مه‌لیک مهحمودێکی چلوره‌فرۆش و قازی محه‌مه‌دێکی بۆیاخچیی
Saturday, 14/12/2013, 12:00
2221 بینراوە
(کامیان گه‌وره‌ن، بۆیاخچییه‌ک که ئاماده نییه پاره‌ی زیاده وه‌ربگرێت یان ده‌سته‌ڵاتدارێک که سامانی وڵات ئه‌دزێت؟)
ده‌سته‌ڵات مرۆڤ سوک ده‌کات به‌ڵام رێزی ناداتێ
ته‌ماع جه‌هلی کۆمه‌ڵگای له ده‌سته‌ڵاتدا کۆکردۆته‌وه
جه‌وهه‌ری پیسخۆریی تێکه‌ڵاوبوونی ده‌سته‌ڵات و کۆمپانیایه
کرده‌وه‌ی هه‌ر ده‌سته‌ڵاتێک که‌ره‌سه کولتورییه‌که‌ی له‌ناو جهماوهرهکهیدایه
ئه‌وه‌ی ره‌خنه له ده‌سته‌ڵاتێک ده‌گرێت ده‌نگی له هه‌ڵبژاردنیدا دابێت راست ناکات
ئایا ده‌سته‌ڵات ره‌وایی سیاسیی ماوه؟
*****************************
ته‌وژمی کاره‌با و ڤایرۆس به چاو نابینرێن به‌ڵام بوونیان هه‌یه و دۆزراونه‌ته‌وه. له بواری کۆمه‌ڵایه‌تییشدا تیوریی کۆنتراکت" له‌گه‌ڵ دروستبوونی کۆمه‌ڵدا بوونی هه‌بووه. به‌ڵام له هه‌موو کات و شوێنێکدا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه. فه‌یله‌سوفه‌کان لایان وایه که کۆمه‌ڵگا له بنه‌ڕه‌تدا له کۆنتراکتێکی نهنوسراوهدا دروست بووه. له‌م کۆنتراکته‌دا مرۆڤی تاک هه‌ندێک ئازادیی خۆی له سروشتدا له کیس داوه بۆ ئه‌وه‌ی له جیاتی ئه‌وه سود له باشه‌کانی کۆمه‌ڵ و "هێزی گشت" وه‌ربگرێت. هێزی گشت له ده‌ستی ده‌سته‌ڵاتدا کۆده‌بێته‌وه. ئه‌م هێزه له حاڵه‌تی سروشتییدا بۆ ئه‌وه دروست ده‌بێت که بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌ندامه‌کانی به‌کاربهێنرێت. به‌ڵام مێژوو پیشانی داوه که ده‌سته‌ڵات زۆر جار له خه‌تی خۆی لایداوه. ده‌سته‌ڵات نه‌ک "هێزی گشت"ی به‌کار نه‌هێناوه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌له‌که‌ی، به‌ڵکو خۆی بووه به مه‌ترسیی بۆ سه‌ر گه‌ل و خاک. ئه‌م لادانه بۆته هۆی دروستبوونی ناکۆکیی نێوان خه‌ڵک و ده‌سته‌ڵات تا گه‌شتۆته راده‌ی شۆڕشیش.
زانیاریی ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی کۆنتراکت و رێکخستنی تیورییه‌کانی زیاده‌یه‌ک نییه که هه‌بێت باشه، به‌ڵکو پێویستییه‌که بۆ رۆشتنی کۆمه‌ڵێک به ڕێڕه‌وی سروشتیی خۆیدا. کۆمه‌ڵگایه‌ک ئه‌ندامه‌کانی به‌شێوه‌یه‌کی گشتیی به‌شدار نه‌بن له بڕیاری سیاسیی و بینای کۆمه‌ڵایه‌تییدا له‌گه‌ڵ بهرغهلێکدا هه‌ر جیاوازیی جه‌سته‌ییان ئه‌بێت.
هه‌رچه‌نده هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌ک له سه‌ره‌تادا له‌سه‌ر بناغه‌ی کۆنتراکتێکی نه‌نوسراوه دروست بووه، به‌ڵام له هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کدا ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه نه‌خراوه‌ته ناو قاڵبی تیورییه‌وه، رێکنه‌خراوه‌و کارا نه‌کراوه، ته‌نها وه‌کو که‌ره‌سه‌یه‌کی خاو ماوه‌ته‌وه.
له‌ناو خاکێکدا نه‌وت له کۆنه‌وه هه‌بووه. چه‌نده‌ها ساڵ کاروانی ئێستر و حوشتر بێ‌ئاگا به‌سه‌ر ئه‌و خاکه‌دا رۆشتوون. به‌ڵام کاتێک زانست و ته‌کنیک ئه‌و نه‌وته ده‌رده‌هێنن ده‌بێت به مایه‌ی دروستبوونی وڵاتێکی ده‌وڵه‌مه‌ند. له گه‌نجینه‌ی مێژووی هه‌ر گهلێکیشدا چه‌نده‌ها به‌های جوان هه‌ن که ئه‌گه‌ر ده‌ربهێنرێن و بکرێن به پره‌نسیپ کولتورێکی جوان و رێکخستنێکی پێشکه‌وتووی کۆمه‌ڵگایان پێ دروست ده‌کرێن. کورد تا ئێستا سودی له گه‌نجینه‌ی مێژووی خۆی نه‌بینیووه. ئه‌و توانا فه‌لسه‌فیی و زانستییه دروست نه‌بووه که بتوانێت ئه‌م نه‌وته ده‌ربهێنێت و دنیای پێ بگۆڕێت. مێژوو وه‌کو حه‌کایه‌ت ته‌ماشا کراوه‌و سه‌رکرده‌کان وه‌کو مادده‌ی ئاهه‌نگ و رێزلێگرتنی که‌سێکی گه‌وره باس کراون. به‌م شێوه‌یه‌ش واتایه‌کی به‌تاڵ، به پیاهه‌ڵدان بێت یان به دژایه‌تیی، دراوه به که‌سه مێژووییه‌کان و هیچ پێوه‌رو تێگه‌شتنێکیان لێ دروست نه‌کراوه. پرسیاره‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه: ئایا ئێمه چ شتێک له که‌ره‌سه‌کانی مێژوو دروست بکه‌ین؟
نه‌خشه‌ی فه‌لسه‌فیی
فه‌لسه‌فه‌یه‌کی دیاریکراو به پێی ئایدیا بنه‌ڕه‌ته‌کانی خۆی پره‌نسیپی موراڵیی له که‌ره‌سه مێژووییه‌کان داده‌ڕێژێت. ئه‌وه‌ی کۆمۆنیزم ئهیفۆرمێنێت جیاوازه له‌وه‌ی ئیسلام. هه‌ر کارخانه‌یه‌کی فه‌لسه‌فیی، دنیا به پێی نه‌خشه‌یه‌کی خۆی رێکده‌خات. هه‌روه‌کو چۆن هه‌ر که‌سه به گوێره‌ی زه‌وق و توانای خۆی ماڵه‌که‌ی ده‌ڕازێنێته‌وه. بۆیه ئاساییه که پارته ئیسلامییه‌کان له کۆبوونه‌وه‌ی په‌ڕله‌ماندا بۆ سرودی ئه‌ی ره‌قیب هه‌ڵنه‌سان. ئه‌وان له روانگه‌یه‌کی تره‌وه دنیا ده‌بینن و نه‌خشه‌یه‌کی تریان هه‌یه بۆ رێکخستن. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان فه‌لسه‌فه‌ی خۆگونجاندنی هه‌یه. بۆیه له به‌رده‌رکی سه‌را له خۆپیشاندانه‌کانی (17)ی شوباتدا ئازادیی و الله اکبر تێکه‌ڵاو ده‌کات، ده‌توانێت له‌گه‌ڵ دوو پارتی ئیسلامییدا به‌ره‌یه‌کی ئیسلامیی دروست بکه‌ن و هه‌ر شتێک له‌گه‌ڵ سه‌وابیتی ئیسلامدا نه‌یه‌ته‌وه ره‌تی بکاته‌وه. ئه‌گینا خۆی تا ئێستا بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئیسلامیی نییه. پرسیاره‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه: ئایا فه‌لسه‌فه‌ی کۆنتراکت چییه‌و به پێی کام نه‌خشه که‌ره‌سه مێژووییه‌کان ده‌کات به پره‌نسیپی موراڵیی؟
کارخانه‌ی فه‌لسه‌فیی "کۆنتراکت"
یه‌کێک له ئایدیا سه‌ره‌کییه‌کانی کۆنتراکت ئه‌مه‌یه:
"هیچ که‌سێک مافی ئه‌وه‌ی نییه بڕیار بدات یه‌کێکی تر چۆن بیر بکاته‌وه و چۆن هه‌بێت له ژیاندا، به بێ جیاوازیی ره‌گه‌ز و جنس."
له ئایدیایه‌کدا که که‌س مافی ئه‌وه‌ی نه‌بێت بڕیار به‌سه‌ر که‌سێکی تردا بدات ژن بێت یان پیاو، ره‌ش بێت یان سپی ئه‌وا بوار نامێنێته‌وه بۆ گه‌وره‌و بچوکیی نێوان که‌سه‌کان. سه‌رکرده که‌سێکه که ئه‌رک و فه‌رمانی سه‌رکرده‌یی له‌سه‌ره‌و هیچی تر. راپه‌ڕاندنی ئه‌رکی سهرکردهییش پێویستی به گۆڕینی چه‌نده‌ها که‌سی له‌بار هه‌یه. سه‌رکرده یان سه‌رۆک له ده‌ره‌وه‌ی کاره‌که‌ی که‌سێکی ئاساییه وه‌کو هه‌ر که‌سێکی تر. سه‌رکرده یان هه‌ر فه‌رمانبه‌رێکی تر مافی ئه‌وه‌ی نییه ده‌سته‌ڵاته‌کانی و تواناکانی ده‌وڵه‌ت بباته ده‌ره‌وه‌ی ئیشه‌که‌ی و بۆ مه‌به‌ستی شه‌خسیی به‌کاریان بهێنێت. ئه‌و پره‌نسیپه موراڵییانهی که بۆ سه‌رکرده هه‌ن مافی هه‌ر که‌سێکی تریشه که هه‌ی بن. ئه‌و که‌سه وهزیربێت، فه‌رمانبه‌ر یان کریکار. له هه‌مان کاتدا فهرمانبهرێکێش به هه‌مان شێوه ئه‌رکی له‌سه‌ره که سه‌رۆکی وڵاتێک له‌سه‌رێتی. مه‌لیک مه‌حمود ئاماده نه‌بوو موڵکی حکومه‌ت وه‌ربگرێت له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا واز له کێشه‌ی کورد بهێنێت. هه‌ر که‌سێکی تریش مادام مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه تێکۆشان بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی هه‌ڵبژێرێت ئه‌رکی ئه‌وه‌شی ده‌که‌وێته سه‌ر که بۆ ته‌ماع واز له ئه‌رکه نیشتیمانییه‌که‌ی نه‌هێنێت. ئه‌و که‌سه پێشمه‌رگه، نوسه‌ر بێت یان ئه‌ندامێکی په‌ڕله‌مان. یه‌کسانیی مرۆڤ هه‌ر له‌به‌رده‌می یاسادا نییه. یه‌کسانیی نێوان مرۆڤ له مافی هه‌بوونی موراڵ و بهرپرسیارییهکانیشدایه. ئه‌و به‌ها به‌رزانه‌ی که له سه‌رکرده‌یه‌کی وه‌کو مه‌لیک مهحمودو قازی محه‌مه‌دا هه‌بووه ئاساییه له که‌ناسێکی سه‌ر جادهشدا هه‌بێت.
"کۆنتراکت" ئه‌و به‌هایانه به حهماڵێکیش ره‌وا ده‌بینێت.
به پێچه‌وانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی کۆنتراکته‌وه، کۆمه‌ڵگای گه‌وره‌و بچوکیی که کۆمه‌ڵگایه‌کی دواکه‌وتووه، له مرۆڤی هه‌ژار و بێ پایه هه‌مان چاوه‌ڕوانیی ناکات که له که‌سێکی ده‌سته‌ڵاتدار، پاره‌دار یان پایه‌داری ده‌کات. ئه‌مه‌ش له جوڵانه‌وه‌ی رۆژانه‌دا ده‌رده‌که‌وێت. مرۆڤ به قه‌ده‌ر ده‌سته‌ڵاتی له کۆمه‌ڵدا قسه‌ی ده‌ڕوات یان گوێی لێ ده‌گیرێت. له مه‌جلیسدا له‌به‌ر که‌سێک هه‌ڵده‌ستن که پایه‌دار بێت. مرۆڤ به کاره‌کته‌ره‌کانی هه‌ڵناسه‌نگێنرێت. له‌به‌ر نه‌بوونی یه‌کسانیی له مافی هه‌بوونی به‌هاو پره‌نسیپه موراڵییهکاندا که‌سی ده‌سته‌ڵاتدار ده‌بێته سه‌نته‌ری به‌هاکان. تا ئه‌و راده‌یه‌ی که کۆمه‌ڵی دواکه‌وتوو ئه‌م که‌سه ده‌کات به سه‌رۆکی رۆحیی، باوکی میلله‌ت، پێشه‌واو نه‌مر. جاری وا هه‌یه نزیکی ده‌که‌نه‌وه له خوداوه‌ند. به‌م پێیه هه‌موو مافێک ده‌خه‌نه ده‌ستی دهستهڵاتدارێکهوه، ملکه‌چیی خۆیان راده‌گه‌یه‌نن و به‌ند ده‌بن به بڕیاری سه‌رۆکه‌کانیانه‌وه. به‌م شێوه‌یه کۆمه‌ڵگایه‌کی کۆیله دروست ده‌که‌ن که هه‌موو تواناکانی مرۆڤی تیا ده‌مرێت. کۆمه‌ڵگایه‌ک یان ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌ری کۆیله‌ی رێکخراوێک نه‌ک ناتوانن مه‌ترێک له خاکی نیشتیمان رزگار بکه‌ن، به‌ڵکو له پێشدا پێویستیان به‌وه‌یه که خۆیان کۆیله نه‌بن. خۆیان له‌و هه‌موو ته‌وق و کۆده رۆحیی و کولتورییه رزگار بکه‌ن که مافه سروشتییه‌کانی لێ سه‌ندونه‌ته‌وه. ئه‌و مافه سروشتییانه‌ی بابه‌تی ئازادیی بیرکردنه‌وه‌و ئازادیی به‌کارهێنانی تواناکانی مرۆڤ بۆ سودی خۆیان که کۆمه‌ڵگاش پێیان پێش ده‌که‌وێت. خۆیان له‌و په‌ته نه‌بینراوه رزگار بکه‌ن که ده‌سته‌ڵاته‌که‌یان کردوویه‌تیه ملیان. ئه‌و په‌ته‌ی به ناوی حیمایه‌وه، ئه‌ندامی حیزبه‌وه، نه‌جمه‌ی فه‌له‌وه، شاعیری گه‌وره‌و روناکبیرهوه، ته‌له‌فیزیۆنی ئازاد‌و رۆژنامه‌نوسه‌وه، ئه‌ندامی په‌ڕله‌مان و وه‌زیره‌وه کردوویه‌تییه ملیان. له رێگای ئه‌م په‌ته‌وه به سامان و ههوهسهکانیان ده‌گه‌ن. به گوێره‌ی ئه‌م په‌ته بیرده‌که‌نه‌وه، ده‌بینن، درۆ ئه‌که‌ن و کلکه‌له‌قێ بۆ ده‌سته‌ڵات ده‌که‌ن. په‌تێک، که وه‌کو توره‌که‌یه‌ک کراوه‌ته سه‌ری مرۆڤه‌که. کونێکیان بۆ تیا نه‌هێشتۆته‌وه ده‌ره‌وه‌ی توره‌که‌که‌ی لێوه ببینێت. ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات نه‌یدات ناتوانێت هه‌بێت.
به رزگار نه‌بێت به کۆیله هیچ که‌سێک و هیچ شوێنێک رزگار ناکرێت. ئه‌و شه‌ڕه په‌ڕۆیه‌ی ده‌نگدان و پڕوپاگه‌نده‌ی روناکبیرانی پهتلهمل بۆ هه‌ڵبژاردن، فڕی به‌سه‌ر دیموکراتییه‌وه نییه. له ئه‌نجامدا توندکردنه‌وه‌ی پهتهکهو به‌رهه‌مهێنانی ده‌سته‌ڵاتێکی ره‌هایه بۆ ناوچه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم. ئه‌گینا به‌ردی بناغه‌ی دیموکراتیی مسۆگه‌ربوونی بژێو و ئازادیی بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤه نه‌ک ناچارکردنی مرۆڤ و کۆنترۆڵکردنی کۆمه‌ڵگا.
کۆنتراکت کاتێک به که‌سێک ده‌ڵێت "سه‌رۆک" مانای وایه ئه‌و که‌سه پۆستی "سه‌رۆک"ی هه‌یه که له کاتی ئیشه‌که‌یدا ماف و ئه‌رکێکی دیاریکراوی هه‌یه. سه‌رۆکیی پێستی له‌ش نییه. مرۆڤ بۆی نییه سهرۆکییهکهی بباته ده‌ره‌وه‌ی ئیشه‌که‌ی. به‌ڵام به‌رامبه‌ر به ناونیشانه‌کانی تر راستییه‌کی ماددیی نییه. هه‌ر که‌سێک باوکی منداڵی خۆیه‌تی. سه‌رکرده‌ی رۆحیی هیچ واتایه‌کی زانستیی نییه. هیچ گه‌لێکیش به‌م خۆبچوکردنه‌وه‌یه ره‌حمی هیچ ده‌سته‌ڵاتدارێک مسۆگه‌ر ناکات. سه‌رۆکی کوریای باکور که دانیشتوانی وڵاته‌که‌ی سه‌ری بۆ ده‌خه‌نه سه‌ر زه‌وی له‌جیاتی ئه‌وه شه‌فه‌قه‌ت نابارێنێت به‌سه‌ریاندا. جه‌ماوه‌ری کورد چه‌ند جار که‌وتبێتنه هوتافکێشان و مه‌ڕ سه‌ربڕین بۆ سه‌رکرده، هیچی که‌م نه‌کردۆته‌وه له‌و پیسخۆریی و ناهه‌قییه‌ی که هه‌یه. به پێچه‌وانه‌وه، جه‌ماوه‌ری بێ ماف و کۆیله به‌م خۆپیشاندانانه ته‌نها ملکه‌چیی خۆیان ده‌رده‌خه‌ن بۆ ده‌سته‌ڵات و سه‌رئه‌نجام ده‌سته‌ڵات زیاتر هان ئه‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سوکایه‌تییان پێ بکات. وه‌کو جان جاک رۆسۆ ده‌ڵێت گه‌لێک بێ مه‌رج خۆی بخاته ده‌ستی هه‌ر ده‌سته‌ڵاتێکه‌وه هیچ نرخێک له‌باتیی وه‌رناگرێت.
یه‌کسانیی له ماف و ئه‌رکی موراڵییدا ئاوهڕودانهوه نییه له هه‌ژاران. وه‌کو دابه‌شکردنی سامان و ده‌ستکه‌وت نییه. به‌ڵکو راستییه‌که له کۆنتراکتێکی سروشتییدایه. زۆربه ئه‌و نموونه‌یه‌مان دیووه که پاره‌ی زیادی داوه به بۆیاخچیی پێڵاو یان منداڵێکی چلورهفرش، که‌چی ئاماده‌نه‌بوون ئه‌و پاره زیاده‌یه وه‌ربگرن. ئه‌مه ئه‌وه ده‌رده‌خات که به‌هاکان ته‌نها کاره‌کته‌ری سه‌رکرده وڵاتپارێزه‌کان نین. به‌ڵکو په‌یوه‌ندییان به سروشتی مرۆڤه‌وه هه‌یه.
یاسا فیزیاوییهکان له هه‌موو شوێنێک دوباره ده‌بنه‌وه بۆیه یاسان. به‌ردێک لهمپهڕو ئه‌وپه‌ڕی زه‌وی به‌ربێته‌وه هه‌ر ده‌که‌وێته خواره‌وه، ناچێت بۆ سه‌ره‌وه. به‌ها و موراڵیش سه‌رچاوه له سروشتی مرۆڤه‌وه ده‌گرن. له‌مپه‌ڕی دهستهڵاتدارییهوه تا ئه‌وپه‌ڕی بێده‌سته‌ڵاتیی دوباره ده‌بنه‌وه به‌ڵام به شێوه‌ی جیاواز. مه‌لیک مه‌حمود دانی نه‌نا به ره‌وایی مه‌حکه‌مه‌ی سه‌ربازیی به‌ریتانییدا چونکه به‌ریتانیا وڵاتێکی داگیرکه‌ر بوو. حوکمی ئیعدامیان بۆ ده‌رکرد. چه‌نده‌ها رۆڵه‌ی ئازای گه‌لیش چوونه به‌رده‌می په‌تی سێداره چونکه هه‌ر یه‌که‌ی به شێوه‌ی خۆی حوکمی بێگانه‌یان ره‌تکردۆته‌وه. قازی محه‌مه‌د به‌ره‌و رووی مه‌رگ رۆشت چونکه خۆی له به‌رپرسیاریی نه‌دزییه‌وه.
قازی محه‌مه‌دی سه‌رۆک له به‌رده‌می په‌تی سێداره‌دا پارێزگاریی له ده‌ستپاکیی و هه‌ق ده‌کات. فهرمانبهرێکێش له دائیره‌یه‌کدا کارمه‌ندێکی دڵسۆزه‌و دژی به‌رتیل ده‌وه‌ستێته‌وه. سایه‌قی ته‌کسییه‌ک ئاماده نییه پاره‌ی زیاد بسه‌نێت. مامۆستایه‌ک له قوتابخانه قوتابی په‌روه‌رده ده‌کات.
هێزی پاڵه‌وانه‌کان به‌رامبه‌ر به مه‌رگ به‌ستراوه به‌و زهخیرهموراڵییهوه که له‌ناو کۆمه‌ڵدا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت هه‌بێت. هه‌مان که‌ره‌سه‌ی موراڵییه که له لای که‌سانی جیاواز‌و له شوێنی جیاوازدا به شێوه‌ی جیاواز خۆی ده‌رده‌بڕێت. ئه‌م که‌ره‌سه موراڵییهیه که له فورمی کولتوردا کاره‌کته‌رێک ده‌دات به هه‌ڵگرانی. ئه‌وه‌ی که نێچیروان بارزانی ده‌ڵێت گه‌نده‌ڵیی بووه به کولتور راستییه‌که. ئه‌مه‌ش مانای وایه که پیسخۆریی له پێشدا پره‌نسیپه موراڵییه‌کانی شێواندووه. ئه‌گه‌ر شتێك هه‌بێت بتوانیت پێی بڵێیت: "کانسه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیی" ئه‌وا ئه‌مه‌یه که کاتێک پیسخۆریی ده‌بێت به کولتور.
کۆمه‌ڵگای گه‌وره‌و بچوکیی رێگا له‌وه ده‌گرێت که له جه‌مسه‌ری بێدهستهڵاتانیشهوه بڕوانینه موراڵ و به‌هاکان. گه‌وره‌یی مرۆڤ ده‌به‌ستێت به ده‌سته‌ڵات و جهبهروتهوه. نرخ و کێشی مرۆڤ کاره‌کته‌ره‌کانی ده‌ست نیشانی ناکه‌ن، به‌ڵکو پله‌و پایه‌و ده‌سته‌ڵات حسابی بۆ ده‌کرێت. به‌ڵام ده‌سته‌ڵات و رێز هاوههبوون نین.
من که قاچم له‌به‌رده‌می بۆیاخچییه‌کی منداڵدا دانا که دایكێک و دوو خوشکه‌که‌ی به‌خێو ده‌کات و ئاماده‌ش نییه پاره‌ی زیادم لێ وه‌ربگرێت، ئیتر ئه‌مه ئه‌و پرسیاره لای من دروست ده‌کات که بچوکیی نه‌بێت چی وا له‌و ده‌سته‌ڵاتداره ده‌کات ئه‌م هه‌موو سامان و مرۆڤه داگیر بکات؟ بێشه‌رمیی ئه‌و ده‌سته‌ڵاتدارانه ئه‌دره‌وشێنێته‌وه که بازرگانی پیسخۆرن و له روشیان دێت باسی دیموکراتیی، شه‌هیدان و ئازادیی بکه‌ن.
سامان و رێز هاوههبوونی یه‌کتریی نین. به پێچه‌وانه‌وه، زۆربه‌ی پاره‌داره‌کان به‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند بوون که به‌ها سروشتییه‌کانی خۆیان گۆڕیوه‌ته‌وه به پاره. رۆژانه له سایته‌کاندا ده‌بینرێت که چۆن جه‌ماوه‌ر وه‌سڵی پاره حه‌رامه‌کان به جنێۆ بۆ به‌رپرسه پیسخۆرهکان ده‌بڕن. ده‌سته‌ڵات، پاره، کۆیله‌ی چه‌ک له‌شان، درۆی روناکبیران و چاوسورکردنه‌وه ناتوانن قه‌ره‌بووی ئه‌و کاره‌کته‌ره سروشتییانه بکه‌نه‌وه که تێکۆشه‌ره‌که‌ی دوێنێ ئه‌مڕۆ گۆڕییه‌وه به دۆلار‌و ناپاکیی. که‌سێک مێژوو دروستی بکات به که‌س ناڕوخێت به خۆی نه‌بێت. خه‌ڵکی سلێمانی له‌به‌ر ئه‌وه سوێندی به گۆڕی شێخ مه‌حمود نه‌ده‌خوارد چونکه کۆنترۆڵی جه‌ماوه‌ری کردبوو. ئه‌و له خانویه‌کی قوڕدا ژیا له داریکه‌لی. بۆیه سوێندیان به گۆڕه‌که‌ی ده‌خوارد چونکه به‌ها سروشتییه‌کانی مرۆڤی له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌دا پاراست. ئه‌و به‌هایانه‌ی که له کهناسهکانی سه‌ر شه‌قامه‌کانیشدا هه‌ن. به‌ڵام له‌و دهستهڵاتدارانهدا نییه که نیشتیمانیان فرۆشت و سامانی میلله‌تیان دزیووه. ده‌سته‌ڵات مرۆڤ سوک ده‌کات به‌ڵام رێزی ناداتێ. هه‌موومان سه‌ددام حسهینمان بینی که ده‌سته‌ڵات کردی به جرج، له‌سه‌ر زه‌وی جێی نه‌بۆوه.
ئه‌و باوه‌ڕه‌ی من به مرۆڤ که ده‌سته‌ڵاتداره بازرگانه‌کان و روناکبیره درۆزانه‌کان رۆژانه نایهێڵن، مه‌لیک مهحمودو قازی محهمهدهکانی سه‌رجاده‌و دائیره‌کان هه‌ڵی ده‌ستێننه‌وه. کاتێک که:
چلورهیهک له مه‌لیک مهحمودێکی چلوره فرۆش ده‌کڕم، پێڵاوه‌کانم لای قازی محه‌مه‌دێکی بۆیاخچی بۆیاخ ده‌که‌م و ئیشم ده‌که‌وێته عیزه‌ت کاکه‌ییه‌ک له دائیره‌یه‌ک.
میراتگری رۆحیی مه‌لیک مهحمودو قازی محه‌مه‌د نه‌وه‌کانیان نین، به‌ڵکو ئه‌و که‌سانه‌ن که هه‌ڵگرو پارێزه‌ری هه‌ده‌ف و به‌هاکانی ئه‌وانن. بۆیه، مانه‌وه‌ی حوکم له باوکه‌وه بۆ کوڕ له فه‌لسه‌فه‌ی کۆنتراکتدا جێگای نابێته‌وه. کۆنتراکت هه‌موو کۆمه‌ڵگا وه‌کو خێزانێک ده‌بینێت.
که‌واته ئه‌و که‌ره‌سه مێژووییه‌ی سه‌رکرده وڵاتپارێزه‌کان و مرۆڤه جوانه‌کان له دوای خۆیان به‌جێیان هێشتووه گشتگیره. به رسته‌یه‌کی تر، نه‌ک ته‌نها سه‌رکرده به‌ڵکو هه‌ر ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵ پێویسته ئه‌و چاوه‌ڕوانییانه‌ی لێ بکرێت. چونکه ئه‌و به‌هایانه له سروشتیی مرۆڤدان له هه‌ر ئه‌رک و کارێک‌دا بن. لێره‌دا ئه‌م پرسیاره دێته پێشه‌وه: ئایا که‌ره‌سه مێژووییه‌کان چین و کام پره‌نسیپی موراڵییان لێ دروست ده‌که‌ین؟ لێره‌دا ته‌نها چه‌ند نموونه‌یه‌ک ده‌خه‌ینه روو.
مه‌لیک مه‌حمود
پره‌نسیپی سیاسیبوونی ده‌سته‌ڵات
کاتێک که شێخی نه‌مر له به‌ندیخانه‌ی هندستان له جه‌زیره‌ی ئه‌ندامان ساڵی 1922 ده‌گه‌ڕێته‌وه، یه‌کێک له راوێژکاره‌کانی پێی ده‌ڵێت: "بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک لێت بترسێت پێویسته چه‌ند که‌سێک گولله‌باران بکه‌یت."
شێخ‌یش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: "ئێمه بۆ خزمه‌تی خه‌ڵک هاتووین که خه‌ڵکه‌که‌مان کوشت ئیتر چی تیا ده‌مێنێته‌وه."
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی مه‌لیک مه‌حمود ئه‌و ئه‌نجامه ده‌گرێت که هیچ بیانوویه‌ک بۆ کوشتنی ئه‌ندامانی ئاسایی کۆمه‌ڵ نییه له لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتێکی سیاسییه‌وه. مه‌لیک مه‌حمود شوێنی ده‌سته‌ڵات له کۆنتراکتێکی سروشتییدا ده‌رده‌خات. ئه‌مه‌ش وه‌کو له سه‌ره‌تادا باسمان کرد بریتییه له‌وه‌ی که کۆمه‌ڵ له دروستبوونیدا هێزێکی گشتیی دروست ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی له لایه‌ن ده‌سته‌ڵاته‌وه به‌کار بهێنرێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌ندامه‌کانی. به‌ڵام کاتێک ده‌سته‌ڵات خۆی ده‌بێت به مه‌ترسیی مانای وایه ئیتر ره‌وایی سیاسیی نامێنێت. له داڕشتنێکی زانستییدا ده‌توانین بڵێین:
هه‌موو ده‌سته‌ڵاتێک سیاسیی نییه. ده‌سته‌ڵاتێک بۆ ئه‌وه‌ی پێی بوترێت سیاسیی پێویسته به لایه‌نی که‌مه‌وه دوو مه‌رجی سه‌ره‌کیی تیا بێت:
یه‌که‌م، ده‌سته‌ڵات پێویسته گه‌ل و خاکه‌که‌ی له دوژمنی ده‌ره‌وه بپارێزێت.
دووه‌م، ده‌سته‌ڵات پێویسته به باشترین شێوه کۆمه‌ڵگاکه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رێت و ئه‌ندامه‌کانی له ده‌ستدرێژیی ئه‌ندامه‌کانی خۆی بپارێزێت.
ئه‌رکی سه‌ر شانی هه‌ر ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵه سه‌رکرده، مامۆستا یان که‌ناس بێت، هه‌ر که‌س به گوێره‌ی خۆی به پێی ئه‌م پره‌نسیپه موراڵییه هه‌ڵوێست بگرێت. ده‌سته‌ڵاتێکی خراپ، بێتوانایی گه‌له‌که‌یه‌تی.
له دوای ئه‌و دوو مه‌رجه سه‌ره‌کییه‌وه دێینه سه‌ر خودی بینای ده‌سته‌ڵات. لێره‌وه له قازی محه‌مه‌ده‌وه که‌ره‌سه ده‌هێنین.
قازی محه‌مه‌د
پره‌نسیپی ده‌ستپاکیی و دڵسۆزیی
قازی محه‌مه‌د پێش له‌داردانی له وه‌سێته‌که‌یدا که‌ره‌سه‌یه‌کی دهستپاکییمان بۆ به جێدێڵێت: "پێم وا نییه هه‌قی خودا نه‌بێت، هه‌قی ترم له‌سه‌ر بێت".
ئه‌م رۆحه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌رکی سه‌رۆکایه‌تیی گه‌لێکی گرته ئه‌ستۆی له کۆنتراکتێکدایه له‌گه‌ڵ گه‌له‌که‌ی که نابێت هه‌قی هیچ که‌سێک بخوات. قازی له وه‌سێته‌که‌یدا ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕێت که کێ هه‌یه قازی موڵکێکی ئه‌وی زه‌وت کردبێت یان کێ هه‌یه پاره‌ی که‌وتبێته لای قازی؟
هه‌روه‌ها قازی محه‌مه‌د که‌ره‌سه‌یه‌کی دڵسۆزییشمان بۆ ده‌نوسێت: "خودایه تۆ خۆت شاهیدی که من له خزمه‌ت به‌و میلله‌تدا خۆم نه‌بوارد."
له‌م کهرهسهیهدا دوو خاڵ هه‌یه. یه‌که‌م، سه‌رکرده پێویسته له خزمه‌تی میلله‌ته‌دا بێت. به پێچه‌وانه‌وه، زیاندان له میلله‌ت، هۆیه‌که‌ی هه‌رچییه‌ک بێت، به هیچ جۆرێک سه‌رکرده رێکه‌وتنه‌که نایگرێته‌وه‌و بوونی له‌و شوێنه‌دا هه‌ڵه‌یه.
دووه‌م، سه‌رکرده په‌یوه‌سته به‌وه‌ی که له خزمه‌ته‌که‌یدا که‌مترخه‌میی نه‌کات و خۆی لێ نه‌دزێته‌وه.
پێبهپێی ئه‌وه‌ی که وه‌کو له پێشه‌وه باسمان کرد به‌هاکان سه‌رچاوه له سروشتی مرۆڤه‌وه ده‌گرن ئه‌وا ئه‌و که‌ره‌سانه‌ی قازی به‌جێی هێشتن کۆنتراکت پره‌نسیپی موراڵیی گشتگیریان لێ دروست ده‌کات. هه‌ر له سه‌رکرده‌وه تا سه‌ربازێک، که‌ناسێک ماف و ئه‌رکی هه‌بوونی ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی هه‌یه. بۆیه له که‌ره‌سه‌ی وه‌سێته‌که‌ی قازی ئه‌م پره‌نسیپه داده‌ڕێژین:
هه‌ر ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵ له کۆنتراکتێکی نه‌نوسراو یان نوسراودا له‌به‌رده‌می خوداوه‌ندا، به‌رامبه‌ر به کۆمه‌ڵ و ئه‌و زێده‌ی تیایدا ده‌ژی به‌رپرسیاره که:
یه‌که‌م، "نابێت هه‌قی هیچ که‌سێک له هه‌موو شوێنێکداو به هیچ جۆرێک بخوات."
دووه‌م، "خۆی نه‌بوێرێت له خزمه‌تکردندا هه‌رچییه‌ک بێت و له هه‌رشوێنێکدا بێت."
بهکولتورکردنی موراڵ
موراڵ زانستی ناسینی چاکه‌و خراپه، جوانیی و ناشرینییه تا ده‌گاته ئه‌و بواره سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که باس له پره‌نسیپه‌کانی ریكخستن و به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا ده‌کات. موراڵ له کولتوردا کاره‌کته‌ر ده‌دات به مرۆڤ، به گه‌ل یان نه‌ته‌وه‌یه‌ک. بۆ نموونه، تێگه‌شتنی ئێمه بۆ ئافره‌ت، ژینگه‌و سیاسه‌ت ده‌ستنیشانی ئه‌وه ده‌که‌ن که ئێمه کێین. موراڵ له وردبوونه‌وه‌یه‌دا له ژماره‌یه‌ک کۆدو پره‌نسیپدا خۆی ده‌رده‌بڕێت. ئێمه به بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆمان بزانین بۆ تێگه‌شتن، هه‌ڵسه‌نگاندن و هه‌ڵوێستوه‌رگرتن پشت به ژماره‌یه‌ک پێوه‌ر ده‌به‌ستین.
پره‌نسیپ و هه‌ڵوێسته تۆمارکراوه‌کانی ناو گه‌نجینه‌ی مێژوو وه‌کو دانسخهکانی موزه‌خانه‌کان وان. ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی که دایان ده‌ڕێژین ته‌نها له به‌کارهێناندا ده‌بن به ئێسک و پروسکی کولتور. ئه‌و کورسییه‌ی که له ته‌خته دروستی ده‌که‌ین کاتێک به‌کاردێت که له‌سه‌ری دابنیشین. سودوه‌رگرتن له مێژوو دروستکردنی پره‌نسیپی موراڵییه له که‌ره‌سه‌کانی و بهکولتورکردنیانه. نموونه‌ی مه‌لیک مه‌حمود، قازی محه‌مه‌دو چه‌نده‌ها شه‌هیدانی به‌ندیخانه‌کان ئه‌و هاوارانهیان بۆ خۆیان نه‌کرد. پشتگوێخستنی ئه‌م روداوه مێژووییانه شێوه‌یه‌که له بێمافیی، ملکه‌چیی و به‌ندبوونی جه‌ماوه‌ر به بڕیاری ده‌سته‌ڵاتێکی ره‌هاوه. جه‌ماوه‌ر هه‌موو ماف و بهرپرسیارییهکیی له خۆی سه‌ندۆته‌وه‌و خۆی داوه‌ته ده‌ست شوان. له‌ناو سیاسه‌تێکی بێ مه‌رج و بێ کۆنتراکتدا بێهوده نه‌سیحه‌ت و پێشنیار ده‌کات بۆ ده‌سته‌ڵات چی بکات یان نه‌کات. له کاتێکدا ئایدۆلۆجیی کۆنتراکت ماف و ئه‌رکی به‌ڕێوه‌بردن ده‌داته‌وه ده‌ست جه‌ماوه‌ر خۆی. ئایا جه‌ماوه‌ر سه‌ربه‌ست له ده‌سته‌ڵاتێکی خۆسه‌پێن چۆن خۆی له کۆنتراکتێکدا رێک بخاته‌وه که گه‌ره‌نتی ئه‌وه بکات حوکم له ده‌ستی خۆیدا بێت.
ئه‌و به‌هاو پره‌نسیپه موراڵییانهی که کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد و دیموکراتیی پێ رێکده‌خرێن له‌ناو جه‌ماوه‌ردا له کار خراون. مرۆڤ به‌گشتیی چاوی بڕیوه‌ته ده‌سته‌ڵات و ئه‌وێ به ئه‌قڵی حوکمکردن ده‌زانێت. به‌ڵام له راستییدا، ته‌ماع و بازرگانیی هه‌موو جه‌هلی کۆمه‌ڵگای له ده‌سته‌ڵاتدا کۆکردۆته‌وه. جه‌وهه‌ری پیسخۆریی تێکه‌ڵاوبوونی ده‌سته‌ڵات و کۆمپانیایه. ده‌سته‌ڵات ده‌ستێکی حکومه‌ته‌و ده‌سته‌که‌ی تری کۆمپانیایه. پیسخۆریی که گه‌شته ئه‌م ئاسته ئیتر ئاو و زێراب تێکه‌ڵاو ئه‌بێت. تێکه‌ڵاوبوونی ئاو و زێرابیش ته‌نها چاوه‌ڕوانیی ئافاتی لێ ده‌کرێت.
نیووه‌ی ئه‌وه‌ی روو ده‌دات لایه‌نی دووه‌م لێی به‌رپرسیاره. له وڵاتانی پێشکه‌وتوودا، ئه‌وانه‌ی ئاژهڵپارێزن ئاماده‌نین جلێک بکڕن له چه‌رمی ئاژه‌ڵ دروست کرابێت، ئاماده‌نین کاڵای کۆمپانیایه‌ک بکڕن منداڵ و ئافره‌ت بچه‌وسێنێته‌وه بۆ دروستکردنی کاڵاکانیان. چونکه له رێگای کڕینی ئه‌و کاڵایانه‌وه مرۆڤ به‌شداریی ده‌کات له پرۆسه‌ی چهوسانهوهکهداو پشتگیریکردنی.
ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵ پێویسته ئه‌و مافه بده‌نه‌وه به خۆیان که به پێی پره‌نسیپه موراڵییهکان دنیاکه‌یان هه‌ڵبسه‌نگێنن. پێش ئه‌وه‌ی ئاماده‌بن گوێ له ده‌سته‌ڵاتداران و نوێنه‌ران بگرن، ده‌بێت به لایه‌نی که‌مه‌وه له‌به‌رده‌می پره‌نسیپه موراڵییه‌کانی وه‌کو پره‌نسیپه‌کانی "سیاسیبوونی ده‌سته‌ڵات"ی مه‌لیک مه‌حمود و پره‌نسیپه‌کانی "پاکیی و دڵسۆزیی"ی قازی محهمددا رایان بگرن:
ئایا ده‌سته‌ڵات خاک و گه‌له‌که‌ی له دوژمنی ده‌ره‌وه پاراستووه؟ ئایا ده‌سته‌ڵات هه‌موو توانای به‌کارهێناوه بۆ باشترین به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا؟ ئایا له سیستێمێکی دادپه‌روه‌رییدا ئه‌ندامانی گه‌له‌که‌ی له ده‌ستدرێژیی ئه‌ندامه‌کانی تری کۆمه‌ڵ پاراستووه؟
ده‌سته‌ڵاتێک ئه‌و مه‌رجانه‌ی تیا نه‌بێت ده‌سته‌ڵاتێکی سیاسیی نییه. ده‌سته‌ڵاتێکیش ره‌وایی سیاسیی نه‌بێت ره‌خنه‌ی لێ ناگیرێت، ئه‌بێت لا ببرێت.
ئه‌ندامانی گه‌ل له‌سه‌ریانه ئه‌و که‌سانه‌ی دێنه مه‌یدانی سیاسه‌ته‌وه، ده‌سته‌ڵاتدار، نوسه‌ر، نوێنه‌ر و کارمه‌ندی حکومه‌ت و حیزب له به‌رده‌می پره‌نسیپه‌کانی ده‌ستپاکیی و دڵسۆزیی "قازی"دا رابگرن:
ئایا هه‌قی که‌سیان خواردووه یان که‌مته‌رخه‌مییان له خزمه‌تی گه‌ل و خاک‌دا کردووه:
موڵکی گشتییان بردووه بۆ خۆیان، ده‌ستیان تێکه‌ڵاوه له‌گه‌ڵ هیچ کۆمپانیاو پاره‌دارێکدا، ده‌سته‌ڵاته‌که‌یان به‌کارهێناوه بۆ ده‌ستدرێژییکردنه سه‌ر ئافره‌ت. جاسوس و به‌کرێگیراوی هیچ وڵاتێک نین. فێڵیان له جه‌ماوه‌ر نه‌کردووه‌و یاریان به‌ئه‌قڵی خه‌ڵک نه‌کردووه. مرۆڤیان سوک نه‌کردووه به‌وه‌ی بیکه‌ن به کۆیله‌ی خۆیان. قومارچی و به‌رتیلخۆر نین؟
که‌سانێک که له فلته‌ری ئه‌م پرسیارانه ده‌رنه‌چن، هه‌رچییه‌ک بن و هه‌رچییه‌ک بڵێن شیعر یان وتاری سیاسیی، هه‌ڵه‌یه بۆ که‌سانێک خۆیان پیسخۆر نه‌بن گوێیان لێ بگرن و متمانه‌یان پێ بدرێته‌وه.
ئه‌مه راستییه‌کی سه‌خت و تاڵه بۆ ئه‌مڕۆ که هه‌ر ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵ له‌به‌رده‌میدا تاقی ده‌بێته‌وه. تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی ساخکه‌ره‌وه که ده‌ریده‌خات که‌س یان رێکخراو ره‌واجی هه‌یه یان نا؟
جه‌ماوه‌رێک ئاماده‌بێت له رێگای ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنه‌وه ره‌وایی به ده‌سته‌ڵاتێکی پیسخۆر بداته‌وه گرفته‌که ئه‌وه‌تا له ناو خۆیدا. کرده‌وه‌ی هه‌ر ده‌سته‌ڵاتێک که‌ره‌سه کولتورییه‌که‌ی له‌ناو جهماوهرهکهیدایه. ئه‌و لایه‌ن و که‌سانه‌ی که ده‌چنه پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ڵاتێکی پیسخۆرهوه له ده‌نگدانێکدا که سور ده‌زانن ساخته‌ی تیا ده‌کرێت، هه‌ر ره‌خنه‌یه‌ک که له‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی بگرن باس له خراپیی خۆیان ده‌کات. هه‌ر رێکخراوێکیش بانگه‌شه بکات بۆ هه‌ڵبژاردنێک که ده‌سته‌ڵاتێکی پیسخۆری تیا هه‌ڵده‌بژێردرێت له ده‌نگدانێکدا که سور ده‌زانرێت ساخته‌ی تیا ده‌کرێت، ئه‌و رێکخراوه خۆی به‌شێکه له‌و سیستێمهو جه‌ماوه‌ری بۆ له خشته ده‌بات.
ناسر حه‌فید
ئه‌ندامی سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی "کۆنتراکت"
2013/12/05
[email protected]