نامەیەك بۆ وەزیرى تەندروستى هەرچى زووە بەفریایى بەڕێوبەرایەتى تەندروستى ڕانیە بكەوە
Wednesday, 09/03/2011, 12:00
دوایى ئەوەى ڕۆژى 6 / 3 نووسینێك بەناوى ((ئێمە بێ ئەخلاق نین مستەفاى تەندروستى ڕانیە ، لەتۆ و وەزیر و مەڵبەند و قائیمقام و بەڕێوبەرەكەت ئازاترین)) بەقەڵەمى كاك هاوكار ناوێك بڵاوكرایەوە ، دواتر بەڕێزێكى تر بەناوى كاك هۆزان ڕۆژى 7 / 3 نووسینێكى هەر لەسەر ئەو بابەتە بەناوى ((وەڵامێك بۆ بابەتى مستەفاى تەندروستى ڕانیە و پەیامێك بۆ قائیمقامى ڕانیە)) بڵاوكردەوە ، كۆى بابەت و نووسینەكان لەسەر ئەوە بوون كە مستەفاى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە جەماوەرى خۆپیشاندنە ڕۆژانەیەكانى ناوبازاڕى ڕانیەیى لەبەرچاو و ناو ژوورى بەڕێوبەرى گشتى بەبێ ئەخلاق دابووە قەڵەم بەرلەهەموو شتێك هەموو بەڕێوبەرایەتى و نەخۆشخانەكان و دكتۆر و كارمەندانى تەندروستى لەسنوورى ڕانیە دەزانن ئەو مستەفایە بایى چەندە و چۆن كەسێكە بۆیە هەموو شتى لێ دەوشێتەوە ؟ .
بۆیە منیش بەچاك و پێویستم زانى تاكارلەكار نەترازاوە و هەڵمەتى ئیمزا كۆكردنەوە و دروست كردنى كەمپین لەدژى ڕانەگەیەنراوە وەك كارمەندێكى تەندروستى ناو بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە نامەیەك ئاڕاستەى بەڕێز وەزیرى تەندروستى بكەم تا بەپەلە بێت و لیژنەیەك پێك بهێنێ و سنوورێك بۆ ئەو هەموو ڕەفتار و كارە ناڕاوایانەى مستەفا دابنێ كەلەپەناى بەشى یاسایى كۆمەڵێك ڕەفتار و كارى نایاسایى دەكات و ڕۆژانە خەڵك لەسایەیى كاك مستەفاى بێ حورمەت و بێ ڕێزەوە جنێوبارنى ئێمە و بەڕێوبەرایەتى دەكەن .
دوایى ئەوەى لەكۆتایى ساڵًى ڕابردوو دكتۆر ئومێد كاكە سوارە لەبەڕێوبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە لەسەر كارلادرا دكتۆر محەمەد ڕەسوڵ لەشوێنى ئەو دەست بەكاربوو هەر لەگەڵ دەست بەكاربوونى دكتۆر محەمەد ژمارەیەك گۆڕانكارى كرد و ژمارەیەك خەڵكى لەناو بەڕێوبەرایەتى دوورخستەوە بەناوى ئەوەى كەدەستیان هەبووە لەدزى و گەندەڵیەكانى ئەم بەڕێوبەرایەتیە و ناویان لەڕاپۆرتەكانى چاودێرى دارایدا هەبووە (تەنها نەقڵ و بەس جورئەت و غیرەتى ئەوەى نەبوو بیاندا بەدادگا ئەوە گوایە جەنابیان چاكسازى كردووە) بۆیە دكتۆر محەمەد ڕەسوڵ خەڵكى ترى خستە شوێنی ئەمانە یەكێك لەو كەسانەى لەم تەشكیلە و گۆڕانكاریانە هاتە پێش ئەو مستەفا ناوە بوو .
وەك كارمەندێكى بەڕێوبەرایەتى و نزیك لەو بارودۆخە بەدەرفەتم زانى ئەو زانیاریانەى خوارەوە بۆ هەموو لایەك و بەتایبەتیش بۆ خوودى بەڕێز وەزیرى تەندروستى دكتۆر تاهیرهەورامى بخەمەڕوو تابەپەلە بێت و لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستە پێك بهێنێت و خۆیان ئەو خاڵانەى كەمن دەیخەمەڕوو پشت ڕاست بكەنەوە و ئەو مستەفا ناوەش بەڕسمى دوور بخەنەوە لەم بەڕێوبەرایەتیە ئەگەر وانەبێت كۆى ئەو قسانەى مستەفا دەبنە ڕاست كەدەڵێ تاهیرهەورامى ڕۆژانە بەس وەڵامى تەلەفۆنى من دەداتەوە . وەئەگەر لانەدرێ ئەوا هەر دەبێ بڵێین خۆزگەمان بەكفن دز و خۆزگە گۆڕانكاریەكانى ناو بەڕێوبەرایەتى و دوورخستنەوەى پیاوەكانى دكتۆر ئومێدى هەر نەكرایە زۆر زۆر باشتربوو .
خاڵە سەرەكیەكان ..
1 _ مستەفا دەرچووى كۆلیژى یاساى زانكۆى كۆیەیە و لەگەڵ قائیمقامى ڕانیە بەیەكەوە كۆلیژى یاسایان تەواوكردوە هەر ئەویش تەكلیفى كردووە لەدكتۆر محەمەد و كردویانەتە لێپسراوى بەشى یاسا بۆیە جەنابى قائیمقام كاك مستەفا بەجاسووس و دەستەڕاستى خۆى دەزانێ لەو بەڕێوبەرایەتیە و بەئاشكرا ش دەستى لەپشت دەدات و خودى مستەفاش ڕۆژانە باسى ئەم پەیوەندیە دەكات .
2 _ ناوبراو بەناوى ئەوەى كەلێپسراوى بەشى یاسایە دەیەوێت بەئاشكرا پۆستەكەى بەكاربێنێ بۆ دزى و گەندەڵى و بۆیە خەریكە ئەو كۆمپانیایەیى كەئەركى دابین كردن و دروست كردنى خواردنى نەخۆشخانەكانى لەدەستە لەو كۆمپانیایە وەربگرێتەوە و بیدات بەكۆمپانیایى خزمێكى خۆی لەحاجیاوا .
3 _ ناوبراو بەحساب لێپسراوى بەشى یاسایە و بەقانوون كێشە و گرفتەكان دەبێ چارەسەر بكات كەچى ڕۆژانە نامەسوولانە ڕەفتار دەكات و گیروگرفت بۆ كارمەندان و ئەو خەڵكە دروست دەكات كەسەردانى ئەو بەڕێوبەرایەتیەیى ئێمە دەكەن .
4 _ بەناوى ئەوەى كەلێپسراوى بەشى یاسایە هەڵساوە بەدروستكردنى جاسووس لەهەموو نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكە تەندروستیەكانى ناوچەكە ، بەئاشكرا جاسووسى بەسەر دكتۆر و یاریدەدەرى پزیشك و بەرێوبەرى نەخۆشخانە و بەڕێوبەرى كارگێری نەخۆشخانەكانەوە دەكات و ڕاپۆرتیان لەسەر دەدات بەدكتۆر محەمەد ڕەسوڵ و ئەویش بەئارەزووى خۆى سسزایان دەدات و لەناو خەڵك و كارمەندان دەیان شكێنێتەوە .
5 _ بەهاوكارى سەندیكاى كارمەندانى تەندروستى حزب و ڕێكخستنى بەڕێوبەرایەتى و بەچاودێرى دكتۆر محەمەد ڕەسوڵ بەدواداچوون و جاسووسى لەسەر ئەو معاون توبیانە دەكەن كەلەهەڵبژاردنى سەندیكاى كارمەندان دەنگیان داوە بە یەگرتوو و سەردەم و كۆمەڵ و ئێستا لەبنكە تەندروستیەكانن لەلیستێكدا ناوەكانیان دیارى كردوون بۆئەوەى بەهیچ شێوەیەك نەقڵى ناو شاریان بۆ نەكەن و كێشەش بۆ ئەوانى تر دروست بكەن كەلەناو شارن بەبیانووى دەوام نەكردن بۆیە بەردەوام لەكەمین دان بۆ ئەو مەبەستە .
6 _ ناوبراو گەورەترین كۆگاى دەرمانى هەیە لەڕانیە ئێستا لەڕێگەى بەرنامەیەكى نهێنى خۆیان لیستێكیان دروست كردوە كەئەو دەرمانانە زەروورە هەبن لە وولادە و تەوارى و نەخۆشخانەكان هەروەها ئەوانەى كەلەنەخۆشخانەكان نین بۆئەوەى لە كۆگاكەى ئەو بیكڕن .
7 _ لەگەڵ دەیان كارى ناشایستە و نایاسایى تر كەئێرە شوێنى باسكردنیان نیە .
بۆیە داواكارم لەجەنابى بەڕێز وەزیرى تەندروستى لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستە دروست بكات و تا دوو هەفتەى تر چاوەڕێ دەكەین بەپێچەوانەوە هەموو ئەو نووسین و بەڵگانە بەتایبەتیش ناوەڕۆك و تەفاسیلى خاڵى 7 دەخەینە فایلێكەوە و ئاڕاستەى هەریەك لەچاودێرى دارایى و پەرلەمان و لیژنەى تەندروستى و ڕاى گشتى و سەدان ئیمێڵى گۆڤار و ڕۆژنامە و ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگاى مەدەنى دەكەین .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست