کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تیرۆركردن و سیناریۆكانى پارتى، مشتێك لە خەروارێك!

Wednesday, 29/09/2010, 12:00


دۆسیەیى تیرۆركردنى سەردەشت عوسمان، بۆ ئێمەى كوردى باشورى كوردستان لە ماوەى چەند مانگى ڕابردوودا یەكێكە لە ڕووداوە گرنگەكانى ساڵى (2010)، كەچى پارتى بە ناوى لیژنەیەكى چەواشەكار كە ناوى ناوە لیژنەى لێكۆڵینەوە بە بڵاو كردنەوەى ڕاگەیەندراوێك هەوڵ دەدەن سەرجەم ڕاستیەكان ئاوەژوو بكەن و ئەوەى خەونى پێوە دەبینن پێمان دەڵێن و وا دەزانن وەكو ئەركێكى نیشتمانى پێویستە بڕواشیان پێ بكەین! كە گومانیشمان لە ئەنجامى لێكۆڵینەوەكە هەبێت ئەوە خەتاى دەستى دەرەكییە!!
بەڕاستى سەیرە ئێستاش دەسەڵاتە گەندەڵەكەى باشوورى كوردستان بەتەمایە بە نووشتە و دوعا چاومان ببەستێ.
هەموومان دەزانین تیرۆركردنى ڕۆژنامەنووس و خوێندكار سەردەشت عوسمان یەكەم كارى تیرۆركردن و لە ناوبردنى جەستەى نییە كە دەزگاكانى پارتی بەرامبەر بەو خەڵكە ئەنجامیان دەدات كە بۆچوونى جیاوازیان هەبوە لە پارتى، چونكە هەمیشە پارتى بە هەڕەشە و لە ناوبردن وەڵامى هەر بیروبۆچوونێكى جیاوازى داوەتەوە و تەنها لە دواى ڕاپەڕینەوە چەندین نمونەمان لە بەردەستە كە چۆن پارتى هەمیشە بە ترساندن و تیرۆر هەوڵى داوە ئەوانەى داواى یەكسانى دەكەن و ڕەخنە لە بێدادییەكانى پارتى دەگرن، لە ڕێگەى لە ناو بردنەوە بێدەنگیان بكات.
گەرچى تیرۆر كردنى ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەدارانى ئۆپۆزسیۆنى پارتى لە دواى ڕاپەڕینەوە زیاتر لە ناوچەى دهۆكەوە دەستى پێكرد، بەڵام پارتى تەنها لە دهۆك خەڵكیان تیرۆر نەكردووە بەڵكو لە هەر شوێنێكى كوردستان كە دەستیان پێگەیشتبێت قوربانیان پێشكەش بە بتەكانى بنەماڵە كردووە و یەكەم كەسیش كە لە ناوچەى بادینان تیرۆركرا كەسێك بو بەناوى (سادق عومەر) كە لە ساڵى 1992 بە فەرمانى فازیل موتنى لە زاخۆ تیرۆركرا و دواى ئەوە سیاسەتمەدار (ڕەئوف ئاكرەى) و پاشان (عەلى كۆخى) و چەند خزمێكى لە ناو دهۆك تیرۆر كران. (بە پێى قسەى كەسێكى نزیكى عەلى كۆخى، سادق عومەر و عەلى كۆخى یەكێتى بوون، بەڵام بەداخەوە یەكێتى هیچ هەڵوێستیكى بەرامبەر بە تیرۆركردنیان نەبوە و لە ڕێگەى عەشائیرییەوە هەوڵدراوە تۆڵەیان بكرێتەوە).
ئەم كردەوە تیرۆریستیانە بۆ پارتى وەكو پڕۆڤەیەك بوون بۆ زانینى هەڵوێستى حیزب و لایەنەكانیتر و بە تایبەتى یەكێتى، كە یەكێتیش بێدەنگ بوو ئیتر زیاتر دەستى پارتى كرایەوە و كەوتە سەركوتكردنى ئەوانەى بچووكترین ڕەخنەش لە دەسەڵاتەكەى دەگرن بە تایبەتى لەو ناوچانەى دەسەڵاتەكەى بنەماڵە باڵا دەستە، بێگومان بۆ پەردەپۆش كردن و لە خشتەبردنى میللەت و شاردنەوەى هەندێك كارى كوشتن و تیرۆركردن پارتى پێویستى بە دروستكردنى جۆرە سیناریۆیەك هەبوە و هەمیشەش سیناریۆكان ئەوەندە كالأ و ئاشكران مەگەر هەر خۆیان بڕوا بەو درۆیانەیان بكەن، بەڵام ئیتر پارتییە و هەموو شتێكى لێدەوەشێتەوە! بۆ نا؟!.
یەكێك لە سیناریۆكانى پارتى تەقینەوەكەى شارى زاخۆ بوو، كە لە ساڵى 1995 پارتى بە هاوكارى (میتى) توركیا ئەنجامیدا و دواتر (كۆسرەت ڕەسول) و یەكێتى یان پێ تاوانبار كرد، بۆ ئەوەى ئەو كارە قێزەونەش بخەنەپالأ یەكێتى، (ئێستاش تۆمارى دەنگى ئەو كەسەم لایە كە چۆن دانى بە ئەنجامدانى تەقینەوەكەدا دەنا)، ئەوە بوو كەسێكیان بە ناوى (ئەحمەد) هێنا و لە سەر تەلەڤزیۆن و ڕادیۆكانى پارتى چیرۆكێكى پێشتر ئامادەكراویان پێخوێندەوە و كاكە (ئەحمەد) وتى: (TNT)یەكەمان لەماڵى كەسێك بەناوى (سەعید دەركارى) ئامادەكردووە و ئەویش فەرمانى لە (كۆسرەت ڕەسول) وەرگرتووە بۆ تەقاندنەوەى ئۆتۆمبێلە بۆمبرێژكراوەكە. تا ئێستەش ئەم كەیسە چارەسەر نەكراوە و ئەحمەدى دروستكراو لە زیندانى دهۆكە و لە سێدارە نەدراوە كەچى ئەو تەقینەوەیە زیاتر لە (300) قوربانى بە شەهید و برینداەوە لێكەوتەوە.
دواتریش هەر لە سەر تەقینەوەكەى زاخۆ (PKK)كەسێكیان بە ناوى (كەمال) دەسگیركرد كە پێشتر كادیرى پارتى بوە و سەر بە پاراستن و خودى ئەبو عەنتەر بوە لە شارى زاخۆ و لە شاشەى (M.TV) پەكەكەوە (ئەو كاتە ڕۆژ TV نەبو بەڵكو ناوى Med tv) بوو، دانى بەوەدانا پارتى لە ڕێگەى (ئەبو عەنتەر)ەوە و بە هاوكارى (میتى) توركى تەقینەوەكەى زاخۆیان ئەنجامداوە، (پێش ماوەیەك و هەر لەم ساڵەدا ئەبو عەنتەر لە وڵاتى هۆڵەندا مرد) . (ئێستاش ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەش ماوە).
شەهید كردنى دكتۆر تاهیر شەریف و سۆرانى مامەحەمەش، هەر لە چوارچێوەى سیناریۆكانى پارتیدان و بێگومان ئەوانەش بە دەستى پارتى شەهید كراون، كە من پێموایە بۆ شەهید كردنى ئەم دوو شەهیدە یەكێتیش هاوكارى پارتییە، تەنانەت ئەگەر بە بێدەنگ بونیش بێت، شەهید كردنى یەكەم پەرلەمانتارى كوردستانیش كە كەسێكى (مەسیحى) بوو بە ناوى (فرانسیس شابوو) بە فەرمانى موخابەراتى ڕژێمى بەعس و بە دەستى ژمارەیەك چەكدارى پارتى كوژرا و ئێستاش ئەو چەكدارانە لە ناو پارتین و تەنانەت لێپرسراوى پارتیشن، كەچى سەرەڕایى ئاشكرابوونى دۆسییەكەشیان پارتى هیچ هەنگاوێكى نەناوە بۆ دەسگیركردنى ئەو تاوانبارانە، كەواتە ئەویش بە هاوكارى نێوان پارتى و موخابەراتى بەعس شەهید كراوە.
برادەرێكی خۆم كە كاتى خۆى كادیرێكى یەكێتى بوە، بۆى گێڕامەوە كە لە ساڵى 1995 لەلایەن پارتییەوە دەسگیر كراوە و دواتر بە هۆى واسیتە و خزمەكانییەوە هەر چۆنێك بوە ئازادكراوە، كاتێك پارتى تۆمەتى پیاو كوشتنى بۆ هەڵدەبەستن ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ: برادەرینە تۆمەتێكى وام بۆ هەڵبەستن تۆزێك لە واقیع و ڕاستیەوە نزیك بێت، نەك شتێكى وا بڵێن كە كەس بڕواتان پێ نەكات، من كەسێكى پیاو كوژ نیم. ئەوانیش لە وەڵامدا پێیدەڵێن: بەڕاستى بێعەقڵى ئەگەر بمانەوێ بەدەیان كەس شاهیدید بەسەرەوە دەدەن و دواتر خۆشت بڕوا دەكەى كە تۆ پیاوت كوشتوە.!
جا ئەگەر ئەمە مشتێكى كەم بێت لە خەروارێكى گەورەى تیرۆركردن، چۆن ئیمە دەتوانین بڕوا بكەین لیژنەكەى پارتى ڕاست دەكات و ئەنێارولئیسلام سەردەشتیان شەهید كردووە؟!. تكایە لە ڕێگەى كوردستانپۆستەوە چاوەڕێى وەڵامى پارتى دەكەیــــــــــــــــــــن....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە