پارتی بە پارە مێژوو بۆ خۆی دروست دەکات یەکێتیش بۆ پارە مێژووەکەی دەفرۆشێت
Saturday, 01/06/2013, 12:00
هەموو ڕۆشنبیروشیاسەتمەدارێکی خاوەن ویژدان ئەو ڕاستیە دەزانێت کە بەراوورد کردن لە نێوان مێژووی سیاسی یەکێتی و مێژووی سیاسی پارتی وەکو بەراوردکردنی ئاسۆی بەیانیان و تارمایی مەغریب وایە. یەکێتی لەدوای شەوەزەنگی ئاشبەتاڵ وەکو ئاسۆیەکی بەیانی مژدەی دەرکەوتنی خۆرێکی پڕشنگداری دا ئەویش هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ بوو.کەچی پارتی بە ئاشبەتاڵێکی لەناکاو بێ پلاندا نیوەڕۆیەکی بەهاری لێکردین بە شەوەزەنگ .یەکێتی لە قۆناغی شۆڕشی شاخ دا ئەگەر چی لەسەر بنەمایەکی زانستی سیاسی خەباتی دەست پێ نەکرد بەلام لەچاو شۆڕشەکەی پارتی بنەماڵەدا وەکو شۆڕشی ڤێتنام وا بوو.پارتی لەشۆڕش شاخ و بگرە لەدوای ڕاپەڕینیش لەناو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستاندا مایەپوچ و بێزراو بوو.بەڵام بە پێچەوانەشەوە یەکێتی تا ناوەڕاستی نەوەدەکانیش سەردەمێکی زێڕینی هەبوو ولەناو دڵی جەماوەری کوردستاندا جێگەی خۆی کردبۆوە.
پارتی نەوەك هەر مێژوویەکی پرشنگداری نەبوو بەڵکوئەگەر مێژووەکەت بگوشیایە خیانەتی لێ دادەچۆڕا کەچی یەکێتی مێژوویەکی زێڕین و پڕ سەروەری و شانازی هەبوو.پارتی لەسەر ئەو هەموو خیانەت و زوڵم و ستەمەی کەلە خەڵکی کوردستانی کردبوو لەڕابووردودا بەوەشەوە نەوەستا خیانەتی نوێشی کردە سەرباری خیانەتەکانی تری ٣١ی ئاب ولەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستان داڵدەدانی جاش و ئەنفالچیانی زەمانی ڕژێم هێندەی تر پارتی ناشیرین و بێزراو کرد لەبەرچاوی جەماوەری کوردستان. پارتی لەبەرامبەر یەکێتی دا هەستی بە کەم بونی خۆی دەکرد بۆیە بە پەلە کەوتەخۆی و ویستی ئەو کەم و کورتی و خیانەتانەی لە ڕابوردوودا ئەنجامی داوە لەڕێ ی پارەو کورسی دەسەڵاتەوە تۆڵە لە یەکێتی بکاتەوە.
ڕوخانی ڕژێمی سەدام لە ٢٠٠٣ دا بوو خێرو بەرەکەت بۆ بنەماڵەی بارزانی و لەلاشەوە بوو بە مایەی نەگبەتی و ماڵ وێرانی و لێک هەڵوەشانی یەکێتی. کۆمەڵگای کوردی بەداخەوە میللەتێکی سۆزدارە واتە عاتیفیە هیچ هیچ هەڵوێست و خوێندنەوەیەکی نیە بۆ ڕوداوە مێژوویی یەکان و ئەو کارەساتانەی کە بەسەریدا هێنراون ولەلایەن حیزبە کوردیەکانەوە. نە ووڵاتپارێزی و خەباتکردن بۆ سەربەخۆی نیشتمانی ونەتەوەیی وە نە خیانەتکاری وزوڵم و ستەم بەرامبەری هەچ هەڵوێستێکیان نابێت. ئەو خیانەتانەی کە پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئەنجامیان داون دژی خەڵکی کوردستان ئەگەرگەلێکی زیندوو بونایە دابوایە پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئێستا لەسەر خاکی کوردستان مافی ژیانیان نەبوایە. کەچی زۆرینەی خەڵکی کوردستان نە بەرامبەربە خەبات و تێکۆشانی شۆڕشەکەی یەکێتی سۆزیان دەربڕی وە نە بەرامبەربە خیانەت وتاوانەکانی پارتیش ڕق و توڕەییان دەربڕی. بۆیە پارتی ئەم هەلەی قۆستەوەو هەرچی جاش و خەڵکانی تاوانبارو بێزراوی کۆمەڵگا بوو لەخۆی کۆکردەوەوئەو گرێ دەرونیەی کە هەمیشە بەرامبەر بەیەکێتی و خەڵکی کوردستان هەبووبە پارەو پۆست و خزمەتگوزاری توانی تا ڕادەیەك خۆی بەرێتە پێشەوە.
بارزانی بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و ناردنی مام جەلام بۆ بەغدا بەتیرێك دوو نیشانەی پێکا لەلایەکەوە وەکو ڤایرۆسێکی کوشندە چووە جەستەی یەکێتی یەو لە غیابی تاڵەبانیدا جەستەی ئەو حیزبەی داڕزان. لەلایەکی تریشەوە هەموو جومگە هەستیارەکانی دەسەڵاتی خستە دەستی بنەماڵەکەی خۆیەوە ولە ٨٠%ی ئابووری کوردستان بۆ بەرژەوەندی خۆی و بنەماڵەکەی بەکار هێنا .بارزانی لەڕێگەی ئەو ملیارەها دۆلارەی کە لە پارەی نەوتی هەرێم وبەشەبودجەی لە ١٧% خەڵکی کوردستان کەڵەکەی کردبوو کەوتە ئارایش کردنی ڕووی دزێوی خۆیان و حیزبەکەیان. ئەویش بە گەشە پێدانی کەرتی ئابووری و هێنانی کۆمپانیای بیانی و تورکی بۆ هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی سەرمایە گوزاری کە لەم ڕێگەیەوە ئەوەندەی تر پارتی بنەماڵەی دەوڵەمەند کرد و پلەو پایەی سیاسی و ئابووری و سەربازی بە هێز کرد لە هەرێمی کوردستاندا. کەچی لەولایشەوە سەرانی یەکێتی خەریك کرد بە پۆست و پارەو ململانێ ی ناخۆیی ناو حیزبەکەیانە وە تا وای لێ هات زۆر جار مەسعود بارزانی سەرپەرشتی کۆبونەوەکانی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەکردوو لە جیاتی خۆیشی و مام جەلالیش بڕیاری دەدا. لەم چوار ساڵەی دوایی دا ئەگەر سەیری یەکێتیت بکردایە هەرگیز هەستت نەدەکرد ئەمە یەکێتی یەکەی ناوەڕاست نەوەدەکان و یەکێتی یەکەی سەردەمی خوا لێخۆش بوو(جەبار فەرمانە)بۆ ئەوەی لەمە زیاتر لە سەردێڕی بابەتەکەم دەرنەچم پارتی و مەسعود بارزانی لە دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدامەوەو دوای دەست بەسەرا گرتنی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدەن کەوا بە خەڵکی کوردستان بڵێن ئەوە ئێمەین دەمانەوێت خزمەتتان بکەین و کوردستانتان بۆ بکەین بە ئەوروپا، ئەوە ئێمەین دەمانەوێت جاڕی سەربەخۆیتان بۆ بدەین وکوردستان بکەینە دەوڵەت، ئەوە ئێمەین دەمانەوێت خۆشگوزەرانیتان بۆ فەراهەم بکەین وهەموو جەماوەری کوردستانتان بۆ بکەینە خانەنشین و موچەخۆر.
ئەم ڕیکلامانەی پارتی لە پراکتیکدا هەندێکیان کاری لەسەر کراوەو هەندێکی تریشیان کاری بۆ دەکەن ئەم پلانانەی پارتی هەرهەموویان پلانی ستراتیژی درێژ خایەنیان بۆ داڕێژراوەوبەدەیان ڕاوێژکاری ئەوروپی و ئەمەریکی و ئیسرائیلی و تورکی لەم بوارەدا ڕاوێژ بەبارزانی دەدەن. هەرهەموو ئەم پلانە ستراتیژیانەش بۆ دروست کردنی مێژووی یەکی پڕ سەروەریە کە بە درێژای مێژوو پارتی نەیبووەو خەوی پێوە بینیوە.
کەچی لەولاشەوە سەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش وەکو خۆرەیەک بەربونەتە گیانی حیزبەکەیان و لە غیابی سکرتێری حیزبەکایاندا کە ئێستا نەخۆشی سەر جێگایە وەکو ئاردی ناودڕك پەرش و بڵاو بونەتەوەو بونەتە بەشێك لە پلانە سترایژیەکانی بنەماڵەی بارزانی. پارتی توانیویەتی ئیختراقی ڕیزەکانی ئەو حیزبە بکات و لەڕێگەی ئیغرائاتی مادی زۆر گەورەوپۆست و پشکی کۆمپانیای نەوتی وەلای سەرکردە خاوەن بڕیارەکانی ناو یەکێتی بۆ خۆی ڕاکێشاوەولەکاتی قەیرانە ئاڵۆزوسترایژیەکانی ناو هەرێمی کوردستاندا بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریان دەهێنێت هەروەکو لەم دوایی یەدا لەسەرپرۆژەی دەستوورو کاندید کردنەوەی بارزانی بۆ خولی سێیەم ئەو مەسەلەیە بە ئاشکرا ڕەنگی دایەوە.کەواتە سەرانی یەکێتی بۆ مەرام و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان ئامادەن ئەو مێژووە پاك و بێگەردەی کە یەکێتی لە ڕابووردودا بە خوێنی دەیان هەزار شەهیدی ئەم گەلە دروستی کردووە بە پارتی بنەماڵەی بفرۆشن .
بەڵام لەم ڕۆژانەی دواییدا ڕق و توڕەیی سەرکردایەتی یەکێتی و جەماوەرە خەم خۆرەکەی بە ڕووی مەکتەبی سیاسیدا تەقیەوەو سنورێکی بۆ سەرکردە بەساڵاچوو بەرژەوەند پەرستەکانی داناووا پێ دەچێت جارێکی تر پارتی بنەماڵە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیدا بکەوێتە قەیرانەوە.هەموو بۆچونەکانیش ئیشارەت بۆ ئەوە دەکەن کەوا باڵی ئەنتی پارتی لەناو یەکێتیدا ڕۆژ بەڕۆژ لە گەشەکردندان بەمەش مەترسی لەناو چونی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کەم تر دەبێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست