کەرنەڤاڵی تفەنگ
Tuesday, 18/02/2014, 12:00
بەبۆنەی ساڵە ڕۆژی گیرانی سەرۆك ئاپۆوە نووسراوە
ماوەیەکە ئەڤیندارم
خەو بەخرینگەی ئازادی و
لەرزانەی تفەنگ و
بەرموورەی بەرخۆدانەوە دەبینم.
دڵ لەنەسڵی ئەفسانەیە
دەترسم ببێ بەخرخاڵ
ئەم یەکە و ئەو هەزار.
ئەڤین هەیە دووباڵی هەیە لەئاواز
بێ ئەوەی بەخۆت بزانی
بەیەک قەڵەمباز گۆرانی،
دەتگوازێتەوە ئەو دنیا.
وەك دەنگی دەلیلا*.
هەیە لەچوارچرا
لەگرێی مردندا
ژیان دەکاتەوە.
سەری دەکا بەقەندیلە بۆ خۆرهەڵات
چاوی دەکا بەچلچرا
ڕووحی دەسپێری بەکۆمار،
وەك پێشەوا.
هەیە لەکـوبانـی
ئیرادەی لەئاســن
هەناسەی لە بەفر
ورەی لە داری عود.
کەبریندار دەبێ،
چیا دەچێتە ژێر باڵی
خۆر دەبێتە گێلگێلە بۆی،
وەك شەرڤانێکی یەکینە.
هەیە لە ئەنگۆرە
ناولەپی لەهەورە
ئەنگوستی لەباران،
چووە بۆ پیاسەی خۆر،
لە ئەستیرە ڕنین نەگەڕاوەتە.
کەدەچێتە سەرپێ
لەبری گووللە
قا..قا ..لێ دەدا،
وەك تفەنگێکی دلبەخوێن.
هەیە هونەرمەندە
لەبناری بەرخۆداندا
وەرزشوانە.
کەشەر دەجێتە سەر پاشووی پووچگەرایی،
لەبری گیان هەلهەلە دەکێشێ،
وەك تفەنگێکی گەریللا.
هەیە قامەتی سەنتوورە
بەژنی لە داری بی
هاڕەی لە ئەفسانە،
کە تووڕەیی دەیگرێ
لە بری فیشەك
ئاواز لێ دەدا،
وەك تفەنگێکی تەڤگەر.
هەیە سەری پەڵەی گەنمە
دلی پێدەشتی سمکۆڵان
کە دەمار دەیگرێ،
لە لوولەکەیەوە هارژنی کۆتر
نووقڵانەو ئاشتی
قرمژنی سەرکەوتن،
وەك تفەنگێکی ئاپۆچی.
هەیە سۆزی لە ئاوریشمە
خوناوکەی لە شیلان
قامکی لە (برووسک)ە
بەڕکی لە فیشەکدان
کەڕکی هەڵدەستێ ،
دەسرێژ لە دەمیدا نوقلی ترش و شیرینە،
وەک تفەنگێکی لاوکبێژ.
هەیە لەناو زیندان
گۆڕ بۆ هەرچی زیندان هەیە هەڵدەکەنێ
کەچی هەموو زیندانەکان، نابن بە بستێک گۆڕ بۆ ئەو،
وەك فەلفەسەی تفەنگێك.
هەیە لەئیمراڵی
تاریکی هەڵدەکا
تەنیایی دادەگیرسێنێ
وشە و زوومرود دەکاتە هەوێنی ئاشتی
خۆر بەکەژاوەی تیشکەوە
دەخزێنێتە ژووری تاکە کەسییەوە،
وەك ئۆج ئالان...
سویسڕا/
١٨/٢/٢٠١٤
کەژاڵ عەلـــی
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
تێبینی:
*قەندیلە بەو دارە سەر بە ئاگرە دەلێن کە پەرۆیەکی نەوتاوییان تێوە دەئاڵاند و لە شوێنە تاریکەکاندا بۆ رووناک کردنەوە بەکاریان دەهێنا ،تەیموری لەنگ لە کتێبی (یاداشتەکانی تەیمووری لەنگ لە وڵاتی قاجار)دا گەر هەڵە نەبم، باسی لێوە دەکاو، بە حوکمی ئەوەی ئەو وشەیە وەک زانیاریم لەسەری کۆ کردۆتەوە ، هەر لە دەورو بەری دەڤەری بتوێن و پشدەردا بلاو بووەتەوە ،دەبێ هەر لە وشەی(قەندیل)ەوە هاتبێ. قەندیل چیایەکە دەکەوێتە ئەو دەڤەرەو بە حوکمی سەختی و توندو تۆڵی جوگرافیاکەی بە درێژایی مێژوو لانکەی شۆرشو ئامێزی گەرمی خەبات بووە .
بێریتان* ئەو ژنە گەریلایەیە کە لە سالی١٩٩٢ لە چیای شەمزینان،لە دوای ئەوەی تا دوا فیشەک بەرپەرچی هێرشی هێزە زەبەلاحەکانی خۆماندەکا ،دواتر بۆ ئەوەی بەردەستیان نەوکەوێ تفەنگەکەی دەشکێنێو خۆی لە بەرز ترین لووتکەوە فرێ دەداتە خوارەوە،.دوا جار ئەو ژنە بوو ئەفسانەی خەباتو بەرخۆدان.ئەمە لینکی زانیاری تەواوە لەسەر ئەو ژنە بەجەرگە:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=71a1d40f*دەلیلا ناوی ئەو ژنە سترانبێژە شەهیدەیە کە هەمیشە بە دەنگە بەسۆزەکەی ژیی خەباتوقوربانیدانی دەلەراندەوە..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست