دەستەی نەزاهە لە کوردستان و پرسی گەندەڵی لە کوردستان !
Wednesday, 07/08/2013, 12:00
ئاسۆ حامدی
لەم دواییانە پەرلەمانی کوردستان بەڕێزێکی دیاریکرد بۆ سەرۆکی دەستەی نەزاهە و ئەویش دواتر سوێندی یاسایی خوارد لەبەردەم سەرۆکدا، لە دوا چاوپێکەوتنیش لە هاووڵاتی دەڵێ دەست بۆ یاسا و بە پشتیوانی بەڵگە گەندەڵەکان ڕاپێچی دادگا دەکەین دواتر لە چاوپێکەوتنێکی تر لە ئاوێنە دەڵێ تازە شقەیەکمان بەکرێ گرتووە و میزانیەی چەندین ملیار دینارمان وەرگرتووە و هێشتا هیچ نە کراوە بەکورتی وەکو پەندە کوردیەکەی لێهاتووە دەڵین تا هو شیردا و لۆ داپیردا (ئەم پەندە لە دەشتی هەولێر بۆ کارێ دەڵین کە سەرنەگرێ یان هەر بەرەنجامی نەبێ) یانی دەستەی نەزاهە جارێ هەر بە مەسەلەی گەندەڵی بەڕێوەبردن هەر ڕاناگەن. ئەمە سیناریۆی دژایەتی گەندەڵیە لە کوردستان. سەرەتا هەموو خەڵکی لە کوردستان دەزانن بە خودی سەرۆکی دەستەی نەزاهەشەوە کە ناکرێ و ئیمکان نیە لە کوردستان هەموو کەس و تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە پەلکێشی دادگا بکرێت و بەبەڵگەی ڕەسمیشەوە. تەنها خەڵکی هەژار و بێ پشتیوانی حزبی نەبێ. لەلایەکی تر دۆسیەی بودجەی ساڵانەی هەرێم و مەسەلەی سامانە سروشتیەکانی نەوت و گاز کافیە بۆ ئەم دەستەیە ئەگەر ئیرادە و جورئەتی کارکردنیان هەبێت.
لە ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی حوکمڕانیدا کامە مەسوول لە بچوکترینانەوە نا گەورەکانیان لە بەرامبەر دادگایەک ئامادەبوونە. چا سکاڵایەکان هەرچی بووبن. ئەگەر کورتی بکەینەوە هێشتا لە کوردستان یاسا سەروەر نیە و دام و دەزگاکان دامەزراوەو سیستەماتیکیش کار ناکرێت. مۆدێلی بەڕێوەبردن لە کوردستان مۆدێلی حزبیە و هیچ کۆنترۆلێک بۆ پرۆسێسەکانی کارکردن غەیرە حزبی لە ووڵاتدا نیە و بێ شانسە. تەنها دەسەڵاتی حزب نەبێ لە زۆنی زەرد و سەوزدا.
کارکردنی دام و دەزگاکانی دەوڵەت و کارە ئەهلیەکان هەمووی لە بنەمای سەرەکی بەڕێوەبردنی کۆنینەی داگیرکەرانەوە سەرچاوەی گرتووە. نەبوونی سیستەمی ئاودیت (چاودێری پرۆسێسەکان) بە بەردەوامی و بوونی بیروکراسی لە سیستەمی بەڕیوەبردن لە مێژووی بەڕیوەبردن لە دەوڵەتی عێراق کە ئەویش ئیلهامی لە سسیستەمی کۆنی دەوڵەتی عوسمانی و ئینگلۆ سەکسۆنی وەرگرتووە هێندەی تر مەسەلەکان ئاڵۆزتر کردووە. ئیمزا و ئیمزاکاری زنجیرەی بەڕێوەبردن لە بچوکترین مامەڵەدا لە دەزگاکانی دەوڵەتدا و سیستەمی هەڕەمی و کارکردن بە تۆپ داون.
نەبوونی دادگای ئازاد و سیستەمی قەزایی وابەستە بە حزب ناتوانێ و نایەوێ هەموو گەندەڵێ بباتە ژێر نیری یاسا و قەزاوە. چۆن دادوەری گشتی لە کوردستان توانای ئەوەی نیە تەنانەت ژن کوژێکیش پەلکێشی دادگا بکات و سولحی عەشایەری هەیە.
لەلایەکی تر گەندەڵی ڕیشەیەکی مێژووی وکۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای کوردستان هەیە بە حوکمی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ووڵات. دواتریش گەندەڵی دیاردەیەکی نیزامی سەرمایەداریە و لە هەموو ووڵاتێ کەم و زۆر هەیە. عێراق لەم نێوەدا لە ووڵاتە هەرە گەندەڵەکانە بە گوێرەی ئامارە جیهانیەکان. بە کورتی عێراق ووڵاتی خوێن و گەندەڵی یە لەم دەورانانەی مێژووی هاوچەرخدا لە غیابی سەروەری یاسا و دەسەڵاتیێکی گەلی دا.
لەمەش خراپتر زۆرجار خودی بەڕێوەبەران و مەسولەکان و فەرمانبەرانی دەستەی نەزاهە خۆیان هانی گەندەڵی دەدەن و یارمەتی کۆمەكی حزبی دەسەڵاتدار دەکەن، چونکە توانا و دەسەڵاتی ئەوانیان نیە. ئەم دەزگایەش بەشێکە لە سیناریۆی پڕکردنەوەی مۆدێلی حزبی حوکمڕان و سەرکردایەتیەکانیان. حزبە سێبەرەکان باشترین وەسیلەن بۆ بەکارهێنان و شەرعیەت دان بە گەندەڵی. ئەگەرچی بە داخەوە لە کوردستان حکومەت هەموو میللەتی فێرە گەندەڵی و هۆیەکانی کردووە تا شەرعیەتی خۆی بپارێزێ و گەشە بە گەندەڵی دەدات و سیستەمی بەرخۆری لە جیاتی بەرهەم هێنان یەکێ لە هەرە هۆیەکانی دەستی دەسەڵاتدارانە لە کوردستان.
بۆ ئەوەی دیاردەی گەندەڵی نەمێنێ دەبێ سیستەم و پرۆسەی کە ئەم گەندەڵیەی دروست کردووە ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی بەسەردابێت بە مۆدێلێکی دروست و شیاوی کۆمەڵگا و سەروەری یاسا و دەوڵەتی دامەزراوەکان کاربکرێت. ئینجا دەسەڵاتی قەزایی و سەربەخۆیی و ئەکتیڤ بوونی دەتوانێ ڕڕادەیەک بۆ گەندەڵی دابنێ، نەک وەک ئەوەی هەیە. هەروەها بوونی (ئاودیت لە هەموو پرۆسێسەکانی بەڕیوەبردن و کارکردن بە سیستەمی بەڕیوەبردنی ئینتەرناسیوناڵی کە ئیزۆ ی پێدەڵێن).
بوونی ئەم سیستەمە لە بەڕیوەبردنی پرۆسەکانی سامانی نەتەوەی وەک گاز و نەوت و بەڕیوەبردنی فینانشێل و دراو و داهاتی نەتەوەیی لە گشتدا هەروەها لە ئیدارەی هەموو مەسەلە خزمەت گوزاریەکان و پرۆژە ستراتیژیەکان، خزمەتێکی باش بە کۆمەڵگا دەکات.
گەندەڵی بەربەستێکی گەورەیە لە بەردەم پرۆسەی دروست بوونی کیانی نەتەوەیی کە ستراتیژی نەتەوەییە ئەگەر کاروابڕوا ئەوا بەم میسۆدە هەرگیز بە ئەنجام ناگات لە زەمەنێکی نزیکدا. گەندەڵی گەورەترین کۆسپە لە ڕێی ستراتیژی نەتەوەیی لە کوردستان دا، مێژووی هاوچەرخی کورد ئەمەی زۆرباش ئیسپات کردووە. ئەگەر قرارە گەلی کوردستان کار بۆ ستراتیژی ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوەیی بکات دەبێ گەندەڵی وەکو مەسەلەیەکی ناوەخۆ بکاتە ڕابردوو، ئەگینا نەوە بەنەوە دەستاو دەست دەکات. بەنموونە کۆنە گەندەڵەکان دەمرن و نەوەکانیان جێگایان دەگرنەوە. دەستەی نەزاهەش شەرعیەتیان پێدەدات لە واقعدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست