بۆچی مەلا مستەفا (مەحەمەد مستەفا)ى سەر برى ؟
Saturday, 03/08/2013, 12:00
2810 بینراوە
چیرۆكى ئەو پێشمەرگەى نۆ ساڵ لەخزمەت بارزانی بوو كەچی دواتر بارزانی سەرى برى !
مەلا مستەفا بارزانی كەتائەمرۆش بە باوكى پارتى و بارزانیەكان دادەنرێت. لەسەرەتاى گەنجیەتى و چەك هەڵگرتنیەوە تاكو ئاشبەتاڵەكەو مردنى لە ئەمریكا. سەدان چیرۆكی تریاژیدیاو ترسناكی لەسەردەستی دروست بووە.
مەلا مستەفا ئەو كەسەى قبوڵی نەبوو ڕۆژێك لە ڕۆژان كەسێك لەبەردەمى هەڵسێتەوەو قسەیەك بكات. قبوڵی نەبوو جگە لەخۆى و بنەماڵەكەى هیچ حیزب و عەشیرەتى تر مافی دەركەوتن و ئاغایەتى هەبێ. هیچ كات قبوڵى نەبوو جگە لە بنەماڵەكەیى و پارتی هیچ حیزبى تر مومارەسەى سیاسەت و حوكمدارى بكات. ئەوبارزانیەیى نیوەى ژیانى بەوێنە گرتن و خۆزل كردن و هەڵدانی لەلاى ڕۆژنامە نووسەبیانیەكان بەسەربرد. ئەگەر سەیرى مێژووى بكەین چ لەدەمى ئەوكەسانەى هاوەڵى بارزانی بوونەو لەگەڵى ژیاون یان نەیارى بوونە. ئەوا چیرۆكی سەیر و كردارى ناشرین و قێزەوەن لەو كابرایەوە دەگێڕنەوە. هەر لەو زەوت كردنى كچی خەڵكى و جوێندان بەنەیارەكانى و دانیشتنی شەوانەو بەسەر بردنى كاتەكانى دوور لەشەرو هەوڵدان بۆ لەناو بردنى خەڵكى و تیرۆرو تیرۆكارى نەیارەكانى تادەگاتە وەرگرتنى پارە لەدەوڵەتانى بیانى بۆ سەرحیسابى بانكى و خۆیى و دواتر ئاشبەتاڵ.
مەلا مستەفا لە ناو بنەماڵەى بارزان بەمامۆستاو درێژە پێدەرى ئەو ناكۆكى و ململانێیە دادەنرێت كە بەردەوام هەبووە لەنێوان عەشیرەتى بارزانى و عەشیرەت و هۆزەكانى تری كوردستان. لە بوارى سیاسەت و حزبایەتیش تاكە كەس بووە بەبەردەوام كێشەى هەبووە لەگەڵ ئەندامانى مەكتەب سیاسی و سەركردەكانى ناو حزبەكەى و قبوڵى نەبووە جگە لەخۆى كەسیى تر "ئەزبەنی" بێ.
مەلایەك بەجۆرێك سیاسەتى حزب و بنەماڵەكەى داڕشتووە كە تا ئەمڕۆش كوڕوو نەوەكانى درێژە پێدەرى هەمان سیاسەتى باوكیانن لەكارى تیرۆرى و دزینى داهات و برابەشى نەوتى كوردستان لەگەڵ وڵاتانى بیانی، وەرەسەیەكى جێهێشتووە كە شتاهایەكى نامۆو دوور لەئەخلاقی تێدا بەرهەم هاتووەو بەرهەم دێت، كردارێك كەتائەمرۆش كورو نەوەكانى ئەنجامی دەدەن بەرامبەر ئازادى خوازو نەیارەكانیان. كوشتنى دەیان سەرۆك عەشیرەت و لەناوبردنى بنەماڵەى فاخیر مێرگەسۆرى و تیرۆركردنى سلێمان موعینى و دژایەتى كردن و هەوڵى لەناوبردنى عەشیرەتەكانى سورچى و شێروانى و ....هتد.
محەمەد مستەفا باش چاوەش یەكێكە لەو قوربانیانەى دەستى تیرۆرى بارزانی كەتەنها لەبەرئەوەى بەبریارێكى بارزانى رازى نیە، دوور دەخرێتەوەو دواتر سەرى لەلاشە جیا دەكرێتەوە.
زرار سلێمان دەرگەڵەیى لەبیرەوەریەكانی خۆى بەم شێوەیە رووداوى تیرۆركردن و سەربرینى "محەمەد مستەفا" دەگێرێتەوە، كەخۆی یەكێك بووە لەو پێشمەرگانەى لەگەڵ بارزانی لە رووسیا ژیاوە:
باش چاوەش (محەمەد مستەفا) ناوبراو یەكێك بوو لەكۆنە چەك هەڵگرەكانی لەشكرى (مەلا مستەفا). لەساڵى 1943 لەوكاتەى مەلا مستەفا لەناوچەى بارزان خەریكى دەست بەسەرداگرتنى مەخفەرەكانى ئەو ناوچەیە بوو، باش چاوەش "محەمەد" بەخۆیى و ئەوانەى لەگەڵی بوون بەچەكەوە رۆیشتبوونە رێزى هێزەكانى (مەلا مستەفا) لەوەكاتەوە ماڵ و منداڵەكانی جێ دەهێڵێ و لەگەڵ بارزانییەكان دەچێتە ئێران، لەوێش لەگەلأ مستۆ میرۆزى لەبەرەكانی جەنگ جەنگاوەر بووە، لەدواى تێكچونى كۆماری مەهاباد لەبارزانیەكان دانەبراوە تا ئەو رۆژەى بەیەك گەیشتنەوەمان لە (ڤریڤسكی) لەساڵی (1951)، لەدواى ئەو بەیەك گەیشتنەوەمان هەندێ كەل و پەلی پیاوێكى ئەسعەد خۆشەوى بزر دەبێت، بزر بوونى ئەو ئەشیایە دەخرێتە ملی باش چاوەش (محەمەد) و دەیبەن بۆلاى مەلا مستەفا، ناو براو گوتوبووى: (ئەزبەنى تۆش دەزانى من پیاوى دزى نیم و بۆدزى ئەوەندە ساڵە ماڵ و منداڵى خۆم بەجێ نەهێشتوە، تكایە لەسەر خواستى ئەسعەد من بەدز تاوانبار مەكەن).
ئەوەى بەدیاركەوت مەلا مستەفا بەتوندى لەگەڵى دوابوو، ئەویش بەو توندیە ڕازی نەبووە، لەئەنجام مەلا مستەفا پێى گوتبوو: (برۆ لێرە نەمێنى بۆ كوێ دەرۆى برۆ). ئەو پیاوە (محەمەد) ناچار رۆیشتە شوێنێكى دوور لەناوچەى (بەیاووت) لەسەفخۆزێك كارى دەكرد، لەدواى ماوەیەك شەوێك لەژوورەكەى خۆى سەریان بریبوو لەسەر سنگیان دانابوو!! لەدواى لێكۆڵینەوە، ئەمنى سۆڤیەتى وێنەى بكوژەكانى (محەمەد)ى دابوە مەلا مستەفاو گوتبوویان خۆتان كوشتوتانە!
*سەرچاوە:
بیرەوەریەكانی زرار سلیمان بەگ دەرگەلەیى، لاپەرە (211- 212).