پێگەی كورد لە ئایندەی سووریاو ئایندەی سووریا لە تێڕوانینی نێودەوڵەتی...
Monday, 06/08/2012, 12:00
ڕووبارێك خوێن و مێژوویەكی پڕ بەهاو لانەی بێ لانەكانی دوێنێ و پەرتەوازەیی و پارچەپارچە كردنی ووڵاتی كوردان وئەمڕۆی شۆڕش لە بیابانی بەهاری عەرەبی و هزری ئازادی كورد لەسەردەمی پژانی هاوارە خەفەكراوەكان بەرەو دونیای دیموكراسی ملێۆنەها كوردی لە چاوەڕوانی سەركەوتن پڕئومێد كردوە كە تا ئێستاش نازانرێت چەند ملێۆنێكن و هەریەكەو بە پێی ئاماری بەرژەوەندی سیاسی خۆی داتایەكی بۆ دادەڕێژێت بە پێی كات و ساتی جیاواز لە بازاڕی سیاسی لە ئاستی نێودەوڵەتی تەنانەت خودی كوردیش نەیتوانیوە بزانێت چەند كورد لە دونیا هەن!لەسەر ئاستی ئیقلیمیش هەوڵی لەناوبردن و گۆڕین و كەمكردنەوەی ناسنامەی كوردی كراوە...كوردەكانی دونیا ئومێدێكیان بە ئازادی پارچەیەكی ماندووی ئێستای كوردستان هەیە كە بە بەیداخی مقاوەمەت هەمیشە لە مەترسی دایە ئەویش (هەرێمی كوردستانی عێراقی فیدڕاڵ)ە . ئاوارەیی كوردەكانی (ڕۆژئاوا) بۆ سبەینێكی نادیار و دووربوونیان لە نیشتمانی دایك وێڕای مانەوەی هەستی نەتەوەیی و زاڵبوونی سیاسەتی پارتایەتی بەسەریان زۆر كەمیان بە بێ لایەنی ماونەتەوە ئەوەی ئینتیمای سیاسیشی نیە وەلائی سیاسی بۆ پارتێكیی دیاریكراو هەیە بە هەمان شێوە لە خاكی ووڵاتیش كەوابوو هەموویان ئۆتۆماتیكیەن سیاسین وەك تاك ! سیاسی بوونی تاكی كوردی ئەوە ناگەیەنێت كە سەركەوتن نزیكە چونكە هزر و ئایدیای ستراتیژیەتی تاكی سیاسی كورد لە خوارەوە تا سەرووی خۆی تا بەرپرسە باڵادەستەكانیش لە هەندێ زۆنی گەمەی سیاسیدا زۆری ماوە بگاتە ئەوەی بتوانێت یاریە سیاسیەكان بە حەكیمانە بباتەوەو شیكردنەوەیەیكی سادەی بۆ ڕوئیای پلانی سیاسی هەیە تا بە ئاسانی بگاتە سەركەوتنی یەكجارەكی , ئەویش بە پێی جیۆپۆلەتیكی كوردستان و دابەشكردنی بەسەر دوژمنە ئیقلیمیەكانی لە ڕابردوو و دووبارە كردنەوەی مێژووش بە ماسكێكی مۆدێرن و بە هێزی دوژمنانی كورد لە ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیدا وایكردوە ئاسان نەبێت بۆ ئیعلانكردنی هەرێمی دووەم چونكە ترسی یەكبوونی و سەربەخۆیی لێدەبێتەوە لە تێڕوانینی دەوڵەتەداگیركەرە ئیقلیمیەكان ..هاتنی ئەحمەد داود ئۆغڵو بۆ هەرێمی كوردستانی عێراق كارتێكی بەهێزی یاریەكەیە ئەگەر سەرۆكایەتی هەرێم بە حەكیمانە مامەڵەی لەگەڵ بكات و ئاوڕێكیش لە مێژووی دوێنێ بداتەوە ..
عیبرەتەكانی مێژوو بۆ ئایندەی كورد:
شەڕی نێوان (سوڵتان سەلیم)و (ئیسماعیل سەفەوی)كە بە شەڕی (چاڵدێران)23-8-1514 ز ناونرا سەرەتای شەڕی (عوسمانی و سەفەویەكان)بوو جگە لە توموحاتی دەسەڵاتی نێودەوڵەتی و داگیركردنی ئابووری ووڵاتان ماسكی مەزهەبیەت بوە سونبولی ئەم شەڕە ,بەشێكی زۆری عاتیفەی كوردی بۆ لای عوسمانیەكان ڕاكێشرا بە هۆی مەزهەبەوە و نا حەكیم بوونی میرنیشینەكانی كورد و شەڕی دەسەڵاتی بنەماڵەیی كورد و هاتنە پاڵ سوپای سوننی عوسمانی بە هۆی جیۆپۆلەتیكی كوردستانەوە وایكرد خاڵە لاوازەكانی كورد بكەوێتە بەردەستی عوسمانیەكان و لە ئەنجامدا مۆركردنی (پەیماننامەی ئاشتی ئەماسیا)1555 ز بووە هۆی دابەشكردنی كوردستان بۆ دوو پارچە بەشێكی وەك دیاری بۆ (سەفەویەكان) بوو چونكە سەفەویەكان ساڵانێكی زۆر پێش ئەم پەیماننامەیە پلانێكیان هەبوو بە نهێنی لەگەڵ پوڕتوگاڵەكان ئاڵوگۆڕی نامەی سیاسی و نەخشەی ڕێگای تازەو دروستكردنی پەیوەندیەكی دیبلوماسی وبازڕگانی نێوانیان و پلانی داگیركردنی فەڵەستینیان وەك ئەرزی مەسیحیەت و مەنزڵگای جوولەكەكانی ئایندە و وەدەستنانی دوورگەی عەرەبی و كەعبەی پیرۆزیان لە نەخشە ڕێگایان دانابوو بۆ پورتوگاڵەكان وەك دیاریەكی ئاینی و پورتوگاڵەكانیش لە پاڵپشتی هەستە ئاینیەكانەوە ئامانجیان بە هێز كردنی دەسەڵاتی ئابووری بوو گەڕان بە دوای جوگرافیای تری دونیاو شارەزابوونیان بە فەرهەنگ و كەلتووری نوێ وایكرد بەڵێن بە (سەفەویەكان)بدەن بۆ پاڵپشتی كردنی یەكتر و ئاڵوگۆڕی مەساڵحی سیاسی تا گەیشتن بە ئامانجە گشتیەكانیان وەك وەفایەكی سیاسیش (سەفەویەكان)تەنازوولیان لە هەموو عورفێكی شەریعەت كرد بۆ گەیشتن بە عەرشی دەسەڵاتێكی تاك ڕەو لە ناوچەكە ئەگەر بەسەر عوسمانیەكان سەربكەون.. عوسمانیەكانیش لە ڕوانگەی لۆجیستیەوە بەرەی جەنگیان كردە دوو هێل هێرشكردن بەر لە زستان بۆ (تەبرێز)ی پایتەختی (سەفەویەكان) و فراوانكردن و بە عیتادكردنی بەرەی شام (سووریا)ی ئەمڕۆ و پاڵپشتیان لەلایەن عەشائیرە عەرەبەكانەوە تا حیجاز و بە كارهێنانی كارتی پاراستنی قودسیەتی ئیسلام هەستی مەزهەبی وئاینی موسڵمانانیان زیاتر خرۆشكرد لە نێوانیشیان كورد ئەوەشیان بوە هۆی بردنەوەی ئەم شەڕە و پاشانیش دوای چەند ساڵانێكی تر كوردیان كردە قوربانی ئاشتبوونەوەیان ئەوەش یەكەم نەخشە پلانی دابەشكردنی كوردسان بوو بۆ ئاشتبوونەوەی (سەفەوی و عوسمانیەكان)و ڕاگرتنی بەڵانسی دەسەڵاتی ئیقلیمی بوو لە جیهانی ئیسلامی تا ڕادەیەك لەسەر حیسابی كورد ,ئەگەرچی كورد تا ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی خاوەنی نیمچە كیانێكی خۆی بوو بە پێكهێنانی چەندین میرنشین لەلایەن ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیەوە كە بۆ كورد فەراهەم هاتبوو لە ڕاستیدا گەورەترین شكستیش بوو بۆ كورد چونكە ڕۆحی خۆویستنی میرنشینە كوردیەكان نەیدەهێشت كوردەكان لە ژێر یەك چەتركۆببنەوە و یەك دەسەڵات بن ... دواتریش 16-5-1916 سایكس بیكۆ ئاواتەكانی كوردی بەیەكجاری لە گۆڕناو و شوێنێك نەما پێی بڵێن ووڵاتی كوردان و دوای دابەشكردنی (الهلال الخێیب) لە نێوان فڕەنساو بڕیتانیا و (باشوورو ڕۆژئاواو بەشێكی ڕۆژهەڵات و باكووری) كوردستان خرانە ژێر ڕكێفی ئەم دوو دەوڵەتەزڵهێزە دواتریش كوردستان بۆ چوار پارچە دابەشكرا وبەشی كوردستانی سووریش لەژێر ڕكێفی یەكێتی سۆڤیەت بوو بە پێنجەم .. ئەم كێشە مەزهەبیە ئیسلامیە سیاسیە شانسێكی داوەتەكورد لە كاتێك و شانسی ئازادیشی لە كورد سەندۆتوە لە هەمان كاتیش لەسەردەمی ئینتیداب و سەرەتای پڕۆژەی دابەشكردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەأاست فڕەنساو بڕیتانیا بە هۆی هێنانەوەی ویلایەتی موسڵ بۆ عێڕاق بۆ سنووری دەسەڵاتی بڕیتانی لەم كاتە بەڵانس ڕاگرتنی مەزهەبی سوننی بوو لە عێراق چونكە شیعەكان ژمارەیان زۆرتربوو لێرەش ماڵی كوردی تاڵان كرا و پاشانیش كورد بە ووشە لەسەر نەخشەكان ماوە و پاشانیش تەنها وەك نەتەوەیەك ناسراو بوە قوربانی ناوچەكە!
هاتنی ئەحمەد داود ئۆغڵو بۆ هەرێمی كوردستانی عێراق:
سەردانەكەی 2-8 ی (ئەحمەد داود ئۆغڵو) وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ(مەسعود بارزانی)سەرۆكی هەرێمی كوردستان و كۆبونەوەی تایبەتی لەگەڵ (عەبدولباست سەیدا)سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریاو (ئیسماعیل حەمە)سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردانی سوریاو سەردانی شاری كەركووك كۆمەڵێك كاردانەوەی نەگەتیڤانەو پۆزەتیڤانەی دەبێت لە چارەسەری ئاڵۆزیە سیاسیەكانی ناوخۆی هەرێم و عێراق و ڕۆژئاوای كوردستانیش ...هاتنی ئێستای بۆ كەركووك و ئەگەری هاتنیشی لە ئایندە بۆ مووسڵ نەخشە ڕێگای توموحاتی گەڕانەوەی وەهمەكانی جیهانی عوسمانلیەتە ئەگەرچی زۆر درەنگە لەسەردەمی عەولەمەو ووریایی كورد بەڵام لە تێڕوانینی ئەوان كورد ئەو ماددە لاستیكیەیە كە چۆنیان بوێت بەكاریدەهێنن و وای لێدەكەن ...ئەگەری زۆر هەبوو سەردانی مووسڵیشیان بكردایە بەڵام بە هاتنی سوپای عێراقی سەردانیان بۆ ئەوێ كێشەی لێدەكەوتەوە و بیئەی نالەباری موسڵیش بۆ ئێستا نالەباربوو ,ئەوان واینیشاندەدەن توركێك لەهەر كوێ هەبێت خوێنی لاشەكەی ئەوانن بەڵام ئەگەر ئامانجە ئابووری و پاڵەپەستۆی شەڕی ئابووری نەبێت بۆ ئایندە دونیا پڕی توركە و ئەوانیش تا ڕادەیەك لێیان بێبەرین!شەڕی (ئاو و نەوت) لەهەرە ستراتیژیەتە گرنگەكانی ئیكۆنۆمی توركە لە ناوچەكە بە ماكیاژی سیاسیەوەش!پیاسە سیاسیە گرنگەكەی (ئۆغڵو)بۆ كوردستان پۆزەتیڤە بۆ هاوكاری لۆجیستیكی و سیاسی ئەگەر لە ئایندە وەك ئەو سیحرەیەی بەسەر ساحیر هەڵنەگەڕێتەوە بۆ ماڵی كورد ئەگەر ئەوانیش بیانەوێت هاوكاری سەربازی لایەنە كوردیەكان بكەن بەمەرجێ (پارتی كرێكارانی كوردستان)نەگاتە ئەو چەكانە ڕەنگە ئەو هەنگاوەش بهاوێژن چونكە دەزانن كەكورد دوو دەسەڵاتی سەربازی هەبوو ئەوە ئەگەری شەڕی لێدەكەوێتەوە شەڕی ناوخۆش بۆ ئەوان لەهەرە لایەنە گرنگەكانی لاوازبوونی كوردە وەك ئەوان دەڵێن:(مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە!)بەڵام سەرەتا وەك شمشێرێكی دووسەر لە ڕوانگەی سیاسیەوە یارمەتیان دەدەن بۆ بێهێزكردنی جەماوەری (پارتی كرێكارانی كوردستان)چونكە ئەو چەكەی بەدەست كورد بێت هی كوردە ئەگەر لای دۆستەكەشیان بێت !(پ.ك.ك)ەش سەرسەخترین دوژمنی توركە ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی و جەنگدا هەندێ لایەنی ڕادیكاڵی لە سیاسەتی (پ.ك.ك)ەش وایكردوە زمانی دیالۆگ لاوازبكات لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی تری خەباتی كوردستان چونكە (پ.ك.ك)تەنها بەیەك چاوی سیاسی شیكردنەوەكان دەكات.. كوردیش تەنها بە شێوازێكی كاتی دۆستی دراوسێیە ئیقلیمیەكانیەتی نەك لە لایەنی كوردیەوە بەڵكو بە پێچەوانەوە چونكە كورد هەموو كاتێك بەوەفابووە بۆ دۆستەكانی ! ,ئەگەر كورد بە حیكمەتی خۆی مێژووی نەهامەتی نەتەوەكەی لەبەرچاو بگرێت ئەوە دەبێت زۆر بە نهێنی پلان ڕێژی بكات بۆ ستراتیژیەتی ئەم هەنگاوانەی دوژمنانی و ووریایانە شیانبكاتەوە و یەك ماڵی كورد بكاتە سونبولی كار ئەگەر زۆریش زەرەر بكات چونكە ئەم زەرەرەی ئەمڕۆ قازانجی ئازادی كوردە نەك یاری سیاسی لەوەش گرنگتر ئەگەر بتوانن نهێنیەكانی یەكتریش بپارێزن لە پرۆژە پلانی ماڵی كوردیدا!(ئۆغڵو)بەهاتنەكەی تا ڕادەیەك پەیامێكی ترسی گەیاندە (شیعە)و دەسەڵاتەكەی (مالیكی) و حیساب نەكردنێكیش بوو بۆ عێراق و ڵێڵ كردنی گۆمی یاریەكانیش بوو! كە توركیای سوننی و ئیسلامی سبەینێ و نەوەكانی عوسمانلیەكانی دوێنێ نفوزی دیبلۆماسیان بەهێزە لە دەڤەرەكە, كار بۆ زیاتربە هێزكردنی ئابووری توركیاش بوو لە مەنزووری ئابووریەوەش كە قازانجی كوردیشی تیایە ئەگەر كورد سەربەخۆبوایە لەكارەكانی و هۆكارێكی تریشە بۆ گەڕانەوەی سوپاكەی مالیكی بۆ خواروو كە وەك پاڵپشتێكی مەعنەوی هاتبوون بۆ پاڵپشتی نیزامی دەسەلاًَتی سووری عەلەوی و ترسی دەوڵەتی كوردیش فاكتەری ئەساسین بۆ شەونخوونی هەریەك لەودەوڵەتە ئیقلیمیانەی كوردستانیان زەوتكردوە و مۆركی هاتنی ئەم سوپایەش بۆ ئەو كێشە ناوخۆیانە دەگەڕێتەوە كەلە نێوان عێڕاق و هەرێم هاتۆنەتە ئاراوە چونكە هەموو ئەگەرێك لە سیاسەت واردە ,هەروەها (ئۆغڵَو)شەقكردنی باڵی كوردی كردە ئامانجی زیارەتەكەی بەهۆی زوعفی هەستی سیاسی(پەیەدە)و دەرچوونی (پەیەدە)لەدەستەی باڵای كوردانی ڕۆژئاواوە لێرەش ئەوكێشانە دەبنە عیبرەت بۆ دوارۆژی پڕحیكمەتی كورد دەرسێكە دەبێت بخوێنرێتەوە!
یاریە شەتڕەنجیەكانی سیاسەت و شەڕ لە ڕۆژئاوای كوردستان وئاكامەكانی و پەیوەستی بەناوچەكە:
(پارتی كرێكارانی كوردستان)باش دەزانێت ئەگەر دەسەڵاتەكەی ئەسەد لەڕابردوو (ئۆجەلان)ی وەك سەركردە بەعسیەكانی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ووڵاتەكەی بپارێزابایە ئەوە ئەمڕۆ لە زیندانیەكان نەدەبوو ڕەنگە شۆڕشەكەیان بۆ ئەمڕۆ بەهێزتر بوایە بەڵام سیاسەتی ئیقلیمی (تورك عەرەب فارس)بۆ كورد بەرژەوەندی كورد دواین كارتە بۆ ئەوان وەك ئەمڕۆ دەیبینین, كێشانەوەی سوپای نیزامی ئەسەد بەربەستێكە لەزۆربەی ناوچەكان لەگەڵ توركیا و كارتێكی سووریشە بۆ توركیا بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی عوسمانلی و پاڵپشتی ئۆپۆزیسیۆنی سوننی سووری لەلایەن توركیاوە بۆیە دەبێت ئەمڕۆ بە تایبەت (پارتی یەكێتی دیموكراتی)كە باڵی(پارتی كرێكارانی كوردستان)ە و ماوەیەكی زۆرە بە پاڵپشتی نیزامی ئەسەد لە هەندێ كاتی گونجاوی سیاسی كاری سیاسی كردوە لە ڕۆژئاوا بە نهێنی و ئاشكرا و پێگەیەكی جەماوەری فراوانیان هەیە هەندێ تەنازوولات بكات لەسەر عەرشی دەسەڵاتی سیاسی خۆی یان ماسكێكی سیاسی تر بخاتە ڕووخساری ئایدیكانی ئەگینا ئەگەری ئاكامی خراپی لێدەكەوێتەوە چونكە توركیا دوای ئازادی یەكجارەكی سووریا ئۆپۆزسیۆنی سوننی سووری ئەمڕۆی لەبەردەستدایە بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆیە ئەگەر (پارتی كرێكارانی كوردستان)دەسەڵات بە ئاشكرایی بگرێتە دەست و وێنەكانی (ئۆجەلان)لەشەقامە ئازادەكانی كوردستانی ڕۆژئاوا بشەكێتەوە ئەوە جێگای قەبووڵی توركیا نیە و هیچ حیكمەتێكیش نیە بۆ كورد تەنها بۆ نیشاندانی توڕەیی (پ .ك .ك) ە یە بەرامبەر توركیا ودروستكردنی ترسێكی ئیعلامیە وبەس تەنانەت ڕەنگە ئۆتۆنۆمیش نەبێتە مافێكی ڕەوای كورد لەوساتەدا وەك (سوپای ئازادی سووری)وبەشێكی ئۆپۆزیسیۆن ئاماژەیان بەوەكرد كەئەوان خوێنیان داوە نەك كورد ئەوانیش ئەوەیان لەبیرچوو كە میللەتێكی چەندەها میلیۆنی دوێنی مافی زومان و كەلتورو ناوی نەبوو ڕۆژانە لە زیندانیەكانی بەعسی سووری هەزاران گەنج لەسێدارە دەدران و شەهید دەكران ,ئەو كەلتوورە نیو سەدەیەی بەعس لە هزری هەر تاكێكی عەرەبی سووری بەرامبەر كورد چەكەرەی كردوەو بۆتە ئایدیایەكیش ووڵاتێك بەناوی(كۆماری عەرەبی سووری)ئەمڕۆ بەشێكی ببێتە كوردستانێكی ئازاد كارێكی ئاسان نیە لە دیدی ئەوان ئەگەرچی ئەمڕۆ بە هۆی سەڕقاڵی تەواوی عەرەبی سوننی و كێشەكانی شەڕو نالەباری ئێستای سووریا شانسێكی باشی كاتی بەر كورد كەوتوە ئەویش بێدەنگی بەرامبەرەكەیە و نەخشەی ستراتیژیەتی ئایندەی توركیاش بۆ ناوچەكە زۆر جیاوازترە لەوەی كە ئێستا دەبینرێت ,ئەگەری زۆریش هەیە سووریا دابەش بكرێت بۆ چەند ناوچەیەك وەك پشوویەكی یاری سەربازی دوای ساڵ ونیوێك شەڕو خۆپیشاندان لە كاتێكدا ڕووسیا و چین بەتەواوی بخزێنە ناو یاریەكان وداكۆكی تەواو بكەن بۆ مانەوەی ئەسەد وقەناعەتی نێودەوڵەتی لەئاست سووریا بگۆڕن ڕەنگیشە بە پێی جوگرافیای سەربازی ئەمریكاو ڕۆژئاوا سنووری دابەشكردنەكان بكەنە سێ ناوچە بە مەرجێك سووریا زۆربەی سنوورەكانی لەگەڵ عێڕاق بترازێت كە ناشكرێت بەپێی هەڵكەوتنی جوگرافیای عێڕاق و سووریا بۆ پچڕانی ئەو پردە شیعیەی لە ئێرانەوە بە سنووری دەسەڵاتی مالیكی و سووریا تا حزب الله لە لوبنان ئەوەشییان هەوڵدانە بۆ كەمكردنەوەی نفوزی ئێرانی لە ناوچەكەدا و دەسەڵاتەكەی ئەسەدیش لەخوارووی سووریاوە بمێنێتەوە بەڵام دوای لەناو بردنی ئەم هێزەی كە هێزێكی سەربازی بە دەسەڵات و پڕ چەك و عیتادە چونكە لەشەڕی ئابووری عێراقیش بەشێكی زۆری بازاڕی چەكی (چینی و ڕووسی) گۆڕدران بۆ (ئەوڕوپی و ئەمریكی)ئەمەش بەشێكی گرنگە لەم شەڕانە بۆ بە هێزكردنی ئیكۆنۆمی سەربازی ئەمریكی وئەوڕوپی لەدەڤەرەكە بۆ ئایندە جگە لە وەلائی سیاسی ئەمریكاو ڕۆژئاواو دژە تیرۆرو پاراستنی ئەمنیەتی قەومی و ئارامی بۆ ئیسڕائیل تا(ئیسڕائیلی گەورە) , بیئەی ئێستای سووریا لەڕوانگەی سیاسی و عەسكەریەوە وەك ساڵی 1991 عێراقە بەڵام بە شێوازێكی تۆخ تر و بە میكانیزمێكی تر ئەوكات سەرەتای بەهاری عێراقی بوو ئێستا بەهاری عەرەبیە و ئەوكات شەڕی داگیركردن وسنوور بەزاندن و شەڕی نەوت بوو ئێستا شەڕی ئازادی وشەڕی دروستكردنی سنووری ناوخۆیی وشەڕی ئاوە بۆ ئایندە ئاكارەكانی ئەم دوو شانۆی سیاسیە بە جیاوازی مەزهەبی دەسەڵاتەوە ,لە عێراق(سوننی ـ بەعسی ـ دیكتاتۆری پڕچەك و چەكی كیمیاوی و كۆكوژی) و كوشتن وقەتل وعامكردنی (كورد ـ شیعە) لەدوای شەڕی كەنداو و ڕاپەرینی (كوردوشیعە)بۆ ئازادی, بیئەی كوردستانی عێراق كە شاخاویەو ڕكە بۆ مقاوەمەتی پێشمەرگە بەهێزتربوو بۆیە شیعەكانی خواروو بە زووترین كات كپ كرانەوە تا ساڵی2003 وبێ هێزی دەسەڵاتەكەی سوپای (سەدام حسێن)دوای شكستی و لەبارچوونی سوپاكەی لەشەڕی كەنداو و لە كاتی ڕاپەرینەكانی كورد كشانەوەی سوپاكەی دەستپێكرد بۆ سنووری ناوچە شیعیەكان و پاراستنی ئەو شوێنە ستراتیژیە ئابووریانەی كردە ئامانجی سەرەكی كە پڕ بوون لە نەوت ئەوكات و بەڵانسێكیشی دایە تەكتیكی مانەوەی دەسەڵاتەكەی (زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە قازانجە) و گرتنە دەستی سیاسەتێكی تر بە نهێنی فایل كردنەوەی پاڵپشتی بۆ (ئەلقاعیدە) بوە شكستی كۆتایی و لەناوچوونی (بەعسی عێراق) ..لە سووریاش(عەلەوی شیعی ـ بەعسی ـ دیكتاتۆری پڕچەك و چەكی كیمیاوی و كۆكوژی) وكوشتن و قەتل و عامكردنی (كورد ـ سوننە)لە دوای ڕاپەرینەكانی بەهاری عەرەبی و ڕاپەڕینی (كوردو سوننە)بۆ ئازادی ئەمجارە بیئەی كوردستانی ڕۆژئاوا دەشتاییە بۆ مقاوەمەتكردنی كورد لەم دەڤەرە ئاسان نیە لە كاتێكدا كوردەكانی ڕۆژئاوا بە سوپایەكی نیزامی پڕچەك نەكراون بۆیە ڕۆڵی سیاسەتێكی حەكیمانە پردی سەركەوتنەكانی كوردەكانی ڕۆژئاوان , پاڵپشتی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و عەرەبی بۆ سوننەكانی سووریا هێزو تینی شۆڕشن لە ڕووی مەعنەوی و ماددیەوە و هێنانی سوپای توركیا بۆ سنوورەكانیش ترسێكی ترە بۆ كورد و ئینزارێكی ئاشكرایە ئەگەر سیاسەتی نێودەوڵەتی چاوپۆشی لێبكات بۆیە تەنها حیكمەت و برایەتی و خۆڕاگری سەركەوتنی كوردە لە ڕۆژئاوای كوردستان ...
ئایندەی سووریاو ئەگەرەكانی دابەش بوونی بەسەرچەند هەرێمێك :
سوپای سووری بە پلەی 16 دەژمێردرێت لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و پلەی 2 لەسەر ئاستی سوپای عەرەبی ئەمڕۆش هەمان سیناریۆی شەڕدووبارە دەبێتەوە وەك ئەوەی لەساڵی 1991 لە عێڕاق بینرا بەڵام لەسووریا ماوەكەی درێژخایەن تر بوو بە هۆی هێزی سوپاوە ئەگەر چی لە ڕووی مەبدەئیەوەش بەشێكی زۆریان ڕووخاون ئەم قەتل و عامەش ئەگەری ئەوەی لێدەبێتەوە سووریا بكاتە 5 هەرێم بەڵام ڕەنگە لەسەرئاستی نیشتمانی عەرەبی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ڕێگای لێبگرێت ئەوكاتە وەك لیبیای دوای قەزافی كە ئێستا سێ هەرێمە لە ژێر چەتری یەك دەوڵەت و قاعیدەش بەئاشكرا دەبینرێت لە هەندێك دەڤەری دەسەڵاتی لیبیاوە . لە سووریاش لە ڕووی دەسەڵاتی مەعنەویی و ناوچەگەری ئەم هەرێمانە لەناوخۆ دەمێننەوەو دروست دەبن و دەبنە 5 هەرێمی ناوخۆیی جیاواز لە یەكتری لە ڕوانگەی ناوچەگەری و مەزهەبی و نەتەوەییەوە یان بەسەربە خۆیی دەسەڵات دەگرنە دەست ئەگەر كێشەی ئیقلیمیان بۆ دروست نەبێت و كارتی سەوزیان لەسەر ئاستی نێودەولًەتی بۆ پێبكرێت یان بەشێكیان ئۆتۆنۆمی وەردەگرن و یانیش لەژێر چەتری یەك دەسەڵات دەبن بە سیستێمی ناوچەگەری و مەزهەبیەوە, بۆ (ڕێكخراوی ئەلقاعیدە)ش دەبێتە هێلانەیەكی كار بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت بۆ عێڕاق و ئیخوانەكانیش دەسەڵاتێكی باڵا دەگرنە بەر دەست بە هۆی نزیكی توركیاو میسڕەوە و كپ كردنیان لە ڕابردوو لەلایەن (عەلەویەكان)ەوە دەبێتە كارتی فشار بۆ وەرگرتنی دەسەڵات وسوننی بوونیان لە هەندێك لەو هەرێمانەی كە خوێنێكی زۆری تیا ڕژاوەو كەمە نەتەوایەتیەكانی تریش دووبارە وەك جاران تەنها مافی ژیانیان دەبێت و لەو هەرێمانە دەبن كە ئەگەری دابەش بوونیان هەیە :
1 ـ (هەرێمی درزیەكان) :تائیفەیەكی ئاینین وكەوتۆنەتە خوارووی سوریا و دوولایەنانە كاردەكەن لەهەندێ كات لەگەڵ دەسەڵاتی ئەسەدن و هەندێ جاریش لایەنی ئۆپۆزیسیۆنن و دەوریان هەبووە لەشۆڕشەكانی سووریا و داكۆكی لە مافەكانیان دەكەن بە وەرگرتنی ئۆتۆنۆمیەكی سەربەخۆی ڕاستەقینەزۆربەیان لە پارێزگای (سویدا)ن وهەندیكی تریشیان لە (درعا)و(قنەیتڕە)ن...
2 ـ(هەرێمی شام): دیمەشقی پایتەخت و دەورووبەری لەخۆدەگرێت وزیاتریان ســـووننە مەزهەبن .
3 ـ (هەرێمی عەلەویەكان):ڕۆژئاوای سووریا لە خۆدەگرێت زۆربەیان لە پلە بەرزەكانی سوپاو دەسەڵات دان و پارێزگاكانی (تەڕتوس ولازقیە) لە خۆ دەگرێت و بەشێكیشیان لە ڕیفی (حمس ودیمەشق)دان..
4 ـ(هەرێمی كوردستانی ڕۆژئاوا): ئەو سنوورە درێژەیە توركیا جیادەكاتەوە لە سووریا لە هەرسێ پارێزگای (حەسەكە و ڕەقە و حەلەب)و لەهەندێ ناوچەی(ڕەقە)و (حەلەب)یش دەترازێت بەهۆی تەعریبی بەعسیەكان و ڕاگواستن و گرنگی نەدان بە ئابووری دەڤەرەكە و ژمارەیەكی زۆریش كورد لە هەموو شارەكانی تر هەن بە تایبەت (دیمەشق)شام ودەوروبەری نموونەش بۆ ئەوە كوردێكی زۆر كە گەڕەكی تایبەتیان هەیە لە دیمەشق وەك گەڕەكەكانی (زۆڕاڤا وڕوكنە دین)..
5 ـ (هەرێمی ناوچەكانی ناوەڕاست)كە(دێرزور ِو ڕەقە و حەلەب و ئەدلیب و حەما و حومس)لە خۆ دەگرێت و (حەلەب)یش وەك ناوچەیەكی سەرەكی ئەم هەرێمەیە زۆربەشیان سوننین ..
ئەگەری ئەوەش هەیە وەك عێڕاقی دوای 1991 هەندێك لەو هەرێمانە دوای شەڕێكی زۆر بكەونەوە ژێر دەستی بەعسیەكان و ڕاپەڕینەكان كپ بكەنەوەوئەسەدیش بۆ ماوەیەكی تریش كۆنتڕۆلی ئەو هەرێمانە بكات بەژێر خانێكی وێران و ئابووریەكی ڕووخاو بە پاڵپشتی ڕووسیاو چین و ئێران و لوبنان و دۆستانی تری كە (هەرێمی درزیەكان و وهەرێمی عەلەویەكان و بەشێكی كەمیش لە هەرێمی ناوچەكانی ناوەڕاست لە سنووری پارێزگاكانی (حمس و حەما)و بەشێكی (هەرێمی شام)یش لە سنووری پایتەختی دیمەشقەوە) لە خۆ بگرێت ..ئەگەر ئەم پلانە سەربگرێت و كار بۆ ئەم نەخشە ڕێگایە بكرێت لەلایەن دۆستە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكانی ئەسەدەوە ئەو كاتە كوردەكان سوود وەردەگرن ئەگەر توانیان دان بە ئەسەد بهێنن بۆ ئیعترافكردنێكی ڕەسمی بەو بەشە ئازادەی هەرێمی كوردستانی ڕۆژئاوا و بەشێكی تری سوننیش دێتە ئاراوە لەوكاتە ..بە بۆچوونی زۆری سیاسەتمەدارو لێكۆلەرەوەكانی نەخشەی سیاسی سووریا و چاودێرانی سیاسی سووریا دوای شەڕێكی زۆر درێژخایەن ئازاد دەبێت ئەگەر هێزی سەربازی دەوڵەتە زڵهێزەكان و(ناتۆ) بەشداری تیا نەكەن وئەگەری ڕاكردنی ئەسەد هەیە لەو كاتە و معادەلەكان ئاڵۆزن لە ڕووئیای سیاسی سووریاوە بەڵام هەرلایەنێكی بەرەی سیاسی سووری نەخشە پلانێك بۆ ئایندەی سووریا دادەنێت بە هەموو ئەگەرەكان كە ڕەنگە لە چاوەڕوانی كەس نەبێت و هەندێكیش ئەمە بە سیناریۆیەك دادەنێن و موعاهەدەیەكی پڕ نهێنیشە لە ژێر مێزی سیاسی ئًێران و ئیسڕائیل دا ..
سووریاو ئیسڕائیل و ئیسرائیلی گەورە:
سووریا پێگەیەكی گرنگە بۆ ماسۆنیەتی نێودەولەتی چونكە لە نەخشە ڕێگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە (ئیسرائیلی گەورە)شوێنێكی ستراتیژی هەیە وتەنها بەشێكی كوردستانی ڕۆژئاوا ناكەوێتە سنووری ئەم نەخشەیە..نیوسەدەی ئەسەد ی باوك و كوڕو دەسەڵاتەكەی و سنووری ووڵاتی لەگەڵ ئیسڕائیل باشترین ئارامیان هەبوە بۆ ئیسڕائیل تەنها لە هەندێ حاڵەتی نادیار نەبێت وهەندێ جاریش ڕیكلامكردنی غەرق بوونی ئیسڕائیل لە خوێن لەلایەن (حزب الله)ەوە دۆستە نزیكەكەی ئەسەد ئاژاوەكانی گەورەتر دەكرد ,بەلای ئیسڕائیلەوە ئەو ئاژاوانە ترسی نیە ئەگەرچی ئەوانیش پارێزگاری لە خۆیان دەكەن و متمانەیان بە كەس نیەو زۆر جاریش ئەمری واقیع دەیانترسێنێت بەڵام ئەوان دەڵێن هەتا ئەم شەڕە مەزهەبیانە مابێت ئێمە لەناوناچین!هەمووشەڕەكانیش لە واقیعی مەیدانیدا شەڕی دەسەڵاتن وبەس!بۆ بەڵانسی پاراستنی خۆشیان ئەوان لەگەڵ شۆڕش دژ نین و ئەگەر ئەسەدیش بمێنێتەوە هیچ لە موعادەلەكان ناگۆڕێت بۆ ئەوان !بینینی (برنار هێنری لێڤی) لە گۆڕەپانی تەحریر لە میسڕو ودۆستایەتی ئیخوانەكان و بینینی لەبەرەكانی جەنگی لیبی و سودان و عێڕاق و ئەفغانستان و بۆسنەو جۆرجیاو بەنگلادیش ولەپشتەوەی پەردەكانی شۆڕشی ئەمڕۆی ئازادی سووریاش نیشانەن بۆ ئەم نەخشە ڕێگایە (ئیسڕائیلی گەورە)..(برنارلێڤی)ئەو ڕۆژنامەنووس و فەیلەسوف و نووسەرە جوولەكەیە كە بۆ سەرۆكایەتی ئایندەی ئیسڕائیل خۆی كاندید دەكات ویەكێكە لە ملیۆنێرەكانی فڕەنسا و لە جەزائیر لە دایك بووەو هاوسەری ئەكتەری بەناوبانگی فڕەنسی (ئاڕێلا دۆمباسلی)ە!
پرۆژەی ماڕشالی ئابووری دوای ڕووخانی ئەسەدبۆ بنیاتنەوەی ووڵات لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە:
بۆ سووریای نوێ ئابووریەكی تازەی نوێ دێتە كایەوە لە چوارچێوەی پلانــــی پڕۆژەی ماڕشــــال ئامانجی سەرەكی بنیاتنانەوەی سەرلەنوێی سوریایە بە گشتی بە پاڵپشتییكی ماددی وهونەری وتەكنیكی نوێ كە (كۆنگرەی نیشتمانی سووری) كاری بۆ دەكات بۆ بنیاتنانەوەوبەهێزكردنی ئابووری سووریا پاش ئەو داتەپینەی كەلەسەردەمی ئەسەد بۆ بەرژەوەندی تاكەكەسی و تاكە حزبی و دام ودەزگا داپڵۆسێنەرەكان بەكارهات ئەویشیان بە چەندین پرۆژەكاری گرنگ وتازە ئەم پرۆژانەش دێنەكایەوە لەژێرچاودێری وهاوكاری چەند دەوڵەتێكی خاوەن ئەزموونی سەركەوتوو بەسازكردنی سیاسەتی ئابووری پێشكەوتوو وچاكسازی پێویست و بەشداریكردنی پیاوە بازرگانە سووریەكانی ناوەوەو دەرەوەی ووڵات لەم پرۆژە كارانەو بۆ وەبەرهێنانی زیاتربەشێوازێكی ئەكادیمیانە بێ ئەوەی هیچ قەرزێكی نێودەوڵەتی بخرێتە سەر سووریا ئەم بنیاتنانەوەیە زیاتر بەو كۆمەكیانە دەبن كە وەك دیاری بۆ سووریا دانراون بە ئامادەكردنی سێ قۆناغ:
1 ـ قۆناغی پلانی فریاگوزاری بەپەلە دوای ڕووخانی ڕژێم بۆ ماوەی 6 مانگ..
2ـ قۆناغی پلانی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەلە6مانگ تا2ساڵ...
3 ـ قۆناغی پلانی كۆتایی بۆ سەرلەنوێ زیندووكردنەوەی ئابووریەكی بەهێز تا 5 ساڵ....
ئەم قۆناغانە ڕوئیای ئابووری ئایندەی ســووریایە لەهەموو كەرتەكان بەپشت بەستن بە 5 خاڵی سەرەكی بۆ بوژانەوەی ئابووریی بازاڕی كۆمەڵایەتی: (سەروەری یاسا ـ دادگای سەربەخۆوئازاد ـ ڕێزگرتن لەمافەكانی مرۆڤ ـ گرتنەبەری سیاسەتی ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدان ـ بەشداریكردنی میللەت لە كارە سیاسیەكان) ...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست