كۆبوونەوەكەی 29/4ی مەكتەبی سیاسی یەكێتی درۆ بوو
Friday, 30/04/2010, 12:00
سەعات 7ی ئێوارەی رۆژی 29/4 وا نیشاندرا لەكەناڵەكانی راگەیاندنی یەكێتیەوە كە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسلێمانی بەسەرپەرشتی جەلال كۆبوونەتەوە، بەڵام لەبنەڕەتدا نە كۆبوونەوە بوو نە هیچ شتێك لەوبارەیەوە، بەپێچەوانەوە جەلال داوای هەریەك لەبەرهەم ساڵح و كۆسرەتی كردبوو پێكەوە سەعات 7 دانیشن و داوایان لێبكات سەردەمی ئەملاوئەولا و كۆبوونەوەی كوتلەو كلك پێكەوە گرێدان بەسەرچووە، ئەو بانگكردنەی جەلال لەدوای ئەو كۆبوونەوە نهێنیەی كۆسرەت و بەرهەم دێت كە رۆژی 28/4 لەماڵ كۆسرەت كرابوو بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی جەلال كە بێ گەڕانەوە بۆ هیچ پرەنسیپێكی حزبی پێشنیوەڕۆی ئەو رۆژە لەگەڵ مەسعود كۆبوونەوە بێ ئەوەی هیچ ئەندام مەكتەبێكی سیاسی یەكێتی و پارتی بچنە ژوورەوە و لەو كۆبوونەوە نهێنیەی مەسعود و جەلال-دا بەشدار بن و بزانن چی دەوترێت و لەسەر چی گفتوگۆ دەكەن.
شەوی 29/4 لەگەڵ لێپرسراوی مەڵبەندێك پێكەوە كۆفییەكمان خواردەوە، دەمویست لەوە بگەم كە جەلال بۆ كۆسرەت و بەرهەمی بانگكردووە، ئەو لەوەڵامدا واینیشاندا كە دوای ئەو كۆبوونەوە سێ قۆڵییە جەلال بەئاشكرا بەكۆسرەت و بەرهەمی وتووە پێویستە واز لەهەندێك رەفتاری نابەجێ و كۆبوونەوەی لابەلا بێنن و پێویستە ملكەچی ئەو واقیعە بن كە خەڵك هەندێك لەسەركردەكانی یەكێتی ناوێت و ئەگەر بەمەی ئێستاشەوە بمێنینەوە شوكری خوا بكەن. ئەو ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی وتیشی: مام جەلال توڕەیە، زۆریش توڕەیە لەكۆسرەت و بەرهەم و دوای ئەو كۆبوونەوە نهێنییەی ئێوارەی 28/4 لەماڵ كۆسرەت هێندەی تر لەكۆسرەت توڕە بووە و لەو كۆبوونەوەدا بەكۆسرەتی وتوە، تەنیا كۆنگرە دەتوانێت تۆ بهێڵێتەوە یان نا، بەڵام كۆسرەت بێدەنگ بووە و هیچی نەوتووە و راستەوخۆ پێی وتووە كە مەسعود پێیتووە كە ئەوان نایانەوێت كۆسرەت ببێتەوە بەجێگری سەرۆكی هەرێم.
هەر لەو كۆبوونەوە سێ قۆڵیەدا جەلال بەبەرهەمی وتووە، تا ئێستا نەتوانیوە سەرۆكی حكومەتێك بیت جێمتمانەی خەڵك بیت، بۆیە جەماوەری پارتی تۆ تەنیا بەسەرۆكی حكومەتی سلێمانی دەزانن و پێویستە زیاتر لەهەولێر بمێنیتەوە نەك بیرت هەر لای سلێمانی بێت، لەبەرامبەردا بەرهەم مەسەلەی ئیعلامی پارتی هێناوەتەوە ئاراوەو وتویەتی پارتی دژایەتی كابینەكەم دەكات نەك هاوكاری، جەلالیش لەوەڵام دا بەڵێنی پێداوە ئەوەچارەسەر بكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست