ئایا ڕاپەڕینى 30 حوزەیرانى میسر زەنجیرەیەكە لە شۆڕشى 25 یونایر؟
Saturday, 06/07/2013, 12:00
1830 بینراوە
بیروڕاى جێوازو لێكدانەوەى جۆراو جۆر بۆ گۆراِنكارى سیاسى لە میسر دەكرێت ، هەندێك پێیوایە ئەوەى ڕوویدا هیچ نەبوو تەنها كودەتایەكى سەربازى بوو بە سەر ڕەوایەتى پرۆسەى دیمۆكراسیدا ، چونكە ئیخوانەكان لە ڕووى یاساییەوە بە هەڵبژاردن هاتوونەتە سەر كورسى دەسەڵات و زوڵمى سیاسیان دەرحەق كراوە ، هەندێكى تریش پێیانوایە ئەوەى ڕویدا شۆڕشى دووەم بوو لە میسر دژ بە ستەمكارى دەسەلاتى ئیسلامى سیاسى ، كە ئایینى كرد بووە ئایدۆلۆژیاى خۆى بۆ سەپاندنى دكتاتۆرى . بە دەر لەوانە ئەگەر سرنج بدەینە دروشمەكانى ئەو هاوڵاتیانەى كە هاتبوونە سەر شەقامەكان و پڕ بە گەرویان هاواریان دەكرد بۆ ((ژیان و ،ئازادى و ، دادوەرى كۆمەڵایەتى)) جگە لە هەندێك دروشمى نیشتمانى و سیاسى و دواجاریش داواكاریەكان بوون بە سەركێشیەك بۆ لا بردن و ڕوخاندنى دەسەڵاتەكەى محمد میرسى ، ئەو كەسانەش كە ئەو دروشمانەیان دوپات دەكردەوە پێكهاتەى كۆمەڵگاى میسریان پێك دەهێنا بە هەموو چین و توێژەكانەوە ، بەڵام زۆربەیان چینى ناوەڕاست و هەژار بوون . گەنجانى شۆڕش و بزووتنەوەى یاخى بوون سەرپەرەشتى خۆپیشاندانەكانیان دەكرد ، بەشدارى گەنجانى شۆڕش بۆ خۆى گوزارشتێك بوو لە شۆڕش كردن چونكە ئەوان خاوەنى ڕاستەقینەى شۆڕش بوون ، ئیخوانەكان دەیانەویست دەسكەوتەكانى شۆڕش بدزن و دەوڵتى مەدەنى بگوازنەوە بۆ دەوڵەتى ئایینى ((تیۆكراتى)) كە چینێكى بۆرژوازى ئایینیان هێنایە سەر ترۆپكى دەسەڵات . ڕاپەڕینى گەلانى میسر لە 30 حوزەیران زەنجیرەیەكى دیكەیە لە شۆڕشى یەكەمى میسر دەتوانین ناوى ((شۆڕشى دووەمى میسرى)) لێبنێین . سوپاى میسر وەكو سوپایەكى توكنۆكرات كە زۆربەى فەرماندەكانیان خاوەن كومپانیاو سەرمایەدارى گەورەن ، گەر ئەو ژمارە زۆرەى جەماوەر كۆ نەبونایەتەوە كە ژمارەیان لە 25ى یونایر دژ بە حسنى موبارەك پتر بوو سوپایش ، نە دەیتوانى و، نە هیچ بەهانەیەك بە دەستیەوە بوو ئیخوانەكان و محەمەد میرسى لە عەرشى حوكم بێنتە خوار ٍ، ئاشكرایە لە هەر پانتایەكى جوگرافى لە جیهاندا ئیسلامى سیاسى بوونەتە خاوەن دەسەڵات شكستیان هێناوەو نەیانتوانیوە لە گەڵ بارودۆخى سیاسى و ئابوورى و كۆمەڵایەتى و زانستى و فەرهەنگى پێشكەوتووى هاوچەرخدا بگونجێن . چونكە زیاتر بە تێكستى ئایینى و لۆژیكى ((امر بالمعروف و نهى عن المنكر)) كارى سیاسى دەكەن كە لە كەڵكەڵەیەكى تۆتالیتاریانەوە سەرچاوە دەگرێت و دژ بە پێشكەوتن و ڕۆشنگەرى و ماف و ئازادیەكانى ئینسانە . نموونەكان زۆرن لە مێژوودا ((ئەفغانستان و ، سودان و ، ئێران و ، فەڵەستین و سۆماڵ)) نموونەى ئاشكران و میسریش بەشێك بوو لەو پرۆسە سیاسیە كە نەیتوانى لە گەڵ كولتورى سیاسى دیمۆكراسى ژیان بكات و هەموو جومگەكانى كۆمەڵگاى مەدەنى بە ئاراستەى چەق بەستندا برد . لە كاتى توندو تیژ بوونەوەى شۆڕشى یەكەمى سەردەمى موبارەكدا كە ڕژێم لە گیانەڵاو مەرگ نزیك بو بووەوە ، ئیخوانەكان وەكو هێزێكى ((مساومە كار و پاسیف و پۆپۆڵیست)) لە ژێرەوە هەوڵى مامەڵەو سات وسەودا كردن و بە دەست هێنانى دەسكەوت و ئیمتیازانى سیاسى بوون ، ئەوەش لە كاتێكدا كە ڕژێمى پێشوو هیچ ڕەوایەتیەكى سیاسى و یاسایى و پشتیوانى نێو دەوڵەتى نەما بوو ، دواجاریش هەر لە چركە ساتى گەیشتنیان بە دەسەڵات لە ژێر پەردەى دیمۆكراسى و ئیستحقاقاتى هەڵبژاردندا دەستیان كرد بە نەهێشتنى ((بنەماكانى دەوڵەتى مەدەنى)) و بە ((ئیخوان كردنى دەوڵەتى میسر)) و دامەزراندنى دەوڵەتێكى تیۆكراتى سیاسى . بەو مانایەى ئیخوانەكان یەكەم هەنگاویان بە لا بردنى 19 پارێزگاى تكنۆكرات و دانانى ئەندام و هەوادارنى خۆیان لە جێگاى ئەوان . هەروەها 13 وەزیریان لە لایەنگرانى خۆیان دامەزراند ، دەستیان وەردایە دەسەڵاتى دادوەرى كە دەسەڵاتی سێهەم و بێلایەن بوو، ئەویش بە دوور خستنەوەى داوەرى گشتى و دامەزراندنى ئەندامێكى ئیخوانى لە جێى ئەو زیاتر كار كردن بۆ بەرژەوندى حزبى حاكم . ئیخوانەكان دەستورێكیان داڕشت هەرگیز لە گەڵ پاراستنى ئازادى بیروڕاو پاراستنى حورمەت و كەرامەتى ئینساندا نەدەگونجاو دەسەڵاتێكى ڕەهاى دەبەخشیە سەرۆك ، هێرشێكى بەربڵاویان كردە سەر ڕاگەیاندنەكان و هەوڵى داخستنى ڕۆژنامەو كەناڵە سەربەخۆكانیان داو هەندێك ڕۆژنامە و كەناڵیان داخست ، لە كەناڵەكانیان و لە رێى واعیزەكانیانەوە ئیخوان دەستیان كرد بە تەشهیر كردن و قسەى قێزەون و تۆمەت خستنە پاڵ نوسەران و ڕۆشنبیران و بیرمەندان ، دەستیان كرد بە ڕاوە دونانى ڕۆژنامەنوسان و هونەرمەندان ، فتنەى مەزهەبیان بە ڕێخست و هێرشیان كردە سەر قبتیەكان و شیعە مەزهەبەكان ، یەكێك لەو هەڵە سیاسیانەى كە ئیخوانەكان پێی هەستان زیاد كردنى باجى پێداویستە سەرەتایەكانى هاوڵاتیانى میسر بوو وەكو كارەباو ئاوو كاڵا خۆراكیەكانى ڕۆژانەى خەڵك كە پتر بارى ژیان وگوزەرانى خەڵكى میسرى قورستر كرد بە تایبەتى چینە هەژارەكەى میسر كە ئەوان بە تەماى باشتر بوون . ئەمە لە كاتێكدا چینێكى بۆرژوازى ئیسلامى سیاسى مشە خۆر ڕۆژ بە ڕۆژ سەرمایەكانیان زیاتر كەڵەكە دەبوو لە سەر حیسابى سامانى گشتى وڵات و ئابووریەكى سەرمایەدارى ئاینى دواكەوتویان لە میسر بونیاد نا كە ڕۆژ بە ڕۆژ ئابوورى ولاتى بەرەو داتەپین ئاراستە دەكرد ، لە ئاستى دەرەوەشدا پەیوەندى دیبلۆماسیان لە گەڵ چەند دەوڵەت و حزبێكدا بەست كە جێى گومانن و نێو بانگى سیاسیان قێزەونە وەكو دەوڵەتى ((ئێران و ڕوسیاو)) یارمەتیدانى سەلەفیەكان لە سوریا . كۆى ئەمانە فاكتەر بوون بۆ ئەوەى جارێكى تر لە 30 حوزەیران گەلانى میسر بێنەوە سەر شەقامەكان و شۆڕشى دووەم بەرپا بكەن بۆ دیفاع كردن لە دەسكەوتەكانى شۆڕشى 25 یونایر .