کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قائیمقامى هەڵەبجە لە بانگەشەكردن بۆ لیستى كوردستانییەوە بۆ دزى كردن لە هەڵەبجەییەكان

Saturday, 26/09/2009, 12:00


ڕاپۆرتى شیكارى/ ناسیح عەبدولرەحیم

لە هەڵەبجە ئەڵقەى یەكەمى زنجیرەى گەندەڵى كرایەوە
تۆڕە جاڵجاڵۆكەییەكەى گەندەڵیى لەهەڵەبجە چەند بەرپرسی ترى تێوەگلاوە؟

مامۆستا شاهۆ: فوئاد ساڵح پیاوێكى باشە، بەڵام قائیمقامێكى باش نابێت

قائیمقامى هەڵەبجە: ببمە تیرۆرست نابمە گۆڕان


سەرەتا
هەڵەبجە لە ساڵانى كۆتایى سەدەى نۆزدەهەمدا بەتایبەتى لەساڵى 1883 لەلایەن دەوڵەتى عوسمانى ئەو كاتەوە كراوەتە قەزا، لەماوەى (126) ساڵەى بەقەزا بوونى ئەم شارەدا نزیكەى (50) قائیمقامى لەسەردەمە جیاجیاكانەوە بەخۆیەوە دیوە، ساڵەكانى(74 و 75)یش بەهۆى شۆڕشەوە ئەم شارە بێ قائیمقام بووە، لەسەردەمى بنەماڵەى بەگزادەكانى جاف هەڵەبجە دەبێتە قەزاو بۆ یەكەمجار(مەحمود پاشا) دەبێتە قائیمقامى ئەم شارە، پاش ئەویش (وەسمان پاشاى جاف) و دواتر هەر یەكە لە (تایەر بەگى جاف)ى شاعیرو دواى ئەویش (ئەحمەد موختار جاف)ى شاعیر دەبێتە قائیمقام و بەدواى ئەماندا هەر چەند ساڵێك كەسێك بووەتە قائیمقامى ئەم شارە، ئەوەى لەم ڕاپۆرتە شیكارییەدا دەمانەوێت لەبارەیەوە بدوێین دواهەمین قائیمقامى ئەم شارەیە كە پاش(4)ساڵ لە دەست بەكاربوونى جیاواز لە قائیمقامەكانی تر پۆستەكەى بەجێدەهێڵێت و هەڵدێت!.

ململانێى نێوان بەرپرسەكانى یەكێتى لەسەر پۆستى قائیمقامێتى هەڵەبجە
لە كابینەى یەكەمى حكومەتى هەرێمى كوردستاندا بەپێى ڕێكەوتنەكەى نێوان یەكێتى و پارتى بۆ دابەشكردنى پۆستەكان بە (پەنجا بە پەنجا) بۆ هەریەكەیان پۆستى قائیمقامى هەڵەبجە درا بە پارتى دیموكراتى كوردستان، (ئەكرەم حەمەعەلى) كرا بە قائیمقامى قەزاى هەڵەبجە و لەو پۆستەدا مایەوە تا لە شەڕى ناوخۆدا كوژرا، پاشان هەر لەلایەن پارتیەوە (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) كرایە قائیمقام، پاش(31)ى ئاب و نەمانى هێزەكانى پارتى لە سنورى هەڵەبجەى شەهید، بزووتنەوەى ئیسلامى لە هەڵەبجەدا پۆستى قائیمقامیەتى ئەو شارەى گرتە دەست، پێش پرۆسەى ئازادكردنى عێراق و هاتنى هێزەكانى ئەمەریكا، سنورى هەڵەبجە و هەورامان و شارەزور لە ژێر دەسەڵاتى بزووتنەوەى ئیسلامیدا بوو، لە ڕێكەوتنى (تاران)ى نێوان یەكێتى نیشتمانى و بزووتنەوەى ئیسلامیدا لەساڵى (1997) پۆستى قائیمقامى هەڵەبجە درا بە بزووتنەوەى ئیسلامى و مامۆستا (جەمیل عەبدولرەحمان) كە كەسایەتیەكى دیارى سنورەكە بوو لە هەمانكاتدا بەرپرسێكى بزووتنەوەى ئیسلامیش بوو كرا بە قائیمقامى هەڵەبجەى شەهید، تا ساڵى (2006)،
دواى نەمانى دەسەڵاتى ئیسلامیەكان لە سنورەكەدا تاوەكو ساڵى(2006) مامۆستا (جەمیل عەبدولرەحمان) وەك قائیمقامى هەڵەبجە لە پۆستەكەیدا مایەوە، ئەوەش لە ئەنجامى ئەوەى كە بەرپرسە باڵاكانى یەكێتى لە سنورەكەدا لە نێوان خۆیاندا ناكۆك بوون و نەدەتوانرا بەئاسانى كەسێكى سەر بە یەكێتى بكرێتە قائیمقامی هەڵەبجە، لەبەر بوونى ململانیەكى توند لە نێوان بەرپرسە باڵاكانى یەكێتى لەو سنورەدا، لەبەر ئەوەى بۆ یەكەمین جار بوو لەمێژووى ئەو شارەدا پۆستى قائیمقامیەتى هەڵەبجە بدرێتە دەستى یەكێتى، وەرگرتنى ئەو پۆستەش بۆ یەكەمین جار لەلایەن یەكێتیەوە زیاتر سووربوونى بەرپرسە باڵاكانى یەكێتى لە سنورەكە توندتر دەكردەوە، چونكە بەهۆى لاوازى پێگەى یەكێتى لەناوچەكەدا بەرپرسە باڵاكانى یەكێتى لە هەڵەبجە نەیانتوانی بوو بنكەى جەماوەرى خۆیان لە سنورەكەدا قایم بكەن، بۆیە هەر لایەكیان هەوڵى ئەوەى دەدا لە ڕێگەى وەرگرتنى ئەو پۆستەوە بۆ كەسێكى نزیكى خۆیان یان گوێڕایەڵى خۆى یان سەر بە كوتلەكەى خۆى بێت تا بتوانێت لەو ڕێگەیەوە بنكەى جەماوەرى خۆى فراوانتر بكات و پێگەى بەهێزتر بێت لە چاو بەرپرسەكانی تردا، ئەمەش بەهۆى بەكارهێنانى ئەو پۆستە و تەحەكومكردنى ئەو پۆستە لەلایەن ئەو بەرپرسانەوە كە پشتگیرى بوونە قائیمقامى ئەو كەسە دەكەن.

چۆنیەتى دەستبەكاربوونى قائیمقامەكەى هەڵەبجە
چەند مانگێك پێش خۆپیشاندانەكەى(16/3/2006)ى گەنجان و خەڵكى هەڵەبجەى شەهید، (فوئاد ساڵح ڕەزا) كە پێشتر مودیر ناحیەى خۆرماڵ بوو بە پشتگیرى چەند بەرپرسێكى باڵاى یەكێتى لەوانە (كۆسرەت ڕەسوڵ عەلى) و (عومەر فەتاح) ئەندامى مەكتەبى سیاسى یەكێتى و مامۆستا (شاهۆ) نوێنەرى حكومەتى هەرێم و چەند بەرپرسێكی ترى پلە بەرزى یەكێتى لە سنورەكە كرا بە قائیمقامى هەڵەبجەى شەهید، لەگەڵ دەستنیشانكردنى (فوئاد ساڵح ڕەزا) بە قائیمقام دەنگى ناڕەزایى لە نێو بەرپرسە حیزبیە پلەبەرزەكانى سنورى هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور بەرزبوویەوە و هەریەكە لە (حەمەى حەمەسەعید) بەرپرسى مەڵبەندى یەكێتى و (حەمەى فەرەج) نوێنەرى (مام جەلال) لە ناوچەكە بە ئاشكرا دژایەتى خۆیان بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە لەلایەن (فوئاد ساڵح)ەوە دەربڕى تا ئەو ڕادەیەى بۆ ماوەى (یەك) مانگ نەیتوانى دەوامى ئاسایى خۆى بكات، لەبەر ئەوە كێشەو گرفتیان بۆ دروست دەكرد، دواتریش مامۆستا (شاهۆ) نوێنەرى حكومەتى هەرێم لە چاو پێكەوتنێكدا سەبارەت بە (فوئاد ساڵح) دەڵێ: (فوئاد ساڵح پیاوێكى باشە، بەڵام قائیمقامێكى باش نابێت)، لە كۆبوونەوە جەماوەریەكەى خەڵكى هەڵەبجەى شەهید لەگەڵ عیماد ئەحمەد سێ ڕۆژ دواى سوتاندنى یادگارى هەڵەبجە لە هۆڵى (ئەحەمەد موختار) بەبەرچاوى تەواوى ئامادەبووانەوە (حەمەى حەمەسەعید) لەگەڵ (فوئاد ساڵح رەزا)ى تازە قائیمقامى هەڵەبجە بوو بە دەمەقاڵەیان هەتا گەشتە ئەو ڕادەیەى (عیماد ئەحمەد) تەداخول بكات و هەردولایان بێدەنگ بكات، (حەمەى فەرەج) نوێنەرى (مام جەلال) ئەگەر چى بەئاشكرا هیچ لێدوانێكى دژ بە قائیمقام دەرنەدەبڕى، بەڵام بە بێ ئاگادارى بەرپرسى وەحدەى ئیدارى دەستى لە پرۆژەكانى هەڵەبجە وەردەدا، هەریەك لەم سێ بەرپرسەى یەكێتى لە سنورەكە دەیویست كەسێكى نزیك و گوێڕایەڵ بەفەرمانەكانى بكاتە قائیمقامى هەڵەبجە بۆ ئەوەى تەواوى داواكاریەكانى بۆ جێبەجێ بكات و نەتوانێت داواكاریەكانى ڕەد بكاتەوە، كەسێك كە كاتى خۆى لەناو مەڵبەنددا بووە و ئێستا سەر بەلیستى گۆڕانە باسى ئەوەى كرد كە دژایەتى بەرپرسى مەڵبەند بۆ ئەوە نەبووە كە (فوئاد ساڵح) كەسێكى خراپە، نەخێر ئەوان هەرگیز لەسەر خراپبوونى كەسێتى (فوئاد) دژایەتیان نەكردووە، بەڵكو لەسەر ئەوە دژایەتیان دەكرد كە (فوئاد) سەر بە هێڵەكەى ئەوان نەبوو لە نێو خەتى گشتیدا و هەرلایەك حەزى دەكرد كەسێكى تابیع بە خۆى و هێڵەكەى خۆى بكرێت بە قائیمقام، بۆ ئەوەى بەقسەى بكات و داواكاریە تایبەتیەكانى بۆ جێبەجێ بكات، ئەوەى كە مەڵبەند دژى هێنانى (فوئاد ساڵح) بوون لەبەر ئەوەى مامۆستا (شاهۆ) هێنابووى و مەڵبەندیش لەگەڵ مامۆستا (شاهۆ)دا ناكۆك بوون.

خۆپیشاندانەكەى خەڵكى هەڵەبجە لەبەرژەوەندى قائیمقام تەواو بوو
لەبەر ئەوەى تەنها چەند مانگێك بەسەر وەرگرتنى پۆستەكەیدا تێپەڕی بوو فوئاد ساڵحى قائیمقام لەسەر كەموكورتیەكانى هەڵەبجە هیچ لێپرسینەوەیەكى لەگەڵدا نەكرا لەپاش تاوتوێكردنى مەسەلەكە و وەرگرتنى ڕەئى خەڵك و بەرپرسانى ناوخۆى یەكێتى هەست بەوەكرا لە هەڵەبجە فرە كوێخایەتى هەیەو بوەتە گرفت لەبەردەم ئیش و كارەكانى حكومەت لەناوچەكە، خوپیشاندانەكەى گەنجانى هەڵەبجە لە 16ى 3 ئۆباڵەكەى هەموو خرایە ئەستۆى هەریەكە لە حەمەى حەمەسەعیدى بەرپرسى مەڵبەند و مامۆستا شاهۆ نوێنەرى حكومەتى هەرێم و حەمەى فەرەج نوێنەرى مام جەلال لە سنورەكە، سزاى ئەو سێ بەرپرسەش لەلایەن یەكێتیەوە ئەوەبوو كە مامۆستا شاهۆ نوێنەرى حكومەت و حەمەى فەرەج نوێنەرى مام جەلال لەسنورەكە دوربخرێنەوە ڕیگریان لێكردن و پێیان ڕاگەیاندن كە بەهیچ شێوەیەك نابێـت دەست لەكاروبارى ئیدارى هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور وەربدەن، ئەوەى كە مایەوە لەبەردەم قائیمقامدا حەمەى حەمەسەعیدى بەرپرسى مەڵبەند بوو ئەگەرچى بە بەرپرسى مەڵبەند ڕاگەیەنرابوو كە دەست لەكاروبارى ئیدارى حكومەت وەرنەدات بەڵام بە پێى ئەو سیستمە حیزبۆكراتیەى كە یەكێتى پەیڕەوى دەكرد كە خۆى لەوەدا دەبینیەوە كە یەكە ئیداریەكانى هەرسنورێك دەبێت لە ژێر چاودێرى مەڵبەندەكاندابن و هەربڕیارو ڕاسپاردەیەك سەبارەت بەهەر پرۆژەو كارێكى حكومى كە یەكە ئیداریەكان جێبەجێى بكەن پێویستە پێشتر مەڵبەندەكانى یەكێتى لێ ئاگادار بكرێنە و ڕەزامەندى ئەوانشى لەسەر وەربگیرێت، هەر بەم پێیەش نەتوانرا دەستى مەڵبەند لە یەكە ئیداریەكانى سنورەكە ببڕدرێت بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا مەڵبەندى یەكێتى لە هەڵەبجە ئاگادار كرایەوە كە بۆى نیە كێشەو گرفت لە كاروبارەكانى ئیدارەى شارەكەدا دروست بكات.
فوئاد ساڵحى قائیمقامیش بە پشت ئەستوریى عومەر فەتاح و چەند بەرپرسێكی تر بەهیچ شێوەیەك ئامادە نەبوو بچێتە ژێر ڕكێفى مەڵبەندو تەسلیمیان ببێت، بۆیە دەبینین بەدرێژایى كاركردنى لەو سنورە هەمیشە لەگەڵ مەڵبەند ناكۆك بووە چونكە لەكاتى وەرگرتنى ئەو پۆستەدا مەڵبەندو بەرپرسى مەڵبەند دژایەتیەكى زۆریان كرد.

پرۆژەكەى مەسعود بارزانى بۆ هەڵەبجە لە نێوان قائیمقام و مەڵبەندى یەكێتیدا
پاش خۆپیشاندانەكەى خەڵكى هەڵەبجە مەسعود بارزانى سەردانى هەڵەبجەى شەهیدى كرد، كاتێك ئەو شارەى بینى بە كاولى و وێرانى، بەڵێنیدا كە بڕى 14 ملیۆن دۆلار ببەخشێتە هەڵەبجە، لە قەلاچۆلان و لە شوێنەكەى تاڵەبانیدا بە خەڵكى هەڵەبجەى وت :(بەڵێنتان پێدەدەم لەماوەى تەنها شەش مانگدا تەواوى پێداویستیە سەرەتاییەكانى ئاو و كارەباو جادەو شەقام و پاركتان بۆ دابین بكەم)، ئەم لێدوانەى بارزانى لەو شوێنەدا یەكێتیەكانى زۆر نیگەران كرد هەتا ئەو ڕادەیەى وەك تەحەدا كردنێك لێكیان دایەوە و پێیان وابوو ئەو قسەیەى مەسعود بارزانى ماناى ئەوەیە كە شارى هەڵەبجەى شەهید هیچ خزمەتگوزاریەكى لە لایەن یەكێتیەوە پێشكەش نەكراوە، بۆیە خەڵكى ئەو شارە خۆپیشاندانیان كرد، یەكێتى لە تۆڵەى ئەو قسەیەدا بەرنامەى شكست پێهێنانى پرۆژەكەى بارزانى لەهەڵەبجەى شەهید داڕشت و بەرنامەكەشى سەرى گرت و هەتا نوسینى ئەم ڕاپۆرتە پرۆژەكەى مەسعود بارزانى و ئەو بڕە پارەیەى بۆ هەڵەبجەى تەرخان كردبوو سەرف نەكراوە بەتەواوى.
لە ئەنجامى هاوكارى فوئاد ساڵحى قائیمقام بۆ پرۆژەكەى مەسعود بارزانى و ئامادە نەبوونى بۆ بەشدارى كردنى ئەو پلانەى كە لەلایەن یەكێتیەوە دانرابوو بۆ شكست پێهێنانى پرۆژەكەى مەسعود بارزانى ئیتر لەو ڕۆژە بەدواوە مەڵبەند زۆر بە ئاشكرا خۆى یەكلایى كردەوە بۆ دژایەتیكردنى قائیمقام، بەپێى لێدوانێكى حەمەى حەمەسەعید مەڵبەندى یەكێتى بەدرێژایى ئەو چەند ساڵە چەندین ڕاپۆرتیان لەدژى بەرزكردووەتەوە بۆ سەروى خۆیان بەڵام لەبەر ئەوەى قائیمقام پشتگیرى كەسانێكى وەكو عومەر فەتاح و مامۆستا شاهۆى هەبووە و لەهەمانكاتدا بەهۆى هاوكارى كردنى قائیمقامى هەڵەبجە بۆ سەرخستنى پرۆژەكەى مەسعود بارزانى لەهەڵەبجەى شەهید پشتگیرى پارتیشى بۆ خۆى مسۆگەر كرد و نەدەتوانرا هیچى بەرامبەر بكرێت.

لە هەڵەبجەى شەهید ئەڵقەى یەكەمى زنجیرەى گەندەڵى كرایەوە
هەواڵ و دەنگۆى دەستگیر كردنى قائیمقامى هەڵەبجە بروسك ئاسا لەناو شارى هەڵەبجەى شەهید بڵاو بوویەوە، خەڵكى هەڵەبجە زۆر بەخۆشحاڵیەوە پێشوازیان لەو دەنگۆیە كرد و دەماودەم لەكەمترین ماوەدا پێش ئەوەى هیچ دەزگایەكى ڕاگەیاندن هەواڵەكە بڵاو بكاتەوە تەواوى خەڵكى هەڵەبجە هەواڵەكەیان پێگەشت، هەواڵى تێوەگلانى قائیمقامى هەڵەبجە و فەرمانى دەستگیر كردنى ئومێدێكى لاى خەڵكى هەڵەبجە دروست كرد كە ببێتە سەرەتایەك بۆ كرانەوەى سەرجەم ئەڵقە لەیەك بەستوەكانى تۆڕى گەندەڵیى لە هەڵەبجەى شەهید ئەمەش لەو بڕوایەوەیە كە هەتا ئەم ساتەوەختە هیچ بەرپرسێكى هەڵەبجە لەسەر بردنى سەروەت و سامانى خەڵكى هەڵەبجە لێپرسینەوەى لەگەڵدا نەكراوە خەڵكى ئەمەشیان بۆ بوونى ئەو پەیوەندیە پتەوە دەگێڕایەوە كە بەرپرسانى ئیدارى و حیزبى ئەم شارە لە نێوانیاندا هەیە و هەتا ئێستا بوونەتە ئەمین سڕى گەندەڵیەكانى یەكتر و هیچ كامیان ئامادەنین گەندەڵیەكانى ئەویتریان ئاشكرا بكەن، ئەوەش لە پێناوى ئاشكرا نەكردنى گەندەڵیەكانى ناو دائیرەكەى خۆى.

تۆڕە جاڵجاڵۆكەییەكەى گەندەڵیى لەهەڵەبجە چەند بەرپرسی ترى تێوەگلاوە؟
كاتێك گەندەڵى لە وڵاتێكدا دەبێتە سیستم و كار لەسەر بەگەندەڵكردنى تەواوى كەس و كایە ئیدارى و سیاسەكانى وڵات دەكرێت ئیتر زۆر بە ئاسانى دەتوانى ماسكەكانى گەندەڵى دەستنیشان بكەیت و پیشانیان بدەیت، بەڵام ئەوەى كێشەیە لەم جۆرە وڵاتانە گرانى چارەسەر كردنەكەیە نەك دەستنیشانكردنى گەندەڵیەكە، حكومەتى هەرێمى كوردستان لەسەر زارى نێچیر بارزانى ئەوەى ڕاگەیاند كە بەنیازن كۆمپانیایەك بهێنن بۆ ئەوەى هۆكارەكانى گەندەڵى ئیداریان بۆ دەستنیشان بكات، بەڵام سەرۆكى حكومەت لێرەدا دەوەستێت و باس لە هەنگاوى دواترى ناكات كە چارەسەر كردنە، چونكە ئەوەى كێشەى وڵاتى ئێمە بێت دەستنیشانكردنى گەندەڵى نییە چونكە لە خودا بەزیاد بێت بەشى ئەوەمان ماوە كە بتوانین هۆكارى برینەكانى خۆمان تێبگەین و بشزانین چۆن چارەسەر دەكرێت، بەڵام ڕۆحیەت و ئەخلاقیەتى چارەسەر كردنەكەیمان پێویستە.
ئێستا قسەو باس و حیكایەتى ڕۆژانەى نێو خەڵكى هەڵەبجە لە هەموو شت زیاتر هەڵهاتنى قائیمقامى هەڵەبجەیە، خەڵكى ئەو شارە ئەوەى پێوەى خەریكن لەم ماوەیەدا وێرد و تەسبیحاتى مانگى ڕەمەزان نییە بەڵكو قسەو باسە لەسەر قائیمقامى هەڵەبجە سەبارەت بەهەوڵدان بۆ دەستگیركردنى و هەڵهاتنى و ئەو دزو گەندەڵیانەى كە پێى تۆمەتبار كراوە و لەلایەن دادگاوە فەرمانى دەستگیر كردنى بۆ دەرچووە، بە پێى زانیارییە دەستكەوتوەكان قائیمقامى هەڵەبجە تێوەگلاوە لە بردنى زیاتر لە 150 ملیۆن دینار لە بوجەى2008 تایبەت بە وشكە ساڵى لەگەڵ تەزویر كردنى ئیمزاى چەند بەرپرسێكى تر و خواردنى موكافەئەى چەندین كارمەندى دائیرەكەى خۆى، كارمەندێكى قائیمقامیەت گووتى: ئێمەیان بانگ كرد بۆ سلێمانى و پێیان ڕاگەیاندین كەوا بەناوى ئەوانەوە چەندین جار موكافەئە وەرگیراوە و ئیمزاى ئێوەى پێوەیە ئایا ئێوە ئاگادارى ئەوەن؟ ئێمەش لە وەڵامدا پێمان گووتن: كە هیچ جۆرە مكافەئەیەكمان وەرنەگرتووە و ئێمەش ئەو ئیمزایانەمان نەكردووە، لەسەر داواى دەزگاى چاودێرى دارایى لەڕۆژى 27ى 8 فەرمانى دەستگیركردنى قائیمقامى هەڵەبجە دەركرا و تۆمەتباركراوە و بە پێى (ماددەى 316 تایبەت بە تەزویرات و ماددەى 289 تایبەت بە ئیختیلاس) لە یاساى سزادانى عێراقى فەرمانى دەستگیركردنى بۆ دەرچووە، بەڵام هەتاوەكو ئێستا دەستگیر نەكراوە بەهۆى ئەوەى پێش ئەوەى هێزە ئەمنیەكان بگەنە شوێنەكە قائیمقام هەڵهاتووە.
ئەوەى قسەو باسى لێوە دەكرێت و بەدوداچوونى بۆ كراوە بڕى بودجەى وشكە ساڵى تەرخانكراوە بۆ سنورى ئیدارەى قەزاى هەڵەبجەى شەهید، لەسەر ئاستى قەزاش بۆ سەرف كردنى ئەو بودجەیە هەریەكە لە قائیمقام و مودیر ناحیەكانى بیارەو خورماڵ و سیروان و نوێنەرانى دائیرەكانى كشتوكاڵ و ئاوو تەندروستى و پەروەردە و شارەوانى و ئاوەدانكردنەوە لەسەر ئاستى لیژنەى باڵاى ڕووبەڕوو بوونەوەى وشكە ساڵى تیایدا بەشدارن، پرسیارەكە ئەوەیە كە ئایا تەنها قائیمقامى هەڵەبجە لەم مەسەلەیەدا تێوەگلاوە؟ ئەگەر كەسانێكی تر و بەرپرسانی تر لەم كارەدا تێوەنەگلاون بۆچى ئیمزاى كۆتایى كۆنووسەكەیان كردووە لەسەر ئاستى لیژنەى باڵاى وشكە ساڵى؟ ئەگەر ئاگادارى نین و بەناوى دائیرەكانى ئەوانەوە پرۆژەى وەهمى كراوە ئایا ئامادەن بڕۆنە دادگا داواى مافى پێشێلكراوى خۆیان بكەن؟ هەروەك سەرچاوەیەك لە دائیرەى ئاو بە پرێس ى راگەیاند كەوا لە سلێمانى لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە و پێیان ڕاگەیاندراوە كە بەناوى ئەوانەوە كۆمەڵێك پرۆژە كراون كە لە واقیعدا بوونیان نییەو وەهمین، ئایا وردبوونەوە لەم دۆسییەدا نامانگەیەننە سەر دەیان پرۆژەى ناتەواو و شكستخواردو كە هەریەكە لە لیژنەى دائیرەكانى وەك شارەوانى و كشتوكاڵ و ئاو پێى هەستاون؟ ئایا تەنها دەبێت لێپرسینەوە لەسەر پرۆژە وەهمیەكان بكرێت یان پێویستە لێپرسینەوەش لەو كەسانە بكرێت كەپرۆژەكانیان بەباشى جێبەجێ نەكردووە؟
لەبەر ئەوەى ئاراستەى تیرەكەى مەڵبەند ڕوو لە قائیمقامە و مەبەست لەم مەسەلەیەدا تەنها خودى قائیمقامە نەك بنەبڕ كردنى گەندەڵى و گێرانەوەى حەق و مافى زەوتكراوى خەڵكى هەڵەبجە بۆیە پێناچێت لەم سەروەختەدا تەواوى تۆڕى گەندەڵى هەڵەبجەى شەهید كەشف بكرێت، بەڵام ئەگەر قائیمقام بەتەنها ببرێتەبەردەم دادگا ئەوا لەزمانى ئەویشەوە چەندین گەندەڵى بەرپرسانی تر ئاشكرا دەبن، بۆیە ئەگەر لەڕووكەشى مەسەلەكەوە بەرەو قوڵایی كێشەكە بڕۆین پێدەچێت قائیمقامى هەڵەبجە لەبەردەم دادوەردا چەندین ئەڵقەى تر لە زنجیرەى دوورو درێژى گەندەڵى لە هەڵەبجەى شەهید كەشف بكات.

قائیمقام نێچیرە چەورەكەى مەڵبەند
لەساڵى ڕابردوودا لەكاتى هاتنى پارێزگارى سلێمانى بۆ هەڵەبجەى شەهید لەكۆبوونەوەیەكى جەماوەریدا ڕەخنەو گلییەكى زۆر لەلایەن خەڵكەوە ڕووبەڕووى قائیمقامى هەڵەبجە كرایەوە بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا حەمەى حەمەسەعیدى بەرپرسى مەڵبەند لەبەردەم ئامادەبواندا گوتى:(قائیمقام كەسێكى باشە و ئەندامێكى دڵسۆزى یەكێتیە و قبوڵ ناكەین هیچ كەسێك بەو شێوەیە هێرشى بكاتە سەر)، بەڵام تەنها یەك ساڵ لەدواى ئەو قسەیە بەمەبەستى بەدواداچوون لەسەر تێوەگلانى قائیمقام لە تەزویرات و ئیختیلاس هەر هەمان بەرپرس بە پێچەوانەى قسەكانى پاریەوە لێدوان دەدات، ئێستا لیژنەیەك لەسەر كارەكانى قائیمقام پێك هێنراوە تاوەكو وردەكارى و تێبینى لەسەر هەموو پرۆژەكان كۆبكاتەوە بەپێى سەرچاوەیەكى ئاگادار لەو لیژنەیە ئەوەی سەرپەرشتى كارى ئەو لیژنەیە دەكات و دەیجوڵێنێت حەمەى حەمەسەعیدى بەرپرسى مەڵبەندى یەكێتییە كە ململانێیەكى توندى چەند ساڵەیان لە نێواندا هەیە، بۆیە دەبینین ئەوەى دوێنێ گیریان بەدەستیەوە خواردبوو ئەمڕۆ وەك نێچیرێكى بێ پەڕو باڵ و چەور لەنێو ددانەكانیاندا جیڕەى دێت و خەونى لە مێژینەى مەڵبەند كە گیرۆدەبوونى قائیمقام و بینینى بووە بە زەلیلى بۆیە ئەوەى لەم ڕۆژانەدا ڕوویدا لەهەمووكەس زیاتر مەڵبەندى خۆشحاڵكرد.

دواى ئاشكرا بوونى، قائیمقامى هەڵەبجە هانا بۆ بەرپرسى مەڵبەند دەبات
بەپێى قسەو لێدوانێكى بەرپرسى مەڵبەند لەكاتى كەشف بوونى گەندەڵەیەكانیدا قائیمقامى هەڵەبجە بە تەلەفون پەیوەندى دەكات بە بەرپرسى مەڵبەندى 28ى یەكێتیەوە و داواى هاوكاریكردنى لێدەكات، ئەوەى ئێستا مایەى تێڕامانە چى واى لە قائیمقام كردووە لەو كاتە ناسكەدا پەنا بۆ حەمەى حەمە سەعیدى بەرپرسى مەڵبەند ببات، لەكاتێكدا بەدرێژایى 4 ساڵ ئەم دوو كەسە لە دژایەتى یەكیتریدا درێخیان نەكردووە، ئایا ئەمە ماناى ئەوە نییە كە ئەم دوو بەرپرسە لە ژێرەوە ئاگادارى ئیش و كارەكانى یەكترن؟ قائیمقام لەیەكەم ساتەوە تێگەشتووە كەسەرەداوى تەڵەكە لەدەستى بەرپرسى مەڵبەندایە بۆیە یەكەم كەس پەناى بۆ دەبات بەرپرسى مەڵبەندى یەكێتیە.
لە ئاسایشى شارەزوورەوە

هاوكارى هەڵهاتنى قائیمقام دەكرێت
ڕۆژى 27ى مانگ سەعات 10ى بەیانى فەرمانى دەستگیر كردنى قائیمقامى هەڵەبجە لەلایەن دادوەرى لێكۆڵینەوەى هەڵەبجەوە دەردەچێت، ئاسایشى شارەزوور ڕادەسپێردرێت بە دەستگیركردنى قائیمقام، بەڵام ئاسایشى شارەزوور سەعات دووى پاش نیوەڕۆ فەرمان دەدات و بازگەكان ئاگادار دەكاتەوە لەوەى كە ڕێگەى تێپەڕبوونى قائیمقامى هەڵەبجە نەدەن چونكە فەرمانى دەستگیر كردنى بۆ دەرچووە، ئەمە لەكاتێكدا هەتا سەعات 11ى پێشنیوەڕۆ قائیمقام لە دەوامى ئاسایى خۆیدا بووە، درەنگ ئاگاداركردنەوەى بازگەكان و سستى نواندن لە دەستگیر كردنى قائیمقامى هەڵەبجەدا دەمانخاتە گومانەوە كەئایا بەڕاست ئاسایشى شارەزوور نەیتوانى یان نەیویست قائیمقام دەستگیر بكات؟ كێن ئەوانەى ڕیخۆشكەریان بۆ هەڵهاتنى قائیمقام كرد؟ ئایا ئەوانەى نەیانتوانى قائیمقام بەخۆى و سەیارەو حیمایە بەو ئاشكراییەى شوێنى كارو ماڵەكەى دەستگیر بكەن، چۆن ئیدیعاى پاراستنى سەرو گیانى هاوڵاتیانى ئەم شارە دەكەن ؟چۆن دڵنیابین لێیان كە سبەى بتوانن تیرۆرستێكمان بۆ دەستگیر بكەن؟ ئەمانە كۆمەڵە پرسیارێكن دەمانبەنەوە سەر ئەو گومانەى كە لەوانەیە بیانەوێت لەبەرامبەر ناوزڕاندنیدا دۆسیەكەى دابخرێت و نەبێتە هۆى ئەوەى كەبەهۆى قائیمقامەوە كۆمەڵێك بەرپرسی ترى ئەم شارە ڕاپێچى بەردەم دادگا بكرێن، بۆیە ئەوەى ئێستا خەڵكى هەڵەبجە چاوەڕوانیەتى بینینى خودى قائیمقام و ژمێریارەكەى و هەموو ئەوانەى دەستیان هەیە لە دزین و بردنى پارەو سەروەت و سامانى خەڵكى هەڵەبجە لەبەردەم دادگادا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا قائیمقام دەبرێتە بەردەم دادگا یان لەبەرامبەر ناوزڕاندنى خۆى و كردنە ماڵى بەسەر لیستى گۆڕان و جێهێشتنى پۆستەكەى بۆ مەڵبەند لە هەموو دزى و گەندەڵیەكانى خۆش دەبن؟

هەوڵەكانى مەڵبەند بەردەوامە بۆ دەستكەوتنى پۆستى قائیمقامییەتى هەڵەبجە
پاش ئەوەى فوئاد ساڵح ڕەزا قائیمقامى هەڵەبجە دەستى لە پۆستەكە بوویەوە مەڵبەندى 28ى یەكێتى مەشغوڵى ئەوەن كە ئەمجارەیان بەهەموو هێز و تواناى خۆیان بجەنگن تاوەكو پۆستى قائیمقامیەت بخەنەوە ژێر دەستى خۆیان، بۆ ئەو مەبەستەش مەڵەبەندى 28ى یەكێتى كۆبوونەوەیەكى كردووە و لە كۆبوونەوەیەدا چەندین بیرو بۆچوون هەبوون سەبارەت بە كاندید كردنى كەسێك بۆ ئەو پۆستە، بە پێى زانیاریە دەستكەوتووەكان لەسەرچاوەیەكەوە هەریەكە لە عەلى عوسمان و مامۆستا عوسمان و وریاى حاجى فەرەج كاندیدن بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە و لەلایەن كارگێڕو ئەندام مەڵبەندەكانەوە پشتگیریان لێدەكرێت لەلایەكی ترەوە هەریەكە لە بەرپرسى مەڵبەندو حامى حاجى غالی سورن لەسەر گێڕانەوەى مامۆستا ئەركان لە قائیمقامیەتى سەید سادقەوە بۆ قائیمقامیەتى هەڵەبجە، بەڵام ئەندامانى مەڵبەندو كارگێرەكان دژى هێنانەوەى مامۆستا ئەركانن .

شەڕى هەڵبژاردنى پارێزگاكان دەستى پێكرد
"دەمەوێت تێبگەم ئەوە چى بوو ڕوویدا؟ یەكەمین لێدوانى سەرسوڕمانئامێزى تاڵەبانى بوو دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامە بەراییەكانى هەڵبژاردنەكەى 25ى 7ى ئەمساڵ، پاش ئەو شكستە گەورەیەى توشى یەكێتى هات، یەكێتى تا ئێستا نەهاتوەتەوە سەرخۆى و تا ئێستا نەیتوانیوە دەست بخاتە سەر ئەو برینە قوڵە و هۆكارەكانى ئەو شكستە گەورەیە لەناو خانە خوێى خۆیدا تووشى بوو، دەست نیشان بكات، لە دواهەمین كۆبوونەوەى سەركردایەتى و مەكتەب سیاسى یەكێتى بۆ تاوتوێكردنى ئەو شكستەى توشى یەكێتى بووە بە پێى شوێنى كاركردنى بەرپرسانى یەكێتى لە حیزب و لە حكومەتدا بە ئاشكرا هەست بەوە دەكرێت كە لە نێوان خۆیاندا بوونەتە دوو بەرە، كەسانێكیان پێیان وایە بەرپرسە یەكە ئیداریەكان هۆكارى ئەو شكستەن و كەسانێكی تریشیان پێیان وابووە كە مەڵبەندەكان و حیزب بەرپرسى ئەو شكستەن، لەسەر ئاستى پلەبەندى لێپرسراویەتى هەندێكیان دانیان ناوە بەوەدا كە مەكتەب سیاسى و سەركردایەتى بەرپرسن لەو شكستە و هەندێكی دیكەشیان پێیان وایە نەخێر ئەندامانى خوارەوە یەكێتى و ڕێكخستنەكان و مەڵبەندەكان نەیانتوانیوە بە ئەرك و كارى خۆیان هەستن، پرسایرەكە ئەوەیە ئایا كێن ئەوانەى دەبنە خۆڵەمێشى ئەم شەڕەى نێوان بەرپرسە حیزبیەكان و بەرپرسە حكومیەكان؟
لەگەڵ ململانێ و شەڕە ناوخۆیەكانى یەكێتى لە نێوان مەڵبەندە حیزبیەكان لەلایەك و یەكە ئیداریەكان لەلاكەى ترەوە یەكێتى لە خۆ ئامادە كردندایە بۆ شەڕێكى سەختتر كە شەڕى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكانە، هەتا ئەو ڕادەیەى كە یەكێتى شەڕى نێوخۆیەكەى خۆشى تەنها لە پێناوى بردنەوەى شەڕى هەڵبژاردنى پارێزگاكانە، چونكە بە بڕواى چاودێران ئەگەر یەكێتى نەتوانێت لەشەڕى نێوان مەڵبەندو یەكە ئیداریەكاندا سەركەوتن بەدەست نەهێنێت ئەوا بەدڵنیایەوە ناتوانێت شەڕى هەڵبژاردنى پارێزگاكان بباتەوە، ئەوكاتە یەكێتى بە شكستێكى گەورەوە ماڵئاوایى لەگۆڕەپانى ململانیەكانى كوردستان دەكات و وەك ڕەقەمێكى بچووك لە هاوكێشەكەدا دەمێنێتەوە.

لیستى گۆڕان: قائیمقام هیچ جۆرە پەیوەندیەكى بە ئێمەوە نەبووە
لەبەر ئەوەى مونافەسەیەكى زۆر توند لە نێوان مەڵبەندو قائیمقامدا هەیە و لەهەمانكاتدا قائیمقامى هەڵەبجە پەیوەندیەكى توندوتۆڵى هەبووە لەگەڵ پارێزگارى سلێمانى، لەسەردانەكەى پارێزگارى سلێمانیش بۆ هەڵەبجە لەكاتى گلەییكردنى هاوڵاتیەكى هەڵەبجە لە قائیمقام، پارێزگارى سلێمانى زۆر بەتوندى بەگژى ئەو هاوڵاتیەى هەڵەبجەدا چویەوە و بەرگری لە قائیمقامى هەڵەبجە كرد، پارێزگارى سلێمانیش لەسەر باڵى ڕیفۆرم حسابە بەم پێیەش لەخەڵكى هەڵەبجە وایە كە قائیمقام سەر بە باڵى ڕیفۆرمە، كورتكردنەوەى هەموو گەندەڵیەكانى هەڵەبجە لە بردنى بودجەى وشكە ساڵیدا تەنها مەبەست لێى شەڕى شەخسى و كوتلەو كوتلەكاریە و پرۆڤەى شەڕى هەڵبژاردنى پارێزگاكانى هەرێمە كە بڕیارە لەماوەى داهاتوودا بكرێت، لەبەرامبەر ئەو ئاراستە كاركردنەى مەڵبەند و یەكێتى حسابكردنى قائیمقامى هەڵەبجە لەسەر لیستى گۆڕان، وەك وەڵامێك بۆ ئەو دەنگۆیانە بەرپرسێكى لیستى گۆڕان لە هەڵەبجەى شەهید لە لێدوانێكیاندا خەڵكى هەڵەبجە دڵنیا دەكەنەوە كە بە هیچ شێوەیەك فوئاد ساڵح ڕەزا هیچ پەیوەندیەكى لەگەڵ ئێمەدا نەبووە نەلە ڕابرودوو نە لەئێستا، بەپێى لێدوانى بەرپرسێكى باڵى ڕیفۆرم لە هەڵەبجەى شەهید فوئاد ساڵح ڕەزا هیچ جۆرە پەیوەندیەكى بە ئێمەوە نییە نە لەدوورەوە نەلە نزیكەوە، نەك تەنها ئەوە بەڵكو لەلای هەموومان ڕوونە كە لە هەڵمەتەكانى هەڵبژاردندا لەگەڵ بەرپرسى مەڵبەندى یەكێتى بانگەشەیان بۆ لیستى كوردستانى دەكرد و تێڕوانینیشى بەرامبەر بە لیستى گۆڕان نەك هەر ئاسایى نەبووە بەڵكو زۆر دوژمنكارانە بوەو لەقسەیەكیدا بەرامبەر بە ئێمە گوتویەتى: (ببمە تیرۆرست نابمە گۆڕان) كەسێك ئەوە قسەى بێت و ئەوە تێڕوانینى بێ لەسەر ئێمە ئیتر چۆن سەر بە ئێمەیە؟ لەكاتى هاتنى جەلال تاڵەبانى و مەسعود بارزانى بۆ هەڵەبجە بەمەبەستى بانگەشەى هەڵبژاردن فوئاد ساڵحى قائیمقام لە پێشى پێشەوەى ئەوانەوە بووە كە پێشوازیان كرد لە تاڵەبانى و بارزانى.

كاتى زیادكراوى یاریەكەى نێوان نەوشیروان مستەفا و مام جەلال دەستى پێكرد
ئەگەر ململانییەكانى نێوخۆى یەكێتى بەگشتى و نەوشیروان مستەفا و مام جەلال بەتایبەتى وەك یاری كۆتایى خولێكى تۆپى پێ سەیر بكەین دەبینیت تا ئێستا كە هەردوو گێمى یاسایی و كاتى یاسایى یاریەكە تەواو بووە ئیلا دەبێت یەكێكیان بیباتەوە و كاسەكە بەدەست بهێنێت، یەكێتى ئێستا وەك ئەو كاسەى لێهاتووە كە دوو تیم لە كۆتایى خولەكەدا كێبڕكێیەكى توندى لەسەر دەكەن هەر لایەكیان دەیەوێت یاریەكە بباتەوە و ببێتە خاوەنى كاسەكە، ئەگەر لە گێمى یەكەمى یاریەكە كە ئێمە بە هەڵبژاردنەكانى نێوخۆى یەكێتى لەساڵى 2006 دابنێین لە هەمانكاتدا هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى كوردستان لە 25ى7ى 2007 بە گێمى دووەمى یاریەكە دابنێین دەبینین لە گێمى یەكەمدا تاڵەبانى توانى بیباتەوە و بەسەر كەوتن و بێباكانە خۆى بۆ گێمى دووەمى یاریەكە ئامادە بكات نەوشیروان مستەفاش بەهێزو تواناو بەرنامەیەكى نوێیەوە هاتەوە نێو یاریەكە و توانى گێمى دووەمى یاریەكە لە تاڵەبانى بباتەوە و تووشى شكستێكى گەورەى بكات لە هەمانكاتدا شكستى گێمى یەكەمى خۆى پێ قەربوو بكاتەوە، ئەوەى ئێستا ماوەتەوە كاتى زیادكراوى یاریەكەیە كە هەریەكە لە تاڵەبانى و نەوشیروان یەكى بە گێمێكى براوە و گێمێكى دۆڕاوەوە پێدەنێنە كاتى زیادكراوى یاریەكە، ئێمە لێرەدا هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكانى هەرێمى كوردستان بەكاتى زیادكراوى یاریەكە دادەنێن و بردنەوەى سلێمانى لەم هەڵبژاردنەى ئەنجومەنى پارێزگاكان واتە بردنەوەى یاریەكە بەگشتى و بە پێچەوانەشەوە دۆڕاندنى سلێمانى واتە دۆڕاندنى یەكجارەكى یاریەكەو لەدەستدانى كاسەكە كە خودى یەكێتییە، بۆیە ئێستا كاتى زیادكراوى یاریەكە دەستى پێكردووە لە شاورى دەست پێكردنى یاریەكەوە تۆپ لە قاچى تاڵەبانیدا و لە دڵى یاریگاكەوە كەپارێزگارو ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانیە هێرش دەكات و دەیەوێت گۆڵى زیوینى خۆى بكات و بەسەركەوتوویى لەم خولەدا بێتەوە دەرو هەرچى تیمەكەى نەوشیروانە لە حاڵەتى بەرگریكردندان و هیچ دژە هێرشێكیان تا ئێستا ئەنجام نەداوە، پرسیاركە ئەوەیە ئایا كۆتایى یاریەكە كامیان وەك براوە و كامیان وەك دۆڕاو حساب دەكات .

ئەم ڕاپۆرتە لە ژمارە 6ى گۆڤارى (پرێس)بڵاوكراوەتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە