کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حکومەتی بنکە فراوان، کۆتای ژیانی سیاسی ئۆپۆزسیۆنە!

Wednesday, 23/01/2013, 12:00








مەبەستی لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بۆ دەرگا ئاواڵا کردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئۆپزسیۆن چەند مەبەستێکی تایبەتی لە خۆ دەگرێ، هەنگاوی یەکەمیان تەنیا بۆ ئەوەیە کات بکوژن، لە هەمانکاتدا ئۆپۆزسیۆن ببەستنەوە بە خۆیان و لە میللەت دایببڕن، بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیاری بەرێوەبردنی حکومەتی بنکە فرەوان وەکو چارە سەرێک دەخەنە بەردەستی ئۆپۆزسیۆن.
ئەوی پێویسته بوترێ ئەویە، لەوهەلو مەرچەی ئێستای کوردستان و لە ژێر ئەو جۆرە سیستەمە هەنوکەیەی حوکم لە هەرێم، بەشداری کردن لە حکومەتی بنکەفراوان، مانای کۆتای هێنانە بە ژیانی سیاسی ئۆپۆزسیۆن له هه رێم، راستە هەمو لایەنەکان بەشدار دەبن لە بەرێوەبردنی حوکم بەڵام بێگومان لە ژێرسێبەرو دەسەڵاتی سەرۆکی هه رێم و پارتەکەی بە پلەی یەکەم، لاینەکانی تریش بە یەکێتی نیشتمانیشەوە لە دوای ئەو پلەیه دێ. ئەوەی رونە و ئەزمون دەریخستوە تاوەکو ئەو ساتە ئەوەیە یەکێتی نیشتامانی کێشەی نیە لەگەڵ ئەودیاردەیه، بەڵام لایەنەکانی تری وەکو ئۆپۆزسیۆن شەرت نیە هەمولایەکیان بەو دیاردەیە رازی بن، بەمانایەکی تر ئاماژەکان وادەریدەخەن ئەگەری ئەوە هەیە هەندێ لایەن لە ئۆپزسیۆنیش ئامادەیی ئەوەیان تیا هەبێ ئەو پێشنیاره قەبولبکەنو بەو دیاردەیەش رازی بن.
چونی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆلای بارزانی و بردنی پێشنیارەکان لە پرۆژەیەکی ئامادە کراو، دوا بەدوای ئەوەش هاتنی وەفدی دەسەڵات بۆ لای ئۆپۆزسیۆن، کە لە ئەندامانی باڵای هەردو حزب پێکهاتبو، هەندێ ئاماژەی گرنگ لە خۆ دەگرێ. پێش هەموشتێک دەیانەوێ بە ئۆپۆزسیۆن بڵێن مەسەلەکانی ئێوه دراوتە دە ست وەفدێک لە خوار سەرۆکایەتی هەرێمە، هەروها دەیانەوێ بڵێن کە ئەوان هەتا دوای قۆناغی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی، لە نێوان خۆیان تەبانو رێکن، وە پێشوەخت سەڕۆکی هەرێم مخەوەلکراوە لەلایەن هەردولایانەوه بۆ بریاردانو هەنگاو هاویشتنی ئایندە بۆ ئەو مەسەلەیە، وە هەڵگری ڕای هەردولایەن بوە کە لەگەڵ سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن دانیشتوە، لەپاڵ ئەوەش ئەمە ئاماژەیەکه بۆ میللەتو ئۆپۆزسیۆن، کە هەمو شتەکان وکو جاران بەرێوە دەچێ و هەردو لا پابەندن بە رێکەوتنی ستراتیژیی، ئەمە لەلایەک لە لایەکی تریش پێش کۆبونەوەکان لە میدیاکان پەنجەیان بۆ ئەوە درێژ دەکرد کە پرۆژەکەی بزوتنەوی گۆڕان پرۆژەیەکی نیشتمانیە، ئەو بانگەشەیه لە میدیاکان بۆ رێگە خۆشکردن بو بۆ خزاندنی بزوتنەوەی گٶڕان بە ئاراستەی مەبەستەکانی خۆیان، چونکە ئەوان بێگومان پێشوەخت پێشبینی بۆچونی بزوتنەوەی گٶرانیان کردوە لە ئەگەری رازینەبونیان، بۆ ئەو مەبەستەش، یەکەم جار لەگەڵ لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆن دانیشتنو کونفرانسی میدیایان ئەنجامدا بۆ پێشاندانی کەلێن لە نێوان پارتە سیاسیەکانی هەرێم کە لە خانەی ئۆپۆزسیۆن خۆیان دەدۆزنەو، شان بە شانی ئە وە ش بۆ ئەوەی پێش ئەوەی بێن بۆ لای بزوتنەوەی گٶڕان زەمینە سازیەکیان کردبێ بۆ پێکانی مەبەستەکانیان.
بەشداری کردنی ئۆپۆزسیۆن لە حکومەتی بنکە فراوان، بەبێشک هەندێ دەستکەوتی مادی دابین دەکا، بەڵام لە هەمانکاتدا دەوری سلبی دەبێ لە پێگەی جەماوەری ئۆپۆزسیۆن، لەبەرئەوەی ئۆتۆماتیکی دەکوێتە سەنگەری دەسەڵات، ئەوە وادەگەیەنێ کە دەبێ چاوپۆشی بکا لەهەمو گەندەڵیەکانی کە لە رابردودا ئەنجامدراوە وە لاداهاتوشدا ئەنجامدەدرێ،میدیای ئۆپۆزسیۆن ئەوکات هەتا ئەگەر پالپشتی لە گەندەڵیەکانی دەسەڵات نەکا، بەڵام لەهەمانکتدا ناتوانێ پەردە لەسەر هەمو گەندەڵیەکان راماڵێ و بە ئارەزوی خۆی دەوری سەرەکی ببێنێ لە خستنە روی راستی روداوەکان. بێگومان ئۆپۆزسیۆن لە ژێر باڵی ئەو جۆرە سیستەمە لە هەرێم ، رێگەی پێنادرێ دەوری بنچینەیی ببینێ لە بەرێوەبردنی حوکم، بە تایبەتی لە بواری پەیوەندیە دیبلۆماسیکانی هەرێم و دەرەوە و پەیوەندیە ئابوریەکانو گرێبەستە نەوتیەکان. سەرەرای هەمو ئەوانەش دەسەڵاتدارانی هەرێم دەستەوەستان ناوەستن بەرامبەر جموجۆڵی ئۆپۆزسیۆن، ئەو شەرە ساردەی نێوانیان هەربەردەوام دەبێ و موحارەبەی ئەندامەکانی ئۆپۆزسیۆن لە دەزگا حکومیەکان شێوەیەکی تر لە خۆ دەگرێ، کە ئۆپۆزسیۆن ئەو کات بۆ پاراستنی پەیوەندیەکە دەبێ دەستەوەستان بوستێ لە داکۆکی کردن لە مافی ئەندامەکانی لەسەر هەمو ئاستەکان، بەم جۆرە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیانەوێ لە هەمو لایەکەوە ئۆپۆزسیۆن ببەستنەوە و بیانخەنە ژێر رکێفی خۆیان و کۆتای بە ژیانی سیاسیان بهێنن لە هەرێم.




.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە