیە لەپەكەكەى ناو شارو هەڵبەت رۆژێك لەرۆژان هەستم بەوە نەكرد كە هیچ كام لەباڵەكان دژى باڵێكى تر بن، ئەمە جگەلەوەى كە دەوڵەتى توركیا خەون بەجیابوونەوەى یان ئینشیقاقى پەكەكەوە دەبینێ چەندین ساڵە ، بەڵام دەبێ هەر بەو ئاواتەوە سەربنێتەوە!
سێیەم: ئێران، بۆچى دەڵێین رەنگە ئێران دەستى لەو تیرۆركاریەدا هەبێ؟!
چونكە لەئێستادا دەوڵەتى توركیاو ئیمراڵى لەوتووێژو دانوستاندان و بەنیازن بگەن بەرێككەوتنێَك لەسەر مەسەلەى كورد لەو وڵاتەدا، ئێرانیش بەمە ڕازى نیەو نایەوێ ئەو دانوستانە سەربگرێت، چونكە ئەگەر ئەو دانوستانە سەربگرێت تەنهاو تەنها كوردستانى ئێران دەمێنێتەوە كە مافى كوردانى نەدابێ، چونكە لەئێستادا كوردانى باشورو خۆرئاوا خۆیان حوكمى خۆیان ئەكەن و ئەگەر كوردانى باكوریش مافى خۆیان وەربگرن، ئەوا تەنها كوردانى رۆژهەڵات دەمێنێتەوە كە مافى خۆیان وەرنەگرتبێ و ئینجا ئەوانیش داواى مافى خۆیان ئەكەن و ئەوەش رەنگە بیانوویەكى بەهێزبێ بۆ هێرشى ئەمریكا بۆ سەر ئێران، بۆیە ئێران هەرگیز خۆشحاڵ نیە بەدانوستانى نێوان كوردو توركیا، ئەمە جگەلەوەى كە ئێران مێژوویەكى دێرینى هەیە لەتیرۆركردنى سەركردەى كوردى وەكو د.شەرەفكەندى و قاسملۆ لەئەڵمانیاو نەمسا، ئەم زانیاریانە لەكاتێكدایە كە ئیتڵاعاتى ئێران وەكو توكى سەر لەپاریس بڵاوبوونەتەوەو ئامادەن بۆ بەئەنجامگەیاندنى هەر كارێك كە گەورەكانیان پێیان بسپێرن.
چوارەم: توركیا، لەتوركیا لەبەرئەوەى چەندین هێزو پارتى توندڕەوى ناسیۆنالیزم هەیە ناتوانین بڵێین توركیا پەپولەیەو كارى تیرۆریستى لەدژى سەركردانى كورد پەیڕەو ناكا، ئەمە جگەلەوەى كە رەنگە دەڵەتى تورك بۆ خۆیان ئەو تیرۆركاریەیان كردبێ لەبەرئەوەى دانوستانەكانى ئیمراڵیان پێ باش نەبووە، بۆیە ویستوویانە بەهەر هەوڵێك بێ ئەو دانوستانانە رابگرن، هەرچۆنێ بێ لەئێستادا دەستى تۆمەت بەرەو توركیا درێژەو پێویستە توركیاش هاوئاهەنگ بێ لەگەڵ دەوڵەتى فەرەنسا بۆ دۆزینەوەى تاونبارانى راستەقینەى ئەو تاوانەو دەرخستى رووى راستى هەر لایەك كە پێى وایە دەستى لەو تاوانكاریەدا نیە.
ئەوەى دەمێنێتەوە ئەوەیە كە راگەیاندنەكانى نزیك لەئۆردوگان لەتوركیا ئاماژەیان بەخاڵێكى لاواز كردبوو كە گوایە یەكێك لەباڵەكانى پەكەكە لەبەرئەوەى كە دانوستانەكانى نێوان دەوڵەتى توركیاو ئیمراڵى پێ قبوڵنەبووە ئەو تیرۆركاریەى ئەنجامداوە، ئەوەش وایكرد تەنانەت راگەیاندنەكانى ئیسلامیە سیاسیە هەژارەكانى لاى خۆشمان لەكوردستانى باشور هەمان كاوێژ بكەنەوە، بۆ ئەمە تەنها ئەوەندەم هەیە كە پەكەكە باڵ و ماڵ و كوتلەو موتلەى نیەو هەموویان بەسەركردایەتى ئۆجەلان رازین و ئەگەریش پێشوەخت رێكەوتن لەنێوان هەر سێ لایەنى پەكەكە (پەكەكەى ئەوروپاو پەكەكەى قەندیل و پەكەكەى بەدەپە) نەبووبێ ئەوا ئەو دانوستانانە دروست نەئەبوو لەنێوان ئیمراڵى و دەوڵەتى توركیا، بۆیە بەراستى زۆر شورەییە بۆ ئەو هێزانەى كوردستان بەتایبەتى ئیسلامى سیاسى كە كاوێژى هەواڵى ڕاگەیاندنەكانى ئۆردوگان دەكەنەوەو پەكەكە و ناكۆكى ناوخۆییان كە ئەێڵەن وجودى نیە بەهەند وەردەگرن و بڵاوى دەنەوە و ڕاى گشتى كوردى لەباشورى وڵات پێ كرمێ دەكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست