کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاك ، کۆمەڵگەی مێگەل، بتی سیاسی

Thursday, 05/09/2013, 12:00





بتی سیاسی لە ئەنجامی ناهۆشیاری تاك و هەستنەکردنێتی بە ئەرکە نیشتیمانی و ئینسانییەکان ، کە ئینسان بوون و نیشتیمانی بوون خستویەتیە ئەستۆی ، ئەو ساتەی تاك خۆی بە بەرپرس نازانێ بەرامبەر ئەرکە مرۆیی و نیشتیمانی و سیاسییەکانی سەرشانی ئەو دەمە ئیتر بوتی سیاسی هەڵدەتۆقێت و خوداوەندی فیرعەونی هەژموونگەرا جەبەروتیان دەسەپێنن، هەر ئەوکاتیش هۆشیاری بە واتا ڕامیاری و کۆمەڵایەتێکەی دەمرێت و دەروازەکانی ڕامان و ئازادی تەسکترو تەسکتر ئەبنەوە، ئەودەمیش بوتگەلی سیاسی و دەسڵاتی فیرعەونی خۆسەپێن لوتیان دەژەننە سەرتاپای کایەکانی ژیانەوەو کۆمەڵگەو جڤات ڕەنگ دەکەن بە ڕەنگی خۆیان و دەنگ و ئیقاعی خۆیان دەکەن بە سلۆگان و مێشکی تاکی پێ زاخاو دەکەن ، ئەو دەمەش کۆمەڵگایەکی مێگەلی دروست دەبێت کە بە ویست و بڕیاری ئەوان دەجوڵێن و خۆراك و خواردنیشیان هەر ئەوان دابینی دەکەن ، کۆمەڵگای مێگەل ئاسا هیچ بیرکردنەوەیەك پانتایی مێشکی داگیر نەکردووە جگە لە بیر کردنەوە لە پڕکردن و تێر کردنی پێداویستییە ماتریاڵیەکان ، ئەوان هیچ کات پرسەکانی ئازادی، یەکسانی و دادگەری و ژیانێکی شکۆمەندانەی مرۆیانە کە دوورە لە دەربارێتی و هاتنە خوارێی مرۆڤ بۆ ئاستەکانی خوارێ بە گرنگ نازانن، چونکە مێشک و بیریان ئاخنراوی چەند وتەیەکی ئینشائی ستۆکە کە فەرموودەی ئایدۆڵە مرۆڤەکەیانە کە پێداویستییە ماتریاڵی و فەسلەجێکانیان بۆ دەستەبەر دەکات ، بۆیە ئەم تاقمانە گرفتی سەرەکی بەردەم گەشتنی کۆمەڵگەن بە مافە بنچینەیی و سەرەتاییەکانی ژیانێکی سەردەمی شکۆ مەندانە کە ئینسان تیایدا ئینسان بوونی خۆی بەرجەستە بکات ، بۆیە ستەمکارو بوتگەلی سیاسی و دەسڵاتی هەژموونگەرا خۆیان لە سەر گەوجاندن و بە مێگەل کردنی تاك ڕادەهێنن ، ئەو دەمەی تاك هەموو پێداویستییەکانی خۆی چڕ دەکاتەوە لە پێداویستگەلی ماددیداو گوێ بە پێداویستی گیانی و عیرفانی نادات ، بوونی ئازادی و سەربەستی لەلا شتێکی وەك یەکەو ئامادەیە بیکات بە قوربانی دەسڕاگەشتن بە پێداویستییە فەسلەجییەکانی ، بۆیە لەم کۆمەڵگایانەدا چیدی قسە لەسەر دیمۆکراسیەت و ئازادی بێ بەهاو بێ واتایە ، چونکە تاکێك کە ئازادی لە خۆراك و خواردنەوە بە پێویستتر نەزانێت و بە بنچینەی مرۆڤ بوونی خۆی ئەژماری نەکات ئیتر ئامادە نابێ هیچ جۆرە ئەرکێك بکێشێت بۆ ئاراستە کردنی کۆمەڵگا بەرەو ئاقاری دادگەری و یەکسانی و بەرابەری لە ماف و ئەرك و دەستکەوت و پلەکاندا، بۆیە ڕازییە بە زەلیلی و ژێردەستی و بەبچوكزانینی خۆیی و بە ئایدۆڵ زانینی هەندێکی خۆ سەپێنی هەژمونگەرا کە سودمەندی یەکەمن لە گەوجێنراوی ئەم تاکانە ،بۆیە دەبێت ئەرکی سەرەکی هێزە ئازادیخوازو دیمۆکراسی خوازەکانی کۆمەڵگە پێگەیاندنی تاك و ئیش کردن بێت لە سەر دروست کردن و پەروەردە کردنی تاك لە مەڕ پرسەکانی ماف و ئازادی ، چونکە گۆڕان و پێشکەوتن لە ناو کۆمەڵگایەکدا کە کار لە سەر بە بەندە کردنی تاك و بەئایدۆڵکردنی سەرکردە کراوە بە درێژایی دەیان دەیە ، شتێکی ئاستەم و پەرچوو ئاسایە، چونکە دەنگ هەڵبڕین و هاوار کردن بۆ تاقمێك کە ئەوان بە داکۆکی لە خۆیان سەیری ناکەن بی هودەیی و نا ئومێدی نەبێ هیچی کەی لێ بەرهەم نایە، بۆیە پەروەرد لێرەدا ئەو وێستگە گرنگ و دەسپێکەی هێزگەلی ئازادی خوازە کە دەبێت لێیەوە هەوڵەکانیان بۆ ڕیشە کێش کردن و لە ڕەگەوە دەرهێنانی مرۆ بە ئایدۆڵکراوەکان دەستپێبکەن ، ئەگین هەموو هەوڵەکان ناکام و پووچ و بێ بەر دەبن و بە ئایدۆڵ بوونی خۆسەپێنەکان دەبێتە ئاینێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەو کاتە دەست بۆ بردنی دەبێتە دژایەتی کردنی پیرۆزیی و بەها باڵا کانی کۆمەڵگەو سەرەنجامیش هەوڵەکانی تەوژمی ئازادیخواز بە دژایەتی کۆمەڵگای بە مێگەلکراو وەڵام دەدرێتەوەو پێکدادانی تاکەکان، کۆمەڵگا داغان و وێران دەکات ، هەر لە بەر ئەمەیە کردنەوەی کۆرسەکانی پەروەردەی تاك لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییە نەریتییەکاندا بەردی بناغەی گۆڕان و ڕیفۆرم و داهێنانە ، کە ئەمەش بە وەبەرهێنانێکی مرۆیی گرنگ دادەنرێت بۆ بردنی جڤات و کۆمەڵگە بەرەو شارستانێت و پێشکەوتن.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە