ڕەوتی گۆڕان لە سەقەتبوون ڕزگار بکەن .!
Tuesday, 29/09/2009, 12:00
ئەوانەی لەژێر پەردەی پێچ و پەنا بەنهێنی لە ژوورە تاریکەکاندا .. ئێستا نەخشەی میراتگری بەشەرعیەت بوونی ڕابەرایەتی خۆیان دادەڕێژن ، دەیانەوێت گوڕوتینی ماراسۆنی ڕەوتی گۆڕانخوازان بەدوای خۆیاندا پەلکێش بکەن ، هەرگیز بەشێک نەبوون لە جوڵاندنی ماکینەی ڕەوتی گۆڕان . تا ڕادەیەک گرفتێکی پڕ لە قورسایی هێواشکەرەوەی خێراییەکانی ڕەوتی گۆڕانکاری بوون .. لەبەردەم لێکۆڵینەوەکاندا لە سێ پێکهاتەی (درۆکردن ، ترس ، ئینتهازیەت ..) خوێندنەوەی بەیسەکەی خۆیان بەدەستەوە داوە ، بەخوێندنەوەکانی خۆشیان لەسەر خودی خۆیان .
ئەوانە دوو ڕەنگن ، دوو تۆناتن، دوو بەشن لە نێوەندی دوو جەمسەردان ، قورساییان لەسەر هەر جەمسەێکیاندا زیاد بکات ئەو جەمسەرە سەقەت دەکەن . ئەکتەرێکی سەرشانۆی بێ مەعریفەن . زاتە تەقلیدیەکانن دوور لە هزری نوێخوازی گۆڕانکارین ، گەڕیدەیەکی ماندوو بووی وێڵی بەدەست هێنانی دەسەڵاتن . جا ئەمە لە ڕەگێکی کۆتەرەیی بێت وەیا لە بەجێماوەکانی بەناو ڕیفۆرمێکی دوورلە تێگەیشتنی ڕیفۆرم بێت .
بەشێکیان بە خرتی لە لەوەڕگای زۆلکاوی ئەو بەر بەشاراوەیی خۆیان مت کردوە بەڵام بە ئاشکرا دیارن ، بەشی دووەمیان بۆ بەهێزکردنی جێ پێگەی ئەوبەریان خۆیان خزاونەتە سەر فەقەرات و ئازارەکانی نوێخوازی گۆڕانخوازانی ئەمبەر .. کە لە پێک هاتەکانی ڕۆشنبیران و نوسەران و قوربانیانی ناعەدالەتی و گەنجە مەحرومەکان و دەنگە بەرزە بویرەکانن . هەر خودی ئەم تاقمە بەبێ تێگەیشتنیان لە گۆڕان زۆر لەسەر گۆڕانیش دەدوێن . لەهزرو بۆ چون خوێندنەوەکاندا ، لە هەڵسوکەوت ، لە لێدوانەکانیاندا زۆر جیاوازن لەگەڵ گۆڕان خوازانی حەقیقی .
(1) دەیانەوێت : تەنها گۆڕان لە خۆیاندا بکەن و ئاسەواری هەڵەو بەشە بەرکەوتە پڕ لەگەندەڵیەکانیان نەهێڵن و لەژێر دروشمی گۆڕاندا کۆمەڵانی خەڵکیش بەداوی خۆیاندا بهێنن . بەڵام گۆڕانخوازانی حەقیقی دەیانەوێت گۆڕانکاری لەسەر ئەدای عەقڵی تاکی کۆمەڵ و کۆمەڵ بەگشتگیری بکەن خۆشیان لەبەردەم بەرپرسیارێیدا هەڵەکانیاندا دابنێن.
(2) دەیانەوێت : تەنها خۆیان ماندوو بکەن بۆ ئەوەی سەنەدی تاپۆی ڕەش لەبن هەنگڵی خۆیاندا بێت ، بەڵام گۆڕانخوازانی حەقیقی دەیەوێت کۆمەڵگە ماندوو بکات بۆئەوەی کۆمەڵگە بەجێماوێکی تەمەڵ نەبێت ، زیت بێت ، خۆی بتوانێت داکۆکی لەسەر ڕەنج و ماندوو بونەکانی خۆیا بکەن . چونکە ئەگەر کۆمەڵگە چێژی ماندوو بوونی خۆی نەبینێت ، کۆمەڵگەیەکی دەستەو خوان و مێگەلی دەبێت .
(3) ئەم تاقمە دەیانەوێت : بەدروشمە تەقلیدیەکان ڕابەراێتی بە خۆیان بدەن بەهەر نرخێک بێت لە هێڵەکانی پێشەوە شەرعیەتێک لە خۆیاندا ببیننەوەو ، بەڵام گۆڕانخوازانی حەقیقی دەیانەوێت خۆیان لە هێڵەکانی دواوە ببیننەوە و شەرعیەت بەکەسانی شیاوی کارامە ، چاپوک بدەن بە تایبەتی لە چینە گەنجە نوێخوازەکان ... گۆشەگیریان بکەن لەسەر ئایدۆلۆژیایەکی کوردبوونێکی گشتگیری و کلیلەی ڕەوتیان گۆڕانکاریان بەبێ ترس لەدەستدا بێ . وەیان لە دیدگەیەکی تروە جیاوازن لە نێوان دیاری کردنی خودی زاتی و دەست نیشانکردنی زاتەکان .
(4) دەیانەوێت : لەسەر بنەمای ڕشتنی تۆی دوژمنکارانەی تۆڵە سەندنی عەسکەرتاریەتە کۆنەکانە قینەکانی خۆیان بجوڵێن کۆمەڵگەش تێوە بگلێنن ، بەڵام گۆڕانخوازانی حەقیقی کار لەسەر بنەمای مل ملانێ یەکی سیاسی مۆراڵانەو عەدالەتی ئیجتماعی و یەکخستنی کۆمەڵگەیەکی یەکبووی گشتگیری دەکات ،لە پێناو ئیرادەیەکی پتەو بۆ گشت .
(گۆڕان تا ئێستا نەبوە . هەردروشمەکەی بەکار هاتوە . ئەوەی بەدەستیش هاتوە ، تەنهاو تەنها ، کۆکردنەوەی دەنگی ناڕەزاییەکانی ئەدای ئیدارەکردنی کۆمەڵگە لە لایەن دەسەڵات و تاکی بەهێزو خۆسەپاندنی حزبی لەسەر بنەمای مێژووی چەک و خوێن بووە)، بەڵام گۆڕان لە قۆناغی لە دایک بووندایە ... لێ بە گەورەیی لە دایک دەبێت .
ڕۆشار 28 09 2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست