یوسف محەمەد سادق دەستەکەی کەشف بوو!
Saturday, 17/01/2015, 12:00
1973 بینراوە
یوسف محەمەد بەناو سەرۆکی دیوەخانەکەی هەولێر (پەرلەمانی کوردستان) ئەمڕۆ دوای ئەوەی حکومەتەکەی نێچیر بارزانی هاتە دەنگ لەئاست ڕاگەیاندنی (کانتۆنی شەنگال) لەلایەن دانیشتوانی شەنگالەوە بە پاڵپشتی پەکەکە و هێزە ڕزگاریخوازەکانی گەلەکەمان، ئەمیش پێیوایە کەوا دامەزراندنی کانتۆنی لەو شێوەیە گەڕانەوەیە بۆ دواوە و ئەزموونی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی کە ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نیە. هەروەها لە بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێم هاتوە،کاری لەم شێوەیە پێچەوانەی دەستووری عێراق و هەرێمی کوردستانە.
یوسف سادق کە بە جل و بەرگ گۆڕان و بە بیر و بۆچوون ئیسلامی و بەمامەڵەکردن پارتی. گەلێ دڵی خۆشە لەژێر وێنەکەی مەلای ئاشبەتاڵ خەریکی سەوداو سەوداکاریە بۆ بنەماڵەی بارزانی و نایەڵێ ئەوەی لە کەڵك و قازانجی گەلی کوردە تێپەڕێنرێ. ئەم بەڕێزە ڕایگەیاند کەوا دۆسیەی گەندەڵی دانەخراوەو لێکۆڵینەوەی لێ ئەکەن، من نازانم کاتێ دۆسیەی گەندەڵی لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەکرێ ،ئایا ئەمە بەڕاست کاری پەرلەمان و پەرلەمانتارە،وەیان کاری پۆلیس و دادگاکانە؟؟!! کاکی سەرۆکی پەرلەمان کارەکانی خۆی تێكەڵ و پێکەڵ کردوەو ئەیەوێ ئەوەی پارتی داوای لێ ئەکا ئەم بەدوو قات بۆیان بکاتەوە. لەوەتەی دەست بەکار بوە کاتێ سەرۆکی دزەکان نێچیر بارزانی هاتە پەرلەمان و دەست و پەنجەو قامکی ڕاوەشان ،کەچی هێشتا کاکی سەرۆك پەرلەمان نەیتوانی هیچ بکاو دواجار پشتی کردە سەرۆکی فراکسیۆنەکەی گۆڕان و نەیتوانی زمان هەڵهێنێ. ئائەمە سەرۆکی بەناو پەرلەمانەو دژ بە خواست و ئاواتەکانی گەلەکەمان هیچی نیەو هیچیشی بۆ ناکرێ. لەخۆرا نەبوو پارتی ڕازی بوو بەدانانی ئەو وەك سەرۆك پەرلەمان!
کاکە یوسف لەباتی ئەوەی بهاتایەتە دەنگ و هەڵهاتن و خۆبەدەستەوەدانی بنەماڵەی بارزانی لە دەڤەری شەنگال ڕیسوا بکردایەو پاڵپشتی ئەو کانتۆنەی بکردایە کە هەنووکە لەوێ دامەزراوە،کەچی بۆ ئەو سوکایەتیەی پارتی بەرانبەر برا و خوشکە یەزیدیەکان هیچ سەرەکۆنەی پارتی نەکرد . لەبەرانبەردا هیچ بەرز ڕاگرتنی هێزەکانی پەکەکە و یەپەگەی نەکرد و سەرباری ئەوەش ، لەژێر فشاری نێچیر و مەسعود و تورکیا بەرژەوەندی یەزیدیەکان کەخۆی لە دامەزراندنی کانتۆنێکی سەربەخۆدا ئەبینێتەوە،هاتۆتە دەنگ و پێێ ناخۆشە خەڵکی شەنگال جارێکی تر ئەنفال نەکرێن. ئەمیش وەك پارتی و تورکیا ئامادەیە هەر ڕۆژەو کارەساتێکی مرۆیی ڕووبدا.
بۆیە پێوستە لەهەمان کاتدا دەست خۆشی لە براو خۆشکە یەزیدیەکان بکەین و پاڵپشتی هەموو کوردانیان هەیە،لەهەمان کاتیشدا ئەو هەوڵانەی هەریەك لە(تورکیا،بنەماڵەی بارزانی و گۆڕان و کۆسرەت) ڕیسوا ئەکەین و پووچەڵی ئەکەینەوە. سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان و کۆیلەیەتی بۆ بنەماڵەی بارزانی و یوسف و کۆسرەت وهاوشێوەکانیان.
ئەمریکا ئەوڕۆ پەنجا کانتۆنەو هەریەکەیان ئاڵاو ئابووری تایبەتی خۆی هەیەو سیستمی باج و پەروەردەو ئابووری خۆی هەیەو هیچ کێشەیەکیش لەئارادا نیە،نازانم یوسف سادق بۆ چاو لەم نمونانە ناکا و ئەزموونی ئەمریکا و ئەڵمانیاو سویسرا نابینێ؟