ئامریکی قەت دۆستی کورد نەبووە
Friday, 21/03/2014, 12:00
1842 بینراوە
مرۆوی هوشیارو شارەزا بە دۆزی کورد باش دەزانێ ئەو شەڕەی لە رۆژئاوای وڵات بەربینگی بە نەتەوەی کورد گرتووە سەر چاوەکەی کوێیە بە فیتی کام دەوڵەت وکام سیستمی ئیسلامی سیاسی وەگەڕ دەخرێ. من دەتوانم بڵێم لە مێژووی تەواوی سەر هەڵدانەکانی کورد بەرانبەر بە حەڕەکەتی رزگاریخوازی کورد زۆر جاران دەسەڵاتی ناوەندی داگیرکار لایەنی سەرەکی بووە. رێگوزەری / نەتەوە،، دەوڵەت / هۆی یەکەمی دژایەتی دیرۆکی نەتەوەی کوردە. بارودۆخی ئاڵۆزو شەیتانە بازاڕی سیاسی،، مۆنۆپۆلی،، زلهێزەکان گەیشتۆتە ئاستێک کە بۆ دامەزراندنی ئامرازی سەرکوتی گەلانی چەوساوە پەنا بۆ هەموو دەرگایەک دەبەن و تەواوی رێبازە نامرۆویەکانیان تاقی دەکەنەوە.
ئامریکا وناتۆ دەزانن بەو زوانە کێشەی ئەفغانستان کۆتایی نایە نە ئەوەیە بچنەدەرێ ونە ئەوەیە تێیدا سەرکەوتووی دڵخوازی خۆیان مسۆگەر بکەن. لە لایەکی دی ئەو ئاڵۆگۆڕانەی کە لە وڵاتانی عەڕەبی بە دەستی خەڵکی ئەو وڵاتانە پێک هات بە ناو لێنانی / ئۆباما/ بە بەهاری عەڕەبی ویستیان کۆنترۆڵی بکەن ئەوە هێدی هێدی لەسەر دەستیان ماوەتەوە هیچ دوور نییە ئەو جار لە رێگایەکی شاراوەی دیکە لە فکری سیستمی نەتەوە،، دەوڵەتێکی،، دا بن تا بە شێوەیەکی نوێ خەڵکی ئەو وڵاتانەی پێ سەرکوت کەن نمونەی هەرە بەر چاو وڵاتی میسرە کە خەریکە دەسەڵاتی سیاسی دەدەنە دەست هێزی باڵای لەشکری.
ئامریکاو ئیسڕاییل چۆرتکەی سیاسەتیان هەتا ئێرە لە سوریە کورتی هێناوە وئەو حیسێبەی کە هەڵیانسەنگاندبوو بە هەڵە دەرچوو. دەتوانین بڵێن هۆی سەرەکیش کۆماری ئیسلامی وحیزبوڵڵای لوبنانە (حیزبوڵڵای دەست کردی ئێران) کە رێگەیان نەدا بەشار ئەسەد وەکی قەزافی بە سەر بێ. لە بیرمان نەچێ پشتیوانی لەو سیاسەتەش روسیەو چین بون کە / وێتۆیان / بە کار هێناو بونە هۆی ئەوەی کە وڵاتێک خەریکی وێران دەبێ و سەتا لە چلی ئەو خاکەش چۆل کراوە رێژەی کوشتەو برینداریش لەو ماوەیەدا کەوتۆتە شەرمی مێژوویی دێمۆکڕاسی دامودەزگاکانی پەیوەندیدار بە مافی مرۆو.
بنکەی سەرەکی بۆ رێکخراوەی / ئەلقاعیدە / دوای هێرشکردن بۆ ئەفغانستان ، وڵاتی عێڕاق بوو کە ببێتە مۆڵگەی ئەو ترۆریستانەی کە لە ژێر چەتری / بنلادەن / دا درێژەیان بە کاری خۆیان دەدا. ئامریکا باش دەیزانی کە لە ئەفغانستان سەرکەوتوویی تەواوی بەدەست نەهێناو کە ئێڕاق دەبێتە ناوەندی شەڕی مەزن دژ بە ئامریکا کە سەت قات گرانتر دەبێ لە شەڕی ئەفغانستان بۆیە هێرشی کردە سەر حیزبی بەعس ودیمان سەدام چی بەسەر هات.
سیاسەت بەگشتی ولەناو ئێمەدا بە تایبەتی لە خۆوە پێڕەوکە نابێ وناکەوێتە سەر پێ . هیچ کەس و هیچ تاکێکی کورد ناتوانێ حاشا لەوە بکا نەتەوەی کورد دەست لە داخوازیەکانی خۆی و مافی رەوای خۆی هەڵناگرێ ئەوە ئارەزوویەکی دیرۆکی هەموو کەسە وێنەی تەوای خەڵکانی دی لە ئاسایشو بەختەوەریدا ژیان بەسەر بەرێ. بەڵام پرسی سەرەکی ئەو حیزبانەن کە لە بەشێکی وڵاتدا دەستیان داوەتە چەک بۆ رزگاری کوردوستان تێدەکۆشن. مێژووی چەند ساڵەی رابودروو لە باشوری وڵات هەر کامیان بە شێوەیەک بەڵام بە ناوی جودا جوداو جیاواز خواستەو ناخواستە بونەتە ئامرازی سیاسەتی زلهێزەکان بە تایبەت ئامریکا. سیاسەتی ئامریکاش بەرانبەر بە کێشەی کورد داییم لەسەر لێواری مردن و ژیاندا بووە بەو واتایە ، لە کۆتاییدا بە پێی پیلانێکی بەرژەوەند خوازانە، کورد کراوەتە قوربانی وئەوەی بۆیان بە جێ هێشتووە ماڵوێرانی و بێ بەختی بووە. نمۆنەی هەرە زیندووش ساڵی ١٩٧٥ ی ئەلجەزایەرە کە دیتمان چون لە ماوەیەکی کورتدا مەڕحومی بارزانی بە چۆک داهێناو پشتی لە عەرزێ داین وچەکیان بە پێشمەرگە فڕێداو وەدوای ناکوجوئابادیان کردین.
شەڕی مەزنی رۆژئاوا لە هەمبەر ترۆریستان ئەو سناریویە دووپات دەکاتەوە (کوردی باش وکوردی خراپ) کە پەڵەیەکی ڕەشە بۆ سەر سیاسەتی ئامریکا لە حاند کورد. کۆشکی سپی باش دەزانێ ئەو شەڕە چەندە گرانە ، دەزانێ هەر کات / داعش / لەو بەشە لە وڵاتی کورد سەرکەوتوویی بەدەست بێنێ دەبێتە هەڕەشەیەکی مێژوویی بۆ ئیسڕاییل و ئامریکا. پرسیار ئەوەیە ؟ئامریکا بۆ بێدەنگی هەڵبژاردووە، پێش چونی کا مەسعود بۆ تورکیە فەموویان ،، ئەوی لە رۆژئاوا هەیە شۆڕش نییە !! و کەس بە ڕەسمی نایناسێ!؟ ئەو قسەیە بە بێ ئیزنی ئامریکاو تورکیە نایەتە سەر زار! لە وەش بترازێ بە دەستی زۆر دوو ساڵ ماوەی سەرۆکایەتی خۆی درێژ کردەووە! بڵیی ئامریکای رازی نە بووبێ؟
ئەو بارودۆخەی کە بەڕێز ئۆجەلانی تێدایە جودا لە سیاسەتی ئامریکا نییە بەرانبەر بە سەرکردەی دەستەمۆو رێبازی چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە بێ ئامریکا.ئەوان ئەزمونی باشیان لەسەر رابوردووی سەر هەڵدانەکانی ئێمەدا هەیە، سەردەمی شێخ مەحمودی نەمر بەڵگەیەکی دیرۆکییە کە چون ماملەیان لەگەڵ کردین هەتا کوێ لەگەڵمان بون لە کوێ بە جێیان هێشتین.! لەدەست پێکی سەرهەڵدانی .پ، ک، ک ، وهێزی گریلا بۆ تاقە جارێک نە بێ حورمەتی بە ئامریکا کراوە نە سەربازێکی ئەمریکی بەدەست گریلا کوژراوە.دەبێ هۆی دژایەتی وبێدەنگی کۆشکی سپی بەرانبەر بە سەرهەڵدانی باکور چبێ ؟ یەکێک لە هۆیەکان سیاسەتی ئەو دوو بنە ماڵەیە بۆ کێشەی کورد، داییم پییان وابووە کە ئامریکاو دەستی دەرەکی دەبێ پاڵپشتیان بێ تا ئەوان بێنە سەرکار ئەو بارودۆخە بخوڵقێنن کە بەشێک لە باشور تێیدا دەژی. سیاسەت بە مەزەندەی من، زۆرینەی دەسکەوتیش هەر بۆ من تا کاتێک ئاسایشی نێو نەتەوەییم لە مەترسی نەکەوێ ئەوە دوکترینی ئەو زلهێزە بووە لە حاند رزگاری کورد. جێگری ئۆباما/ جۆبایدن/ بە تەلەفون پیرۆزبایی لە کا مەسعود کرد!ئاخر باشمان دەناسن ودەزانن بە کەچکێک ئاو وەمەلە دەکەوین . هەر ئەو ڕۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد وبێ فێڵ ودزە لە باشور بکرێ کورد دەیباتەوە وئەو دوو حیزبە ساف لەساف دەیدۆڕێنن.
هاوکاری شای ئێران وهێزی لەشکری وی بۆ مەلا مستەفا گەیشتە ئاستێک کە پێکەوە شان بە شانی پێشمەرگر دژی سوپای ئێڕاق شەڕیان دەکرد. پارەی ئێرانی بە پێی فیلان بوو.تا کار گەیشتە ئاستێک کە بە دەستوری ئامریکا کۆتایی بەو یارمەتیانە هات وشۆڕش تێک شکا.ئەوڕۆکەش ئەو رۆڵە دراوەتە تورکیە تا ئەو کات لە گەڵ بەغدا رێکدەکەون وپاشان هەمان ئاش وهەمان کاسە. ساڵی ١٩٤٦ هەر ئەو شێوە سیاسەتە بوو بە رووخانی کۆمار لە مهاباد جێ بە جێ کرا! هەم ئامریکاو ئەم روس دۆزی کوردیان دایە بەر گێژەڵوکەی زەمان وگووتیان : ئاسایشی نێو نەتەوەیی لە مەترسیدایە و بەو بیانویە بە جێیان هێشتین.
سەرۆککۆماری ئامریکا ڕەشپێست بێ یان سوور پێست یانژی سپی پێست کاتێک دەبێتە دۆستمان کە ببینە گوێ لە مستو مریدی وان. گوتنێکی مێژوویی لە کاتی شەڕی ئامریکاو سوور پێستەکان دا هەیە کە دەیانگو ت : سوور پێستی چاک ئەو سوور پێستەیە کە مردووە! مێژوو بۆ کورد پەیامی گرینگی پێیە، بەڵام بەداخەوە زۆرینەی سەرکردەی کورد لە جێیەک خەویان لێ دەکەوێ کە ئاوی بێتە بنی.
جەعفەر کەریمی
٢١/٣/٢٠١٤