کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆچانەكانى شەهلانامیق ڕەنگى نەمریان لێدەبارێت بە ڕۆحى هونەرمەندى جوانەمەرگ (شەهلا نامیق) پێشكەشە

Tuesday, 28/04/2009, 12:00


لە پالێتێكى تەماویدا ڕەنگە ئاویەكانى (مردن) بەهێواشى خۆیان خزاندە نێو فیگەرى (دڵ) تەوە , تا وچانێك بدەن و چیدى فڵچەیەك ڕایان نەموسێت و لەنێو سەرلێ شێوانى خۆیاندا تابلۆیەك لە ترپە ترپ دروست نەكەنەوە ؟! وەلێ (دڵ) ت بونە پالێتێك لە ترپە ترپ و بەشێنێى خۆیان لەفڵچەیەك ئاڵاندو (ژیان) یان بەخشییەوە بە ڕەنگەكان و لەنێو ئەو هەمو ڕەنگە تەماویەدا (مردن) یان شۆردەوە .
لەوسەرى پەلكەزێڕینەوە تا دەریا ئەفسوناویەكانى ڕەنگ بارینەوە , لەو پەڕٍى جیهانە تێك ئاڵاوەكەى كەڤاڵەوە , تا بەهەشتە عەدەمیەكانى (سلڤادۆردالى) و كات ژمێرە توواوەكەیەوە , تا عەشق و توڕەبونە تاقەت پڕوكێنەكانى (ڤان كۆخ) ە وە , تـا ڕەنگە كرسیتاڵیەكانى (ئاغالە) و تا هەمو ئەو هەناسانەى بۆنى ڕەنگ یان لێدێت (تــۆ)
جوانترین پەلەكەزێڕینەوە و قوڵترین دەریا و ناسكترین (كات ژمێر) و هێمن ترین عاشق و ئاڵتونیترن ڕەنگ و گەورەترین هەناسە بوى .
لەفیگەرى (گوچان) ەكاندا بەچرپە و لەسەر خۆ بە پیاوە بـاڵاگرگنە شەهوانیەكانت دەوت (من ئاه و حەسرەتى ژنە بریندارەكان و كچە پاكیزەكانم) لەدەلاقەى كام خۆزگەتانەوە بێمە ژورەوە) تاپێتان بڵێم ئەو ئارامییەى واهەستدەكەن بە (كوشتنى ئێمە بە برینداركردنى ئێمە) لەسەرى پڕلە هیچتانداكۆتان كردو وەتەوە , پڕە لە هەناسەى سارد ؟ لەكام لاوە , بەر بە هەناسەى ژەهراویتان بگرم ؟ تـائەم بێدەنگیە نەشێوێن كە ترپەترپى (دڵ) ى بریندارمان دروستى كردوە ؟
(تۆ) هەرگیز نەت دەوسیت هاو ڕەگەزەكانت لەنێو پێچى پشتوێنە ڕەنگ ڕەشەكانى یپاوە گرگنەكانى دیوەخانەكەندا وون ببن و لەبەردەم گۆچان بەدەستەكاندا میگەلانە پرچى ئاڵتونیان بۆشەوە سورەكانیان بدەنە بەر تیشكى خۆر , (تۆ) لە زمانى تابلۆیەكەوە هاوارت دەكردو دەت وت (ئەوە گوناه ى من نییە مل كەچ ناكەم بۆ ئازارى گۆچان وەشاندنەكانتان ... ئەوە گەورەیى منە مانایەكى تر بەگۆچان ئەدەم و ناچارتان دەكەم لە(گەنج) ێتی تاندا گۆچان بەدەستەوەنەگرن و ئافرەتى پێ ئازار نەدن و تەنها لە (پیر) بون تاندا داواى یارمەتى لە گۆچان بكەن تا بەپێوەڕاتان بگرێت) .
شۆڕشى پیاوە ناشرینەكان لە دژى ناشرینەكانى هاوڕەگەزیان بۆ دریژكردنەوەى شەوە سوریەكانیان لە تەپۆڵكە وشكەكاندا دۆزەخیانە بە خوێنى (دۆعا) كان گەرم دەكرانەوە , ئـــاخر شۆڕش نابێت گۆچان بەدەستى شەهوانى لێببڕێت ؟! ئەوە حیكمەتێكە تەنها گۆچان بەدەستەكان دەیزانن , هەموو شۆڕشێك هەروایە , تەڕو وشك پێكەوە دەسوتێنێت, ئیدى دیارە ئەوە حیكمەتى شۆڕشى گۆچان بەدەستەكانەو (تۆ) نەت دەزانى بۆچى دەبێت وەهابێت , تائەوكاتەى گۆچانە كانى (تۆ) لەگەلەریەكاندا شۆڕشى هەڵگیرساندو هەمو جەلادە گۆچان بەدەستەكانى بەئاگاهێنایەوە كەگۆچانەكانیان چۆن دۆزەخێكیان داگیرساندوە و گۆچانەكانى (تۆ) ش چیى بەهەشتێك بەمرۆڤەكان دەبەخشێت و چەند (دۆعا) ى تر لە زیندانى مەرگدا ڕزگاردەكات .
پیاوە ناشرینەكان هەمیشە بەبڕویاى خۆیان مانایەكى گەورەیان ئەبەخشیە ئەو چەقۆیەى كە بەناوى كڕینەوەى شەرەفەوە سەرى ئینسانى دەپەڕاند و بەچاوى حورمەتەوە دەیان ڕوانیە ئەو بێشەرەفیەى كە لە خوێنى فریشەتەكاندا بەدواى شەرفدا دەگەڕا ؟
بەڵام هاوڕێم (تۆ) هەمیشە لەڕێگەى فیگەرى (گۆچان) ەوە دەت وت (ڕێگەمەدەن خوێنى پیس بگاتە شادەمارەكانى ناختان ... بۆ دەمتان پڕە لە خوێن ؟ (چیى پیاو سالارێك هەیە بە پەیژەى بە دڕەوشتیدا بگاتە باڵە خانەى ڕەوشت) ؟ بەرلە هەر ئازارێك بونەوەرێكى گوناه لەناختاندایە و ئازارى ئەدەن ... بەرلەهەر دەنگێك , نوزەیەك لەبەرائەت لەناختاندایە و ئەیخنكێنن , ئاخر بۆ ؟ بونەوەرێكى نامۆ لە ئێوە ناچێ و لەناختاندایە بیكوژن تــاببنەوە بەخۆتان , ئاخر چۆن دەكرێ بەدەنگێكى ناساز گۆرانییەكى خۆش بوو ترێ ؟! .
هاوڕێم ئەوە دوا حیكایەتى چرپەى گۆچانەكانت بون , ئەوە دوا هەناسەى ڕاموسانى فڵچەبو لە ڕەنگى خۆڵەمێشى , تەواى خۆزگەكانت لەدەرگایەكى عەدەمییەوە چونەوە بۆماڵە سوریالیەكان و ئیدى لەدەلاقەى هیچ غەمێكتەوە نەسیمى ئێواران ڕەنگى تابلۆكانت كاڵ ناكاتەوە , ژیان بویەوە بە پالێتێكى لێل و هەناسەیەكى تەواو نەكراوى پێش مردن .
هاوڕێم لەهەرشوێنێك چلێ دار , یان گیایەكى چەماوە , ڕەنگێكى پیر , فڵچەیەكى كۆم , پالێَتیكى شكاوم بینى و لەوێنەى (گۆچان) ێكدا دەركەوتن سەرم نەویى دەكەم و سڵاوێك بۆ ئەوساتە دەنێرم كە فیرى كردم گۆچان تەنها بۆ بەخشینى ئازار نییە بە مێ یینەیەك ئەوەندەى گۆچان هێماى هەستانەوەى مێ یینەیكە لەكاتى كەوتنیدا بەدەست لێدانى گۆچان بەدەستێكى پیاو سالارەوە.
تێبینى :
هونەرمەند (شەهلانامیق) لە بەوروارى (25/6/1977) لەگەڕەكى سابونكەرانى شارى سلێمانى لەدایك بوەو دەرچوى بەشى وێنەكێشانى پەیمانگاى هونەرەجوانەكانى سلێمانى یە لەساڵى (1998) دا سكرتێرى (كۆمەڵەى كەلەپوورفۆلكلۆرى كورد) بوە .
هونەرمەندى جوانەمەرگ خاوەنى (18) پێشانگاى هاو بەشە لەگەڵ چەند هونەرمەندێكى ترداو هەروەها خاوەنى (5) پێشانگاى تایبەتە .
لەپێشانگایەكى تایەبتى خۆیدا لەشارى دەربەندیخان چەندین فیگەرى (گۆچانى مێ ینە) ى نمایشكردبو كە گوزارشتى لە مانایەكى ترى گوچان دەكرد وەك هێمایەك بۆهەستانەوەى ئافرەت لەبەرامبەر ئەو توندو تیژیەى كەلەلایەن پیاوەگوچان بەدەستەكانەوە بەرامبەریان دەكرا .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە