سەرۆك، هەرێم و ئیدارى سەربەخۆ!
Friday, 23/09/2011, 12:00
نازانم من خراپ بیر ئەكەمەوە یان هەر حەقیقەتە كە لەم هەرێمەى ئێمە هەموو شتەكان یان قەت نابن و روو نادەن یان لە پڕێكدا و بە سەر یەكەوە و بە تەقلیدى و بە خێراى هەڵئەڕێژرێن.
ماوەیەكى كەم بەسەر بڕیارى جەنابى سەرۆك بۆ بە ئیداركردنى (ڕانیە، هەڵەبجە و سۆران) تێنەپەڕیوە، یانى بە ڕاستى هێشتا دانیشتوانى ئەو ناوچانەش نازانن ئەم ڕەحمەتە! چییە و خێرو بێرەكەى چیە، وا سەرۆك بڕیارى بە ئیدارەكردنى (كۆیە) شى دەركرد و خەڵكى (چەمچەماڵ)یش كۆبوونەوە و داوایان كرد سەرۆك بڕیارى بە ئیدارە كردنى چەمچەماڵیش بدات، هیچ دوور نیە سبەینێ شوێنەكانیتریش داواى ئیدارەى سەربەخۆ بكەن و سەرۆكیش بڕیاریان بۆ بدا.
گرنگ نیە بە لامەوە باسى سود و زیانەكانى ئیدارەى سەربەخۆ بكەم چونكە ئیشى من نیە، قسە ئەوەیە بۆچى هەموو بە سەر یەكەوە.
هێندەى من بیرم بێ ماوەیەكى زۆرە هەڵەبجەى شەهید و ڕانیە داواى بە پارێزگاكردنى ناوچەكانیان ئەكەن، ئەوەش كە مافى خۆیانە و پێیان دەشێ یان نا، قسەیەكیترە، بەس بە كۆمەڵێك بیانوەوە ناكرێ. پێشتر هەر ئەم ناوچانە دەیان جار داواى زانكۆیان كرد، هەر بۆیان نەكردنەوە ... تا لە پڕێكدا بەسەر یەكەوە كۆمەڵێك زانكۆیان هەڵڕشت، كە هەر بە ناو زانكۆن، ئەگینا پڕ كێشە، بێ بینا، بێ مامۆستا، ...تاد.
كاتێ باسى بوونى بە پارێزگاكردنیش دەكرا بە تایبەت بۆ هەڵەبجە بە ئێستاشەوە كێشەى سیاسى و بەرزى ڕەقەمى ئۆپۆزسیۆن و بە تایبەت ئیسلامییەكان لەو ناوچەیە ئەبێتە كێشە و ستۆپ بە كیتاب و بڕیارەكان دەكرێت.
وەلێ ئێستا وا هەرێمەكەمان كە هەر سێ پارێزگایە ، پێنج ئیدارەى بۆ بڕیاردراوە، با ببینین و بزانین ئەرێ ئەم بڕیارە خێرى ئەبێ یان هەر تەقلیدە و سەرۆك خۆى شیرین ئەكات و لە بەرژەوەندى خۆى بڕیار ئەدات.
بە دووریشى نازانم وەك چۆن ئامێرى كارەبایى، كێشى قورس بێ لاى ئێمە نیشانەى باشییە! ئاواش زۆرى ژمارەكان بپێوین، كەواتە ماوەیەكیتر لە پڕێكدا هەرێمى كوردستان تەواو ئەگۆڕێت: شارەكان دەبنە پارێزگا، شارۆچكەكان دەبنە ئیدارە، ناحیەكان دەبنە قەزاو گوندەكان و كۆڵانەكانیش دەبنە ناحیە!
كە بە ڕاى شارەزایان یەكێك لە گەورەترین كێشەكانى هەرێمى كوردستان چۆڵبوونى گوندەكانە كە دەبێتە هۆى نەمانى بەروبومى خۆماڵى و كشتوكاڵ و باغدارى و ..تا یە كە ئێستا دەسكێك (كەرەوز) ئیستیراد ئەكەین، بە دڵنیاییەوە باجى ئەم بڕیارە خێرا و بە سەریەكەوانەش دەدەین.
بە حاڵەشەوە دەبێ چاوەڕێ بین ئیتر وەك چۆن ئەوەندە ئۆتۆمبێل هاتۆتە ئەم وڵاتەوە كە ژمارەى قوربانیەكانى هاتوچۆ لە ژمارەى كوژراوەكانى كیمیاباران و شەڕى ناوخۆ زیاتر بووە، ئاواش ڕۆژ بەڕۆژ كێشە ئەبارێ بە سەرماندا و میلەتیش گەورەترین زەرەرمەندى ئەم بڕیارانە دەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست