دەبێت سەرکووت و تۆقاندنی خەڵکی کوردستان ڕسوابکرێت
Tuesday, 19/04/2011, 12:00
ڕۆژی ١٨/٤/٢٠١١ یەکێکی ترە لە ڕۆژە خوێناویەکانی کوردستان، (یەکێتی و پارتی) هەر ڕۆژێک و سیناریۆیەکی خوێناوی دژی خەڵکی کوردستان نمایش دەکەن، سووتاندنی مەیدانی ئازادی لە سلێمانی، لێدان و ڕفاندن، بریندارکردن و بەکارهێنانی چەک و هەڵمات و دارلاستیک، ڕشتنی گازی گوماناوی و شەلاق کردن، شکاندنی کامێراو ئەنفال کردنی خوێندکاران، هەڕەشەو چاوسورکردنەوە لە خەڵک، داواکردنی پێناس و شوێنکەوتنی هەڵسوڕاوان، جنێو ئیهانە و شکاندنی کەسایەتی، ئەمانە هەموویان پرۆژەی چاکسازی (یەکێتی و پارتیە) بۆ هەلومەرجی سیاسی کوردستان و وەڵامدانەوە بە داخوازیەکانی خەڵکی ڕاپەڕیو.
دەسەڵاتداریەتی (یەکێتی و پارتی) بۆسەرکوت و تۆقاندنی خەڵکی کوردستان دەستیانداوەتە شەرمهێنەرانەترین شێواز و هەڵسوکەوت، ئەم دەسەڵاتە لەرزۆکە دوور لە جەماوەرە، بەردەوام داهێنان دەکات لە تۆقاندن بۆ پاراستنی کورسیەکانی دەسەڵاتە دژی ئینسانیەکەی، ئەوەی لە هەگبەی سەرکوتگەرترین دەسەڵاتدارانی ناوچەکەدا هەیە (یەکێتی و پارتی) لە ئاستی (لاوان، ڕۆشنبیران، نوسەران ، هەڵسوڕاوانی سیاسی، مناڵان، ژنان، پارێزەران، پەیامنێران و دەزگا ڕاگەیاندنە ئازادەکان، پەرلەمانتار) بەکاریانهێناوە و تاقیدەکەنەوە.
ڕفاندنی نوسەر و ڕوناکبیر(رێبین ئەحمەد هەردی) سوکایەتی کردن بە پەرلەمانتار (محەمەد کیانی) ئەشکەنجەی بەعس ئاسای ڕۆژنامەنوس (شوان سدیق) ئازاردانی جەستەی و دەروونی (باوکی شەهید سورکێو) ڕوویەک و دیوێکی بچووکی کاری (قەزافیەکانی) کوردستانە، دەست بەسەراگرتنی خوێندکاران و جیاکردنەوەی کوڕان و کچان هەمان یادەوەری ئەنفالی گەرمیان و قەرەداغ بە بیری خەڵکی کوردستاندا دەهێنێتەوە، بەکارهێنانی گازێکی گوماناوی بەناوی گازی فرمێسک ڕێژەوە برینەکنی خەڵکی هەڵەبجە و سێوسێنان دەکولێنێتەوە کە چۆن دەسەڵاتی ڕەشی (بەعس) بەکۆمەڵ کوشتاری کردن.
(یەکێتی و پارتی) زۆریان هاوارکرد کە ئەوان لە دەسەڵاتە سەرکووتگەرەکانی ناوچەکە ناچن و جیاوازن، (یەکێتی و پارتی) زۆر فریوکاریان پەخشان کرد لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانیانەوە کە ئەوان بە دەنگی خەڵک هاتوونەتە سەر کورسی دەسەڵات و ئەوان کودەتاچی نین، بەڵام ئەوەی ڕووداوەکان و سیناریۆ ڕەشەکانی ئەم چەند ڕۆژەی (یەکێتی و پارتی) ببینێت هیچ گومانێکی لەوەدا نامێنیت کە ئەم دوو حیزبە نموونەی دواکەوتووترین و سەرکووتگەرترین دەسەڵاتی ناوچەکەن، جا ئەوەی ئەم دەسەڵاتە چۆن هاتوون و چۆن لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشتوون بۆ خەڵکی کوردستان بەئاستی نووکە دەرزیەک نرخی نیە، ئەوەی ئێستا بۆ خەڵکی کوردستان گرنگە ئەوەیە کە ئەم دەسەڵاتە کەی دەڕوات؟؟؟
(یەکێتی و پارتی) دەسەڵات و ئۆرگانەکانی دەسەڵاتداریەتیان قابیلی چاکسازی نیە، لەهەر جێگایەکی دنیادا دەسەڵاتێک ئەگەر بیەوێت چاکسازی بکات، ڕۆژانە هاوڵاتیان هەست بە چوونە پێشەوەی ئاستی ژیان و ئازادییەکانیان دەکەن، بەڵام (یەکێتی و پارتی) لە کاتێکدا ڕۆژانە هاواری چاکسازی دەکەن بەڵام هەر ڕۆژێک و هەر هەنگاوێکیان بریتیە لە سەرکوتکردنی ئازادییەکان و قوڵترکردنەوەی ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی.
لەبەرانبەر ئەم دەسەڵاتە ئینسان کوژ و سەرکوتگەرەدا خەڵکی کوردستان پێویستیان بە یەکڕیزی و هاودەنگی و ڕێکخراوبوونێکی جەماوەری و فراوان هەیە، ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان دەبێت سەراسەری بکرێتەوە، ئەو کەلێنەی کە ڕۆژی ١٨/٤/٢٠١١ کەوتە قەڵا سەربازیەکەی پارتی لە شاری هەولێری هۆلاکۆ بەزێندا دەبێت گەورەتر بکرێت، سەرەڕای ئەوەی کە دەسەڵاتداران دەیانەوێت خەڵکی ناڕازی و ڕاپەڕیو پەلکێشی توندوتیژی بکەن، بەڵام خەڵک دەبێت هوشیار بێت و نەکەویتە ئەم کەمینەی (یەکێتی و پارتی).
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست