ئێران دژ بە چوونی نێردراوی نەتەوەیەكگرتووەكانە بۆ وڵاتەكەی
Friday, 24/06/2011, 12:00
سەرەڕای ئەوەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاریدا، نێردراوی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ ڕەوانەی ئێران بكات، كار بەدەستانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند كە ئەو بڕیارە پەسەند ناكەن.
سادق لاریجانی سەرۆكی دەزگای داد، رایگەیاندووە كە سیاسەتی ئێران دژی ئەوەیە كە ڕێ بدرێت بە چوونی نێردراوی تایبەتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئێران.
لاریجانی ڕایگەیاندووە كە وڵاتەكەی، لە یەكەمین وڵاتانی جیهانە بۆ باش بوونی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ. ئەو وتانەی سەرۆكی دەزگای داد لە كاتێكدایە كە لە ماوەی 6 مانگی یەكەمی ساڵی 2011 تا ئێستا لە ئێڕان زیاتر لە 260 كەس لەسێدارەدراون.
جێ بیر هێنانەوەیە مانگی مارسی رابردوو لە دانیشتنی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان بەدەركردنی بڕیارنامەیەك دەنگیان بۆ ناردنی نێردراوی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا و ئەو بڕیارنامەیە بە 22 دەنگی ئەرێ لە بەرامبەر بە 7 دەنگی نا پەسند كرا و ئەحمەد شەهید، وەزیری دەرەوەی پێشووی وڵاتی مالدیڤ وەك نێردراوی تایبەتی ڕێكخراوەی نەتەوەیەكگرتووەكان سەبارەت بە مافەكانی مرۆڤ بۆ ئێران دەستنیشانكرا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست