هەندێك لە شیوعییەكان هەرچ كاتێك پارەیان نەمێنێ باسی قڕناقاو پشتئاشان دەكەن
Monday, 09/02/2009, 12:00
2200 بینراوە
دیارە من لەگەڵ هیچ كەس و تاقم و گروپێكی تاوانباردا نیم كە دەستی هەبووبێت لەكوشتنى ڕۆڵەكانی ئەم میللەتەدا، كەواتە دەبێت دادگا لەم نێوەندەدا ڕۆڵی خۆی ببینێ تا ئەو ڕووداوانەی ڕابردووی حیزبە كوردییەكان ئەمڕۆ كەس نان و پیازی پێوە نەخوات.
كاتێك لاپەڕەكانی مێژووی حیزبە كوردییەكان هەڵدەدەینەوە پڕیەتی لەخیانەت و براكوژی، كەواتە هەموو ئەو حیزبانە وەكو یەك تاوانبارن. بێگومان لەو نێوانەشدا كەسانی نێو سەركردایەتی حیزبەكان ڕۆڵی سەرەكییان بینیووە. هەر هێرش بردنێكیش بۆ سەر یەكتری كاردانەوەی هەبووە، كەواتە دەبێت پەنجەی تاوان بۆ هەموو لایەك ببرێ نەك تاقە كەسێك، لەم قسانەشەوە هەر كەسێك لەلایەنی عەقڵەوە پێگەیشتوو بێ.. بۆی دەردەكەوێ كە ئەم وتارە لایەنگیری هیچ كەسێك ناكات بەڵكو تەنها لێكدانەوەی بۆ دەكات.
پێش ئەوەی نەوشێروان مستەفا دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لەجێگری سكرتێری یەكێتی ڕابگەیەنێ، شیوعییەكان هیچ نوزە نوزو دەنگێكیان لێوە دەرنەدەچوو، ئەمەش لەبەرئەوە بوو كە نەوشێروان لەدەسەڵاتدا بوو، بەو پێوەرەش بێت، شیوعییەكان له بەرامبەر دەسەڵاتدار له ترسیی نانبڕین، بەردەوام بێدەنگن، هەر لەبەر ئەوەشە لەبەرامبەر ئەو هەموو گەندەڵیی و ناعەدالەتییەی یەكێتی و پارتی چاوی خۆیان لێ نوقانووە و بێدەنگیان هەڵبژاردووە و نوزه ناکهن، مێژووی حیزبی شیوعی ههروا بووه، وەكو بڵێی حیزبی شیوعی لە ڕوسیادا بێت و هیچ گرفتێكی نەبێ.
ماوەیەكە هەندێك ڕۆژنامەنووسی شیوعى بۆ ئەوەی پارویهك نانیان دەست بكەوێ لەلایەن دەسەڵاتەوە، دەچن وتارێك لەسەر قڕناقا و پشتئاشان لەڕۆژنامەكاندا بڵاودەكەنەوە، یان فێری ئیشێكی تر بوون، كە ئەگەر بیانەوێ بەرپرسێك ببینن دەچن لە سایتەكانەوە وتارێكی لەسەر بڵاو دەكەنەوە بۆ ئەوەی ئەو بەرپرسە پەیوەندیان پێوە بكات تاكو بچنە لای بۆ ئەوەی ئەو ئیشوكارەی كە هەیانە لای ئەو بەرپرسە پێی جێبەجێ بكەن.
ماوەیەك پێش ئێستا لەكوردستانپۆستدا چەند وتارێك لەبارەی عەدنان موفتییەوە بڵاوكرایەوە، كەچی زیرەك كەماڵ كە ئەندامی سەركردایەتی حیزبی شیوعییە لەڕۆژنامەی كوردستانی نوێ یەك فەردە خوێی كردبووە ناو سێ سەتڵ ماستی هەولێر و دەرخواردی عەدنان موفتی و موفتییەكانی دەدا بۆ ئەوەی پەستانى خوێنیان بەرز ببێتەوە تاوەكو ئاگایان لەخۆیان نەمێنێ و چنگێ پارە بدەنە زیرەك كەماڵ.
لەو چەند دێڕەی سەرەوە بۆمان دەردەكەوێ، كە هەمان ئەو شیوعییانەی باسی ڕووداوی قڕناقا و پشتئاشان دەكەن بەتایبەتی لەدوای دەست لەكاركێشانەوەی نەوشێروان موستەفا، كە دەسەڵاتی بەدەستەوە نییە، كەچی هەمان ئەو شیوعییانە پاساو بۆ دەسەڵاتی بۆگەنی یەكێتی و پارتی دەهێننەوە، باسی خیانەت و كوردكوژییەكانی خۆیان و ئەو دوو حیزبە ناكەن، سەرەڕای ئەوانەش ئەم حیزبە پرۆژیەكی سیاسی پێشكەش نەكردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەی گەندەڵی، چونكە خۆیان جگە لەوەی بەشدارن لە دەسەڵاتدا لەهەردوولاش دەخۆن و دەمكوت كراون، هەرچ كەس و لایەنێكیش پرۆژەیەكی هەبێ بۆ چاكسازی و بەسیستماتیك كردنی كوردستان، ئەم حیزبە لەڕێگای هەندێك لەقەڵەم بەدەستەكانیانەوە دەكەوێتە بەر شاڵاوی هێرش بردنیان.
ئەگەر ڕاست دەفەرموون كە نەوشیروان مستەفا تاوانبارە بە كوشتاری پشتئاشان، بۆچی لەدادگا سكاڵای لەسەر تۆمار ناكەن؟ ئەمە لە كاتێكدایە نەوشێروان مستەفا لە چەند چاوپێكەوتنێكدا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، كە لەبەردەم دادگا ئامادە دهبێ، بەڵام لەبەرئەوەى ئەگەر ئەو سكاڵایە تۆمار بكەن ئەوا دەرگا بۆ ڕاپێچ كردنى بەرپرسەكانى خۆشیان و حیزبەكانى تریش واڵا دەبێت، بەڵام دڵنیام هەرگیز ئەوەندە بوێر نین ئەو سكاڵایە تۆمار بكەن و مشەخۆریان پێ خۆشترە.
[email protected]