کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مه‌یدانی ئازادی له‌نێوان وه‌فدی په‌رله‌مانی بنه‌ماڵه‌ و گفتووگۆی نهێنی یه‌کێتی و گۆڕان!

Monday, 28/02/2011, 12:00




داخوازی یه‌کانی خه‌ڵکی سلێمانی وچه‌مچه‌ماڵ و هه‌ڵه‌بجه‌ وکه‌لارو هه‌موو ئه‌و شار و شارۆچکانه‌ی که‌ خه‌ڵکی ناڕازی له‌م سیستیمی دووبنه‌ماڵه‌یه‌ بۆی هاتوونه‌ته‌ سه‌رشه‌قام و قوربانی بۆ ئه‌ده‌ن تا به‌ ئه‌نجام ده‌گات، هه‌مان داخوازی خه‌ڵکی ناڕازی شاری هه‌ولێر وکه‌رکوک و خانه‌قین و دهۆک و ئه‌وشارو شارۆچکانه‌ی تری کوردستانه‌ که‌ هێشتا له‌ ترسی سه‌رکوت و ڕه‌شبه‌گیری و نانبڕین و....هتد. نه‌یان توانیوه‌ بۆی بێنه‌ سه‌ر شه‌قام...!!
ئه‌وداخوازی یانه‌ش داواکردنی سیستمێکی ده‌سه‌ڵاته‌ که‌ به‌ ده‌ستورو یاسایه‌کی مۆدێرن دوور له‌ بنه‌ماڵه‌کان و میزاجی سه‌رۆک و حیزبه‌کان ئه‌رک و مافه‌کانی هه‌موو تاکێکی کورد تیادا به‌ڕۆشنی دیاری بکرێت وحکومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌کان و هه‌موو دام و ده‌زگانی تری ده‌سه‌ڵات ئه‌رک و مافه‌کانی له‌چوارچێوه‌ی یاسادا دیاری کرابێت و به‌پێ ی ئه‌و یاساوده‌ستوره‌ بڕوات به‌ڕێوه‌!
زیاتر له‌ 10 ڕۆژه‌ جه‌ماوه‌ری ناڕازی شاری سلێمانی قاره‌مان بۆ داواکردنی ئه‌وداخوازی یانه‌ ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قام و به‌پلانی ده‌سه‌ڵات به‌ڵاڕیدابران وشه‌ڕه‌که‌یان کرد به‌ ته‌نها شه‌ڕی پارتی و لقی چوارو له‌ زۆر شوێن و ناوچه‌ی کوردستان کۆپی ئه‌م تراژیدیایانه‌ دووباره‌بوونه‌وه‌. له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ یه‌کێتی وه‌ک هاوپه‌یمانی پارتی و هاوشانی پارتی که‌وتنه‌ سه‌رکوتکردن و کوشتن و بریندارکردن وڕه‌شبه‌گیری خۆپیشانده‌ران. به‌مه‌ش هه‌ردوو حیزب و بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران توانیان تاڕاده‌یه‌ک شێوه‌ی شارستانی یانه‌ی ڕاپه‌ڕین و خۆپیشاندانه‌که‌ بخه‌نه‌ ژێرکاریگه‌ری ئه‌و سیناریۆیانه‌ی که‌ پێشوه‌خت بۆیان داڕشتبوون!
به‌ڵام ئاسی هۆشیاری زۆربه‌ی خۆپێشانده‌ران و خه‌ڵکی ناڕازی له‌وپلانانه‌ زۆر به‌رزتر بوو، بۆیه‌توانیان ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی یان بکه‌نه‌ شێوازێکی شارستانی یانه‌...!!
له‌م هه‌موو سیناریۆیانه‌دا لیستی گۆڕان بێ ده‌نگی هه‌ڵبژارد و ئاماده‌نه‌بوون ڕاسته‌وخۆهه‌ڵسوڕاوانی خۆیان ڕۆژانه‌ بنێرنه‌ ناو ئه‌ خه‌ڵکه‌ ناڕازی یه‌و داخوازی یه‌کانیان بکه‌نه‌ داخوازی خۆیان و زیاتر هه‌ڵوێستی ئه‌و ده‌نگه‌ناڕازی یانه‌ به‌‌هێزتربکه‌ن و خۆشیان سیاسی یه‌ن سوودمه‌ند ده‌بوون!
کوشتن و تۆقاندن ئیتر لقی 4 بێت یان یه‌کێتی جیاوازی نی یه‌ چونکه‌ هاوپه‌یمانی ئیستراتیچی یان هه‌یه‌ بۆ قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات. یه‌ک ده‌نگن له‌ سه‌رکوت وکوشتنی خه‌ڵکی ناڕازی و ‌ منداڵ و مێرمنداڵ. ئه‌م تاوانانه‌ ئه‌نجامی ئه‌و ڕێککه‌وتنانه‌ی نێوان یه‌کێتی و پارتی یه‌.بۆ مانه‌وه‌یان به‌ زۆره‌مڵێ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا.
لیستی گۆڕان هه‌ربێ ده‌نگن و وه‌ک ئۆپۆزیسیۆنی ڕاسته‌قینه‌ هه‌ڵسوکه‌تیان نه‌کرد!
وه‌ک بڵێیت ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتداربن و ئاماده‌نه‌بن له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی "مه‌یدانی ئازادی" گفتووگۆبکه‌ن!
به‌ڵام پێش چه‌ند ڕۆژێک کۆبوونه‌وه‌یه‌کی کتوپڕی و نهێنی یان له‌گه‌ڵ یه‌کێتی داکرد و پاش ئه‌وه‌ش کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تریان کرد بۆ گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕا به‌حسابی خۆیان، چونکه‌ که‌س نازانێت له‌و کۆبوونه‌وانه‌دا چی باسکراوه‌و له‌ناو ئه‌وکۆبوونه‌وانه‌دا وه‌ک میدیاکان باسیان کردبوو به‌ سه‌ ته‌نها هاوڕێ کۆنه‌کانی ناو یه‌کێتی و گۆڕانی تیابوو!؟
ئه‌ی گه‌نجه‌ نوێکانی ناو لیستی گۆڕان شایسته‌ی ئه‌وه‌نین بچنه‌ ناو سه‌رکردایه‌تی تان و ئه‌وکۆبۆنه‌وانه‌!!؟؟
ده‌ردی کورد ده‌ڵێت " ئه‌م ما سته‌ موویه‌کی تیایه‌"!!!
ئه‌مه‌ش نیشانی دا که‌ لیستی گۆڕان ده‌نگی گه‌نجان و خوێنی گه‌نجان بۆئامانجی کۆمه‌ڵێک که‌س که‌ کۆنه‌ یه‌کێتی بوون به‌کار ده‌هێنێت و هیچ حسابێک بۆ ئه‌و گه‌نجه‌ گۆڕڕانخوازانه‌ی ناو ڕیزه‌کانی خۆی ناکات. به‌بڕوای من ئه‌مه‌ هۆکارێ سه‌ره‌کی دووره‌په‌رێزی نه‌وشیروان مسته‌فا بوو له‌ شه‌قام و گه‌نجانی ووریا و خوێن گه‌رم ئازای "مه‌یدانی ئازادی"
ئه‌مڕۆ نوێنه‌ری ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی که‌ به‌ده‌نگی دزراو ساخته‌کاری ده‌نگی گۆڕڕانخوازان دروستیان کراوه‌، چوون بۆ " مه‌یدانی ئازادی" به‌ حسابی خۆیان بۆ گوێگرتن له‌ داخوازی یه‌کانی خه‌ڵه‌ک و وه‌رگرتنی یاداشێکی داخوازی یه‌کان!!
وه‌ک بڵێیت ئه‌وپه‌رله‌مانه‌ و په‌رله‌مانتارانه‌ له‌ ئه‌ستێره‌یه‌کی تردا بژین و بێ ئاگابن له‌ پێشێلکردنی ئه‌و هه‌موومافانه‌ی خه‌ڵک و داخوازی یه‌کانیان و نه‌زانن کێشه‌کان چی یه‌؟!!
ئه‌مه‌ به‌ بڕوای من له‌م کاته‌دا سیناریۆیه‌که‌، گه‌ر ئه‌نجومه‌نی" مه‌یدانی ئازادی" ووریانه‌بێت پچوک ده‌کرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نێک و گروپێکی پچوک و دوور له‌ ده‌نگه‌ناڕازی یه‌کانی شه‌قام...!!
به‌ڵام نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ک بڵێیت سوێندی خواردبێت که‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی خه‌ڵکی ناڕازی و شه‌قام و " مه‌یدانی ئازادی" کۆنه‌بێته‌وه‌!؟

ئه‌نجومه‌نی کاتی " مه‌یدانی ئازادی" ئه‌مڕۆ هه‌موو خه‌لکی ناڕازی له‌ کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ و ئازایانه‌ی ئێوه‌یه‌. به‌هیچ په‌یمان و بیانوویه‌ک به‌که‌متر له‌ داخوازی یه‌کانی شه‌قام ڕازی مه‌بن و کاتێکی دیاری کرا وبۆ جی به‌جیکردنی داخوازی یه‌کان دابنێن. تا ده‌ستی ده‌ستی تان پێ نه‌که‌ن و خه‌ڵک ساردبکه‌نه‌وه‌. ئه‌م قۆناغه‌ی خه‌باتتان سه‌خته‌ و مێژوویی یه‌، تکایه‌ له‌ ده‌ستی نه‌ده‌ن..!!
سه‌رکه‌وتوو بێت خه‌باتی خۆڕسکی شه‌قام بۆ به‌ده‌ستهیانی داخوازی یه‌کانی خه‌ڵک و پێکهێنانی ده‌سه‌ڵاتی یاساوده‌ستوری ودیموکراتی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە