کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جەلال تاڵه‌بانی و منەتەكانى

Tuesday, 07/06/2011, 12:00


ئەڵێن : كە عوسمانى حاجى مەحمود چووە ڕیزەكانى بزووتنەوەى گۆڕان ، جەلال تاڵه‌بانی بە زمانێكى زبر قسەى لەگەڵدا دەكات ، كاك عوسمان پێى دەڵێ : جەلال تاڵه‌بانیبۆچى بەو جۆرە قسەم لەگەڵدا ئەكەى ؟ وەڵڵاهى وە بیللاهى ئەوەت بەسەرەوە ناچێ .. !
لە دوا دیمانەیشیدا ، لەگەڵ ڕۆژنامەى الشرق الاوسگ دا ، دیسانەوە دەست دەكاتەوە بە منەتكردن ، ئەمجارەیان بەسەر نەوشیرواندا ، كە بڕى دەملیۆن دۆلار و گردێك و بینایەكى داوەتێ ..پاشان دەڵێ : نەوشیروان بە پارەى خۆمان و ئەو یارمەتیانەى یەكێتى پێشكەشى كردووە ،هێرشمان ئەكاتە سەر ..
بێگومان ئەم قسانە تازە نین و لە چەند جێگا و چەند موناسەبەى تردا ئەو منەتەم لە ڕاگەیاندنەكانى دەسەڵاتدا خوێندۆتەوە ..بەڵام لێرەدا چەند پرسیارێك خۆیان ئەسەپێنن : ئایا جەلال تاڵه‌بانیوەكو خۆت ئەڵێى 35 ساڵ لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا خەباتتان كردووە ، ئێستا بۆچى تۆ بویت بەو دەوڵەمەندە ى بە سەخاوەتەوە 10 ملیۆن دۆلار و گردێك و بینایەك دەدەیتە ئەو و .. بۆچى ئەو هیچى نییە و دەست لە تۆ پان دەكاتەوە ؟؟ ئایا تۆ هاوشان لەگەڵ خەباتى شاخدا ، كرێكارى خەباتە بویت و پارەكانت كۆكردۆتەوە ؟؟ یان نەوشیروان مستەفا دەستبڵاوە و نەیتوانیوە وەكو تۆ پارە كۆبكاتەوە ؟؟ ئەمە چ سڕێكە دوو برادەرى هاوخەبات و هاوسەنگەر ، یەكێكیان دەبێتە ملیاردێر و ئەوەى تریان دەستى لە بنى هەمانەكەوە دەردەچێت و بە منەت و منەتكارى، یەكەم و دواداواكارى بۆ جێبە جێدەكرێت و لە هەموو موناسەبەیەكیشدا وەكو كۆڵەكەكەى عەوڵا باس دەكرێتەوە ؟؟یان ئەمە باشترین بەڵَگە نییە بۆ ئەوەى جەلال تاڵەبانى تەڕ و وشكى كوردستانى خستۆتە گیرفانەكانییەوە و تەنانەت نزیكترین هاوڕێیشى ناتوانێت لێى سودمەند بێ بە تایبەتى ئەگەر ئەو هاوڕێیەى خاوەنى بیر و بۆچوونى تایبەتى خۆى بێت ؟ئایا ئەم هەڵسو كەوتەى سكرتێرى گشتى یەكێتى و سەرۆكى عێراقى بەناو فیدراڵ ، باشترین بەڵگە نییە بۆ ڕەزیلى و چروكى و بەرچاوتەنگى بە شێوەیەك بەردەوام هاوڕٍێ نزیكەكانى شەرمەزار بكات و بیانشكێنێتەوە ؟؟
پاش ئەوە ڕستێك پرسیارى تر دێنە پێشەوە ، ئایا جەلال تاڵه‌بانی ئەو هەموو ملیۆن دۆلارەى لە كوێوە پەیدا كرد ؟ كێ مافى تەسەروفى بە جەلال تاڵه‌بانیداوە بەو شێوەیە پارە و ماڵى كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان (وەكو خۆى دەڵێ) تەخشان و پەخشان بكات ؟؟ئایا تەنها ئەو مینحەیەى كە داویەتە نەوشیروان مستەفا ،بەس نییە بۆ ئەوەى لەبەردەم دادگادا ڕاوەستێنرێت و لێى بپرسن : بە چ بڕگەیەكى دەستور و بودجە ، ئەو بڕە پارە و سامانەت پێشكەش بە نەوشیروان مستەفا كرد ؟؟ یان ئەویش وەكو دیكتاتۆرەكان لەسەروو یاسا و دادوەرى گشتیەوەیە و .. ماڵ و سامانى كوردستان ، موڵكى شەخسى خۆیەتى و بۆى هەیە مامەڵە بە سەر لەبەرى هەرێمەوە بكات و .. بۆ یەك چركەیش نە شەرم بكات و .. نە هیچ دادوەرێكیش بۆ چركەیەك بیر لەوە بكاتەوە كە ئەم كابرایە بە چ مافێك ، زەروو ئاسا دەمى ژەندۆتە خوێن و سامانى نەتەوایەتى كورد ؟؟
لە كۆتاییدا پرسیارگەلێكى تر دێنە ئاراوە ، لێرە و لەوێ بیستومانە كۆشكى شاهانەى ملیۆنەها دۆلار لە هەولێر و سلێمانى پێشكەش بە مالیكى و عەلاوى و عادل عەبدولمەهدى كراوە .. و چەندەها دۆنم زەوى لەسەر ئەو زاتە عەرەبییە شۆڤێنیانە كراوە ، بە بێ ئەوەى لە هیچ دەزگایەكى ڕاگەیاندندا ئاماژەى بۆ كرابێ ، ئایا نەوشیروان مستەفاى دامەزرێنەرى كۆمەڵەى ڕەنجدەران و یەكێتى نیشتمانى و ئەندازیارى ڕاپەڕینى بەهارى 1991 ، ئەوەندەى ئەو برا عەرەبانە حەقى بەسەر ئەم هەرێمەوە نییە ؟؟ خۆ هەرگیز نەوشیروان ، وەكو ئەو برا عەرەبانەى نەیوتووە بڕیارى 140 ئێكسپایەر بووە ، خۆ نەوشیروان قەت بیرى لە گەلەكۆمە لە گەلى كورد نەكردۆتەوە ، وەكو ئەو برا عەرەبانەى كە باس دێتە سەر سەركوتكردنى كورد وەكو قیر و زفت یەك دەگرن ؟
بەڕێز جەلال تاڵه‌بانی، كاك نەوشیروان ئەگەر مەبەستى پارە و ماڵ بوایە ، لەو بیست ساڵەدا ئەیتوانى سامانێكى وەكو سامانەكەى تۆ پێكەوە بنێت ، بەڵام نەتپرسى بۆچى پێكەوەى نەنا ؟؟بۆچى داواى لە تۆ كرد پارە و گرد و بیناى بدەیتێ ؟؟ نەتپرسى بۆچى نەوشیروان ئەوەندە خاكى و دەست سپى و بێ كار و كاسپیە ؟؟نەتپرسى بۆچى نەوشیروان هەروەكو پێشمەرگە پاتە دڕاوەكە مایەوە و تۆ ویتەتە ئەو بازرگانە جیهانییەى نەوت و زەوى و دۆلار و كۆمپانیاى هەمە شێوە ؟؟نەتپرسى بۆچى نەوشیروان قەت بۆ چركەیەكیش ڕەونەقى كورسى و دەسەڵات هەڵینەفریواند ، بەڵام خۆت بۆ مانەوە لەسەر كورسیە وەهمیەكەى بەغدا ، كەركوك و هەموو ناوچە جێناكۆكەكانت كردە شەكرى دیژلەمەى برا عەرەبە چاو ڕەشەكانت ؟؟
بەڕٍێز جەلال تاڵه‌بانی، تەنها ئەو دێڕە ى كە تێیدا باس لە نەوشیروان و دەملیۆن و گردەكە ئەكەیت ، بەسە بۆ ئەوەى تۆ پەلكێشى دادگا بكات و . مەدالیاى پێشمەرگایەتى و پاكى و نەزاهەتیش بە سنگى نەوشیروان مستەفادا هەڵواسێ ..


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە