کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەم جەلالە بۆ ئەوەندە حەزی لەكورسییە؟

Saturday, 20/03/2010, 12:00


جەلال شێخ حسامەدین ئەو پیاوەی بەقەد تەمەنی خۆی زیانی بەبزوتنەوەی كوردایەتی گەیاندووە ئەمڕۆ دەیەوێت ببێتەوە بەسەرۆك كۆماری عێراق، هێندەی مرغی لەو كورسییەوە و پارەو پولەكەی ئەو پۆستە خۆش كردووە هێندە بیر لەوە ناكاتەوە كە تا چەند ئەو پۆستە سوودی بۆ كورد دەبێت، هێزەكانی تری عێراقیش ئەو پیاوەیان چاك ناسیوە و دەزانن هەڵسوكەوتی چۆنە لەلایەك پیان خۆشە ببێتەوە بەسەرۆك كۆمار بۆئەوەی هێندەی هیواكانی كورد نغرۆی زەوی بكات وەك چۆن لەماوەی چوار ساڵی ئەو پۆستەدا نغرۆی كرد، لەلایەكی تریشەوە یاری بەعەقڵی دەكەن نەیانەوێت ئەو پۆستەی بدرێتێ بۆ ئەوەش لێدوانی ئاگرینی لەسەر دەدرێت، تاریق هاشمی ماوەی چوار ساڵ جێگری جەلال بووە، كلكی چاك پێواوە و دەزانێت چ پیاوێكە بەرامبەر بەعیراق بۆیە لەیەكەمین لێدوانیدا كە هێشتا نەك دەنگەكانی هەڵبژاردن جیانەكرابۆوە بەڵكو رێژەی كورسیەكانی نە حیزبەكەی جەلال و نە مەسعود مەلا مستەفا-ی تەزویر دیارنەبوو، وتی: لە‌بە‌رئە‌وە‌ی عێراق وڵاتێكی عەرەبییە دەبێت كەسێكی عەرەبی ببێت بەسەرۆك كۆماری عێراق و پێویستە جەلال بیر لەپۆستی سەرۆك كۆمار نەكاتەوە و بچێتە ماڵەوە یاداشت و بیرەوەرییەكانی بنوسێتەوە و تەواویان بكات.

دوای ئەو لێدوانە لێدوانەكان رۆژ بەرۆژ لەسەر جەلال زیاددەكەن بۆئەوەی نەبێت بەسەرۆكی عێراق، بەڵام زورناژەنەكانی حزبەكەی رۆژ نییە داڕشتنێك نەنووسن و خۆیان لێكدانەوەی ئەفسانەی بۆ جەلال دروست نەكەن و بەباڵایدا هەڵنەدەن كە جەلال پێویستە بۆ عێراق وەك عێراق كەسی تێدا نەبێت تەنیا جەلال نەبێت، ئێستا ئەو پرسیارەی كە بەشێكی زۆر لەخەڵك لەیەكێتی دەكات باشە با سەرۆك كۆمار بۆ كورد بێت، بەڵام بۆ جەلال وەریگرێتەوە؟ خۆ ئەگەر عیراق سیستمی كۆماری بوایە ئەوا نەك لەشارەكانی عێراق، بەڵكو لەو شارەی كە لێی نیشتەجێیە كە سلێمانییە حزبەكەی چەند دەنگی هێناوە ئەو نیو ئەوەندەی نەدەهێنا، بۆیە ئەگەر ئەو پۆستە بۆ كوردیش بێت بۆ كەسێكی وەك جەلال وەریگرێت، كەواتە ئەو شینەی زورناژەنەكانی یەكێتی دەیكەن بۆ كورد نییە بەڵكو بۆ جەلال شێخ حسامەدینە، ئەو شینەش كە مەسعود مەلا مستەفای تەزویرچی دەیكات ئەویش بۆ كورد نییە، بەڵكو بۆ جەلالە و ئەیەوێت جەلال بنێرێتە بەغدا و بەئارەزووی خۆی و بەتەواوی كار بۆ لەگۆڕنانی یەكێتی بكات.

رۆژ بەرۆژ ئەو ئاسۆیەی جەلال روو لەونبوون دەكات و ئەگەری بوون بەسەرۆك كۆماری نامێنێت، ئەوەتا لەدواهەمین لێدوانیدا نە‌بیل محەمەد سە‌لیم راوێژكاری راگە‌یاندنی لیستى ئەلعیراقییە جەخت لەوەدەكاتەوە كە پێویستە سەرۆك كۆماری داهاتوو لەسەر ئاستی لێهاتووی بێت.

خۆ لەم لێدوانەوە دەردەكەوێت كە جەلال نەلێهاتووەو نە خۆشەویستی نەتەوەكانی عێراقە بەكورد و عەرەب و توركمانەوە.

هەر بەدوای ئەو لێدوانەدا ئیبراهیم جەعفەری سەركردەی ئیئتیلافی نیشتمانی شیعەكان لەلێدوانێكیدا روونیكردەوە كە پێویستە سەرۆك كۆماری عیراق سەرۆكێكی سوننی عەرەبی بێت و كوردەكان پۆستی سەرۆكایەتی دەستەو دامەزراوەی تر وەرگرن.

رۆژی 11ی ئاداریش مالیكی سەرۆكی لیستی دەوڵەتی قانوون لەلێدوانێكدا رایگەیاند:كورد پۆستی سەرۆك كۆمار لەدەستدەدات لەبەرئەوەی كوتلەی لیستی هاوپەیمانی بچوك بۆتەوە.

هەموو ئەگەرەكان نەدانەوەی پۆستی سەرۆك كۆمارە بەكورد، چونكە عەرەب بەسووننەو شیعەوە بەلایانەوە مەبەست نییە كێ دەبێت بەسەرۆك كۆمار ئەگەر بۆ كورد بێت، بەڵام سەرانی یەكێتی و پارتی بەپێچەوانەوە ئەوەوە مەبەستیانە تەنیا جەلال بێت، ئەگەر بۆ جەلال نەبێت ئەوا هەرئەوە ماوە بڵێت یارەبی هەر نەبێت، بەڵام هەموو ئاماژەكان ئەوە دەسەلمێنن كە تاریق هاشمی سوننی سەرۆك كۆمارەو سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق بۆ كوردە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە