بەراوردێك لە نێوان دەروێشانی حیزب و دەروێشانی باڵە ئیسلامییەكاندا!
Thursday, 05/02/2009, 12:00
بە داخێكی زۆرەوە ئەمڕۆ لە شوێن ئەوەی بە هەردوو باڵە ئیسلامیی و بە ناو عیلمانییەكەی كوردستانەوە لە هەوڵی دۆزینەوەی میكانێزمێكدا ببونایە كە بچووكترین سوودی بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بگەیاندایە، كەچی بە پێچەوانەوە دەبینین لە بەرنامەیاندایە شەڕێك بەرپا بكەن كە ئامانجی جگە لە چەواشەكردنی خەڵكی و خۆڵ كردنە چاویان شتێكی دیكە نییە!
ئەمڕۆ بمانەوێت یان نەمانەوێت كۆمەڵگەی كوردستان لە بۆشاییەكی سیاسیی و مرۆییدا دەژێت، بۆشاییەك خامۆش لە هەموو ئومێدێك، خامۆش لەو بەڵێنانەی كە بوونە بە بڵقی سەر ئاو و لە سەراب دەچن بۆ ئەوان، ئەوان ناچارن لە بێ ئومێدییاندا پەنا وەبەر مەرگ بەرن!
چونكە بە هەر بارێكدا بیپێون یان لێكی بدەنەوە، جگە لەوەی كە تاكە ئەگەرێك كە ئومێد بەخشە بە پاشە رۆژیان كە ئەویش لە وێنای ژیانێكی بەرزەخیدا خۆی نمایش دەكات، هیچ رێگا چارەیەكی دیكە شك نابەن بۆ تێركردنی ئەو بێ ئومێدییەی كە لە بێ هێزی و نا هۆشیاریی خۆیانەوە سەرچاوە دەگرێت!
ئومێدی بێ هێزەكان لە مەرگدایە، ئەگەر كۆمەڵگەی كوردی پەروەردەی ژێر دەستی كلتوورێكی پاسیڤ نەبووایە، هەرگیز رێگای بە خۆی نەدەدا لە یەكێك لە زەممەنەكاندا شێخ و مەللا پیرۆزو لە زەممەنێكی دیدا كەسانێك بە ناوی كوردایەتییەوە سووكایەتییان پێ بكەن؟!
ئەمڕۆ ئێمە دوو جۆر پیاوانی ئاینیی ئیسلامیی و عیلمانیی لە كوردستاندا دەبینین، هەندێكیان ئایین وەكو ئامرازێك لە پێناو سەرخستنی بەرنامەی حیزبەكانیاندا بە كار دەهێنن، وە هەندێك لە عیلمانییەكان تەنها بۆ مەبەستی حیزبایەتی و پێگەی خۆیان دژایەتی ئەو باڵە ئیسلامییانە دەكەن، ئەمەش ئەو "پارادۆكس"ەیە كە لە كاراكتەریی تاكی سیاسیی و ئاینیی و ئاسایی كورددا بەرجەستەیە، كە بە شێوەیەك لە شێوەكان پەروەردەی دەستیی كلتوورێكە تەنها دەتوانین لە چوار چێوەی موجامەلەدا پێناسەیان بكەین!
ئەگەر بمانەوێت هەر یەكێك لەو دوو سیستەمە بكەین بە پێوەرو دەسەڵاتی كوردی پێ لە قەپان بدەین، وابزانم بەشی ئەوەیان تێدایە كە ژمارەیەكی پێوانەیی هاوسەنگمان لە دەرەنجامدا وە چنگ بكەوێت، چونكە ئەو دەسەڵاتەی ئێستا لە كوردستاندایە تا ئەم ساتە وەختە نەیتوانیوە خۆی ساخ بكاتەوە كە ئیسلامییە یان عیلمانییە، بەڵكو لە بەرنامەیدایە وەكو هەنگ دەیەوێت شیلە لە هەردووكیان بمژێت لە پێناو مانەوەی خۆیدا!
بۆیە ئەو شەڕە پەڕۆیەی كە هەندێك بە ناو ئیسلامیی و عیلمانییەوە دەیانەوێت بەر پای بكەن، دوور و نێزیك هیچ پەیوەندییەكیی بە داخوازییە سرووشتییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانەوە نییە، چونكە نە ئیسلام دژی رووناكییەو نەش عیلمانیی لە بەرنامەیدایە خەڵكی لە تاریكیدا ژیان بكات، نە باڵە ئیسلامییەكان لە بارتەقایاندایە خەڵكی بە ترانزێت رەوانەی بەهەشت بكەن و نەش باڵە بە ناو عیلمانییەكان دەتوانن ئەم ژییانەی ئێستای مرۆڤەكان هاوشێوەی بەهەشت بكەن، بۆیە هەردوو لایان جگە لەوەی دەیانەوێت ململانێیەك بەرپا بكەن كە ئاوەزیی خەڵكی ساویلكەی پێ بە هەدەر بدەن، باوەڕناكەم ئامانجێك كە خۆی لە بەرژەوەندیی گشتیدا وێنا دەكات، لە پشتی پەردەی ئەو شەڕەوە ببێت كە دوورو نێزیك پەیوەندیی نییە بە ئاو و كارەباو پرۆژەی خزمەتگووزاریی و بێ كاریی و ئەو نادادپەروەریەی كە ئەمڕۆ كوردستانی بۆ هەندێك كەس وەكو ... بەهەشت ... ی ... لێ كردووەو بۆ هەندێكی دی لە ... دۆزەخ ... خەرابتر!!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست