پلینۆمیش کۆتایی هات ..
Thursday, 10/10/2013, 12:00
1771 بینراوە
10 / 10 / 2013 لە قەلاچوالان یەکێتی پلینۆمی بەست ، راستیەکەی لەوانەیە زۆرێک لە ئەندام و هەوادارانی ئەو حیزبە هیوایەکی کەم تا زۆریان بەستبێت بەو کارە تا کەمێک لە نیگەرانی و بێتاقەتی و تورەییان کەم بکاتەوە و رێوشوێنی گونجاو و دروست بە مەبەستی چارەسەی ئەم قۆناغەی لێ بکەوێتەوە ، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان نەکراو بوو هەر زوو پلینۆم کۆتایی بە کارەکانی هێنا ئەویش لەماوەی تەنها چەند کاتژمێرێکدا کە لەوانەیە تەنها فریای بەخێرهاتنی یەکتر کەوتبن ، داوای لێبوردن و هیواخواستن بۆ زوو چاکبونەوەی مام جەلال و بیانووی نادیاری ئەو خەریکبوو هەموو تاوانی شکستەکەشی بخەنە پاڵ گەرچی بە ئاماژەدان بۆ غیابی لە شانۆ ئیتهام کردنێکی ناراستەوخۆ بوو بۆ مەسەلەکە ، دەبوایە یەکێتی و ئەندامانی مەکتەب سیاسی گەر هیچیشیان پێ نەکرایە لانیکەم ماوەی هەفتەیەک کارەکانی پلینۆمیان درێژکردایەتەوە تا لێک تێبگەن و رێگەچارە دابنرێت چی بکرێت ؟ دواتر بۆ جەماوەر و ئەندام ولایەنگرانیشیان بسەلماندایە کە خەمخۆری ئەم دۆخەن و لە هەوڵی چارەسەریدان ، من نازانم پلینۆم کە بەوشێوەیە دەبوو بۆ بەسترا و بۆ کۆتایی پێ هێنرا ؟ کامە بریار و کامە رێگەچارە ؟ ، ئافەرین بۆ ئەو ئەندام مەکتەبانەی کە ناتوانن و نەیانتوانی هیچ بکەن و هیچ بڵێن جگە لە داوای لێبوردن و گوناه و تاوان خستنە پاڵ یەکتر و هێنانەوەی بروبیانو و پاساوی بێ سەر و جێ ، ئەندامان و یەکێتیەکان هەموویان پێش ئەوەی پلینۆم ببەسترێت هەر زۆر زوو بە هەولێکی شکستخواردوو وەسفیان کردوو لەقەڵەمیاندا ، چونکە بەستنی پلینۆم سەرەتا پێویستی بە هەلومەرج سازدان و ئامادەکاری پێشوەختە نەک بەو پەلە پروزێیە ببەسترێت و تەنها چەند کاتژمێرێکی لێرە و لەوێ بخایەنێت و تەنها بریار تیایدا بەستنی کۆنگرە بێت لە مانگی یەکی 2014 کە بە بروای من کۆنگرەش وەک پلینۆم دەبێت و هیچ دەرەنجام و چارەسەرێکی پێ نابێت لەبەرئەوەی هەمان ئەم ئەندامانی مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتیە و بە هەمان بیرو بۆچونەوە دەچنەوە کۆنگرە کە هەمووی بەفیرۆدانی کات دەبێت لە چارەسەر دۆزینەوە و خۆپاککردنەوە لە هۆکارەکان و دورخستنەوەیان دەسبەجێ هیچ نەبێت وەک جێبەجێ کردنی بچوکترین داوای ئەندام و لایەنگران و پاشانیش وەک ئامادەکارییەک بۆ چونە ناو کۆنگرە دوور لەو کەسانەی هۆکاری شکستن یان هاوکار بوون بۆ هاتنە پێشی ئەم قۆناغە ، لەپاش کۆتایی هاتنی پلینۆم زۆرخێرا ئەم هەوڵە کەوتە بەر توانج و پرسیارکردن بەتایبەت لەنێو تۆرە کۆمەلایەتیەکان و کورد وتەنی چاکی مەکە با خراپ نەبێت دەبوو گەر دەزانرا بەستنی پلینۆم بەو شێوەیە دەبێت نەبەستنی باشتربوو چونکە هیچی لێ هەلنەینجا ئەوەی جێگەی داخ و سەرسورمانیشە لە هەمان کاتدا یەوەیە کە یەکێتی بەجۆرێک شلەژاوە نازانێت چی بکات و چی بڵێت هەر بەرپرسە و بە جۆرێک و بێ ئاگا لەویتر لێدوان دەدات و قسە ئەکات ، ئەمە جگە لەوەی کە لەگەڵ هەڵوەرینی گەڵای پایزی دارەکاندا ئەندامێک یان بەرپرسێکی باڵا لە ناوەوە یان لەدەرەوە دەستلەکار کێشانەوەی خۆی رادەگەیەنێت ، ئەم کارانە سیناریۆی سوریام بیردەخاتەوە کە هەر رۆژەی کەسیك دادەبرێت لە حکومەتەکەی ئەسەد و بێبەری بونی خۆی رادەگەیەنێت لە قەیرانەکان ، یەکێتی لە ئێستادا ترسێکی زۆریشی لێ نیشتووە ئەویش ئەوەیە کە رۆژێک بێتە پێشەوە و روبەروی دادگایی بێتەوە و پرسیاری داهات و موڵک و سامانی ئەو حیزبەی لێ بکرێت و تاک و تەرا هەریەکە و بەجیا بێبەری بونی خۆی رادەگەیەنێت سیناریۆ و راوبۆچونی زۆر سەیر و جۆراوجۆر هەیە سەبارەت بەم حیزبە و ئەم حیزبەش لە ئێستادا نازانێت چۆن بەرەنگاری پێشهاتەکان بێتەوە و بە پلینۆم بەستن و دواتر بە ئامادەکاری بۆ کۆنگرە و قۆناغەکەش تادێت چر دەبێتەوە و بەرەو خراپتر دەروات ، ئەمە جگە لەوەی کە دەنگۆی ئەوە هەیە یەکێتی زۆرێک لە بەرپرسە ئیداریەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێستای خۆی بگۆرێت بەتایبەت لە سلێمانی ، یان داوای دەستلەکارکێشانەوە و خانەنشینیان لێ بکات بەوپێیەی بەشێکی کەمتەرخەمی و نابەرپرسیارێتیان دەکەویتە سەرشان .