لە نێوان گۆڕان و یەکیەتی نیشتمانی کوردستان دا
Thursday, 11/04/2013, 12:00
ناو نیشانی ئەم نووسینە بابەتێک دەوروژێنێت کە ئایا زەروورەتی سەرهەڵدان و گەشەی خێرای گۆڕا ن لە ماوەیەکی کەم دا هۆکارەکەی لە کۆێوە سەرچاوەی گرتووە ، ئایا هۆی باڵاکردنی گۆڕان بە هۆی بلیمەتی و لێهاتوویی سیاسی ڕابەرەکەیانەوەیە یان هۆکاری دەرەکی و ناوەکی بوونە هۆی نەش و نمای گۆڕان؟
هەموومان باش ڕاپەڕینمان لە یادە و دەزانین کە وەرچەخانێکی مێژوویی زۆر گەورە بوو لە ناو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان دا ، کە ئەوە خەونی چهند ساڵەی ڕیزی ملیۆنی خەڵکی هەموو پارچەکانی کوردستان بوو . بەڵێ ئەوە بوو بەناوبانگ ترین ڕژێمی سەرکوت گەری ناسیونالیستی عەرەب کە ڕژێمەکەی سەدام بوو لە ناو خاکی کوردستان وەدەرنرا ، کۆتایی بە هێرش و لەشکرکێشیەکانی هێنرا ، ئەوەش کە بەهۆی سووپای ئەمریکی و هاوپەیمانەکانیەوە بەدی هات ، ئەگینا هەموو پلاتفۆرم و بەرنامەی سەرانی دەسەڵاتداری ئێستای کوردستان دەبوایە تەنها بەدوای گرتنی پایەگایەک یان ڕەبایەیەکی سەربازی یەوە بونایە ، ئەوانەی ئێستا حوکمیان بەدەستە ئەگەر چەند سەربازێکیان بەدیل بگرتایە دەیان کردە هەڵا گوایە سەرکەوتنێکی زۆر گەورەیان بۆ خەڵکی کوردستان بەدی هێناوە.
بە هەرحاڵ ئەمە بابەتێکی ترە . ئەسڵی بابەت لەدوای ڕاپەڕینەوە دەست پێدەکات ، کە سەرجەم حیزب و هێزەناسیونالیستەکانی ناو خەڵکی کوردستان هەریەکە لە لای خۆیەوە دەستی کردە تاڵان و بڕۆی ئەو دەستکەوتە گەورەیەی پاش حیزبی بەعس کە بە میراتی بەجێ مابوو .
هەریەکە خۆی وا پیشان دەدا کە وەکو میوانێک هاتوون و وەک شێوەی جارانی سەر شاخ لە تاڵانکردنی سەربازخانەیەک دا دوای دەست بەسەراگرتن و ئەوەی هەیە خێرا ئاودیوی گیرفانی خۆیانی بکەن ئیتر بە هەر شێوەیەک بووە ، ئەوان وەکو سوونەتی چەند ساڵەیان نامۆ بە کۆمەڵگا و ئاشنا بە کوشت کوشتار و هەڕەشە و بەکار هێنانی چەک لە هەموو حاڵەتەکان دا ، کە چەک ببوە هاوڕێی هەمیشەییان و بێباوەڕییان بە هیچ کەس جگە لەوانەی دەوروبەری خۆیان . دابەزینە ناو کۆمەڵگا و پیرۆزی ناوی پێشمەرگە واتە هەرلەیەکەم ساتەکان دا هەر مەسئولەو بە خۆیو کۆمەڵێ چەکدارەوە کەوتنە هەڵ لوشینی هەموو ئامێرەکانی وەبەرهێنان و کەوتنە ئاودیو کردنیان ڕووەو وڵاتانی دراوسێ کەسێک نەبوو بەر بە ئەنفالی فرۆشتنی دام ودەزگاگانی کارگە و کارخانەکان بگرێت ئیتر هەڵۆسوورەکان هەموویان ئاودیوی هەندەران کرد
تەریک مانەوەی حیزبە کوردیەکان لە ناو کوردستان بەوەی کە پەردەی شانۆییەکە لاچوو خەڵکی چاوەڕوانی حکوومەت بوو ، کام حکومەت ، بەڵێ حکومەتی کوردی ، بەڵێ دوو حیزبی باڵادەست هەستان بە دروست کردی پەرلەمان و پەنجا بە پەنجا دروست بوو .
شەڕی دەستەو یەخەیان کرد، گەندەڵی ببوە سونەتی سەرجەم دام و دەزگاکان ، لە بەرانبەر ئەم نا عەدالەتیە کۆمەلایەتیە دا کەبەربینی بەخەڵک گرتبوو بە ڕیزی دەیان هەزاری ڕژانە سەر شەقامەکان و وەڵامی هەڵۆ سوورەکانیش دەنگی ڕێک بارو بی کەی سی بوو ، درز و قەڵشتی نێوان دەسەڵات و خەڵکی زۆر بەرەو واڵایی چوو ، خەڵکی بێ ئومێد مان لەوەی کە حکومەتی ساوا بەسەر چوو ، منداڵەکەش بەر لە دایک بوون لە ناو ڕەحم دا لەباربرا.
ئایا هۆکارەکانی گەشەی خێرای گۆڕان لە کوێوە سەرچاوەی گرت ؟
شەڕی درێژخایەنەی نێوان ینک و پدک ، پاکتاوکردنی ڕیزەکانی دژ بەیەک ، ئەتک کردنی دەیان دیل و کوشتنیان .
ئابڵوقەی ئابووری لەلایەن ڕژێمەکەی سەدام ، دەخالەتی ئاشکرای میتی تورکی و ئیتیلاعاتی ئێرانی لە سیاسەتی ناوخۆی حیزبەکان داو دروست کردنی دەیان باندی سیخوڕی بەسەر خەڵکی کوردستانەوە ، لە درێژەی شەڕی ناوخۆدا پەنا بردن بۆ هێزی سەربازی دەوڵەتانی دژ بە خەڵکی کوردستان ، واتە کوردستان ببوە مەیدانی تاقیکردنەوەی سیاسەتی کۆنەپەرەستانەی کەمالیزمی ئەتاتورک و ئیسلام گەرایی ئێرانی ، لەلایەکی ترەوە بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی خەڵکی کوردستان بۆ گیرفانی چەند کەسێکی دەسەڵاتداری حیزبی و بەناو حکومی ، بوونی دوو حکومەتی هەولێر و سلێمانی ، هات وچۆی خەڵکی کوردستان لە نێوان هەولێر و سلێمانیدا دەبوایە بە پسوڵەی حیزبی بووایە دەنا کەس نەیدەتوانی بە ئاسانی هامشۆی نێوان شارەکان بکات ، دروست کردنی شەڕێکی خوێناوی لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە ، بە کوشت دانی سەدان پێشمەرگە لەبەرخاتری ئەتاتورکەکان ، وەلە بەرخاتری ئیمامەکان هێنانی سوپای پاسداران بۆ ناوجەرگەی کوردستان تا ناو کۆیە ، کوشتنی چەندین کەسانی شۆڕشگێڕی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ، کوشتنی چەندین کەس لە چەپەکانی کوردستان بەخاتری دانەخستنی مەرزەکان ، هاموشۆی ئاشکرای لێپرسراوانی حیزبەکان بۆ لای دام و دەزگای ڕژێمەکەی سەدام ، برسی کردنی ڕیزی ملیۆنی خەڵکی کوردستان لە ژێر ناوی حکومەتی ساوا دا ، نەدانی موچە بە فەرمانبەرانی کوردستان وەکو خۆبەخش هەمیشە لە کارکردن دا بوون ، گەورە بوونی قەڵشتی نێوان حیزبە سیاسیەکان و خەڵکی کوردستان ، و نەبوونی ئاوو کارەبا ، نەبونی مافی سەرەتایی خەڵکی کوردستان ، دابین نەکردنی کەل و پەلی پێویست بۆ خەڵکی ، کۆنترۆڵ کردنی پرۆژە خزمەتگوزاریەکان لەدەستی دوو حیزبی باڵادەست دا ، هەکەسێلەناو ئەم بارودۆخەدا گوزەر بکات کارێکی حەتمیە کە بەدەنگ دێت و ڕادەپەڕێت ، واتە بە گژ ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی دا دەچێتەوە ، هەر بۆیە خەڵکی کوردستان لە هەموو شوێنەکان دەستیان دایە ڕاپەڕین ، بۆ نان- ئاو- ئازادی ، زیاتر نا ، لەگێرمەوکێشەی ئەم بارودۆخەدا ئەم بارە کۆمەڵایەتیە داوای حەتمیەتی گۆڕین دەکات ، پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و کەڵەکە سەرمایە لەدەستی لێپرسراوان دا و هتد برسیەکانی ناچار کردبێنە سەرشەقام و داوای مافی سەرەتایی خۆیان بکەن ، واتە زەرورەتێکی مێژووییە کە دەبێت خەڵکی ناڕازی بە جواب بێن ، ئەمانە هۆکاری ئەسڵی دروست بوونی گۆڕانن .
ئایا ڕیشەی جیاوازی بنەڕەتی گۆڕان لەگەل ینک لە کوێدایە ؟
کاتێک بەراوردی دوو ڕێکخراوی سیاسی دەکەین دەبێت لە کوێوە دەست پێبکەین ؟ بەداخەوە زۆر لە سیاسەتمەداران کەوتونەتە هەڵەی مێژوییەوە بەوەی هەڵس وکەوت و ڕەفتاری خەڵکە سیاسیەکان دەخەنە ژێر شیکاریەوە ، ئێمە لێرەدا ئەم میتۆدە نا زانستیە ناکەینە ئامڕازی دەستمان ، بەڵکە ئەسڵی نەزەر لە بەرنامە دایە ئایا ئەم دوو هێزە سیاسیە چی بەخەڵک دەڵێن وە چی بۆ خەڵک دەکەن وە ئامڕازی دەستیان بۆ خەبات چیە ؟
ینک ڕێکخراوێکی قەومگەراییە و پارێزگاری پەرژەوەندی چینی سەرمایەدارانی کوردە و وە ناکامڵ لە بەدیهێنانی مافە نەتەوایەتیەکانیش دا وەک مافی چارەی خۆنوسین بۆ خەڵکی کوردستان ، گۆڕانیش بە هەمان شێوەی یهکێتیییه، جگه لهوه بێ وەفا بە مەسەلە میللیەکان و سات و سەوداکەر بە موقەدەساتی خەڵکی کوردستانەوە ، ینک وەکو ڕێکخراوێکی بەرگریکار لە پیرۆزیە ئایینیەکان و پاڵپشتی مانەوە و گەشەپێدانی مەزهەبە لە کوردستان و هاوپەیمانی جمهوری ئیسلامی ئێرانە جیایی مەزهەب لە دەوڵەت هیچ کاتێک شیعاری ئەم دوو ڕێکخراوە نەبوە ، بەهەمان شێوە گۆڕانیش ڕابەرەکەیان ڕێنمایی مێژووی لە جمهوری ئیسلامی ئێران وەردەگرێت وەلەگەڵ ئیتیلاعات دا ز ۆر لەمێژە دەست و پەنجەی نەرمە .
سەبارەت بە مەسەلە چینایەتیەکانی چینی کرێکار هەردوولایان تەنانەت حاشا لە بوونی ڕیزی ملیۆنی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دەکەن لە کوردستان بە بیانوی نەبونی کرێکاری سەنعەتی ،
لەبەرانبەر مەسەلەی ژنان دا هیچ کامیان نەیان توانیوە ژن وەکو بوونێکی کۆمەڵایەتی بناسێنن ، بەڵکە ژنان لەسایەی بەرنامەی گۆڕان و ینک تەنها وەکو هێمایەک کە خۆیان لە باقی ڕێکخراوەکانی تر جیابکەنەوە ژنان دێننە ناو کارو باری ئیداریەوە ، ، ئەنفال کردنی ژنان لە کۆمەڵگای پیاوسالاری کوردستان دا دەستکەوتێکی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردە ، کە ئەمانە خۆیان خوڵقێنەری ئەو بارودۆخەن ، پەنا بردن بۆ مەلای مزگەوتەکان کە ڕابەری ئە نفال کردنی ژنانن بووەتە سوونەتێکی ڕۆژانەی دەسەڵاتی کوردی کە گۆڕانیش بەشێکە لەو دەسەڵاتە .
ئازادی بەیان و عەقیدە لەلای ینک شتێکی نەفیلێکراوە ، بەهەمان شێوەش گۆڕان وەک نەوەی نوێی ئەو تەرزە فیکریەی ینک خۆی گۆش کردوە ، ئەوەی وای لە گۆڕان کرد کە بێتەناو مەیدانی سیاسیەوە و زۆر بە خێرایی گەشە بکات تەنها بوونی گەندەڵی یە ئەگەر دوو حیزبی دەسەڵاتدار خۆیان لەگەندەڵی پاک بکەنەوە ئەوا وەزیفەی سیاسی گۆڕان ڕوو لە ئاوا بوون دەبێت ، گەندەڵی نا ئینسافی کۆمەڵایەتی و گۆڕانیش وەک ڕابەری بەرگریکردن لە و نائینسافیە هاتە ناو ساحەی سیاسی ، بەدەر لەوە گۆڕان هیچ کاتێک موخالیفی ینک نەبوە وەک بەرنامە ، بەڵکە لەبەرانبەر ئەوەی پشکی زۆر بەر خێزانی تاڵەبانی دەکەوێ و ئەمانیش خۆیان بە خاوەنی ینک دەزانن بۆیە وەک ئاڵتەرناتیڤی سەرانی ناو ینک بەدەرکەوتن وەکو گۆڕینی کەسەکانی ناو ینک و ڕیفۆرم لە دەسەڵات دا بکەن، وە بۆ خۆڵ کردنە چاوی خەڵکی کوردستان و بەلاڕێدا بردنی داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان لە شەقامەوە بۆ ناو پەرلەمان و گۆڕینی ڕەوتی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵک لە شەقامەوە بۆ هۆڵەداخراوەکان و خۆ کردنە خاوەنی دەنگی ناڕەزایەتی و ڕابەری گرتنە دەستی ناڕەزایەتیەکان ، خیانەتێکی مێژووییە بەو خەڵکە ، سوود وەرگرتن لە خەڵک وەکو ئامڕازێک بۆ باڵاکردنی ڕێکخراوەکەیان نەک بەرەو پێش بردنی داواکاریەکان، ،ئەمە سیفاتی کودەتاکردنە بەسەر خەڵکیەوە کە سونەتێکی باوی ناو سیاسەتمەدارانی کوردە .
خۆسەپاندنی گۆڕان لەناو ساحەی سیاسیدا تەنها مەسەلەی گەندەڵی یەو هیچی تر بۆیە ئەگەر ئیمتیازاتی دەسەڵات بکەوێتە دەست گۆڕان ناتوانێت لە بەرژەوەندی خەڵکی کرێکا ر و زەحمەتکێش بەکاری بهێنێت، چونکە وەکو ماهیەتی حیزبی خۆی لەسەنگەری دژ بە کرێکاران و زەحمەتکێشان دا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست