هەڕەشەكردن لە "دەرسیم دیبەگەیی" هەڕەشەیە لە چارەنووسی نەتەوەیەك!!
Wednesday, 27/10/2010, 12:00
ئەمە جاری دووەمە لەسەر ئەم برا نووسەرە بوێرو خاوەن قەڵەمە بەبڕشت و توێژەرەی دۆزی ئەنفالی نەتەوەكەم دێمە دەنگ و وەكو رۆژنامەنووسێكی باشووری كوردستان، ناتوانم لە ئاست ئەو هەڕەشانە بێدەنگ بم كە كۆنە موستەشارو ئەنفالچییەكان لەپەنای حزبە باڵادەستەكانی باشوورەوە دەیكەنە سەر نووسەرو رۆژنامەنووسان و بێدەنگ بوون لێی بێهەڵوێستی و خۆدۆڕاندنی ئەو قەڵەمانەیە كە پشكی شۆڕشی شاخ و درێژەپێدانی شۆڕشی شاریان بەركەوتووەو نەوەی دوای راپەڕینیش پشكی هەڵوێستی گۆڕانكاری و شەڕ لەسەر دەربڕینی رای ئازادو پەردەلادان لەسەر تاوانەكانی رابردووی تاوانبارانیان دەكەوێتە ئەستۆ، كەواتە ئەوانەی وەكو " دەرسیم دیبەگەیی" دەیانەوێ راستییەكان راستگۆیانە بۆ مێژوو و نەوەكانی ئاییندە تۆمار بكەن، ئەوە مێژووی نەتەوەیەك دەنووسنەوە، دوور لە پەنجەشكاندنی یەكتری و ناوزڕاندنی كەس، چونكە ئەوانەی بەشدارییان لە نغرۆكردنی نیشتیمانێك كردووەو بوونەتە دارشەقەی بنباڵی داگیركەرانی ئەم نیشتیمانە پارچە پارچەیە، ئەوانە بە گەورەیی و پیرۆزی مرۆڤەكان نامۆن، ئاخر ئەگەر ئەنفالچییەكانی ئەم نەتەوەیە كڵۆڵە نەبوایە، كەنگێ لەشكری عروبەو سەدام دەگەیشتنە بەرزترین لووتكەی سەركەشی گۆی مەمكی دایكێك؟!، ئەگەر دەیان موستەشارو سەدان توولە جاشی زۆڵە كورد نەبوونایە، كەی سەعلووكەكانی عروبەو نیمچە بیابانی عەرەبی دەیانتوانی قژی ژنی پێشمەرگەو كچی جووتیاری گوندەكانی ئەم باشووری كوردستانە دەسكەنە بكەن؟!، چەند گەورەییە بۆ كەسێك كە ئەگەر موستەشارو ئەنفالچیش بووبێ، ئەگەر یەك زەڕە مرۆڤایەتی تیا مابێت، پێ لە هەڵەو تاوانەكانی خۆی بنێت و داوای لێبووردن لە منداڵە شیرەخۆرەكانی بیابانی عەرعەرو نوگرە سەلمان و گۆڕستانەكەی دووبز بكات و لە پەنای ئەم حزب و ئەو گرووپەوە بەشان و باڵی خۆیدا هەڵنەڵێ و ناوی ئەم و بنەماڵەی ئەومان بۆ نەكاتە نموونە، چونكە هێشتا بۆنی لاشەی ئەوانەی ئەو خائینانە ئەنفالیان كردن و بەدیاری بەخشییاننە بەعس كڕووزە لە هەناومانەوە دەهێنن. بۆیە بەدڵنیاییەوە هەڕەشەكردن لەو نووسەرانەی ئەنفال و تاوانەكانی دیكە بە مێژوو دەكەن و لە پرۆسەیەكی زانستییانەدا دیكۆمێنتیان دەكەن، ئەوانە دەبنە زمانحاڵی ئاییندەی مێژووی ئەم نەتەوەیە، كەواتە هەڕەشەكردن لەوانە، هەڕەشەكردنە لە چارەنووس و ئاییندەی نەتەوەیەك، ئەوەی ئەمڕۆكە " دەرسیم دیبەگەیی"و دەرسیمییەكانی دیكە پەرۆشی دیكۆمێنت كردنین، ئەستەمە لەسایەی حكومەتێكی كوردیدا بەر هەڕەشەو لافاوی ئەنفالێكی دیكە بكەوێت. بۆیە پێویستە چیتر ئەو موستەشارو ئەنفالچییانە لێبووردنی بەرەی كوردستانی ساڵی 1991 وەكو بنێشتە خۆشە نەجووێننەوە، چونكە بەرەی كوردستانی لە هەقی خۆی خۆش بووە، نەك هەقی خوێنی رژاوی نەتەوەیەك. هەر لێرەشەوە داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەم كە چیتر ئەو لێبووردنە لە ئەستۆی خۆی نەهێلێت و لە رێگای یاساوەش رێگە بە ئەنفالچییەكانی كوردستان نەدات، زاخی هەڕەشەكردنیان بێتەوەبەرو وەكو قاسم ئاغاش بەبەرچاوی نەتەوەیەكی بریندارەوە لە بنباڵی دەسەڵاتی حزبیدا حەشار نەدرێت. جارێكی دیكەش دەیڵێمەوە تیغی مێژوو تیژەو بەزەیی بەكەسدا نایەتەوە.
27/10/2010
كەركوك
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست