ئازار، ئازارەكانمان زۆرتر دەكات
Thursday, 14/03/2013, 12:00
هێندەى بیرم دێت، هەموو ساڵێك مانگی ئازار كۆمەڵێك روداوى خۆش و ناخۆشی تێدایەو یادیان دەكرێتەوە، بەڵام ئەم ئازارە لەجیاتى بەخشینی خۆشی، ئازارەكان زیاتردەكات، چ بۆنەكە خۆشی بێت یان ناخۆشی!
پێت سەیرنەبێت كە ئازار ئازارەكان زیاتردەكات، 22 ساڵە بەڵێن بۆ پڕكردنەوەى كەلێنەكان و پارێزگاریكردنى دەستكەوتەكانى راپەرین دەكرێت، هەموو ساڵێك كۆمەڵێك بەڵێن و ژمارەیەكی گەورە گەورە لە دانانى بەردى بناغە بۆ ناوچە جیاوازەكان دادەنرێت، بەڵام ناگاتە كۆتایی ئازار، تا ساڵی دادێ ئەبێ ئازاربكێشین و هەواڵی پرۆژەكان بزانین، بەڵام خۆشبەختانە بودجەكە خەرجناكرێت و لە بانكە تایبەتمەندەكان هەڵدەگیرێت!
هەموو ساڵێك گۆرانى 16/3و سرودی كیمیاباران گەرم و نەرم دەكرێتەوە، گەورەكان قسەى زلو بە بریقەیان بۆ دێت، پرۆژەى زیاد لە تواناى خۆیان دەخەنەڕوو، بە پەلە بەردی بناغەى نەخۆشخانەو قوتابخانەو تاد... دادەنێنن، هەژارانو نەخۆشەكانى دەستى كیمیاوی و خانەوادەى شەهیدان و ئەنفالكراوان و لە هەموویان گرنگتر شەهیدە زیندووكانى ئەم وڵاتە دەوڵەمەندە هەژارە، واقیان لە بەڵێنەكان وڕدەمێنی و تا هەفتەیەك خۆشی دڵی داگیركردوون، بەڵام ئەمە ساڵانى رابردووبوو...، ئێستا خۆشبەختانە هاوڵاتیان وەك جاران كاڵفام نین، بەڵكو خۆیان حازردەكەن بۆ ئەوەى دووبارە وەك ئازارەكانی تر، ئەم ساڵیش ئازار بكێشنەوە.
ئەم ساڵ ساڵی تازەیە نەورۆز هاتەوە... قوڕ ئەكرێت بەسەر ژینگەداو هاوڵاتی ئەتلێتەوە.
هەموومان دەزانین، ئەوە بزانن لەم گۆشەیە زانیاری نوێتان نادەمێ دڵنیابن، چونكە دەزانین دووبارە سەری ئەم ساڵە داماوەش وەك ساڵەكانى تر دەشكێنرێت، لەبەرئەوەى هەموو ساڵێك دەوترێت..(ئەخوازین، هیوادارین، هیواخوازین، مژدە دەدەین، دڵنیاتاندەكەینەوە، تاد... بیرم نایەت چییان وتووە) ئەم سەرى ساڵە ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ گەلەكەمانو ئاشتىو ئارامیو دادپەروەرى كۆمەڵایەتىو ئابووریو سیاسیو ئەدەبیو فەرهەنگی تەنانەت یەكگرتنى زمانى كوردیش، (چونكە خەریكە ئەم خولەى پەرلەمانیش تەواودەبێت هێشتا پرۆژە یاساكەى خولی پێشوو نەهێنراوەتە پەرلەمان، بۆ ئەوەى زمانێكی ستاندارمان هەبێت!!) فەراهەمبكەین، بەڵام هێشتا چلەى ساڵە داماوەكە نەچووە خێراو بەپەلە بەڵێن و قسەى بەرپرسان لەباردەچێت!!
وەك ساڵانى رابردوو منیش وەك بەرپرسان دووبارە دەیڵێمەوە، هیواخوازم، هیوادارم، ئەخوازم، بەڵام (ناتوانم بەڵێنبدەم)، ئەم ئازارە جیاواز لە ئازارەكانى رابردوو لە جیاتى ئازاركێشان، ئازارەكانمان لەكۆڵ ببێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست