خوێن ساردیی دەسەڵاتدار، دڵی گەرمی شۆڕشگێڕ..وڵات نەکو ماڵ
Monday, 07/03/2011, 12:00
کە سەیری جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی دەکەم هەست بە بەستەڵکستانی سیبیریا دەکەم هەرچەندە لەوێ نەژیاوم. گەر بەستەڵەکستانی سیبیریا فەزایەکی کەمی بۆ ژیانی دیلەکانی سۆڤیەت هێشتبێتەوە و هیوایەکی بۆ بەردەوامی لە ناو دڵە سەرمابردەکانیاندا هێشتبێتەوە، ئەوا ئەم دووانە بەم هەڵوێستانەی رۆژانی ڕابردویان یەک میللیمەتریان وەک هەوارگە بۆ گەرمی نەهێشتۆتەوە.
گەر مرۆڤە خوێن ساردەکان، ساردیەکەیان یارمەتییان بدات زو بچنەپێشەوە، واش ببینن کە هەموو کەسانی تر خوێن ساردن و هەر لە سەرەوە دەمێننەوە، ئەوا ئەم تێڕوانینە هەڵەیەیان دواجار دەیانهێنێتە خوارەوە.
من گومانم هەیە لەوەی ئەو دو جەنابە تەنیا بۆ چرکەیەکیش لە ژیانیاندا میللیگرامێک گەرمی لە ناخیاندا هەبوبێت. ئەوانە کاتی خۆی شۆڕش و شۆڕشگێڕان و پێشمەرگەیان بۆ خواستە خوێن ساردەکانی خۆیان بەد بەکارهێناوە، گەر وانیە ئەم هەمو ساردیەی ئێستەیان بۆ؟
جەلال تاڵەبانی، ئەو پیاوەی ئێستە دەبوو لە مالەوە دانیشتایەو جێگەی چۆڵکردایە بۆ میللەت، تا میللەت نوێنەری خۆی بناردایەتە خانەکانی دەسەڵات، تازە دادەنیشێت لەگەڵ مەسعود باسی سەدی حەفتا دەکات. ئەو خوێن ساردیە چیە؟ تۆ ئەی پیرەمێردی ئاخرزەمان، هەردوو دەستت کە لە پیریا خوێنی ڕەشیان تێزاوە، بۆ دانانیشی پشویەک بە دەرونە تاریک و دڵە ساردەکەت بدەیت، بۆ واز لە گەنجەکان ناهێنیت، کەی تێر دەبیت لە خوێن مژین؟
ئەی تۆ، مەسعودی کوڕی مستەفا چیت دەوێت لێمان؟ گەر ئەمجارە بە سیناریۆکەتان کە بەتەمان بیخەنە بواری جێبەجێکردن، لە ڕێی هەڵبژاردنی تازەوە، لە سەدا نەوەدو نۆش بهێنن سودی نیە، ئێمە ئێوەمان ناوێت. بڕۆن!
تۆش دڵت مردوە، گەرمی هەرگیز تیا نەبووە، تۆ لە پیرەشڕەکەی هاودەنگت خوێن ساردتریت. گەنجان ئێوەیان ناوێت. بڕۆن تا زووە بڕۆن، دەستی لاوەکانمان بە دەرهێنانی ڕوحە پیسەکانتان ژەنگاوی مەکەن، بڕۆن!
تۆ و جەلال بەستەڵەکی بەستەڵەکستانن. هەرچی گەرمیە ڕەنجاندوتانە.
ئێوە دەتانەوێت وڵات وەکو خۆتان بچوک بکەنەوە و بیکەن بە ماڵ.
وڵات ماڵیش بێت ماڵی ئێوە نیە ماڵی میللەتە. وڵات ماڵی هەمومانە.
گەر هەزارساڵیش پێشمەرگە بوبێتن تاپۆی ئەو ماڵەتان پێ رەوانیە. ئەم وڵاتە ماڵی میللەتە، هەموو میللەت بەبێ جیاوازی.
تۆش ئەی لاوی شۆڕشگێڕ، ئەی ئەوانەی حەڤدەی مانگ لەبەر دەمی لق تەقەتان لێکرا، ئەی ئەوانەی لە کەلار تەقەتان لێکرا، ئەی ئەوانەی لەو ساتەوە هەتا ئێستا لە شارو شارۆچکەکان دەجەنگن دژی جەورو ستەم، ئەی ئەوانەی ئەم شۆڕشەتان بەرپاکردوە تا ئەو دوو خوێن ساردە لابەرن، نەکەن تەنیا بۆ چرکەیەکیش ئەو گەندەڵی و ژەهرەی ئەوان لەگەڵ خۆتان بێنن. ژەهری خوێن ساردی و بیرکردنەوە لەوەی کە سبەینێ وڵات تەنیا ببێتە ماڵی خۆتان، ئێوە کە لەم شۆڕشەدا بە جەستە بەشدارن!
گەر ئەو ژەهرەتان توڕنەداو ئەو خوێن ساردیەتان لەگەڵ خۆتان برد بۆ ئایندە، ئەوە هیچتان نەکردووە بێجگە لەوەی میراتەکەی ئەو دو کەلاکە بۆ دواڕۆژ دەگوێزنەوە. گەندەڵیەکەیان لەگەڵ خۆتان دەبەن بۆ ئایندە.
گەر مژدەی ئایندەتان پێیە هەموو بڵێن ئەم ماڵە ماڵی هەمومانە، ماڵی میللەتە.
کەس مافی ئەوەی نیە لە ئایندەدا تاپۆی ئەم خاکە بە ناوی خۆیەوە بنوسێتەوە، گەر واشکرا ئەوا ئەم جارە بیست ساڵ چاوەڕێ ناکەین، هەرزوو ئەو ساردیەش لەبەر گەرمی شۆڕشێکی تردا دەتوێتەوە.
ئەی شۆڕشگێڕ تۆ دڵت گەرمە، ناخت گەرمە، بە تەمای ماڵێک مەبە بە تەنیا بۆ خۆت.
وڵاتت بوێ وەکو ماڵێک بۆ هەموو میللەت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست