کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ناره‌زایه‌تیه‌کانی به‌ره‌ی مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر ئاستی جیهان،تائێستا گیانی سه‌کینه‌ ئاشتیانی له‌ سزای به‌رده‌باران و له‌ سێداره‌دا

Thursday, 02/12/2010, 12:00




ئه‌مرۆ له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ناوی سه‌کینه‌ محمد ئاشتیانی بۆته‌ سومبولی دژ وه‌ستانه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر سزای نامرۆڤانه‌و به‌ربه‌ریانه‌ی به‌رده‌باران و له‌سێداره‌دان. دۆسییه‌ی سه‌کینه‌ له‌ ئاستی جیهاندا چ له‌ رووی مافه‌کانی مرۆڤ و ژنان، وه‌ چ له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و دیبلۆماسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌وڵه‌تی و راگه‌یاندن، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌و به‌رفراوانی به‌خۆیه‌وه‌گرتووه‌. له‌هه‌مان کاتدا مه‌ودایه‌کی بێئه‌ندازه‌ به‌رفراوان و قوڵی له‌ ناو جه‌ماوه‌ری ئازادیخوازو مرۆڤدۆستی سه‌رتاسه‌ری جیهاندا به‌خۆ‌وه‌ بینیوه‌. ناره‌زایه‌تییه‌ جیهانییه‌کان بۆ به‌رگری له‌ گیانی سه‌کینه‌و ئازادکردنی، هه‌روه‌ها دژ به‌ئه‌م سزا قێزه‌وون و دڕنده‌یه‌ی سه‌ده‌کانی ناوه‌راست و داواکردن بۆ وه‌ستاندن و قه‌ده‌غه‌کردنی، بۆته‌ فشارێکی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و راگه‌یاندن، بۆسه‌ر ئه‌و هێز و حکومه‌ت و که‌سانه‌ی لایه‌نگر و جێبه‌جێکه‌ری سزای به‌رده‌باران و له‌سێداره‌دانن، به‌تایبه‌تی و به‌دیاریکراویش رژێمی سه‌دان هه‌زار له‌سێداره‌ده‌ری ئیسلامی ئیران و رژێم و حیزب و گروپه‌ سیاسیه‌ هاوشێوه‌کانی ئه‌و له‌ناوچه‌که‌دا.
له‌م روبه‌روبوونه‌وه‌یه‌دا رژێمی دڕنده‌ی ئیسلامی ئیران به‌مه‌به‌ستی لێدان و پاشه‌کشه‌کردن به‌ بزووتنه‌وه‌ی دژی به‌رده‌باران و له‌ سێداره‌دان و ناره‌زایه‌تییه‌ جه‌ماوه‌ریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه جیهانییه‌کان، زیاتر له‌ شه‌ش مانگه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌نجامدانی فروفێڵ و سازدانی مانۆری ساخته‌ و دژه‌ مرۆڤایه‌تییه‌ له‌ دژی دۆسییه‌ی سه‌کینه‌ ئاشتیانی تا زه‌مینه‌و هه‌لی ئه‌وه‌ بره‌خسێنێت که‌ بریار و سزا دڕنده‌ییه‌کانی به‌سه‌ر سه‌کینه‌دا جێبه‌جێبکات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش رژێمی ئیسلامی تا ئێستا چه‌ندین کردوه‌ی نامرۆڤانه‌ی له‌ دژی ئه‌م دۆسیه‌یه‌ وخودی سه‌کینه‌ ئه‌نجامداوه‌. تا ئێستا چه‌ندین جار له‌ ته‌له‌فیزیۆنی فه‌رمی رژێمه‌وه‌ به‌رنامه‌ی پروپاگه‌نده‌یی دژ به‌ ئه‌و چالاکیانه‌ی له‌ لایه‌ن کۆمیته‌کانی دژی به‌رده‌باران و له‌ سێداره‌دان و هه‌ڵسوراوانی ئه‌و بواره‌ و به‌ تایبه‌تیش مینا ئه‌حه‌دی ریکخه‌ری ئه‌م چالاکی و که‌مپینانه‌، بڵاوکردۆته‌وه‌ و به‌ ده‌سیسه‌ی ووڵاتانی رۆژئاوای له‌قه‌ڵه‌م داوون تا رای ناوخۆ به‌ده‌وری سیاسه‌ت وبریاره‌ دڕنده‌ و به‌ربه‌ریه‌کانیدا به‌دژی دۆسیه‌ی سه‌کینه‌دا هه‌ڵخرێنێ و بوار بۆ ئه‌وه‌ بکاته‌وه‌ که‌ کردوه‌ تاوانکارییه‌کانی به‌رانبه‌ر به‌ سه‌کینه‌ ئه‌نجامبدات. تا ئێستا سێ جار سه‌کینه‌ ئاشتیانی هه‌ر له‌ ته‌له‌فیزیۆنی فه‌رمی رژێمه‌وه‌ هێنراوه‌ته‌ سه‌ر ته‌له‌فیزێۆن و له‌ ژێر فشارو ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌روونی و جه‌سته‌ییدا ناچار به‌ ئیعترافکردن کراوه‌. زیاتر له‌ سێ مانگه‌ چاوپێکه‌وتن له‌ سه‌کینه‌ قه‌ده‌غه‌کراوه‌ که‌ جاران مناڵه‌کانی ده‌یانتوانی بیبین. ئه‌مه‌ش به‌مه‌بستی ریگه‌گرتن له‌ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر هه‌واڵێک ده‌رباره‌ی باروگوزه‌ران وژیانی سه‌کینه‌ له‌ زینداندا. هه‌ره‌شکردن له‌ پارێزه‌ر و مناڵه‌کانی سه‌کینه‌ و سه‌ره‌نجام ئه‌وه‌ زیاتر له‌ دوو مانگه‌ هۆتن کیان و سه‌جاد پارێزه‌ر وکوڕه‌که‌ی سه‌کینه‌ و دوو رۆژنامه‌نوسی ئه‌ڵمانی که‌ به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی ورده‌کاری زیاتر له‌ نزیکه‌وه‌ له‌سه‌ر دۆسیه‌ی سه‌کینه‌ ویستبوویان چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره‌که‌ی و کوره‌که‌ی بکه‌ن، ده‌ستگیر کردوه‌ و له‌ زینداندا خراونه‌ته‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌وه‌. به‌هامان شێوه‌ی سه‌کینه‌ ئه‌مانیش له‌ به‌رنامه‌یه‌کی ته‌له‌فیزیۆنی رژێمی ئیسلامیدا له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌ وفشاری ده‌روونی و فیزیکیدا ناچار به‌وه‌ کراون که‌ له‌ دژی مینا ئه‌حه‌دی و که‌مپینی ئازادکردنی سه‌کینه‌ قسه‌بکه‌ن. هه‌وڵێکی تری رژێم په‌روه‌نده‌سازی بوو ئه‌ویش به‌ دزینی دۆسیه‌و ئیفاده‌کانی سه‌کینه‌ له‌ ئۆفیسی پاره‌یزه‌ره‌که‌ی و دادگای ته‌بریز له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی رژێمه‌وه‌ تا بتوانن به‌مه‌به‌ستی توانبارکردنی سه‌کینه‌ و سه‌پاندنی تاوانه‌که‌ به‌سه‌ریدا ئاڵوگۆر له‌ دۆسییه‌و ئیفاده‌که‌یدا بکه‌ن. هه‌ر له‌م راستایه‌دا ده‌یان به‌رپرسی رژێمی ئیسلامی هه‌ر له‌ ئه‌حمه‌دی نه‌جاده‌وه‌ تا لاریجانی و به‌رپرسانی دادگاکانی تاران و ته‌بریز،به‌مه‌به‌ستی کرینی کات و چه‌واشه‌کردنی رایگشتی ده‌یان جار لێدوانی پڕ له‌ ساخته‌و درۆ و پێچه‌وانه‌ی یه‌کتریان داوه‌ سه‌باره‌ت به‌ سزای به‌رده‌باران و خودی دۆسییه‌که‌ی سه‌کینه‌.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م کرده‌وه‌ قێزه‌ونانه‌ی رژێمی ئیسلامی ئیراندا، به‌ره‌ی ئازادی و مرۆڤایه‌تی و بزووتنه‌وه‌ی دژی به‌رده‌باران و له‌سێداره‌دان له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا بێوچان ئه‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ شه‌ش مانگه‌ له‌هه‌وڵ و خه‌بات و تێکۆشاندایه‌ له‌ پێناو رزگارکردنی گیانی سه‌کینه‌ له‌ به‌رده‌باران و په‌تی سێداره‌ و پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌ دڕنده‌و ته‌ڵه‌که‌بازیه‌کانی رژێمی ئێران.
سه‌ره‌تا له‌ لایه‌ن هه‌ردوو کۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی دژی به‌رده‌باران و له‌سێداره‌دانه‌وه‌ هه‌واڵ و ورده‌کارییه‌کانی دۆسیه‌ی به‌رده‌بارانکردنی سه‌کینه‌ محمه‌د ئاشتیانی که‌ له‌ لایه‌ن سه‌جاد کوره‌که‌ی سه‌کینه‌ وه‌ به‌ مینا ئه‌حه‌دی قسه‌که‌ری هه‌ردوو کۆمیته‌که‌ وترابوون، راگه‌یه‌نران و ده‌ستکرا به‌ ئه‌نجامدانی چه‌ندین چالاکی، که‌ له‌ ماوه‌یه‌کی زۆر کورتدا له‌ ناو ریکخراو و هه‌ڵسوراوانی مافه‌کانی مرۆڤ و میدیاکاندا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی په‌یدا کرد.
دواتر له‌ لایه‌ن 58 هه‌ڵسوراو چالاکه‌وانی بواری مافی مرۆڤ و ژنان و دژ به‌ به‌رده‌باران و له‌ سێداره‌دان له‌ سه‌راسه‌ری جیهاندا، که‌مپینی ئازادکردنی سه‌کینه‌ راگه‌یه‌نراو ده‌ستکرا به‌ ئه‌نجامدانی کاری چروپر دژ به‌ بریاری به‌رده‌بارانکردنی سه‌کینه‌.
که‌مپینی 100 شار، یه‌کێکی تر بوو له‌و چالاکییه‌ گرنگ و کاریگه‌رانه‌ی تر که‌ دۆسیه‌ی سه‌کینه‌ی له‌ ئاستێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌رچی زیاتر جه‌ماوه‌ری کرده‌وه‌ له‌ سه‌راسه‌ری جیهاندا، که‌ له‌ 28ی ئابی 2010 دا له‌ 113 شاری 34 وڵاتی دنیا له‌ یه‌ک کاتدا خۆپیشاندان و کۆبوونه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تی ئه‌نجامدرا. ئه‌م چالاکیه‌ بووه‌ سه‌ردێڕی ‌هه‌واڵی گه‌وره‌ترین ده‌زاگاکانی راگه‌یاندنی وه‌ک بی بی سی و سی ئێن ئێن و رۆژنامه‌کانی گاردیان و تایمز و .. وه‌ ده‌یان چاوپیکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ هه‌ڵسواراوان و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م چالاکی و که‌مپینه ئه‌نجامدا و بلاوکرده‌وه‌.
ده‌یان ریکخراوی مرۆڤدۆست و چالاک له‌ بواری مافه‌ مه‌ده‌نیه‌کاندا له‌ نمونه‌ی ئه‌منستی ئه‌نته‌رناسیوناڵ و هاوپه‌یمانی جیهانی دژی سزای له‌ سێداره‌دان که‌ له‌ 115 وڵاتدا ریکخراوی هه‌یه‌ به‌م که‌مپینه‌وه‌ په‌یوه‌ست بوون. هه‌روه‌ها یه‌کێتی ئه‌وروپاو وڵاتانی ئه‌مریاک و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ده‌یان که‌سایه‌تی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیر و هونه‌رمه‌ند ئه‌م بریاره‌ی کۆماری ئیسلامییان ئیدانه‌ کردو خوازیارو داواکاری ئازادکردنی سه‌کینه‌و کۆتیهێنان بوون به‌م سزا به‌ربه‌ریانه‌.
جارێکی تر رژێمی ئیسلامی له‌ 3ی نۆڤه‌مبه‌ردا به‌سه‌روکاری ئه‌وه‌ بوو که‌ سه‌کینه‌ له‌ سێداره‌ بدات، کاتێک له‌ ده‌زگا به‌رپرسه‌کانی تارانه‌وه‌ فه‌رمان درابوو به‌ کاربه‌ده‌ستانی زیندانی ته‌بریز که‌ سزای له‌ سێداره‌دان به‌سه‌ر سه‌کینه‌دا جێبه‌جێبکه‌ن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی ئه‌م هه‌واڵه‌ به‌ کۆمیته‌کانی دژی به‌رده‌باران و له‌ سێداره‌دان و راگه‌یاندنی ئه‌م هه‌واڵه‌ بۆ رای گشتی ومیدیاکان و راگه‌یاندنی که‌مپینێکی به‌په‌له‌ دژ به‌و بریاره‌ی کاربه‌ده‌ستانی رژێمی ئیسلامی، ته‌نها له‌ ماوه‌ی 48 کاتژمیردا ناره‌زایه‌تیییه‌کی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له‌ دژی ئه‌و بریاره‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا به‌رێکه‌وت.
له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا نیو ملیۆن نامه‌ی ناره‌زایه‌تی ئیمزا کرا و ره‌وانه‌ی کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی کرا. له‌ تۆری کۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر زیاتر له‌ دوو ملیۆن که‌س هه‌وڵه‌که‌یان بڵاوکرده‌وه‌ و هاوپشتی خۆیان بۆ ئازادکردنی سه‌کینه‌ راگه‌یاند و ئه‌م هه‌واڵه‌ بوو به‌ یه‌کێک له‌ ده‌ هه‌واڵی رۆژی تویته‌ر. له‌ ماوه‌ی چه‌ند کاتژمێرێکدا له‌ ده‌یان ووڵاتی ئه‌وروپی تا ئه‌رجه‌نتین و به‌رازیل و ئۆکرایین کۆبوونه‌وه‌و خۆپیشاندانی ناره‌زایه‌تی له‌ ناوه‌ندی شاره‌کان و له‌به‌رده‌م سه‌فاره‌تی رژێمی ئیسلامیدا وه‌ک ناره‌زایه‌تیه‌ک به‌و بریاره‌ به‌ریخراو ئه‌نجامدرا.
زیاتر له‌ ده‌ حکومه‌ت ناره‌زایه‌تیان به‌ سزای له‌ سیداره‌دانی سه‌کینه‌ ده‌ربری له‌وانه‌ یه‌کێتی ئه‌وروپا، ئه‌مریکا، به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا، به‌رازیل. وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی سوئید، نه‌رویج ، دانمارک، فنلاند و ئایسله‌ند له‌ به‌یانامه‌یه‌کی ناره‌زایه‌تیدا ئه‌و بریاره‌ی رژێمیان ئیدانه‌کرد و خوازیاری ئازادکردنی سه‌کینه‌ بوون. هه‌روه‌ها کاترین ئاشتون به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا له‌ 2ی نۆڤه‌مبه‌ردا له‌ به‌یانامه‌یه‌کدا ئه‌و بریاره‌ی ئیدانه‌کرد، هه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا و سه‌رۆکی وڵاتی به‌رازیل و 119 نوێنه‌ری په‌رله‌مانی به‌ریتانیا نامه‌ی ناره‌زایه‌تیان ره‌وانی کاربه‌ده‌ستانی رژێم کرد و داواینکرد له‌ حکومه‌تی ئیران که‌ بریاری سزای له‌ سێداره‌دانی سه‌کینه‌ هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌.
له‌ وڵاتی ئیتالیا له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی پاریزه‌راندا که‌ ده‌یان پارێزه‌ری به‌ناوبانگ تێیدا به‌شداربوون، ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربری بۆ وه‌رگرتنی دۆسیه‌ی سه‌کینه‌و به‌رگریکردن لێی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پاریزه‌ری ناسراو برۆتۆ مالاتیا به‌ نوێنه‌رایتی هه‌ڵبژیردرا بۆ ئه‌وه‌ی دۆسیه‌که‌ وه‌ربگرێت وسه‌رپه‌رشتی بکات و ببێته‌ پاریزه‌ری سه‌کیه‌نه. ته‌نانه‌ت ئاماده‌یی ده‌ربری ئه‌گه‌ر حکومه‌تی ئیران ریگه‌ بدات ئه‌وه‌ ئاماده‌یه‌ سه‌فه‌ری ئیران بکات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیکه‌وه‌ به‌شوێن کاره‌که‌دا بروات. هه‌ره‌وها ده‌یان ریکخراوی وه‌ک ئه‌منستی و سه‌ندیکای کرێکارانی تی ژێ تێ له‌ فه‌ره‌نسا و حیزبی سۆسیالیستی فه‌ره‌نسا و دایان که‌سایه‌تی ناره‌زایه‌تی خۆیان ده‌ربری.
ته‌نها له‌و ماوه‌ی 48 کاتژمێردا ماڵپه‌ری کۆمیته‌ی دژی سه‌نگه‌سار زیاتر له‌ 300000 که‌س سه‌ردانی ده‌کات.
هه‌روه‌ها له‌ ده‌یان شار وێنه‌ی گه‌وره‌ی سه‌کینه‌ له‌به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی شاره‌وانییه‌کاندا هه‌ڵواسراو له‌ لایه‌ن خودی شاره‌وانییه‌کانه‌وه‌ چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تی به‌ریخرا، به‌ جۆرێک ئێستا وینه‌ی سه‌کینه‌ یه‌کێک له‌ ناسراوترین ئه‌و وێنانه‌یه‌ که‌ زۆربه‌ی خه‌ڵکی جیهان پێی ئاشنان.
ئه‌م هه‌واڵ وچالاکیانه‌ به‌ فه‌وری بوونه‌ سه‌ردێر و راپۆرتی میدیاکان و ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی جیهانی و لۆکاڵی و ده‌یان که‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆنی و رادیۆ و رۆژنامه‌ و ماڵپه‌ره‌کان. هه‌ڵسوراوانی ئه‌م که‌مپینه‌ و به‌تایبه‌تیش مینا ئه‌حه‌دی و مه‌ریه‌م نه‌مازی ده‌یان چاوپێکه‌وتنی ته‌له‌فیزێۆنی رۆژنامه‌گه‌ریان ئه‌نجامدا له‌ پیناو هه‌رچی زیاتر بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌که‌ و به‌رگرتن به‌ بریاری جیبه‌جێکردنی سزای له‌ سێداره‌دان به‌سه‌ر سه‌کینه‌دا.
له‌ژێر ئه‌م فشاره‌ جیهانیه‌دا کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی به‌په‌له‌ ناچار ده‌بن که‌ راگه‌یاندن بده‌ن، هه‌ربۆیه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیران به‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا راده‌گه‌یه‌نێت که‌ هێشتا بریار له‌سه‌ر دۆسیه‌ی سه‌کینه‌ نه‌دراوه. هه‌روه‌ها سه‌رۆکی دادوه‌ری ئازه‌ربایجان مه‌لک ئه‌ژده‌ر شریفی رایده‌گه‌یه‌نێت که‌ تا ئێستاش سه‌کینه‌ له‌ زینداندایه‌ و له‌ سه‌لامه‌تی ته‌واو دایه‌ و دۆسیه‌که‌ی به‌ ره‌واڵی یاسایی خۆیدا تێده‌په‌رێت.
به‌م جۆره‌ جارێکی تر به‌ره‌ی مرۆڤایه‌تی و ئازادیخواز و دژی سزای له‌ سێداره‌دان و به‌رده‌باران نیشانی دا که‌ ده‌توانێت به‌ خه‌بات و تێکۆشان و به‌رێخسنی ناره‌زایه‌تی گه‌وره‌و کۆمه‌ڵایه‌تی ریگری جدی بێت له‌به‌رده‌م حکومه‌تی سه‌رکوتگه‌ری ئیران که‌ نه‌توانێت به‌ ئاسانی بریاره‌ دژی مرۆڤایه‌تی و به‌ربه‌ریه‌کانی به‌سه‌ر زیندانایندا جێبه‌جێبکات. له‌ هه‌مان کاتدا ئه‌م بزووتنه‌وه‌ ناره‌زایه‌تیه‌ به‌م هه‌نگاوه‌ گه‌وره‌و گرنگ و کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی مه‌سه‌له‌ی سزای به‌رده‌باران و له‌ سێداره‌دانی له‌ ئاستی جیهاندا هه‌رچی زیاتر ریسوا و سه‌رکۆنه‌کردوه‌ و جه‌ماوه‌رێکی هه‌رچی زیاتر و چالاکتری هه‌ڵخراندوه‌ به‌مه‌به‌ستی قه‌ده‌غه‌کردنی له‌سه‌رجه‌م وڵاتانی دنیادا، له‌هه‌مان کاتدا بۆته‌ فشارێکی گه‌وره‌ به‌سه‌ر رژێمی ئیسلامی ئێران و هه‌موو ئه‌و وڵات و حیزب و گروپانه‌ی که‌ سزای به‌رده‌باران و له‌سێداره‌دان جێبه‌جێده‌که‌ن له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتیاندا.
هه‌ر بۆیه‌ ئه‌رکی هه‌ر مرۆڤێکی ئازادی خواز و دژ به‌ سزای به‌رده‌باران و‌ له‌ سێداره‌دانه‌ که‌ به‌ده‌وری ئه‌م بزووتنه‌وه‌یدا خۆی ریکبخات و به‌هه‌ر ئه‌ندازه‌یه‌ک که‌ بۆی ده‌کرێت به‌شدار بێت له‌ خه‌بات و تێکۆشان و ناره‌زایه‌تیه‌کانیدا تا به‌هه‌وڵی ئه‌م بزووتنه‌وه‌ ئازادیخوازه‌ ئه‌م سزا قێزه‌ون و پڕ له‌ درنده‌یی و به‌ربه‌ریه‌‌ له‌ هه‌موو جیگایه‌کی دنیا قه‌ده‌غه‌بکرێت.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە