لەم ئاگربارانە، بۆچی شەقامی کوردی بەنزینی دەوێت نەک دەوڵەت؟
Thursday, 03/07/2014, 12:00
لە دوای شکستی هەرەسئاسا و ئاشبەتاڵی سوپای عێراق بەرامبەر هێرشی داعش و سونە چەکدارەکانی تر، وە ئازادکردنی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی تر لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردوستانەوە، لە ناو عێراق و ناوچەکە و دونیا بە جیدی لە پشتی پەردەوە و بە ئاشکرا لە سەر سەکۆی سیاسەت و لە میدیا جیهانیەکانەوە باسی دابەشبونی عێراق و دروستبونی دەوڵەتی کوردی دەکرێت. برا پێشمەرگەکانمان بەم هاوینە گەرمە ، بە گەروی تینو و سکی برسیەوە سنگیان ناوە بە هێرشی دڕندانەی داعشە وە و لە هەوڵدان بست بە بستی سنورەکانمان لەگەڵ عەرەبستانی عێراق ڕزگاربکەن. سەرۆکی هەرێم ناڕاستەوخۆ داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات داوای دەوڵەتی کوردی بکەن بەڵام کەس گوێی لێناگرێ ! شەقامی کوردی لە هەرێمی کوردوستان کپ و کاسە و نەک هەر پشتگیریەکی ڕاستەقینە و هەمەلایەنەی بەرەکانی شەڕ ناکات بەڵکو زۆر توڕە و توندوتیژانە خۆپیشاندان دژی حوکومەتی هەرێمی کوردوستان دەکات لە سەر ئەوەی بەنزین کەمبۆتەوە و گرانبوە یان موچە درەنگ دەدرێ. زۆرێکیشمان لە بەردەم تەلەفیزۆن بە دەم چەرەس خواردنەوە گرە و و شەڕ لە سەر براوە و دۆڕاوەکانی یاریەکانی مۆندیال دەکەین. وادیارە ئێمە بیرمانچۆتەوە کە هێشتا لە قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانیداین، کە هێشتا برینەکانی ئەنفال و کیمیابارانی گەلەکەمان ساڕێژ نەبوە و مەترسیی دوبارەبونەوەیان لەم (بەربەرستان)ەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا ماوە و دیارە. بە ڕاست ئێمە لە چی سەردەمێکدا دەژین؟ شەقامی کوردی و کۆمەڵانی خەڵک چیمان دەوێت ؟ هۆکانی ئەم سارد و سڕیەی خەڵک زۆرن زۆر ! لە پێش هەمویانەوە ناعەدالەتی لە دابەشکردنی دەسەڵات و داهاتی نەوتی کوردوستان و دابەشبونی کۆمەڵی کوردوستان بەسەر چینێکی مشەخۆری بە کوردایەتی دەوڵەمەدبوی ملیۆنێر و ملیاردێر و چینێکی تری برسی و بێلانە و بێکار و ڕوت و ڕەجاڵ کە زۆرینەی خەڵکی کوردوستان پێکدەهێنن، برینە قوڵەکانی شەڕی براکوژی کە لە ژێر ڕابەرایەتی هەمان ئەو سەرکردنەدا کرا کە ئیمڕۆ داوای دەوڵەتی کوردی دەکەن . لاوازی و بێسەروبەری و بێپلانی و ناکۆکیەکانی سەرکردایەتی کورد، بەتایبەتیی یەکێتی و پارتی، وایکردوە کۆمەڵانی خەڵک لەم کات و هەل و مەرجە ناسکەدا ئاوا سستبن و بێ هاوهەستی و هاوپشتی و جۆش و خرۆشێکی شۆڕشگێرانە تەنیا لە ڕادیۆ و تەلەفیزۆنەکانەوە چاودێری ڕوداوەکان بکەن نەک لە مەیدانە گەرمەکانی ئەم ململانێ مێژوییەی کورد ئیمڕۆ تێیکەوتوە. چارە؟ دەبێت هەرچی زوترە لە سەرۆکی هەمو حیزبە خاوەن باندۆر و کاراکانی هەرێمی کوردوستان ئەنجومەنێک دروستبکرێت کە چەند کەسێتیەکی کوردی دانا و بیریار و پسپۆڕێش وەک ڕاوێژکار لەدەرەوەی ئەنجومەنەکەوە هاوکاری بکەن ، هەرەها پرس و ڕا بکرێت بە حیزبە کارا و پڕباندۆرەکانی هەر چوارپارچەکەی کوردوستان بەتایبەتی پەکەکە . کاری یەکەمی ئەم ئەنجومەنە ئەوەبێت کۆدەنگیەکی ڕاستەقینەی سیاسی دروستبکەن بێ ئەملاولای پیلانی حیزبایەتی و پەیوندیی نهێنی حیزبی لەگەڵ بەغد ا و تاران و ئەنکەرە و دیمەشق، کۆدەنگیەکە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەبێت: ئایا کوردی باشور لە ئیمڕۆوە لە هەمو مەیدانەکانی خەبات(جەنگی،ئابوری، سیاسی، دیپلوماسی ،.....) دەستبکات بە دانانی بناغەکانی دەوڵەتی کوردی ، یان لەم عێراقە زۆر لاوازبوەدا بەشداریەکی کارا و پڕبەرهەم بکات کە لە ئەنجامی کۆتایی ئایندەدا هەر نزیکماندەکاتەوە لە دەوڵەتی کوردی؟ لە کۆتایی ئەم پرۆسەی بڕیادروستکردنەدا دەبێت سەرۆکی هەرێم وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە و تەمومژی ئەم بارودۆخە پڕلەنیگەرانی وترسە بڕەوێنێتەوە . لەم قۆناغە ناسک و مێژوییەدا داوا لە کۆمەڵانی خەڵک دەکەم بە شێوەیەکی کاتی بەلای کەمەوە وازلە خۆپیشاندان و ڕێگەگرتن بهێنن و ئارامی و پەروایان هەبێت و لە کەمی بەنزین و دواکەوتنی موچە دانبەخۆیاندابگرن و پشتگیری تەواو لە حوکومەتی هەرێمی کوردوستان بکەن. هەمو لەدایکبونێکی مەزن قوربانی و ئێش و ئازاری قوڵی دەوێت، من دڵنیام کورد نیە لەم دونیایەدا دەوڵەتی سەربەخۆی کوردوستانی نەوێ و خەباتی بۆنەکات و ئامادەی قوربانیدان نەبێت بۆی، هەر کەسە بەجۆرێک و تا ڕادەیەک.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست