کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ ئاری قه‌ره‌داغی شه‌هیدێک و نووسه‌رێکی تری کوردستانپۆست

Tuesday, 20/07/2010, 12:00


ڕێك دوو مانگ پێش ئێستا ، له‌ دووڕیانه‌كه‌ی جیبسی كۆڕنه‌ر دا ، باوه‌شمان به‌ یه‌كدا كرد ، ئه‌وه‌ دوا ماڵیاوایی بوو، شه‌وێكی سافی به‌هاری له‌نده‌ن ی ، ئاسمان شین و ئه‌ستێره‌كان ئه‌یانجریواند ، زۆر دڵت پڕ بوو ، كوڵه‌ی گریانت ، وه‌ك تاپگه‌ی ئه‌حمه‌د ئاوا - ، وه‌ك هه‌ڵقوڵانی به‌هاری كانیه‌كه‌ی كانی پانكه‌ - وه‌ك ته‌وژمی ئاوی ، چاو قڕژاڵ ئاسكه‌ی بێستانسوور بوو .. منیشت هێنایه‌ گریان ، سه‌رم ماچكردی و ووتم :- ئه‌ی برا ده‌رۆێشه‌ كه‌ساسه‌كه‌م ، ئه‌ی بێكه‌س تر له‌ سوێسكه‌ی ته‌ره‌ بوو ، ئه‌ی داماو تر له‌ پیره‌ژنه‌ جگه‌ر سووتاوه‌كانی ئه‌نفال - ... بۆ كوێ ؟! بۆ به‌ زه‌ییت به‌ دڵی گوشراوه‌مدا نه‌یه‌ته‌وه‌ !!، وه‌ره‌ په‌شیمان ببه‌وه‌ ، سه‌فه‌ر مه‌كه‌ بۆ نادیار !! ، سه‌فه‌ر مه‌كه‌ بۆ جه‌نگڵستان ، ده‌ستت بردو فرمێسكه‌كانت سڕی و ووتت :- ئه‌چمه‌وه‌ بۆ ووڵات ، ئه‌چمه‌وه‌ بۆ كوردستان ، خاكه‌كه‌ی ئه‌خۆم ، خۆم له‌ سه‌وزا‌یه‌‌كانیدا ئه‌تلێمه‌وه‌ ، بست به‌ بست و كۆڵان به‌ كۆڵانی سلێمانی به‌سه‌ر ئه‌كه‌مه‌وه‌ ، كونجی مزگه‌و‌تێ ، ژێر هه‌وره‌ بانێك ئه‌بێت ، داڵده‌م بدات ، ئه‌چمه‌ - هه‌ناره‌ - و كه‌روێشكه‌ كێویه‌كانی فێر ئه‌كه‌م .. چۆن ووریا بن .. ئاگادار بن .. چی دی ئه‌م خاكه‌ نه‌كه‌ن به‌ - بێژه‌نگ - ، نه‌بادا بۆنی نه‌وت ی لێ بێت و سه‌رانی ده‌سه‌ڵات پێی بزانن ، دوای ئه‌نفالكردنتان ، خاكه‌كه‌تان هه‌راج فرۆش بكه‌ن !، ئه‌ڕۆمه‌وه‌ .. له‌بناری خاوێ - ئه‌بمه‌ شوان ، چیرۆكی مه‌غدوری و كه‌ساسیم بۆ مه‌ڕو به‌ڕخ و بزنه‌ عه‌جو‌له‌كانی ئه‌گێرمه‌وه‌ ، له‌- گونه‌و سه‌راو له‌ - سه‌رشاته‌ - له‌ - تاوگۆزی - ، ئه‌بم به‌ مامۆستاو ، مناڵه‌كان و مه‌وله‌وی ئاشت ئه‌كه‌مه‌وه‌ ، ئه‌رۆمه‌وه‌ ئه‌بمه‌ گوێزه‌وانی مه‌رقه‌دی شێخه‌كه‌ی ته‌نگی سه‌ر - .. هه‌رچه‌ندم سوێند دایت ... هه‌رچه‌ند پاڕامه‌وه .. كوره‌ كاكه‌ شێخ .. بیكه‌ به‌ خاتری‌ بۆنی كه‌نێره‌ و رێحانه‌ كێویله‌ی ته‌په‌ عاره‌وان به‌هاری شاره‌زوور، به‌ خاتری گڕی هاوینی سه‌ر مه‌رقه‌دی شێخه‌كانی چرچه‌قه‌ڵا - ، به‌ خاتری روحی ڕه‌شه‌بای سلێمانی، به‌ خاتری كڵوه‌ به‌فره‌كانی سه‌ر پیره‌مه‌گرون - ، به‌ خاتری فرمێسكی خۆێناوی به‌هارانی تانجه‌ڕۆ - ، به‌ خاتری چریكه‌ی پۆڕی - چه‌می زه‌ڵم - ، به‌ خاتری قاسپه‌ی كه‌وی دامێنی - كوڕه‌ كاژاو مه‌ڕۆ بۆ نادیار !!، تۆ به‌م دڵ كیشوه‌ره‌ته‌وه‌ . ئه‌م كوردستانه‌ زۆر بچوك ئه‌نوێنێ ، چۆن جێگای تۆی تیا ئه‌بێته‌وه‌ ؟! .. مه‌ڕۆ هه‌ی بێكه‌س تر له‌ كۆتره‌ باریكه‌ی باڵشكاو ، هه‌ی غه‌ریب تر له‌ پێشمه‌رگه‌ی دێرینی به‌ هه‌ڵوێست ، بێكه‌ستر له‌ نیرگزه‌كانی نێرگزه‌جار - . ئه‌وه‌ته‌ سێبه‌ره‌كه‌ت سڵت لێ ده‌كاته‌وه !، هۆشت به‌ كۆڵانی درێژی بیرت دا .. ‌ رائه‌پسكێ له‌سه‌رت !!.. مه‌ڕۆ .. كاكه‌ شێخ مه‌ڕۆ .. ، ئه‌وه‌ چ ڕوحێك بوو ، ئه‌وه‌ ڕوحه‌ په‌ری گوڵ ئاسای تۆی فریودا ، ئه‌وه‌ كام هێزی نادیاری خۆشه‌ویستی ووڵات بوو ، تۆیی له‌ ڕیشه‌ هه‌ڵكه‌ندو ، به‌ ئاوو خاكی كوردستان نه‌بوایه‌ ، سه‌وز نه‌ئه‌بوویته‌وه‌ ئه‌وه‌ چ ته‌لیسمێك بوو ، جادوی ئه‌و سه‌فره‌ی لێ كردی !، ئه‌وه‌ نوشته‌ی چ شێخێك بوو ، وه‌ك له‌سه‌ر ئاگری سه‌بر وابوویت بۆ گه‌ڕانه‌وه !، ئه‌وه‌ هیمه‌تی چ ئه‌ولیایه‌ك بوو ، به‌ جه‌زبه‌یه‌ك تۆی گه‌یانده‌وه‌ وولاتی مه‌رگ ؟!.
ئه‌و شه‌وه‌ ساماڵ وئاسمان شینه‌ .. وه‌ك گه‌ردوون شیوه‌نی مه‌رگی چاوه‌ڕوانكراوی تۆ بكات ، ئه‌ستێره‌كان زۆرتر ، گه‌وره‌تر دیار بوون ، جریوه‌كانیان ورده‌ فرمێسكی مرواری ئاسا بوون ، له‌گه‌ڵ تریفه‌ی مانگدا .. باوه‌شیان پیا ئه‌كردی ، دنیایه‌ك كش و مات ، وه‌ك شه‌و پێش وه‌خت به‌دوای ته‌رمی تۆ كه‌وتبێ ، وابوو !، وه‌گه‌رنا .. بۆ من و تۆ به‌كوڵ گریابین ؟!! ئاخر چۆن دڵدار بۆلای ێازیزه‌كه‌ی بڕواته‌وه‌ ، له‌باتی عیشوه‌و ته‌شویق .. شه‌سته‌بارانی فرمێسك بڕێژێت ؟! .. سه‌یر تر له‌وه‌ .. ئه‌وه‌ هه‌مان شوێن بوو كه‌ - كه‌ژاڵ ی خێر له‌ خۆنه‌دیوو په‌پووله‌ی خوشكیتی تیا شه‌هیدبوو !! .
ئاخر كاكه‌ شێخ پێتم ووتی : ده‌زووله‌كانی دڵم .. وه‌ك ته‌نووه‌ پشت هوێ خراوه‌كه‌ی حاجی نه‌جمه‌ - ی پوورم وایه‌ ، مه‌ردی چاك به‌ .. با شه‌هید بوونت .. ڕای نه‌وه‌شێنێت .. پووكاوه‌یه‌‌ ، پۆتركا‌وه ، به‌شی ڕاوه‌شندێكی تر ناكات .. ئه‌م خه‌رابه‌ی مێشكم .. كۆستی تر هه‌ڵناگرێت ، شه‌هید بوونی جه‌لیل سواره‌ - ی ئامۆزام ، دایه ‌خه‌جێ ، ده‌روێشی برام .. كۆمه‌ڵێ هاوڕێی نزیكی تر .. زۆر گڵكۆیان تیا هه‌ڵكه‌ندووه‌ .. كاكه‌ شخ به‌رگه‌ ناگرێ .. به‌رگه‌ ناگرێت !!. به‌لام چی بكه‌م ؟! ئه‌وده‌سته‌ غه‌یبیه‌ به‌ ته‌كانێك دڵتی به‌ره‌و كوردستانی ڕاكێشا ، زۆر به‌ گوژمه‌تر بوو له‌ جه‌زبه‌ی سۆفیانی ڕێگه‌ی - انا الحق - ، تۆ ڕوحه‌ كڵۆڵه‌كه‌ت به‌ هه‌وای ووڵات و به‌ خاكێ سه‌یون نه‌بوایه‌ - ئۆقره‌ی نه‌بوو .. ئاخ ئه‌وه‌ چ ده‌ستێك بوو‌ دڵی هات ، په‌نجه‌ به‌په‌له‌ پیتكه‌ی تفه‌نگ دا بنێت و بۆ یه‌كجاره‌كی ، ئه‌و دڵه‌ پڕشه‌وق و خۆشه‌ویستی و دڵسۆزیه‌ ، له‌ لێدان بخات ؟!، ئه‌وه‌ ویژدان مردوویه‌ك بوو ده‌ستی ناپاكی نه‌یه‌بینی ئاوات و حه‌زه‌كانی سه‌رفرازی ووڵات ؟! ، ئاخر ئه‌و كه‌سه‌ ، برای نه‌بوو ؟!، مناڵی نه‌بوو ؟! ئاخر چۆن و بۆ ئاسكی ڕوحتی شه‌هید كرد ؟!!.
‌هه‌ڵوێسته‌یه‌‌ك‌
٭ ئاری قه‌ره‌داخی ، ناوی (ئاری شێخ عه‌بدوڕه‌حمانی ساڵحه‌) له‌ سلێمانی ، له‌ خێزانێكی شۆررشگێرو فیداكار له‌دایك بووه‌ ، باوكی مامۆستای چوڵانه‌وه‌ی ئه‌یلول بووه‌ ، - لوقمان ی برای و كه‌ژاڵ خوشكی شه‌هید بوون ، دكتۆر حه‌سانی گه‌رمیان ، - پێشمه‌رگه‌ی ساڵانی هه‌شتاكانی كۆمه‌ڵه‌ - برایه‌تی.
٭ په‌یمانگای ژمێریاری له‌ - كركوك ته‌واو كردووه‌.
٭ ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ - بووه‌ و ساڵانی هه‌شتاكان ، نامه‌بری كۆمه‌ڵه‌ - بووه‌ له‌ نێوان سلێمانی و قه‌ره‌داغ و شارباژێردا.
٭ له‌ - له‌نده‌ن له‌ ده‌زگایه‌كی ته‌رجومه‌دا كاری كردووه‌ زمانه‌كانی ئینگلیزی ، عه‌ره‌بی ، فارسی زۆر به‌ چاكی زانییوه‌..
٭ نوسه‌ری كوردستانپۆست بووه‌.
٭ دوای دوو مانگ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سێمانی ، سه‌عات ده‌ی شه‌و ١٦/٧/٢٠١٠ ، له‌ ته‌ڵاری كاسۆ ی نزیك فلكه‌ی ی شه‌هید مامه‌ ڕیشه‌ له‌ جوارباغ ، به‌ ده‌ستڕێژی گولله‌ی چه‌ند نه‌ناسراوێك شه‌هید كرا .
یادی به‌خێر و ڕوحی شاد بێت .
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=b1e2

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە