مەلا كرێكار و ئەڤین ئاسۆ

Tuesday, 07/02/2012, 12:00


مەلا كرێكار، ئەمیرى پێشووى ئەنسار ئیسلام ، لەگەڵ ئەڤین ئاسۆى پێشكەشكار، دوو ناون ماوەیەكى زۆرە پانتاییەكى فراوانیان لەراگەیاندنە كوردییەكان داگیركردووە، ئەمیان هەر كەماوەیەك بێ دەنگو وون دەبێت لەرێگەى لێدوانە توندەكانییەوە سەرنجى كەناڵەكانى راگەیاندنەكانى كوردستان رادەكێشێت. ماوەیەكى زۆر دەبێتە میوانێكى توڕەى ریش درێژى زۆرینەى كەناڵەكان.

ئەگەرچى مەلا كرێكار خۆى وا دەردەخات كەهاتنە بەردەم شاشەو لێدوانەكانى لەپێناو رەتكردنەوەى ئەو تۆمەتانەیە كەئاراستەى دەكرێن، بەڵام دیوەكەى تریشى تەواو راستە كە مەلا كرێكار لەو پەراوێزییەدا كەئێستا تیایدا دەژى پێویستى بەدوبارە خۆدەرخستنەوەیە، بۆیە هەموو رەتكردنەوەكانى دەكاتە دەرفەتێك بۆ دەربڕینى بیروبۆچونەكانى لەسەر كێشەو رووداوەكان نەوەكو رەتكردنەوەى تەنها هەواڵێكو بەس.

ئەڤینیش هەر كەلەسەر سەحنە ماوەیەك دیارنامێنێتو دوردەكەوێتەوە، سایتو رووپەرى رۆژنامەو گۆڤارەكان دەكاتە جێگەیەكى باش بۆ ئامادەبوونو دانەبڕان لەگەڵ بینەرەكەیدا. ئەو پێشكەشكارە بەوێنە سەرنج راكێشو جەستە شۆخ و شەنگەكەیەوە هەوڵى داگیركردنى زۆرترین پانتایى گۆڤارو رۆژنامەو سایتو كەناڵەكانى ترى راگەیاندن دەدات تا ئەو كاتەى لەشۆیەكى نوێدا خۆى نمایش دەكاتەوە.

ئەڤین هەمان دەردى مەلا كرێكارى هەیە. خۆى وا دەردەخات كە هەموو چاوپێكەوتنو لێدوانەكانى لەپێناو بەدرۆخستنەوەى ئەو "تۆمەتو بوختانو درۆیانەیە" كەدژى خۆىو هاوەڵەكەى دەكرێت، بەڵام دیوێكەى ترى لاى خەڵكى شاراوە نییەو هەر ئەوەشە كەئەڤینى پێدەناسرێتەوە "خۆنواندن و خۆدەرخستن". بۆ ئەو مەبەستەش بەرنامە كۆنەكەى شایەتى حاڵە كە بەناوى خۆیەوە ناوى نابوو (ئەڤین ژین و ژیان).

ئەگەرچى ئەم دوونمونەیە، دوو نمونەى زیندووى هونەرى خۆدەرخستنن لەنێو راِگەیاندنەكاندا، بەڵام ناكرێت ئەوە لەیاد بكرێت كە خۆدەرخستن و سەرنج راكێشانى كەناڵەكانى ڕاگەیاندنیش زانایى و دانایى خۆی هەیە. بەتایبەتى ئەو كەناڵانەى لە رێگەى جەستەى خانمان یان ریشى درێژ و گوتارى توندڕەوى مەلاكانەوە تیراژ و ترافیكى خۆیان بەرزدەكەنەوە.

بەڵام لێرەوە پرسیارى زۆر لەسەر خودى كەناڵەكانى ڕاگەیاندن قوت دەبنەوە. سەرەتایترین پرسیاریش ئەوەیە، ئایا راگەیاند كارى تەرویجكردنە یاخود رووماڵكردنى رووداوەكان؟ ئایا هیچ كام لە راگەیاندنەكان لە خۆیان پرسیوە ریكلام بۆ كەسێكى هونەرى یاخود تەرویج بۆ كەسایەتییەكى سیاسى توندرە و ئەوەى یەكەمیان تەنها بەپارە دەكرێت ئەوى تریشیان كارى راگەیاندنى بێ لایەن نییە؟ باشە بۆچى خەڵكانێكى پەراوێزخراوى بێ كاریگەرى سیاسى، توندرەو لەشیكردنەوە، یەكرەنگ لەتێڕوانین، بۆ رووداوەكانى هەرێمى كوردستان جارێكى تر بكرێتەوە بە ئەستێرەو بەخۆرایى و بەبێ بەرامبەر ڕاگەیاندنەكانمان داپۆشێ؟

لە ماوەى رابردوودا مەلا كرێكار و ئەڤین ئاسۆ، بەبێ بۆنە و بەبێ روودانى رووداوێكى راستەقینەى نوێ لەسەر ئەم دوو كەسە، جارێكى تر خۆیان كرد بە كون و قوژبنى راگەیاندنەكانى هەرێمى كوردستاندا و بەجۆرێك رۆژنامە و گۆڤار و سایتى ئەنتەرنێت نەما ئەم دووانەمان نەخەنەوە بەرچاو، زیاد لە كاریگەریى ئەم دوو كەسە لەسەر ژیانى هونەریی و سیاسى كوردستان گرنگییان پێدرا.

ئەگەرچى جیاوازى نێوان مەلا كرێكار و ئەڤین ئاسۆ هێندەى جیاوازى ئاسمان و رێسمانە، بەڵام خاڵێكى هاوبەش هەردوكیان كۆدەكاتەوە كە ئەویش كارامایى و لێزانینە لە هونەرەكانى خۆدەرخستن و خۆ نمایشكردن.

ئەوان ئەو راستییەیان بۆ ئێمە سەلماند كە تاوەكو ئێستا زۆرینەى راگەیاندن و چاپەمەنی و سایتەكانى هەرێمى كوردستان بۆ بەرزكردنەوەى تیراژ و راگرتنى میوانەكانیان لە نێو سایتەكانیاندا و بەرزكردنەوەى ترافیكى كەناڵەكان پێویستییەكى تەواویان بەریشى درێژى مەلایان و جەستەى شۆخ و شەنگى خانمان هەیە. ئیدى بیر لەوە ناكانەوە كە لە دەرنجامدا كێیان كردووە بەئەستێرە و كێشیانكردووە بەشیكەرەوەى سیاسى.

ئەم بابەتە لەژمارە 312 رۆژنامەى ئاوێنە بڵاوكراوەتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە