بەشداریكردنى ئۆپۆزسیۆن لەحكومەت جومگەكانى گەندەڵى كەمدەكاتەوە
Saturday, 18/06/2011, 12:00
ساڵانێكى زۆرە گەندەڵى هەموو جومگەوكایەكنى ئەم حكومەتەى كوردستانى گرتۆتەوە و دەستى ناوەتە بینەقاقاو لەپەل و پۆى خستووە ئەستەمە كون و كەلەبەرێك لەم حكومەتە بدۆزییەوە لەگەندەڵى تێوە نەگلابێت ، نەوتى شیواشۆك و داهاتى ئیبراهیم خەلیل لەپێش 2003 و بودجەى17% لەدواى 2003 داهاتى بێ وێنەى ئەم هەرێمەیە لەساڵى 2011شدا بودجە زەبەلاحەكەى كوردستان نزیكەى12ملیاردۆلاربوو كەدراوسێكانمان سەریان سوڕماوە لەم بودجە زەبەلاحە و حكومەتەكەى خۆشمان بودجەكە بچووك دەكاتەوە و دەڵێت بەشى هیچ ناكات!!!وەكو ئەوە وایە كەئەم حكومەتە وابزانێت كەتاكە كەسێك نیە لەم هەرێمە لەملیار و تریلیۆن بزانێت و سەرى لێدەربكات!!!ئەم بودجەیەى هەرێم ئەوەندە زۆرە كەمیللەت هەرچى بوێت و داواى بكات بەشى دەكات تەنانەت ئەگەر خەڵك لەماڵەوەش دابنیشێت مافى ئەوەى هەیە و بەشیش دەكات كەلەم بوجە زەبەلاحە بەشێكى باشى بدەیتێ ، ساڵانێكیشە هەموومان بەكۆرس هۆنراوەى گەندەڵى دەڵێینەوە و هیچ هەنگاوێكیش بەدى ناكرێت بۆچارەسەركردنى گەندەڵى و گەندەڵكاران ، ئاخر ئەگەر بەرپرسێك بەسەدان دەفتەر دۆلارى بەگەندەڵى و دزى و بەرتیل كۆكردبێتەوە حكومەتیش بێت تەنها لەپۆستەكەى دووربخاتەوەو كەسێكى تر لەشوێنەكەى دابنێت كەى پێى دەگوترێت چاكسازى و بنبڕكردنى گەندەڵى!!!هەمووچینەجیاوازەكانى ئەم هەرێمە باس لەگەندەڵى دەكەن و سەیریش لەوەدایە كەس خۆى بەگەندەڵ نازانێت ، لەكۆڕى مامۆستایان و پزیشكان و رۆژنامەنوسان و رۆشنبیران و فەرمانبەران و حزب و لایەنە سیاسیەكان باس هەرباسى گەندەڵییە ، ئەوەى جێگاى هەڵوەستە لەسەركردنە باسكردنى گەندەڵییە لەلایەن سێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكەى كوردستان ، سێ لایەنەئۆپۆزسیۆنەكەى هەرێم باسى گەندەڵى دەكەن لەلایەن ئەم حكومەتەوە كەئەنجامدەدرێت و حكومەتیش گیرى خواردووە بەدەست گەندەڵكاران و ئۆپۆزسیۆنیش دەیەوێت وەكو بەرزى بانان لێى دەربچێت و خۆى بەدووربگرێت ، وەكو دەڵێن ئەوەى نییە لەماڵان ئاگاى نییە لەحاڵان!!!ماوەیەك لەمەوبەر دوو كۆبونەوەى پێنج قۆڵى نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات ئەنجامدراو باس لەگەندەڵى و چاكسازى كرا و ئۆپۆزسیۆنیش پرۆژەى چاكسازى پێشكەش بەدوولایەنى فەرمانڕەوا كردووە بۆئەوەى ئەوحكومەتەى كەئەوان پێكیان هێناوە جێبەجێى بكات ، واش چاوەڕوان دەكرێت لەچەند رۆژى داهاتوو كۆبونەوەیەكى ترى پێنج قۆڵى نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات ئەنجام بدرێت بەڵام ئەوەى جێگاى سەرنجە دوولایەنى فەرمانرەوا دەڵێن ئێمە لەكۆبونەى ئەمجارە چاوەروانى وەڵامى ئۆپۆزسیۆنین بۆئەوەى پێمان بڵێن كەئایا بەشدارى لەحكومەت دەكەن یان نا ؟ لەبەرامبەر ئەوەشدا سێ لایەنى ئۆپۆزسیۆن دەڵێن ئێمە چاوەرێى دوولایەنى فەرمانرەواین كەئایا پرۆژەچاكسازیەكەى ئێمە جێبەجێ دەكەن یان نا؟ لەشەقامى كوردیش باس باسى ئۆپۆزسیۆنە و زۆربەى لایەنگرانى ئۆپۆزسیۆن پێیان بڤە و هێڵى سوورە كەئۆپۆزسیۆن بەشدارى حكومەت بكات ، بەڵام دەبێت ئۆپۆزسیۆن جگە لەوەى كەلەسەرى واجبە گوێ لەدۆست و لایەنگرانى خۆى بگرێت لەبەرامبەر بەشداریكردنیان لەحكومەت دەبێت بەشێوەیەكى زانستیش لەرێگەى كۆڕوكۆبونەوە و دەزگاكانى راگەیاندنەكانى خۆیانەوە ئەوە بۆهاوولاتیان روون بكەنەوە كەچەندە گرنگە لەئێستادا ئۆپۆزسیۆن بەشداربێت لەحكومەت لەبەرچەندهۆیەك ، یەكەمیان دەبێت هەموو لایەك ئەوە بزانن ئەگەر دەسەڵات بەڵێنى چاكسازیش بدات ئەوە تەنها بەشێوەى رووكارى دەبێت و لەناوەرۆكدا هیچ شتێك رەنگ ناداتەوە ، دووەم : لەئێستادا دەست كراوە بەهەندێك لێكۆلینەوە و ئیجرائات و گۆرانكارى بۆیە دەبێت ئۆپۆزسیۆن لەو دەرفەتەش ئەسپى خۆى تاو بدات بەهەرجۆرێك بێت هاوكاربێت و جێ دەستى خۆى دیاربخات لەم رووەوە و لەنزیكەوە ئاگاداربێت كەچى دەگوزەرێت ، سێیەم : ئەگەر لەئێستادا ئۆپۆزسیۆن بەشدارى بكات لەحكومەتێكى نوێ و بنكەفراوان ئەوا بەلایەنى كەمەوە 5تا6وەزارەت بەر ئۆپۆزسیۆن دەكەوێت و یەكێتى و پارتیش بەشێك لەوەزیرەكانى ترى خۆیان دەگۆڕن و گوڕوتینێكى نوێ بەبەرحكومەت دادێتەوە و ئەوكات بەلایەنى كەمەوە ئەگەر یەكێتى و پارتى لەوەزارەتەكانى خۆشیان چاكسازى نەكەن و گەندەڵى تێیاندا بەردەوام بێت ئەوا ئۆپۆزسیۆن لەو5تا6 وەزارەتەى وەریان دەگرێت دەتوانێت گەندەڵى نەهێڵیت و رێگا بەگەندەڵى و گەندەڵكاران نەدات و چاكسازییەكى بنەرەتى لەم وەزارەتانەدابكەن كەوەرى دەگرن ، بەم پێیەش ئۆپۆزسیۆن بەلایەنى كەمەوە چەند دەستكەوتێك بۆخۆى و هاوولاتیان بەدەست دێنێت كەبریتیە لەچاكسازى لەو وەزارەتانە و نەهێشتنى گەندەڵى لەو وەزارەتانە و خزمەتكردنى زیاترى هاوولاتیان لەرێگەى ئەم وەزارەتانەى كەئۆپۆزسیۆن وەرى دەگرێت و كەمكردنەوە و تێكشكاندنى چەند جومگەیەكى گەندەڵى و خستنەوە سەرپێى حكومەتى هەرێم و بەم هۆیەشەوە لەئەنجامى ئەم گۆرانكاریانە لەم هاوكێشەیەدا ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت بەم هەنگاوانەى بۆهەڵبژاردنەكانى داهاتوو لایەنگرى زیاتر بۆخۆیان كێش بكەن و كورسى زیاتر بەدەست بێنن بەم پێیەش لەداهاتوودا ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت وەزارەتى زیاتر بەدەست بێنێت و زیاتر خزمەتى هاوولاتیان بكات و جومگەكانى ترى گەندەڵى زیاتر تێك بشكێنێت ، بۆیە من لەئێستادا پێم باشە حكومەت هەڵبوەشێتەوە و لەسەربنەماى ئیستحقاقى هەڵبژاردنەكەى 2009 سەرجەم لایەنە براوەكان بەیەكێتى و پارتى و ئۆپۆزسیۆنەوە بەشدارى لەحكومەتێكى بنكەفراوانى نیشتمانى بكەن و دۆخى چەق بەستووى هەرێم بشڵەقێنن و گوڕو تینێك بەبەر هاوكێشەى سیاسى و ئابوورى و خزمەتكردنى هاوولاتیان دابێننەوە ، بۆئەوەى بەهەموولایەك و دەست لەناودەست و وەكو یەك تیم بەشدار بن لەهەڵمەتێكى راستەقینەى چاكسازى و بنەبركردنى گەندەڵى و دانە دادگاى گەندەڵكاران و بنیاتنانەوەى دام و دەزاكانى هەرێم .
سەمیرشێخ مەموندى
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست