گەنج و خود... لەژێر كاریگەرى كۆمەڵگە و ئایدۆلیژیاى سیاسى
Friday, 07/08/2009, 12:00
وەك هەمیشە ئەبێ لەبەر چاومان بێت گەنج كاریگەرترین توێژە چ لەمێژوو و چ لەئێستا و چ لەداهاتوو. بەڵام ئەبێ گەنج هەست بە گەنجبوونى خۆى بكات، سەرەتا باكۆمەڵێك بیرى چەوتى كۆمەڵگە بەرامبەر گەنج راست بكەینەوە، لەكۆمەڵگاى كوردیدا ئەو كەسەى لەژێر كۆمەڵێك كاریگەرى تەمەنى هەرزەكاریە بەگەنج ناودەبرێت و پاش مردنى كۆمەڵێك هەستى سۆزدارى ئەو كەسە هەنگاو بەرەوە پیرى دەروات! من ئەمە بەهەڵەیەكى ترسناك دایدەنێم لام وایە پاش تێپەربوون لەكۆمەڵێك هەستى هەرزەكارى قۆناغى گەنجبوون دەست پێدەكات، چونكە لەم رووەوە قۆناغێكى عەقڵانى دەست پێدەكات و گەنج بەبێ ئەوەى كەوتبێتە بەر كۆمەڵێك هەستى سۆزدارى خاوەن ئیرادەى خۆیەتى.
كۆمەڵگە كاریگەریەكى زۆرى هەیە لەسەر پەروەردەكردنى تاك بەتایبەتى گەنج، ئەگەر تاكەكانى كۆمەڵگە رێز لەبیروراى یەكتر بگرن رێز لەو كەسانە بگرن كەداهێنان ئەكەن و پاداشتى ماددى و مەعنەوەیان بدرێت بێگوومان تاكەكانى بەتایبەتى گەنج هەوڵى داهێنان و رێزگرتن لەبیروراكانى یەكتر ئەدەن. بەڵام ئەگەر بەپێچەوانە بێتەوە ئەوا زۆر كەم ئەبن ئەو گەنجانەى ئارەزوویان بەلاى داهێنان و گەراندنەوەى بەها بۆشتە جوانەكان و ئارەزووكردن بەلاى وەدەستهێنانى خودێكى خاوەن ئیردە و پرمەعریفە. بەڵكو بیر لەرێگەچارەیەك دەكاتەوە بۆخۆپێگەیاندن و خۆگوونجاندن بەمەش مەعریفى كۆمەڵگە بەرەوە لاوزى ئەچێت. گەنجێكى وادەردەچێت دەستەمۆى كۆمەڵێك یاساى چەپى كۆمەڵگە بێت. لەكۆمەڵگەى كوردیدا ئەو دوو حیزبە دەستەڵاتدارە "پارتى و یەكێتى" چەمكى چەپى كۆمەڵگەى كوردیان بەرهەم هێناوە بەو عەقڵە ناساغەى كەئەو دووحیزبە لەسەرى كار ئەكەن. ئەم دووحیزبە دەستەڵاتدارە گەنجى خاوەن ئیرادەیان كەم كردۆتەوە بەوەى دەستەمۆى خۆیان كردووە لەناو گەنجەكانیش كۆمەڵێك نووسەرى گەمژە هونەرمەندى گەمژە ...هتدیان پێك هێناوە. یەكێك لەو دیاردانە كە گەنجى پێ دەستەمۆى حیزب ئەكرێت لایەنى ماددیە، حیزب بەوەى خاوەن میزانیەیەكى نایاسایى زۆرە، مووچە ئەبرێتەوە بۆ گەنجان بەمەش گەنج دەستەمۆى حیزب دەبێت. سەرەراى ئەوەى زۆرى مووچە خۆرى حیزب كارێكى نایاساییە بەڵام لەهەموو ترسناكتر ئەو پەروەردەكردنە سەقەتى گەنجە لەژێر ئایدۆلیژیاى سیاسى خۆیان، بەوەى تاك بیروراى یەكتریان قبوڵ نەبێت بەوەى سەركەوتنى یەكتریان بەلاوە رق بێت تائەو ئاستە رقەى كەهەستى كوشتنیان لادروست بكات كەكوشتن كۆتایى هەموو بەها جوانیە مرۆڤایەتیەكانە. ئەم پەروەردەكردنە سیاسیە لەمێژووى ئەو دووحیزبە زۆر ئاشكرا و رۆنە بەتایبەتى شەرى ناوەخۆ. حیزبە دەستەڵاتدارەكان لافى ئەوە بەسەر تاكەى كۆمەڵگەى كوردى لێئەدەن بەتایبەتى گەنج كەمووچە خۆرى ئەوەن، ئەم حەقیقەتە ئەشارنەوە كەئەو پارەیەیەى حیزب هەیەتى هى كۆمەڵگایە كەحیزب بەشێوەیەكى نایاساى ئەیخوات. سەركەوتوترین رێكخراوى سیاسى یان حیزب ئەوەیە كەخەڵك داهاتیان بداتێ و خەڵك هاوكارى بكات نەوەك حیزب هاوكارى ماددى خەڵك بكات ئەمە ئەركى حكوومەتە بەڵام ئەو دووحیزبە دەستەڵاتدارە زۆربەى پارەى حكوومەت كەهى خەڵكە كردوویەتیە میزانیەى خۆى.
ئەمە هۆكارێكى ترسناكە كەهەستى گەنج بەروە بێ متمانەى بەخۆبوون دەبات والەگەنج دەكات خاوە ئیرادەى خۆى نەبێت بەڵكو هەمیشە ئایدۆلیژیایەكى سەقەتى سیاسى لەپاڵیەوە بێت. ئەم كارە نایاسایانەى ناساغى ئەقڵى ئەو دووحیزبە دەستەڵاتدارە دەرئەخەن.ئیتر بابەس بێت ئەم ئایدۆلۆژیە سەقەتە كەواى لەگەنج كردووە خاوەن خودێكى ئازادو ئیرادەى بەهێزى خۆى نەبێت بەڵكو دەستەمۆى ئایدۆلیژیاى سەقەتى سیاسى ئەم دووحیزبە بێت.
- ئەسینا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست