ئەو وەکالەتیانەی بۆ بارزانی کراوەتەوە
Sunday, 01/09/2013, 12:00
2014 بینراوە
تا دەچێت پیلانەکان لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕوو لە زیادبوونە ، تەواوی ئەو پیلانانەش لە ڕێگەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت ، لە سەرەتادا دەزگای پاراستن بەپێی ئەو ئەزموونەی کە هەیانە هەوڵی لە خشتەبردن و فریودانی کوردان دەدەن لە ڕێگەی داردەستەکانیانەوە و چەندین کردەوەی شاراوە و چەواشەکاری ئەنجام دەدەن ، تەواوی ئەم کردەوانەش بۆ ناشیرین کردنی شۆڕشگێڕان و بە ئەنجام گەیاندنی ئەو وەکالەتیانەیە کە لەلایەن داگیرکەرانەوە بۆ بارزانی کراوەتەوە .
تا ئەو کاتەی باڵی مەکتەبی سیاسی لە نێو پارتیدا لە تێکۆشاندا بوو ، خودی بنەماڵەی بارزانی بە هاوکاری ساواکی ئێران تۆمەتی جاشی 66یان ئاڕاستە کردن تا لە ئەنجامدا (لە ساڵی 1970) بە هاوکاری بەعسیەکان لە ناویان بردن ، ئەمە جگە لەوەی کە هەر خودی ئەو بنەماڵەیە پرۆسەی پاکتاوکردنی تەواوی هێزە شۆڕشگێڕەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیان داڕشت بە هاوکاری ساواکی ئێرانی و میتی تورکی و بە سەدان کادر و سەرکردەیان تیرۆر کردن یاخود ڕادەستی دوژمنانیان کردنەوە، کە نموونەی هەرە بەرچاویشیان تیرۆرکردنی سولەیمانی موعینی و سەعید ئاڵچی و هەڤاڵەکانیان بوو .
کاتێک بنەماڵە گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە هیچ هێزێکی شۆڕشگێڕ لە گۆڕەپانەکەدا بوونی نەماوە ئەو کات بۆ شکاندنی ئیرادەی کوردان لە ماوەی 24 سەعاتدا ئاشبەتاڵیان کرد ، هەڵبەت ئاشبەتاڵەکەشیان لە ساڵی 1975دا هاوشێوەی ئاشبەتاڵی 2003ی بەعسیەکان نەبوو ، چونکە کاتێک بەعسیەکان گۆڕیان بزر کرد ئەوا لانی کەم چارەنووسی سەدام حسێن و بنەماڵەکەی هاوشێوەی چارەنووسی تەواوی بەعسیەکانی دیکە کەوتە مەترسیەوە و عێراقیان چۆڵ نەکرد تا ئەو کاتەی لە ناوچوون ، بەڵام بنەماڵەی بارزانی دوای ئەوەی ئارامترین ژیانیان بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان مسۆگەر کرد لە ئێران و ئەمریکا ئەوکات ئاشبەتاڵیان کرد و چارەنووسی هەموو کوردیان سپارد بە دوژمنان تا ئەنجامەکەی بە ئەنفال و کیمیاباران و خاپورکردنی تەواوی باشووری کوردستان کۆتایی هات .
پاش لەناوچووی ڕژێمی پادشایەتی ئێرانیش ، هەلێکی باش بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەخسا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان ، ئەو کات بنەماڵەی بارزانیش لە ژێر ناوی "قیادە مۆقەتە"دا بە چاوتروکانێک وەکالەتیەکەیان لە ساواکیەوە گۆڕدرا بۆ ئیتڵاعاتی و بۆ ئەم مەبەستەش دەبوو شانۆگەرییەک ساز بکەن بۆ بە ئەنجام گەیاندنی وەکالەتیەکەیان ، شانۆگەریەکەش دەرهێنانی تەرمی مەلا مستەفا بوو لە لایەن خودی بنەماڵەوە تاکو هەم کوردان لە خشتە ببەن و هەم بیشیکەنە بیانوویەک بۆ قەڵاچۆکردنی کوردانی ڕۆژهەڵات ، هەڵبەت ئەم پیلانەشیان زۆر بە سەرکەوتوویی سەری گرت "هەم ڕۆژهەڵاتیان خەڵتانی خوێن کرد و دەستکەوتەکانیان لەبار برد هەم حیزبی دیموکراتیشیان بە جۆرێک خەساند کە بۆ هەتا هەتایە لە چاوەڕوانیدا بژی " .
هەڵبەت جێگەی گرفتارییە کە حیزبی دیموکراتیش لە جیاتی ئەوەی خاوەن هەڵوێست بوویایە و حسابی لەو بنەماڵەیە بخواستایە کەچی لە ڕۆژگاری ئیمڕۆدا ڕۆڵی دەزگای پاراستن بۆ بنەماڵەی بارزانی دەگێڕن و چی ڕوخسارە دزێو و ناشیرینەکانی ئەو بنەماڵەیەیە بە جوانی دەرخواردی کوردی دەدەن ، هەڵبەت ئەم وابەستەییەی حیزبی دیموکرات سەلمێنەری چەند پەندێکی قێزەونە کە دەڵێت "کوتەک لە بەهەشتەوە هاتووە "، یاخود دەڵێت "شەرعی مار بە دار" کە ئەم پەندە قێزەونانەش تەنها لەسەر خودی حیزبی دیموکرات سەرکەوتوو بوون .
حیزبی دیموکرات نەک هەر خاوەنی هیچ هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانە نەبووە لەبەرامبەر پیلانگێڕیەکانی بنەماڵەی بارزانیدا بەڵکو لە پێناوی ئەو موچە و جیڕەیەی کە لە لایەن خودی بنەماڵەوە بۆیان دیاری کراوە بوونەتە کاسەی لە ئاگر گەرمتر و چی تۆمەتی ناشیرین و دوور لە ڕاستییە ئاڕاستەی شۆڕشگێڕانی پەیەدە و پەکەکە و پژاکی دەکەن .
بە درێژایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو ، چەندین وەکالەت بۆ بنەماڵەی بارزانی کرایەوە لەلایەن تورکیا و بەعسیەکانەوە بۆ لەباربردنی دەستکەوتەکانی کورد لە باکوور و باشووردا ، هەڵبەت زۆربەی هەوڵەکانیان لە باکووردا نەزۆک دەرچوون بەڵام وەکالەتی بەعسیەکان بە سەرکەوتویی ئەنجامدرا کە خیانەتی 31ی ئاب و لەباربردنی تەواوی دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان بوو .
هەوڵەکانیشیان لە سەر باکووری کوردستان تەنها لەو بوارەدا بە نەزۆکی مایەوە کە نەیانتوانی پەکەکە دەستەمۆ بکەن و کۆتایی بە شۆڕشی باکوور بهێنن دەنا وەکو دی باشووری کوردستانیان کردە بازاڕی ساخکردنەوەی کاڵا بەسەر چووەکانی تورک و جێگیرکردنی هەزاران جەندرمەی دژە کورد لە ناوچەی ئامێدی و گەشەدان بە سیستەمی بە میتکردن و بڵاوکردنەوەی دیاردەی جاشایەتی لەژێر دەمامکی "کوردایەتی"، کە خودی بارزانیش نەیتوانی نکۆڵی لەو خیانەتانە بکات و زۆر بە ڕاشکاوی گوتی "بۆ خاتری دەوڵەتی تورک 3500 پێشمەرگەمان بە کوشت داوە" .
لە ڕۆژگاری ئیمڕۆشدا سەرهەڵدانی گەلان وڵاتی سوریا و ناوچەکەی گرتۆتەوە ، ئەوەی زۆرترین سودی لەو سەرهەڵدانە وەرگرتووە لایەنی کوردە ، ئەو سود وەرگرتنەش ئەنجامی بەرنامە داڕێژییەکی پاک و سەرکەوتوو بووە کە لەلایەن پارتی یەکێتی دیموکراتی "پەیەدە"وە بناغەی بۆ داڕێژراوە ، پەیەدە توانی بە کەمترین زیان زۆرترین دەستکەوت بەدەست بێنێت ، وەک : پاراستنی کوردان لە گێژاوی شەڕی مەزهەبگەرایی سوریا و ئازادکردنی زۆربەی ڕۆژئاوای کوردستان و بە سیستەمکردنی کۆمەڵگا و دامەزراندنی تەواوی هۆکارەکانی پاراستنی گەل و ئێستاش زۆر بە خێرایی هەنگاو دەنێن بۆ دامەزراندنی ئیدارەیەکی خۆبەڕێوەبەری ئازاد .
نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت کە پەیەدە زۆر ڕاستگۆیانە هەڵسوکەوت دەکات و ئەوەی لە بەرنامەیدا جێگیری کرد بە کردەوەش پیادەی دەکات ، هەر بۆیەش تەواوی ئیمپریالیست و داگیرکەران و هێزە خیانەتکارەکانیش لە بەرنامەی ئەم حیزبە دەترسن ، بۆ نموونە لە دوو مانگی ڕابردوودا پەیەدە باسی لە دامەزراندنی حکومەتێکی کاتی و خۆبەڕێوەبردنێکی ئازادانە کرد ، کەچی ئەوەی بە زوترین کات هاتە زمان و دژ بەم بەرنامەیە وەستایەوە خودی ئەمریکا و دەوڵەتی تورک و حکومەتی سوریا بوون ، ئەمە جگەلەوەی کە هێزە دژبەرەکانی بەشار ئەسەدیش بە ئارتەشی ئازاد و ئیسلامیە کۆنەپەرستەکانەوە لوولەی چەکەکانیان گۆڕی بۆ کوشتنی کوردان و زیاتر لە یەک مانگە وازیان لە دڕندایەتی بەعسیەکان هێناوە و خوێن و ماڵ و ژنی کورد حەڵاڵ دەکەن ، لە هەمان کاتدا بەعسیەکانیش وازیان لە مەترسی ئۆپۆزسیۆن و لایەنە ئیسلامیەکان هێناوە و لە ئاسمان و زەمینەوە هێرشی سەر کوردان دەکەن ، وەک هێرشکردنە سەر گەڕەکی ئەشرەفیەی کوردنشین لە حەلەب و بۆردومانکردنی دێرک و گرزیرۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان .
لە هیچ کەسێک شاراوە نییە کە هەم تورکیا و هەم ئەمریکا هەوڵی ڕووخاندنی ڕژێمەکەی ئەسەد دەدەن کەچی لە بەرامبەر کورداندا هەمان سەنگەری بەعسیەکانیان هەڵبژارد و چرای سەوزیان بۆ ئارتەشی ئازادی سوریا و جەبهەت النەسرە هەڵکرد بۆ قەڵاچۆکردنی کوردان .
سەرسوڕمان ئەوەیە کە بنەماڵەی بارزانیش هەمان ڕۆڵی داگیرکەران و دوژمنان دەگێڕن دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان و هەوڵی لە باربردنی دەستکەوتەکانیان دەدەن بە داخستنی سنوورە دەستکردەکان و هەوڵدان بۆ کۆچبەرکردنی کوردان و حەوانەوە و مۆڵدانی تەواوی خیانەتکارە کوردەکانی وەک عبدالباست سەیدا و عبدالحکیم بەشار و مستەفا جومعە لە شاری هەولێر .
هەر لە سەرەتای شۆڕشی نەتەوەکەمان لە ڕۆژئاوادا پیلانەکانیش لەسەر ئەو پارچەیە ڕوویان لە زیادبوون کرد ، هەم لەلایەن داگیرکەرانەوە و هەم لەلایەن وەکیلەکەیان کە بنەماڵەی بارزانییە . چەندین ڕێگە تاقیکرایەوە بۆ سەرخستنی پیلانگێڕیەکان ، ساتێک لە ڕێگەی هەڕەشەکردن و ساتێک لە ڕێگەی ئاستەنگی دروستکردن ، ساتێک لە ڕێگەی ئاژاوەگێڕی بەهۆی نۆکەرەکانیان لەژێر ناوی"الپارتی و پارتی ئازادی"دا و ساتێک لە ڕێگەی هاندانی ئارتەشی ئازادی سوریا بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوی کوردستان ، ساتێک بە سازکردنی دووبەرەکی و ساتێک بە هەوڵدان بۆ زیندوکردنەوەی سیاسەتی خیانەتکارانەی "فیفتی فیفتی" ، ساتێک لە ڕێگەی سنوورداخستن و گەمارۆدانی ڕۆژئاوا و ساتێک لە ڕێگەی ناردنی جیهادیە دور لە مرۆڤایەتیەکان بۆ قەتڵوعامکردنی کوردان ، تەوای ئەم پیلانانەش لەلایەن ئیمپریالیزم و داگیرکەرانەوە نەخشەی بۆ دادەڕێژراوە و بنەماڵەی بارزانیش جێبەجێی دەکەن ، سەرەنجام هەموو ئەو پیلانانە پۆچەڵ کرانەوە و شۆڕشیش لە جاران بەگوڕتر بووە ، دواین سیاسەتیشیان هەوڵدانە بۆ کۆچبەرکردنی کوردان و داماڵینی ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕوخساری کوردبوون .
هەڵبەت من دڵنیام کە ئەم سیاسەتەشیان واتە" سیاسەتی کۆچبەریکردن" پوچەڵ دەبێتەوە و تەواوی پیلانەکانی دوژمنان دەبنە بڵقی سەرئاو و گەورەترین شەرمەزاریش بۆ وەکیلەکەیان دەمێنێتەوە ، لێ بەڵێ ئەرکی تەواوی ڕۆشنبیران و ئازادیخوازانی نەتەوەکەمانە کە ئەم سیاسەتە گڵاوەی داگیرکەران و وەکیلەکانیان شەرمەزار بکەن و چی دیکە چاوپۆشی لە خیانەتی کۆچبەریکردن نەکەن ، چونکە ئازادبوونی ڕۆژئاوای کوردستان بە واتای لە ڕیشە هەڵکێشانی ڕەگی خیانەت و هەنگاوێکیشە بۆ کۆتایهێنان بە دیاردەی قێزەونی پیلانگێڕی ، کۆتایهێنان بەو دوو دیاردە چەپەڵەش ئاشتی و ئازادی لە ناوچەکەدا سەقامگیر دەکات .
بۆ زانیاری زیاتر کرتە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە :
http://awene.com/opinion/2013/08/23/24943