کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شۆڕشی گوڵان، یان شه‌ڕی عه‌ره‌ب ئیسرائیل؟ به‌شی یه‌که‌م

Tuesday, 17/05/2011, 12:00







بنه‌ماڵه‌ی مسته‌فا بارزانی، که‌ئێستا سه‌رۆکایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و به‌شێکی ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستان، له‌ژێر ده‌سه‌ڵات و قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئه‌واندایه‌، ده‌شت و ده‌ری ده‌زگاکانیان پڕکردووه‌ له‌ به‌رزڕاگرتن و ناوهێنانی شۆڕشی گوڵان. له‌ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌حیزبیه‌کانیان و ته‌نانه‌ت له‌به‌پیرۆزکردن و گه‌وره‌ده‌رخستنی خۆیان و باوکیاندا‌، شۆڕشی گوڵانیان کردووه‌ به‌ داستانی به‌در و مسته‌فا بارزانیش به‌ ڕۆسته‌م. هه‌ر به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون، پێشمه‌رگه‌ی گوڵان و شه‌هیدی گوڵانیشیان هه‌س. ده‌زگای گوڵان و هێزی گوڵان و ده‌یان گوڵانی تریشیان هه‌س. ئیدی براله‌، هه‌ر مه‌پرسه‌! وا خه‌ریکه‌ مێژووی کوردیش ئاوه‌ژوو ده‌که‌نه‌وه‌ و ده‌یکه‌نه‌ گوڵان. جا ئه‌گه‌ر بۆیان هه‌ڵبکه‌وێت، ئه‌وا شۆڕشی شێخ مه‌حمود و شێخ سه‌عیدی پیرانیش ده‌که‌نه‌ گوڵان. هه‌ر چۆن وا خه‌ریکه‌ کۆماری کوردستان ده‌که‌نه‌ به‌روبوومی عه‌ره‌ق و تواناکانی مسته‌فا بارزانی و پیاوه‌کانی. هه‌ر به‌و چه‌شنه‌، ئاڵای کوردستانیان کرده‌ دیاری ده‌ستیان.

ئه‌م به‌گوڵانکردنه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له‌تامی ده‌رکردووه‌، بۆیه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو ناهه‌قییه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر قوڕ دیواری مێژوو بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌ڵبچنن، بڕیارمدا ئه‌م وتارۆکه‌ کورت و پوخته‌ له‌چه‌ند به‌شێکدا، له‌مه‌ڕ گوڵانه‌که‌ی ئه‌وان بنوسم. تاکو چی تر هێنده‌ به‌نه‌زان و کوێر و کاسمان تێنه‌گه‌ن و بزانن که‌ ئێمه‌ش ده‌زانین و هه‌نوکه‌ هۆشیاره کورد‌‌!

ڕۆڤێن شێلۆ، ڕۆژنامه‌نوسی ناوداری جوله‌که‌، له‌پێش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و له‌سه‌روبه‌ندی سه‌رهه‌ڵدانی بیری ناسیۆنالیستی و هه‌وڵدان بۆ یه‌کخستنی ڕه‌وه‌ندی جوله‌که‌ له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا، له‌ساڵی 1931 دا، له‌ڕێگای جوله‌که‌یه‌کی ناوچه‌ی کۆیه‌وه‌، سه‌ردانی ناوچه‌ی بارزانی کرد و له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی براگه‌وره‌ی مسته‌فا بارزانیدا دانیشتنی کرد و بووه‌ سه‌ره‌تای په‌یوه‌ندی سه‌رۆکاکه‌نی خێڵی بارزانی و ئیسرائیل. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی له‌ساڵانی سه‌ره‌تای بیسته‌کاندا، هاوکاری ئه‌رمه‌نیه‌کانی کردووه‌ له‌به‌رامبه‌ر هێرشی تورکه‌کاندا، بۆیه‌ ناوبانگ ده‌رده‌کات و ئه‌م ڕۆژنامه‌نوسه‌ش که‌ دایکی ئه‌رمه‌نی بووه‌، بۆ مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندی یه‌کترناسین سه‌ردانی ناوچه‌ی بارزان ده‌کات. ئیدی ئه‌مه‌ یه‌که‌م سه‌ره‌تای په‌یوه‌ندی نێوان مسته‌فا بارزانی و جوله‌که‌کان بوو.

له‌سه‌ره‌تای شه‌سته‌کاندا، حکومه‌تی ئیسرائیل، ده‌ستیکرد به‌ به‌رنامه‌داڕشتن تاکو تۆڵه‌ له‌هه‌موو ئه‌و ووڵاته‌ عه‌ره‌بیانه‌ بکاته‌وه‌ که‌ به‌شداری شه‌ڕی عه‌ره‌ب ئیسرائیلیان کرد. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، ده‌وڵه‌تی عێراق، یه‌کێ له‌و وڵاتانه‌ بوو که‌ خستییه‌ ناو ئه‌جندای تۆڵه‌لێسه‌ندنه‌وه‌ی و له‌ڕێگای موساده‌وه‌ بانگهێشتی ئه‌میر کامه‌ران به‌درخانیان کرد بۆ بینینی شه‌معۆن پێرێز، جێگری وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل، ئه‌میر کامه‌ران به‌درخان، ‌ کوردێکی دانیشتووی کوردستانی تورکیا بوو. هه‌ڵبه‌ته‌ په‌یوه‌ندییه‌کی باشی له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا هه‌بوو، ئه‌مه‌ش به‌و هۆیه‌ی که‌ دژی ده‌وڵه‌تی تورکیابوو و کاری بۆ موساد ده‌کرد.

شه‌معۆن، داوای له‌ ئه‌میر کامه‌ران کرد، مسته‌فا بارزانی قه‌ناعه‌ت پێبکات که‌ هاوکارییان بکات و ئه‌مانیش له‌به‌رامبه‌ردا هاوکاری جدیی ده‌که‌ن. له‌یه‌که‌م هه‌نگاویشیاندا، بۆ باوه‌ڕهێنانی مسته‌فا بارزانیش له‌به‌رامبه‌ر پاکی و ڕاستگۆیی حکومه‌تی ئیسرائیلدا، شه‌معۆن، 50.000 دۆلاری وه‌کو دیاری به‌ ئه‌میر کامه‌راندا بۆ ناردووه‌.

له‌ساڵی 1963 دا، یه‌که‌م تیمی ئیسرائیلی که‌له‌ 5 که‌س پێك هاتبوون، به‌هاوکاری یه‌عقوب نه‌مرودی، قونسوڵی ئیسرائیل له‌ ئێران، ڕووی کردۆته‌ کوردستان و چوونه‌ته‌ ناوچه‌ی حاجی ئۆمه‌ران بۆ لای مسته‌فا بارزانی.

حکومه‌تی ئیسرائیل، بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌کانیان ئاسانتر بێت، سودیان له‌ په‌ویه‌ندی باشیان له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د ڕه‌زاشای پاشای ئێران بینیوه‌ که‌ کێشه‌ی زۆر قوڵی مه‌زهه‌بی و سنور و ده‌سه‌ڵاتی له‌گه‌ڵ عێراق هه‌بوو. له‌و ڕێگایه‌وه‌ توانییان شا ڕازی بکه‌ن تاکو نێوانی له‌گه‌ڵ مسته‌فا بارزانیدا ئارام بکاته‌وه‌ و پێکیان بهێنن و په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ و هاوکارییان بۆ دروست بکه‌ن.

به‌ڕازیکردنی شای ئێران بۆ هاوکاریکردنی مسته‌فا بارزانی به‌و نیازه‌ی ده‌کرێت له‌ ڕێگای ئه‌م سه‌رۆکه‌ی کورده‌وه‌ که‌ هه‌نوکه‌ سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌، جه‌نگی دژ به‌عێراق، به‌دوقۆڵی بکه‌ن. سه‌ره‌تای یه‌که‌م سه‌رکه‌وتن و ده‌ستکه‌وتی ئه‌جنداکه‌ی حکومه‌تی ئه‌وکاتی ئیسرائیل، گزنگیدا و تیشکی دره‌وشاوه‌ی ڕوناکیی ئه‌م کاره‌، باشترین و ده‌وڵه‌مه‌نترین و گرنگترین کارتی به‌کاربردی ئیسرائیل ده‌رکه‌وت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە